30/11/2025
DidiMn Logo
Top

شتێک دەربارەی سۆناتای پایزی بێرگمان

لە لایەن دیدی من 6 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – دونیا جافر

شتێک کە فیلمەکانی بێرگمان تایبەت دەکات لەلای من، بە گشتی کارەکتەرەکان کامڵ و بێ کێشە دەردەکەون(لە ڕواڵەتدا)، وە هەردەم هەوڵدەدەن لە حەقیقەت و ئاڵۆزییەکانی ناخیان خۆیان بدزنەوە. تا ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن، بەڵام بێرگمان زیرەکانە کەشێک دروست دەکات کە لە شوێنێکدا ئیتر ئاڵۆزییەکانی دەرون و ڕابردوویان بکەن بە وشە و دەری ببڕن. بە نموونەی فیلمی (سۆناتای پایز ١٩٧٨) کە کچ بەردەوام هەوڵ دەدات وا نیشانی بدات کە دایکی خۆشدەوێت، دایکیشی بە هەمان شێوە بگرە هەوڵ دەدات لە باشترین شێوە و دۆخی خۆیدا دەربکەوێت، چونکە پێی وایە ڕەنگە (کچەکەی) دڵخۆش بێت کە ئیتر وەک پیرێژنێکە تەمەنی بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت. وە بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە کە یەکتریان خۆشدەوێت. بەڵام وەک دەوترێت ڕابردوو شتێکە هەرگیز لێی دەرباز نابین.

لە درەنگانێکی شەودا کاتێک دایک و کچ دەکەونە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی وتوێژەکە ئاڕاستەی دادگاییەک وەردەگرێت بۆ ئەو ڕابردووەی کچ هەرگیز ناتوانێت لێی خۆش بێت و دایکیش بەردەوام بیانوی بۆ دەهێنێتەوە. لە قسە کردن دەربارەی ڕابردووی کچەکە تا ئەوپەڕی ئازار دەڕوات، تا فەرامۆشکردن، تەنیایی، بێبەشبوون لە سۆزی دایک، جێهێشتن، ناچارکردن بە خۆبەکەمزانین لەلایەن دایکییە، پرسیارە ئازاربەخشەکەی “ئایا تۆ هەرگیز منت خۆش ویستووە؟”

لێرەدا دەبێت بپرسین خۆشەویستی چییە؟ یان هەر نەبێت خۆشەویستی لای کچ و دایکەکە چی بووە؟ ڕەنگە ئەوە بکەوێتە سەر ئەوەی مرۆڤەکان چۆن خۆشەویستی دەردەبڕن. زۆر بە سادەیی دایک وەڵامی دەداتەوە کە بەڵێ خۆشی ویستووە. کچەکەی پێی دەڵیت کە «هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت لەژێر ناوی خۆشەویستی و چاودێری.» دایک هەرگیز هەستی بەوە نەکردووە کە کچەکەی خۆشی ناوێت، چونکە منداڵییەکی پڕ شەرم و بێدەنگی پێی بەخشیوە کە تەنانەت فێر نەبووە چۆن بژی، وەک دەڵێت:

“تاک دەبێت فێری ژیان کردن بێت
من هەموو ڕۆژ هەوڵ دەدەم فێر بم
گەورەترین کۆسپی سەر ڕێگام ئەوەیە، نازانم من کێم…
کوێرانە گەورە بووم…
ئەگەر کەسێک منی وەک خۆم خۆش ویستبایە
لەوانە بوو ئەوکات بوێری ئەوەم هەبووایە سەیری خۆم بکەم.
بەلای منەوە ئەوە ئەگەرێکە، ڕوودانی زەحمەتە.”

بەگشتی بێرگمان وەک چۆن لە گریان و چرپەچرپەکاندا پەیوەندی خوشکەکانی خستە ژێر پرسیارەوە، لێرەشدا پەیوەندی دایک و کچ دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کاتێک کچ دەڵێت:

دایک و کچێک، چەند تێکەڵەیەکی ترسناکە! تێکەڵەیەک لە هەست و شێواوی و داڕووخان. هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت لەژێر ناوی خۆشەویستی و چاودێری. برینەکانی دایک دەبێت بگوازرێتەوە بۆ کچەکەش. کچەکە دەبێت باجی تاوانەکانی دایکی بدات. خەمی دایک دەبێت خەمی منداڵیش بێت. وەک ناوکەپەتکێک کە هەرگیز نەقرتێنراوە. دایکە، ئەوە ڕاستە؟ دایک لەسەر بەدبەختییەکانی کچەکەی سەردەکەوێت؟ خەمەکانی من نهێنی دڵخۆشییەکانی تۆیە؟!

منداڵیی کچ بەجۆرێک کاریگەرە کە هەر خولەکێکی ژیانی لەنێوان ئێستا و ڕابردوویدا دابەش بووە. بە شێوەیەک گومان دەکات هەرگیز ژیابێت! ئاشکرایە ئەزموونی ژیان چونیەک نییە، بەڵام ئەزموونی منداڵییەک لە تەنیایی و نامۆبوونێکی تەواودا، کچ دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارەی کە هەرگیز ژیاوە؟ وەک دەڵێت:

“هەندێک جار، کاتێک شەوانە بە ئاگادێمەوە، سەرم سوڕدەمێنێت کە ئایا من هیچ ژیاوم. ئایا بۆ هەموو کەسێک هەمان شتە؟ ئایا هەندێک کەس بەهرەیەکی گەورەتریان هەیە بۆ ژیان لە کەسانی تر یان هەندێک کەس هەرگیز ناژین، بەڵام تەنها هەن؟ “

فیلمەکە کۆتایی دێت و کچ هێشتا پێی وایە کە دەتوانێت دایکی خۆش بووێت، ڕەنگە لێرەدا لەبەر ئەوە نەبێت کە کچ لە دایکی خۆش بووە، بگرە دەشێت لەبەر ئەوە بێت کە سەرەڕای گەورەکردنی لەنێو ئازاردا، هێشتا ناتوانێت لە دایکی تێپەڕێت.

بێرگمان دەمانخاتە بەردەمی کۆمەڵێک پرسیار و ئەزموون کە تا قوڵترین پنتی ناخمان دەبات، وامان لی دەکات پرسیار لە ڕابردوویەک بکەین کە دەستی هەیە لە سازدانی ئێستاماندا، کە ئەمە بێرگمان دەکاتە دەرهێنەرێکی باش لای من.

وەک دیدی کەسی من دەربارەی ئەم فیلمە ڕەنگە بتوانم بڵێم؛ گەر قەقنەس لە خۆڵەمێشی خۆیدا زیندوو ببێتەوە، ئەوا مرۆڤیش لە منداڵی خۆیدا دەژیێتەوە.

هاوبەشی بکە