16/07/2025
DidiMn Logo
Top

چەند شیعرێک: ئەمشەو کەسێک لە دەریادا دەخنکێت

لە لایەن دیدی من 2 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – محەمەد تاهیر

ئەم شەو کەسێک لە دەریادا دەخنکێت

ڕۆژگارێک پاسەوانی دەریا بووم
ئاوم دەخوێندەوە
شەپۆلەکان دۆستم بوون
بام دەناسی
سەدان شەو ئەستێرەم لە دەریادا بینییوە
مانگم لە خنکان ڕزگار کردووە
گوێم بۆ حیکایەتی هەموو ئەو کەشتیانە گرتووە
کە لە سەفەری دوور گەڕاونەتەوە
لەو کەنارە پان و بەرینەدا
کەس منی نە دەبینی
ئەوانەی بەشەو لەوێدا دەگریان
ئەوانەی بەڕۆژ مەلەیان دەکرد
ئەوانەی خواردنیان بە نەورەسەکان دەدا
ئەو ڕێبوارانەی بەوێدا دەڕۆیشتن
هیچ کەسێک منی نەدەبینی
هیچ کەسێک نەیدەزانی، من پاسەوانی دەریام
شەوێک کە شەو تاریکی لێ دەتکا
با لەوێ نە بوو
دەریا بێدەنگ بوو
منیش غەمگین
بەپیاسە بەرەو لای کەشتییەکی پیر چووم
بانگم کرد: ئەی کەشتی پیر گوێت لێمە؟
ئەی کە شتی دۆستم؟
ئەوە منم پاسەوانی دەریا؟
قسەیەک لە دڵمایە ئەمەوێت پێتبڵێم
کەشتی پیر، کە تەم تێی دابوو
کە هەرگیز ئاوی نەخواردبووەوە
ئاوڕی لێدامەوەو وتی
ئا چیت دەوێت ئەی پاسەوانی غەمگین ؟
وتم: تۆ ساڵانێک لە پێش منەوە لێرەیت
سوێندت دەدەم بە دەریاکانیتر
بە شەو، بە پیریت
سوێندت دەدەم بە شەپۆل بە زریان کە نەیانتوانی سنگت شەق بکەن
بە حیکمەتی قوڵی خۆت، پێمبڵێ
با لە کوێیە؟
بۆچی دەریا ئەوەندە بێدەنگە؟
شەو لە کوێیە کە ئەم تاریکییە ناهێڵێت بیبینم
کەشتی پیر هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا
خۆی چەماندەوە و وتی
تۆ ئەی پاسەوانی غەمگین
ئەی ئەوەی کەس ناتبینێت
ئەم شەو کەسێک لە دەریادا دەخنکێت
وەک پاسەوانی ئاو
ڕامکرد بەدەریادا بگەڕێم
ئاو بپشکنم
هاوارم کرد
من پاسەوانی دەریام ؟
هاتووم ڕزگارت بکەم لە خنکان
تۆ لە کوییت؟
مانگ دەبینی؟
بەڵام کەس وەڵامی نەدامەوە
کەس منی نە دەبینی
کەس نەیدەزانی من پاسەوانی دەریام

____

تۆ لەکوێیت، پێمبڵی دڵم بە کێ بسپێرم

ئەی خۆر کەمناڵی گەردوونیت
ئەی ئەستێرە دوورەکان ئێوە بەباشی تاریکی دەناسن
ئەی مانگ تۆ مناڵی زەویت؟
ئەی ئاو، ئەی درەخت
ئەی با
تۆ کە دەستت لە قژی هەموو درەختەکانی زەوی داوە
ئەی باران کە هەموو کێڵگەکان بە موعجیزەی تۆ دەڕوێن
ئەی مرۆڤ، تۆ کە وشەت داهێنا
تکایە هەمووتان پێکەوە یارمەتیم بەن
خۆر و ئەستێرە و مانگ و ئاو
ئەی با ئەی مرۆڤ
فێرمکەن چۆن بەیانی باش لە ڕۆژێکی تازە بکەم
تۆ ئەی ئەوەی کە نازانم هەیت یاخود نیت
ئایا لەیەک کاتدا خۆر و مانگ و ئەستێرەیت؟
با و دەریاو درەختیت؟
بۆچی لێرەیت و ناتوانم بتناسم
پێمبڵێ چی لە خۆمدا ڕۆشنبکەم؟
یارمەتیم بە، چی لە خۆمدا بکوژێنمەوە؟
هەتا تۆ بدۆزمەوەو پێتبڵێم
من دڵم زۆر تەنگە
تکایە تۆ، ئاگات لە منە؟

_____

گوڵی ناوگوڵدانەکە مرد

ڕۆژانێک بەرلەوەی بچمە دەرەوە
گوڵدانێکم هەبوو ئاوم دەدا
خواردنم بۆ پشیلەکەم دادەنا
بۆ پشیلەکانی کۆڵانیش
هەر ئەوەندەی هەنگاوەکانم دەگەیشتنە کۆڵان
بام ماچ دەکرد
بە درەختم دەگووت سپاس
کە دەتوانیت ئەم هەموو ساڵانە بە پێوە بووەستیت
هەر کەسێکم لە ڕێگادا دەبینی حەزمدەکرد پێیبڵێم
لە ماڵەوە گوڵێکم هەیە، پشیلەیەکیش
لە قەرەباڵغی نە دەترسام
دڵم نەدەشاردەوە و بە شۆفێر و بەقاڵ و گارسۆنی
قاوەخانەکەم نیشان دەداو دەمگوت
ئەها ئەها دڵم چەند جوانە
بەقەدەر باڵندەکان لە فڕینەوە نزیک بووم
ئێواران بەخۆرم دەگووت ماڵ ئاوا
بیرم نەدەچوو پیاسە بکەم
کە دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە
لە پەنجەرەکەوە تەماشای مانگم دەکرد
لە تەلەفۆنەکەدا
بە هاوڕێکەم کە لە شارێکیترە دەگووت
ئەمڕۆ گوڵدانەکەم ئاودا
خواردنم بۆ پشیلەکەم دانا
ئەوانەی کۆڵانیش
جێتهێشتم
گوڵی ناو گوڵدانەکە مرد
پشیلەکەم ڕۆشت و نەگەڕایەوە
ئەو درەختەی لە کۆڵانەکەدا بەپێوە وەستابوو کەوت
هەستم بۆ با لەدەستدا
لە قەرەباڵغی دەترسم
ئەگەر کەسێک ببینم پێی ناڵێم گوڵێم هەیەو پشیلەیەکیش
ئێستا دڵم، نیشانی گارسۆن و بەقاڵ و شوفێرەکە نادەم
ئێواران نازانم چی بە خۆر بڵێم
لە بری پیاسەکردن هەموو ڕۆژەکە بە کورسییەکەوە دەلکێم
پەنجەرەکەم کردووە بە دیوار
تکایە پێمبڵێ
ئەگەر
هاوڕێکەم تەلەفۆنی کرد چی پێبڵێم؟

هاوبەشی بکە