08/05/2024
DidiMn Logo
Top

کەشتی مۆدێرنە و بەندەری چارەنووس

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – سینەڵایز
شەهرام ڕەسوڵ

زنجیرەی (Mindhunter) ڕاوچی ئاوەز یاخود دەروون

بە درێژایی هەزاران ساڵ مرۆڤایەتی لە بارەی چارەنوسی خۆیەوە قسەی کردووە، هەمیشە ئەو رەفتارانەی لە کاتێکی دیاریکراودا دەیکات، ئەو رەفتارانەی لە کاتێکی دیاری نەکراودا ڕووبەرووی دەبنەوە، ئەو بە چارەنوس یا بە قەدەر ناویان دەبات و لە قەڵەمیان دەدات. ئاینەکان هاتن و لە بارەی چارەنوسەوە بۆ مرۆڤایەتی پەیامیان هێنا و وتیان ئەی مرۆڤ، تۆ چارەنوست نوسراوەتەوە، کەسیش نازانێ چی تیدا نوسراوەتەوە و چۆن نوسراوەتەوە، بەڵام ئەوە بزانە ئەی مرۆڤ، تۆ چارەنوست نوسراوەتەوە و ناتوانی ئەو چارەنوسە بگۆڕیت وە ناتوانیت بیزانیت، بەڵی نوسراوەتەوە و بڕاوەتەوە و کە قرارە تۆ ببیت بە چی؟ چ کەسایەتیەک؟ داهێنەر؟ تاوانبار؟ بێ ئیمان یا نا ئیماندار؟ لە هەست و نەستی مرۆڤی نوێ، مرۆڤی تاک خودایی و ئاینە ئاسمانیەکاندا، وا هاتووە، ئەم بونیادەی ئێمە، نەک تەنها بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵکو لە سەر تابلۆیکەکیش نوسراوەتەوە و تابلۆیەکەش لە شوێنێکی پارێزراوی عەجیب و غەریب (لوح محفوظ) داندراوە و نەک هەر هیچ مرۆڤێک، بەڵکو هیچ وجودێکی تریش ناتوانێ بیگۆڕێت و بیزانێت.

کەوایە کەسایەتی ئێمە لەدیدی کلاسیک و لە نەریتی ئاینیدا لە  شوێنێکی باڵاتر و بەهێزتر لە ئێمەوە بڕیاری لەسەر دراوە، ئێمە نەک هەر خۆمان، بەڵکی کۆمەڵگا و دەوروبەریش توانای ئەوەی نییە لەو کەسایەتیە سروشتیە تێبگات و بیزانێت و بیخوێنێتەوە. یاخود بیەوێ دروستی بکات یا بیشیگۆرێت نە لە رێگای پەروەردەوە نە لە رێگای سسزا و پاداشتەوە نە لە هیچ رێگایەکیتریش.  

بەڵام وەک ئاشکرایە مرۆڤایەتی وەک خوو و نەریتی هەمیشەیی خۆی ئەوا  هەرگیز لەسەر یەک جۆر لە تێڕوانین بەرێوەناچێت و ناوەستێت، بە نزیکەیی سەدەیەک لەمەوبەر و لە دوای گەشەسەندنی دوا قۆناگەکانی مۆدێرنیتە، فرۆید و هاورێکانی دێن لە رێگای تێزێکەوە سەر لەبەری ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد هەڵدەوەشێنێنەوە. بە باوەڕ و زانستی ئەوان چیتر کەسایەتی و چارەنووسی مرۆڤ دورگەیەک نییە لەوپەڕی گەردوون و ئیتر کەس دەستی پێنەگات، چیتر ئەم چارەنوسە لەسەر لەوحێکدا مەحفوز و پارێزراو نییە و نەخوێندراوە نییە، چیتر دروستکردنی کەسایەتی کاری ئاسمان نییە و لە شوێنێکیترەوە نییە، چیتر مرۆڤی تاوانبار ئەوە نییە کە لە دۆخێکی دیاریکراودا ڕەفتارێکی نامۆ بکات، یان شەیتانێک و هێزێکی شەرانگێز لە دەرەوە بێت و ڕەفتارێک بە مرۆڤ بکات کە لە ڕوحی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە دووربێت و مرۆڤەکەش پێی ببێت بە تاوانبار! یا خودایەکی چاکەکار و هیزەکەی وابکات ئینسانێک لە تاوان بپارێزێت و مرۆڤەکەش ببێت بە چاکە کار و تا ئەبەد لە پاداشتەکەی بخوات!

