دیدی من – تاژان جەمال فایەق
شێرکۆ بێکەس کوڕی فایەق بێکەس و شەفیقە سەعیدی لە 2ی ئایاری 1940 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. دوای مردنی باوکی لە تەمەنی 8 ساڵیدا لە هەژارییەکی زۆر دا دەژیا و توانی خوێندنی ئامادەیی بە زەحمەت تەواو بکات. لە تەمەنیی ١٧ ساڵیدا یەکەم شیعری لە ڕۆژنامەی ژین بڵاو کردۆتەوە.
لە ساڵی 1965 بێکەس پەیوەندی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە کرد و لە ڕادیۆی بزووتنەوەکە دەنگی کوردستان کاری کرد. لە ساڵی 1968 یەکەم کۆمەلەی شیعری بڵاوکردەوە و لە ساڵی 1969 هاوسەرگیری لەگەڵ نەسرین میرزا کرد لە 4ی ئابی 2013 بەهۆی شێرپەنجەوە لە ستۆکهۆڵم لە سوید کۆچی دوایی کرد. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1975 شیعری پۆستەری (دەستەواژەیەک لە پەیکەرتاشی و نیگارکێشانەوە) خستە ناو شێعری کوردی.
کارەکانی بێکەس وەرگێڕدراون بۆ عەرەبی، سویدی، دانیمارکی، هۆڵەندی، ئیتاڵی، فەڕەنسی و ئینگلیزی. لە ساڵی 1987 بەخششی خوێندنی توچۆلسکی یانەی پێن لە ستۆکهۆڵم پێبەخشرا و هەر لەو ساڵەدا خەڵاتی ئازادی شاری فلۆرێنسی پێبەخشرا. خەڵاتی تۆخۆڵسکی، سوێد خەڵاتی پیرەمێرد لە هەرێمی کوردستان خەڵاتی قەقنەسی زێڕین.
وەسیەتنامەکەی شێرکۆ بێکەس:
من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەر ئەوەی پڕ بوونەتەوە و دووەم لەبەر ئەوەی من حەز بە. قەرەباڵغیی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکەم ڕێگەم پێ بدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویییش نزیکی ئەو خەڵکە و ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بە چاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم بیبینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵاوەیسییەکەی مەردان و سروودی (خوایە وەتەن ئاوا کەی)ەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێ بدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بە ناوی «بێکەس»ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێی دەھێڵم. شێرکۆ بێکەس نمونەی شیعرێکی شێرکۆ بێکەس
ئەوەتەی کـۆچ هەیە، کـۆچ ئەکەم
ئەوەتەی گـڕ هەیە، ئەسووتێم
ئەوەتەی ئـاو هەیە، ئـەخنکێم
ئەوەتەی تیخ هەیە، قـوربانیم
ئەوەتەی خـاک هەیە، بێ خاکم
ئەوەتەی شـاخ هەیە من تلۆر ئەبمەوەو
ئەوەتەی دار هەیە لێی ئەدرێم
من لەپێش مووساوە، ئاوارەم
پێش مەسیح، من خاچم!
پێش قوڕەیش من زیندەبەچاڵم و
پێش حسێن، من سەری بڕاوم!
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.