18/04/2024
DidiMn Logo
Top

سرووتەکانی نەورۆز

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زاموا محەمەد

شتێکی زۆر سرووشتییە گەر سرووتەکانی نەورۆز دژایەتییان بکرێت (بەڵێ نەورۆز سرووتە). ئیسلام وەک ئایینێکی گەورە و دەستباڵای ئەم ناوچەیە، کە هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە ڕێگە هەرە بەهێزەکانی بۆ داڕشتن و سەپاندنی شوناسی خۆی، دژایەتیکردن و دیسانەوە پێناسەکردنەوەی ئەوی تر بووە -پێناسەکردنێک لە بەرژەوەندیی سیاسیانەی خۆیدا-، هەر لە سەرەتای سەرەتاوە وەک میکانیزمێکی سیاسی کاری بەمە بووە؛ ئەمە جگە لەوەی کە گومانخستنە سەر جادووگەر و ئاگرپەرستان لە قوڵایی میتۆلۆژیای ئایینە ئیبراهیمیەکاندایە، کە ئیسلامیش لەگەڵ مەسیح و یەهووددا لەو میتۆلۆژیایەدا هاوبەشە. “مەجووس ئاگرپەرستەکانن، کە دەڵێن جیهان دوو بنەڕەتی هەیە: ڕووناکی و تاریکی”، ئەم پێناسە زۆر باو و بەرچاوەی شەمسەدینی قورتوبی زۆر بە ڕوونی ئەمەی تێدا بەدی دەکرێت: هەم دژایەتیکردنی ئەو ئایینانەی کە میتیلۆژیایەکی دوالیستییان هەیە و هەم جیاکردنەوە و دواتریش پەراوێزخستنی سیاسیانەی ئەو کۆمەڵانەی کە بە ئاگرپەرست لە قەڵەم دەدرێن. هەر لە بنەڕەتدا “مەجووس”، وەک نەعتێکی نێو فەرهەنگی ئیسلامی، دژایەتیەک بووە بۆ کەهنووتی دەرەوەی ئایینە ئیبراهیمیەکان، واتا کەهنووتی ئاگر کە پەیڕەوکەران و پیاوە ئایینیەکانی، زۆرجار بە جادووگەر لە قەڵەم دراون (فیراس سەواح لە زیاتر لە شوێنێکدا ئاماژە بەمە دەدات؛ هەر کەسێک تاقەتی بوو، دەتوانێت بچێت بیخوێنێتەوە).

لایەنێکی دیکەیش کە پێویستی بە دژایەتیکردنی سرووتەکانی نەورۆزە، ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی مارکسایەتیە کە یەکێک هەڵە نابێت گەر بڵێت لە ڕۆژهەڵاتدا و بەم دواییانە بۆتە ئایدۆلۆژیا و دونیابینیی جێگرەوەی هەرە زاڵ و دەستباڵا؛ بەڵێ ئەمە وایە. مەسەلەکە تەنیا سەردەمی مێشێل عەفلەق و تەوزیفکردنەوەی کۆمۆنیزم لە ناو عورووبەدا نییە، بەڵکو پێوەندیی بە کاریگەریی جارانی سۆڤیەتەوە هەیە لەسەر ناوچەکە، چ لەسەر کورد و چ لەسەر عەرەبیش.

ڕەنگە یەکێک پێی وابێت کە مارکسیەکی “نانەورۆزی” ئەقڵیەتی ئەفسانەیی تێپەڕاندووە و لەودیو ڕێوڕەسمە کۆنەپارێزانەکانەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی بەسەر دەبات، بەڵام مەسەلەکە، زۆر بە سادەیی، ئاوا نییە. مارکسایەتی پێویستی بە هۆشیاریەکی پاش نەتەوەیی هەیە تاکو “کرێکارانی جیهان یەکبگرن”، ئینتیما بۆ نەتەوە و گەڕانەوەوەیش بۆ جەژن و سرووتە نەتەوەییەکان، بێگومان ڕێگر دەبن لەوەی تاک/کرێکار ئینتیمای بۆ هەموو چینی پرۆلیتاریا هەبێت لەسەر ئاستی جیهان؛ چونکە بەهەشتەکە بە یەک وڵات و یەک کۆمەڵگا نایەتە سەر زەوی، بەڵکو پێویستی بە کرێکارانی هەموو جیهان هەیە. لە “مرۆڤ و دەوروبەر”دا مەسعوود محەمەد باسی لاوەکیی زۆر سەرنجڕاکێش دەهێنێتەوە، کە نمونەی زۆر گونجاون بۆ ئەوەی من باسی دەکەم؛ باسی ئەو چەپە کوردانەی کە لە ڕوویان نایەت سەر بە نەتەوە بن و ناوێرن بچن بە لای کوردبووندا، تا ئەو ڕادەیەی کە چەپبوون زیاتر لە موجامەلەیەکی بچووکی ڕووسیا، هیچی دیکەی تێدا نامێنێتەوە.