دەروونشیکارەکان بانگەشەیان بۆ ئەوە دەکرد کە دەتوانن بزانن مرۆڤ بۆ تاوان دەکات؟ بۆ نوێژ دەکات؟ بۆ هونەر دەکات؟ پاڵنەرەکانی مرۆڤ چین؟ سەرچاوەی ئەو هێزە لە کوێوە دێت، ئەو چارەنووسە لە کەیەوە نوسراوە و چۆن نوسراوە و چی نوسیویەتی، هەروەها چارونسەکە بخوێنەوە و لێیتێبگەن و پیشبینی بکەن، جگە لەمە دەتوانن ئەو چارەنووسە، ئەو پاڵنەرەنە کەم بکەنەوە و بیانبۆڕن و ئاڕاستەیان بکەن.

ئێستا هەولدەدەم ئەو دوو پیشەکیە لە بارەی هەردوو جیهانبینی کلاسیک یا بابڵێین ئاینی ومۆدێرنە یا بابڵێین دەروونشیکارییە ببەستمەوە بە زنجیرەکەمانەوە، زنجیرەی ڕاوچی دەروون.

 زنجیرەکە باس لە تواناکانی لێکۆڵەرەوێکی لاو دەکات، کە لە دۆسیە تاوانکاریەکان دەکۆڵێتەوە، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی کە بە کوشتنی زنجیرەیی ناسراون. دەیەوێت بزانێت تاوانبارە دێو ئاسا و درنج ئاساکان کێن؟ بۆ بوون بە تاوانبار؟ چی هانی داون؟ چی وروژاندوونی؟ چی دەبێتە هۆی ئەوەی کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر کچێکی دیاری کراو؟ بەڵام هی یەکێکیتر نا؟ چی وادەکات بکوژێک کەسێک هەڵبژێرێت بۆ کوشتن؟ گەڕان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، بێگومان لێکۆڵەرەوەکە بە هۆشیاریەوە و بە ئاگایەوە لە دەروونشیکاری ئەم هەنگاوانە دەنێت کە بۆ ئەو سەردەمە هێشتا زانستێکی سەربەخۆ و تەواو چەسپیو نەبووە.  دواتر بڕیاردەدات بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەب گفتگۆ لەگەڵ تاوانبارەکان بکات، بێگومان سەرلەبەری زنجیرەکە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە و تاوانبارانی ناو زنجیرەکە تاوانبارانی راستەقینەن و گفتوگۆیەکانیش تۆمار کراون. ئەم  گفتوگۆیانە کە لێکۆڵەرەوە لاوەکە لەگەڵ تاوانبارەکاندا ئەنجامیان دەدا دواتر بە هاوکاری تیمەکە شیکاریان بۆ دەکەن و لە رێگای وشە و هەست و هەڵچوون و وروژان و ڕستە و بیرەوەری و ئارەزوو و چیرۆکی تاوانبارەکانەوە شکار یا ڕاوی ئەو پاڵنارانە ئەو دەروونە دەکەن کە کەسەکە هەڵگریەتی و کەسەکەیان کردووە بە تاوانبار. ئەمانەش دەبن بە کەشتیەکی گەورە، بەڵام ئەم کەشتیە گەورەیە چیتر بۆ دورگە نەدۆزراوەکان نییە، چیتر بۆ دۆزینەوەی کیشوەری تر نییە، بۆ بۆشایی و فەزاش نییە، چیتر نایەوە هەسارە و ئەستێرە و گەلەئەستێرەی تر بدۆزێتەوە، بەڵکو ئەم جارە ئەم کەشتیە چارۆکەی هەڵداوە و دەیەوێت ئەو دەروونانە، ئەو چارەنوسانە بدۆزێتەوە کە لە ئایندەدا دەبن بە تاوانبار! ئەو مندالانە بدۆزێتەوە کە هێشتا پاکن، بەڵام بوون بە تاوانبار لە دەروونی دایە، لە چارەنووسی دایە، ئەم کەشتیە دەیەوێت ئەم چارەنوسە بسرێتەوە و بیگۆرێت و دووبارە جارێکیتر بینوسێتەوە!

