26/04/2024
DidiMn Logo
Top

ئایا دەکرێ ڕۆحانییەت بەبێ خودا بوونی هەبێت؟

لە لایەن دیدی من 3 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – ڕۆبن یەنگ، کارین میلەر مێدزن
لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

دەزگای توێژینەوەی جیهانی یوگۆڤ (YouGov)، لە ساڵی (2020) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە زۆربەی ئەمریکییەکان یەکێک لە دە ئامانجەکەی ساڵی نوێیان ئەوە بوو ”زیاتر گرنگی بە ڕۆحانییەت بدەن”، بۆ نیشاندانی ئەو ئاواتەشیان وێنەی کەسێکیان کردبوو بە ئایکۆن کە سەرقاڵی ”تێڕامان” بوو نەک نزاکردن. بەپێی سەنتەری توێژینەی پیو (Pew Research Center)، نزیکەی چواریەکی ئەمریکییەکان دەڵێن کە گرنگی بە ڕۆحانییەت دەدەن، بەڵام پەیڕەوی لە هیچ ئایینێک ناکەن.

         ڕۆحی بوون لە دەرەوەی سنووری ئایین مانای چییە؟ بۆ هەندێکەس، ئایین و ڕۆحانییەت شان بە شانی یەکتر بوونیان هەیە. بۆ هەندێکی تر، تەنانەت ئەوانەی خۆیان بە ”بێدین” دادەنێن، ڕەنگە چەمکی ڕۆحانییەت گرنگییەکی بەرچاوی هەبێت. ئەوان دەڵێن ڕۆحانییەت پەیوەندی بە بەرکەوتنمان لەگەڵ کەسانی چواردەورمان، شێوازی ژیانکردنمان و ڕێزگرتنی سروشت و جیهانی سروشتییەوە هەیە.

         یەکێک لەو کەسانەی کە شارەزاییەکی باشی لە لێکۆڵینەوە لەم بوارەدا هەیە کریستا تیپێتە. کریستا دروستکەر و پێشکەشکاری بەرنامەیەکی ڕادیۆییە لەژێر ناوی ”لەبارەی بوونەوە”، کە بریتییە لە پڕۆژەیەک بۆ گفتوگۆی مەدەنییانە، دەستپێشخەرییەک بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی بۆچوونی جیاواز و دژبەیەکیان هەیە تاوەکو بە شێوەیەکی مەدەنیانە گفتوگۆی دەربارەی پرسە قووڵەکان بکەن. کریستا دەڵێت: ”بەڕای من، کرۆکی مانای ڕۆحانییەت بریتییە لە ژیانی ناخمان.”

         لە ساڵی (2018)، زانایانی زانکۆی یەیڵ و کۆڵۆمبیا ”بەشی ڕۆحی ناو مێشکیان” دۆزییەوە، کە بوارێکی مێشکە بە ”ماڵی دەمارەبایۆلۆژیای” ڕۆحانییەت ناوی دەبەن. توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو بوارەی مێشک، لە کاتی ئەزموونە ئایینییەکانی هەستکردن بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ خودا دەدرەوشێتەوە، بەڵام درەوشانەوەکە فراوانترە کاتێک ئەو ”ئەزموونە باڵایە” پەیوەندی لەگەڵ سروشت یان مرۆڤایەتیدا دەبێت.

         کریستا تیپێت پێی وایە ڕۆحانییەتێکی سێکولاری بەهێز خەریکە سەرهەڵبدات. هەروەها دەشڵێت: ”ئێمە کلتورێکین کە تا ئێستا زیاتر ماف و پاداشتی دەستکەوتی دەرەکیمان بەخشیوە.” ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵانێک لەوەوپێش، زۆربەی خەڵک جۆرێک لە ناسنامەی ئایینیان هەبووە کە لە باوانیانەوە بۆیان مابووەوە.

         تیپێت باوەڕی وایە کە ڕۆحانییەت پەیوەندی بە گەڕانەوەی مرۆڤەوە هەیە بۆ ناخی خۆی، ڕوانین لە سوچەکانی ناوەوەی خۆی و هاوسەنگ بوون و تێپەڕاندنی سنووری دیاریکراوی خۆمان.