سەرباری ئەمانە، لە دژیاتیکردنی نەورۆزیش سرووشتیتر، قۆستنەوە و ئیستیغلالکردنی حیزبانەیەتی. هەرکات سەیری ئەو هەموو وێنە و ڤیدیۆیەی کەرنەڤاڵی نەورۆزی قەندیل بکەین، جگە لە شەرواڵ و پشتوێن و کراسی کوردی، قورسە هیچ ئاماژە و نیشانەیەکی دیکەی کورد وەک نەتەوەیەک بدۆزینەوە؛ ئەوەی دەیبینین تەنیا ئاڵا و زینەی پەڕۆیینی ئەم لایەن و ئەو لقی نوێی ئەم حیزبە، یان وێنەی ئەم سەرۆکحیزبی زیندانیکراو و ئەو سیاسیی چیرۆکنووس. پیاوی ئاقڵ کە ئەم دۆخەی نەورۆزی قەندیل دەبینبێت، ڕاستەوخۆ چاواڕوانە هەمان دۆخ بە قۆرخکراری لە لایەن حیزبێکی دیکەوە، لە ئاکرێ ببینێت (خۆم لەم مەعمەعەیەیان هەڵناقورتێنم). بە هەرحاڵ، من هیچ حوکمێکم لەم بارەیەوە نییە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ئەمە ئەو کۆبوونەوە سرووتئامێزە نییە کە قەرارە مرۆڤێک، بە شەرواڵ/کەوای بەریەوە، بە مەڕوماڵات و دەغڵ و خاک و ڕوحی برینداریەوە، لە ڕێی ئاگرە جادووییە کەوناراکەیەوە خۆی دەرببڕێت. چ ئایینی عەرەبی و چ ئایدۆلۆژیای لە سۆڤیەتەوە ئاودیوکراویش، پێم وا نییە ئەسڵەن بێزیان بێت دژایەتیی شینی لایەنێک بکەن بۆ سەرۆکەکەی، یان دژایەتی پڕۆپەگاندا و گردبوونەوەی نمایشئامێزی حیزبێک بکەن، جا ئەمە چ لە قەندیل بێت، یان لە ئاکرێ و ڕەواندوز، ئەو دوو شوێنەی کە تێیاندا ئەگەر تاقەتی چاوگێڕانت هەبێت، فیعلەن لە فۆتۆیەکدا ڕەمزێکی نەتەوەیی و ئاڵایەک دەدۆزیتەوە.

با لەم قسانەوە من بە “کۆنەپارێزی”، “بۆرژوازیەت” و “ناوچەچێتی” و هەموو تاوانە داهێنراوەکانی دیکە تاوانبار بکرێم؛ چش، بەڵام نەورۆزان مامە یارەم لە هەموو شوێنەکان زیاتر پێ خۆشە. لایەنی کەم لەوێ گۆڕی شاعیرێکی لێیە؛ وا دیارە تاکە خەڵکانێکیش کە ئەم نەتەوەیەیان نائومێد نەکردبێت و بە کوێرەڕێی ئایینی-ئایدیۆلۆژی-سیاسیدا نەیانبردبێت، تەنیا شاعیرەکان بوون. بە دۆخی داماوی سیاسی، پیاوی دین و ڕۆشنبیرانیشماندا بێت، ڕەنگە بۆ داهاتووش ئاقڵانەترین شت کە بوێرین بیکەین، ئەوەیە شوێن ڕیشی شاعیرەکانمان بکەوین؛ گەرچی هیوادارم لەمەیاندا هەڵە بم.

٢٢\٣\٢٠٢١

هاوبەشی بکە