 ئەمە و چەندان هەوڵیتری هاوشێوە و سەرنج ڕاکیشیتر لەم زنجیرەیەدا تێکەڵت دەبن و دونیای خەیاڵت دوور دوور دەبەن. لە ئاکامدا ئەوەی ئەم زنجیرەیە جەختی لەسەر دەکاتەوە بریتییە لەوەی ئێمە پەروەردە و سروشتی کۆمەلایەتیمان چارەنووس و کەسایەتیمان دەنوسێتەوە، وەک ئەوەی دەروونشیکارەکانی وەک فرۆید و یۆنگ جەختی لێدەکەنەوە دەروونی ئێمە دەروونێکی ساغ نییە و پڕ پڕیەتی لە کەسب و ناتەواووی و کەلێن و نەخۆشی.

ئەوەی یەکێک دەکات بە قاتیل و یەکێکیتر نا بریتییە لە کۆبوونەوەی ئەو مەرجانەی کە بۆ کەسێک پێویستبووە ببێت بە بکوژ بۆ کەسێکیتر نا. ئێرە بە دەرفەت دەزانم تا ئامەژە بۆ تێڕوانینی موفتی زادە بدەم(ئەحمەدی موفتی زادە کوردی خەڵکی شاری سنەیە و لە کۆتایەکانی سەدەی ڕابردوو بە هۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد و و خاوەنی کۆمەڵێ کتێب و تاری تۆمارکراوە و بەوە ناسراوە کە دید و بۆچوونەکانی لەمەڕ ئیسلامەوە جیاوازن و خاوەنی تێگەیشتنی سەربەخۆیانەی خۆیەتی لە زۆر بابەتدا) لە مەڕ بابەتی بکوژ دا، ئەو لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەلێت، ئەگەر کەسێک بڕیاریدا کەسێکیتر بکوژێت، یان ویستی بۆ کوشتنی یەکێک هەبێت، یا لە دڵەوە تەمەنای بۆ ئەوە کردبێ کە بتوانێ بیکوژێت، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێ نەیتوانیبێت ئەم ویستە ئەم بڕیارە ئەم حەزە جێبەجێ بکات، ئەوا ئەو کەسەر هەر قاتیلە و هەر بکوژە تەنانەت ئەگەر تاوانەکەی جێبەجێ نەکردبێ یا نەیخستبیتە بواری جێبەجێ کردنەوە! بەڵێ ڕەنگە ئیستا تۆ بڵێی ئەگەر وابێت ئێمە هەموومان بکوژین، بەلێ منیش ویستم ئەمە بلێم، ویستم بڵێم دەروونی ئێمە دەروونێکی شڵەژاو و نەخۆشە، وە بکوژیش کەسێکیتر نیە لە شوێنێکیترەوە و لە فەزا و کۆمەڵگا و پەروەردەیەکیتر و کولتوورێکیترەوە هاتبێت، یا لە شوێنێکیتر بڕیاری لێدرابێت. کەوایە ئەوەی هەیە لە دەروونی ئێمەدایە و دەروونی ئێمەش لە کۆمەڵگا و لە خیزان و لە کولتوورێکی دیاریکراوەوە هاتووە.  فرۆید وتەنی هیچ دەروونێکی ساغیش بوونی نییە. بەڵام دەبێ ئەم دەروونە، ئەم چارەنوسە بە واتا کلاسیکیەکە، بخوێندرێتەوە، وە بگۆردرێت.  ئەمەش بە درێژایی زنجیرەکە کە خۆی لە دوو وەرزدا دەبینێتەوە ڕوودەدات و کارەکتەرەکان دەیانەوێت دەروون کە نێچیرێکە ڕاوبکرێت و دواتر ماڵیی بکرێت، دەروون کە دورگەیەکە داگیربکرێت و دواتر ئاوەدان بکرێتەوە!

هاوبەشی بکە