تیپێت دەڵێت: ”لەکاتێکدا ڕەنگە ئەو کاتە ئەزموونێکی ئەرێنی یان نەرێنی بووبێت، بەڵام هەموومان لە ئاستێکدا شوێنێکمان هەبوو کە بانگهێشت کرابووین تاوەکو بیربکەینەوە و تێبڕامێنین. بەڵام ئێستا سەختە شوێنێکی لەو شێوەیە دابڕێژین.” لە ڕۆژگاری ئێستادا، گەنجان زیاتر خولیا و ئارەزووی دیکەیان هەیە، وەک کارکردن، سیاسەت یان بابەتی تر. کریستا باس لەوە دەکات کە لە ئێستادا، ئەو کەسانەی خۆیان وەک بێدین لە قەڵەم دەدەن، ”ئارەزوویەکی ڕاستەقینەی” زانینی بابەتی ڕۆحییان هەیە.

         زانایانی زانکۆی یەیڵ ئەو حاڵەتە ڕۆحییەی لە مێشکدا دەیبینن بە حاڵەتێکی زۆر بەهێزی دادەنێن. هەروەها تەنها ئەو توێژەرانە نین، تیپێت دەڵێ ئەو زانایانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکات، بەجۆرێک باس لە تێگەیشتن لە ئێمەی مرۆڤ دەکەن، کە پێشتر تەنها لە تیۆلۆژیا و زانستی لاهوتیدا باس دەکران. ئەو دەڵێت: ”من زانایان وا دەبینم کە لەم پرسە کۆن و بوونگەراییانەدا هەماهەنگییەکی قووڵیان هەبێت و زۆر باش لە یەکتر تێبگەن.”

         سەرباری ئەوە، تیپێت باس لەو کەسانەش دەکات کە سروشت بۆ ئەزموونکردنی ڕۆحی بەکاردێنن. یەکێک لەوانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردووە، پیاوێک بووە بە ناوی جۆن ئۆدۆنۆی کە پێشتر قەشە بووە. ئەم پیاوە باسی لە ئێستاتیکای ئەبستراکتی ئەو ناوچەیە کردووە کە تێیدا ژیاوە و گەورە بووە، کە بە وتەی خۆی ”هەموو ئەو دیمەنانە لەلایەن جۆرێک لە خواوەندی سوریالیستییەوە جێگیر کراوە، ئەمەش وەک بانگهێشتێک بۆ ئەوەی خەیاڵت فراوان بکات”.

         تیپێت پێی وایە ئەمە لەگەڵ چەمکی ”سەرسامی” و توێژینەوەکەی داچەر کێڵتنەری زانکۆی کالیفۆرنیا یەکدەگرێتەوە، ئەوەی سەنتەری زانستی بێرکلی. هەروەها دەشڵێت: ”جگە لەوەی سەرسامی شتێکی ڕاستەقینەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژیانبەخش و تەندروستی بەخشیشە.” لەکاتێکدا هەستی ”سەرسامی” بە درێژایی مێژوو پەیوەست بووە بە ئایین و باوەڕبوون بە خوداوە، دەڵێت کە لێکۆڵینەوەکانی کێڵتنەر دەریدەخەن کە مرۆڤ دەتوانێ لەڕێگەی جیهانی سروشتییەوە ئەزموونی ”سەرسامی” بکات.

         بە ڕوانینی تیپێت، لایەنێکی سەرەکی ئەوەیە کە عەقڵ و جەستە و ڕۆح جیا نین لە یەکتر. ئەو ڕۆحانییەتەی کە خۆی بەدوایدا دەگەڕێ، پەیوەندی بە بەستنەوەی خودی ناوەوە و دەرەوەی خۆتەوە هەیە، کە بوار بۆ تێگەیشتن و ڕەسەنایەتی دروست دەکات. ئەو دەڵێت، ڕۆحانییەت پەیوەندی بە گەڕانەوەی مرۆڤەوە هەیە بۆ ناخی خۆی، ڕوانین لە سوچەکانی ناوەوەی خۆی و هاوسەنگ بوون و تێپەڕاندنی سنووری دیاریکراوی خۆمان.

         دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پەیوەندی بەستن لەگەڵ کەسانێک کە بۆچوونەکانیان لە تێڕوانینەکانی ئێمە جیاوازە دەکرێ قورس بێت. تیپێت پێی وایە کە بە شێوەیەکی ئایدیاڵیانە، ئەو بوارەی دەمانەوێ تێیدا لە یەکتر نزیک ببینەوە، هەمان ئەو بوارەیە کە تێیدا ناهێڵین دژیەکی بیروڕاکانمان پێناسەی پەیوەندی نێوانمان بکەن.

         تیپێت دەڵێت: ”بە خراپ نیشاندانی یەکتری وەک چینێک وایە، کە دەخرێتە سەر ئەو ناکۆکییە ڕاستەقینەیانەی لەیەکتر جیامان دەکاتەوە، ئەوەش ناکۆکییەکی وەهایە کە وا دەکات بەلامانەوە مەحاڵ بێت یەکتری وەک مرۆڤ ببینین، ئەمەش ئەگەری دروستبوونی توندوتیژییەکی زۆر دەنێتەوە.”

         کریستا تیپێت ڕای وایە کە ڕێگەیەکی ڕۆحی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە، ئەوەیە کە ڕوون و ئاشکرا بین دەربارەی ئەوەی چیمان خۆشدەوێت، هەروەها چی شتێک ئێمە و مرۆڤەکانی تریش دڵخۆش دەکات، نەک ئەوەی وا بیربکەینەوە کە ئەم کەلێن و ناکۆکییانە بۆ هەمیشە دەمێننەوە.

       هەروەها دەشڵێت: ”ئێمە لە توندوتیژییەکی سەیردا گیرمان خواردووە، کە ئەمەش بۆ هەموومان زۆر خراپە. مەبەستم لەوەیە، پێشتر باسی بابەتی سەرسامی ڕۆحیمان کرد، کە تەواو پێچەوانەی توندوتیژییە. من دڵنیام لەوەی زانایان دەتوانن ئەوەمان نیشان بدەن کە توندوتیژی کاریگەرییەکی ئێجگاری خراپی لەسەر تەندروستیمان هەیە.”

       تیپێت باس لەوەش دەکات کە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ برێن براونی نووسەری ئەمریکی کردووە، کە تێیدا ئاماژە بە پرسی دۆزینەوەی ڕۆحانییەت دەدات لە دژوارترین وتووێژەکاندا، لەو گفتوگۆیانەدا کە قورسە بتوانین قسە لەگەڵ ئەو کەسەدا بکەین، کە دەبێ ڕقمان لێی ببێتەوە بەهۆی ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەکەیەوە.

       برێن براون لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێ، لەگەڵ ئەو کەسە بەردەوام بە لە قسەکردن و پرسیاری لێ بکە، ئەو فیکرە ڕۆحییە بهێنەرەوە بیری خۆت کە باس لە پەیوەندییەکی چڕ و پتەو دەکات. لەو کاتەدا لە خۆت بپرسە: ”من لە چ ڕوویەکەوە پەیوەستم بەم کەسەوە،  کە زۆر گەورەتر و گرنگترە لە بیرکردنەوە و بیروباوەڕمان؟”

تیپێت ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە ئەو کەسە ژیر و زانایانەی قسەیان لەگەڵ دەکات پێی دەڵێن: ”سەرەڕای جاڕس بوون و تووڕە بوونمان، بەڵام لە ئاستێکی قووڵدا لەگەڵ ئەو کەسانەدا لە پەیوەندیداین، کە بە بیروباوەڕەکانیان پەست دەبین.”

من پێم وایە نەریتە ڕۆحییەکان بەرەو قبوڵکردنی ئەم دیدگا ئاڵۆزە بانگهێشتمان دەکەن. زیاد لەوەش دەڵێت: ” چارەسەرکردنی گفتوگۆ قورس و دژوارەکان لەگەڵ ئەوانی تر، دیسانەوە پەیوەندی بە ڕۆحی خۆتەوە هەیە و لەو پرسە ڕۆحییە دانەبڕاوە.”

هاوبەشی بکە