دیدی من – دەڤەر حەسەن
ئایا هەرگیز بوێری ئەوەمان هەبووە کە وێنای جیهان بە شێوەیەکی دیکە بکەین؟ ئەی ئەگەر ڕێڕەوی مێژوو بەو شێوەیەی ئێستا نەبووایە؟ یاخود یەکێک لە ڕووداوە مێژووییە گەورەکان بە شێوازێکی دیکە ڕوویدابا؟ نوسەری ئەمریکی “فیلیپ.کەی.دیک”، بوێری ئەوەی کە بیر لە جیهانێکی تەواو جیاواز بکاتەوە هەبوو، لە ساڵی (١٩٦٢) کتێبێکی خەیاڵی زانستی بە ناونیشانی “پیاوی ناو قەڵا بەرزەکە” نووسی. فیلیپ وێنای جیهانێکی کرد، کە تێیدا ئەمریکا و هاوپەیمانان جەنگی جیهانی دووەم بەرامبەر ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی دەدۆڕێنن. بەشێکی گەورەی جیهان دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ئەڵمانیا و ژاپۆنەوە، ئەمریکاش بە سەر (٣) ناوچەدا دابەش دەبێت. کەناری ڕۆژهەڵات دەکەوێتە ژێردەستی نازییەکان و بارەگای دەسەڵاتەکەیان لە “نیویۆرک” دەبێت. کەناری ڕۆژئاواش دەکەوێتە ژێردەستی ژاپۆنییەکان و بارەگای دەسەڵاتەکەیان لە “سان فرانسیسکۆ” دەبێت. ناوچەیەکی بێلایەنیش لەنێوانیان هەیە، کە “کانیەن سیتی” شارێکی دیاری ئەو ناوچەیەیە. لە نێوان ساڵانی (٢٠١٥-٢٠١٩) کۆمپانیای ئەمازۆن، بە (٤) وەرز کارێکی درامی تەلەفیزیۆنی لێ دروستکرد، کە زنجیرەکە تەوەری ئەم نووسینەیە.

لە ڕاستیدا بیرۆکەی هەبوونی جیهانی هاوتەریب بیرۆکەیەکی نوێ نییە، هەمیشە پرسیارە گرنگەکە کە مرۆڤێک لە خۆی دەکات، ئەگەر لە فڵان کاتدا ئەو بڕیارەم نەدابایە ژیانم بە چ ئاڕاستەیەک دەڕۆشت؟ هەمووکات مرۆڤ خولیای زانینی هەبووە دەربارەی دەرەنجامی ئەو بڕیارانەی نەیداون، یاخود ئەو ڕێگایانەی نەیگرتوونەتە بەر. ئەگەر مرۆڤ لە شوێنێکی تەواو جیاواز لەوەی تێیدا دەژی خۆی ببینێتەوە چی دەکات؟ چۆن بڕیار دەدات؟. دەکرێت وەڵامی زۆرێک لەم پرسیارانەمان لەم زنجیرەیەدا دەست بکەوێت. زنجیرەکە لە سێ ڕوانگەوە چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئاشنای سێ زمان و سێ کلتوورمان دەکات. هەر لایەنێکیش دەیەوێت باوەڕمان پێ بهێنێت کە ئەو لەسەر هەقە و ئەوانی دیکە دژن.
ڕووداوەکان لە ساڵی (١٩٦٢) دەستپێدەکەن. لەلایەک خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا هەن کە دوای تێپەڕبوونی (١٥) ساڵ هێشتا ناتوانن قبوڵی داگیرکاری دووژمنەکانیان بکەن (لەم جیهانەدا جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٧ کۆتایی هاتووە). هەردوو دەسەڵاتی ئەڵمانی و ژاپۆنی سیاسەتی چەوساندنەوە و قڕکردنی دەنگی ناڕازی پەیڕەو دەکەن و هاوڵاتیانی ئەمریکا بە مرۆڤی پلە دوو ئەژمار دەکەن. لە بەرامبەریشدا، ئەمریکییەکان دەستە و گروپی جیاوازیان هەیە کە دەیانەوێت شۆڕش دژی داگیرکاری بەرپابکەن. داینەمۆی جوڵاندنی خەڵکیش بۆ شۆرش کۆمەڵێک فیلمن کە بە نهێنی لە نێوان خەڵکدا دەستاودەست دەکەن. ئەو کەسەش کە سەرکردایەتی جوڵانەوەی بەرەنگاری ئەمریکییەکان دەکات، بە پیاوی ناو قەڵا بەرزەکە بەناوبانگە و بەردەوام ئەو فیلمانە کۆدەکاتەوە. ئەرکێکی گرنگی ئەندامانی بزاوتەکە کۆکردنەوەی فیلمەکانە بە نهێنی و گەیاندیانە بە دەستی پیاوی ناو قەڵاکە. کە بەردەوام تەماشای هەموو فیلمەکان و وردەکارییەکانیان دەکات. ئەو فیلمانە کە لە جیهانە هاوتەریبە جیاوازەکانەوە سەرچاوە دەگرن. هەموو ئەو ئەگەرانەن کە ڕەنگە ڕووبدەن یاخود نا. پرسیارە گرنگە کە پیاوی ناو قەڵاکە بە دوایدا وێڵە ئەوەیە، ئایا لە کام ئەگەردا یاخود کام سیناریۆدا ئێمە ئەگەری سەرکەوتنمان هەیە؟. لە ئەگەری دۆزینەوەی ئەو سیناریۆوە ئەوە دەتوانن بە ڕێگەچارەی ڕزگاربوون لە داگیرکاری دابڕێژن.

دەسەڵاتی ئەڵمانیش لەوکاتەدا گەورەترین هێزی جیهانن. بەردەوامن لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی و سەرکوتکردن و سڕینەوەی ڕەگەزە نەخوازراوەکان. هیتلەر بە تەواوی ئاگای لە بڵاوبوونەوەی فیلمەکانە و تەواوی دامەزراوەکانی بۆ دۆزینەوەی فیلمەکان بە نهێنی ڕاسپاردووە. هەروەها بیرۆکەی تەواوی دەربارەی بوونی جیهانی هاوتەریب هەیە و پڕۆژەیەکی زانستی بۆ دۆزینەوەیان دەستپێکردووە. بەڵام نازانێت چۆنن و چ شتێک تێیاندا ڕوودەدات. بیرۆکەی ئەوەی ئەو جیهانانەی دیکەش داگیربکات لە مێشکیدا دەخولێنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر جەمسەرەکەی دیکەی جیهان و دۆستە کۆنەکەی کە ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنییە داگیربکات. ئەڵمانیا ببێت بە تاکە هێزی خاوەن دەسەڵاتی تەواوی جیهان. ئەگەر ئەو هەنگاوە پێویستی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش بێت.

ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی، لە چەندین ململانێ و کێشمەکێشی ناوخۆیی و دەرەکی تێوەگلاوە، بەتایبەت جەنگی چین کە توانایەکی زۆری وڵاتەکەی تێدا بەفیڕۆ دەڕوات. مەترسی ئەڵمانیاشیان درک پێکردووە، و دەیانەوێت بەر بەو جەنگە نابەرامبەرە بگرن، چونکە ژاپۆن چەکی ئەتۆمیی نییە و ترسی لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی هەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە. بەشێک لە کاربەدەستانی ئیمپراتۆرییەتەکە دەیانەوێت ژاپۆن لە چەند ناوچەیەک لە ناویاندا ئەمریکا بکشێتەوە. چونکە لە ڕووی مرۆیی و ئابووریشەوە ناتوانن پێداویستییەکانی هەموو جەنگ و داگیرکارییەکان دابین بکەن. بەڵام بەشێکی دیکەیان دەیانەوێت لەسەر داگیرکاری و جەنگەکان بەردەوام بن و سڵ لە هیچ هەنگاوێک ناکەنەوە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان.

چیرۆکی دراماکە، چیرۆكێکی هەمەلایەنە و بینەر بەر کۆمەڵێک بابەت و چەمکی گرنگ دەکەوێت. لە یەککاتدا کەسانێک دەبینین کە ئەرک دەخەنە پێش هەر شتێک، کەسانێکی دیکەش کە خێزان لەپێشینەترینە بۆیان. خۆشەویستی، دوورکەوتنەوە، جیابوونەوە، خیانەت، کارکردن و قوربانیدانی گەورە لەپێناو ئامانجێکی باڵادا، هەر یەکێکیان لە چیرۆکی بچووکتردا چیرۆکە گەورەکە پێکدەهێنن. بینەر زۆربەی کات بیردەکاتەوە ئەگەر خۆی لە شوێنی یەکێک لە کارەکتەرەکان بێت چ بڕیارێک دەدات؟ چۆن بەرەنگار دەبێتەوە؟ لە هەمووشیان گرنگتر، ئەگەر خۆت ببینیت لە جیهانێکی دیکەدا ئەو بڕیارەت داوە کە لە ژیانتدا نەتتوانیووە بیدەیت، یاخود ئەو ژیانە دەژیت کە لێرە هەمیشە ویستووتە، چ دەکەیت؟ چ هەستێکت دەبێت؟ یاخود دەتەوێت بچیتە جیهانێکی دیکە و ژیانێکی دیکە بژیت؟ لەگەڵ کەسانێک بیت کە لەگەڵیان نەژیاویت؟.

دراماکە لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە، لە هەڵبژاردنی ئەکتەر و شوێنی وێنەگرتن و سینەماتۆگرافی و سەرجەم ڕەگەزەکانی دیکەی سینەما لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. چیرۆکەکە بە تەواوی بینەر لەگەڵ خۆیدا ڕادەکێشێت و بەرەو کۆتاییەکە ئاڕاستەی دەکات. لەگەڵیشیدا چەندین پرسیاری ئەخلاقی و فەلسەفی لە مێشکتدا جێدەهێڵێت. هەڵسەنگاندنی من بۆ دراماکە (٩/١٠) و بە تووندی پێشنیاری دەکەم.

Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.