02/08/2022
DidiMn Logo
Top

له‌باره‌ی فیلمی “سوودەكانی گەشتكردن بە شەمەندەفەر”ی ئاریز مۆرینۆوه‌

لە لایەن دیدی من 1 خوله‌ك پێش ئێستا

دیدی من – چرۆ عیزەت

سوودەكانی گەشتكردن بە شەمەندەفەر، یەكەم فیلمی درێژی دەرھێنەری ئیسپانی (ئاریز مۆرینۆ)یە كە لە ژانەری كۆمیدیای ڕەشە و لە ڕۆمانێكی (ئانتۆنیۆ ئۆریدۆ)وە بە ھەمان ناوی (Advantages Of Travelling By Train/2000)ەوە وەریگرتووە.

فیلمەكە بەسەر سێ بەشی سەرەكیدا دابەش دەبێت و ھەر بەشێك چیرۆكێك لەخۆ دەگرێت، چیرۆكبێژ و كاراكتەرەكان كەسانێكی دەرووننەخۆش بە نەخۆشییەكانی شیزۆفرینیا و پارانۆیا و جەستە نەخۆشن، چیرۆكەكان زنجیرە ڕووداو و چیرۆك و كاراكتەری دیكە بە دوای خۆیاندا دەھێنن و كەشی فیلمەكە ئاڵۆزتر دەكەن.

پزیشكێكی دەروونی لە بەشی یەكەمدا چیرۆكی نەخۆشەكانی لەگەڵ سەرنشینێكدا بەش دەكات، لەنێویاندا چیرۆكی نەخۆشێكی شیزۆفرینیا كە ئارەزووی لە كۆكردنەوەی زبڵ و خواردنی میز و پیسایی [Coprophilia]ە. ھەروەھا لە بەشی دووەمدا خاتوونێكی سەرنووسەر و خوێنەرێكی جدی چیرۆكی ھاوسەرە دەرووننەخۆش بە پارانۆیاكەی دەگێڕێتەوە كە خۆشەویستییەكی زۆری بۆ سەگ ھەیە، بە ڕادەیەك كە دەیەوێت ھاوژینەكەی بگۆڕێت بۆ سەگ. لە بەشی سێیەمیشدا لاوێكی جەستە نەخۆش كە بە درێژایی ژیانی لەنێو پێخەفەكەیدا ڕاكشاوە چیرۆكی خۆشەویستی خۆی لەگەڵ كیژێكی كەمئەندامدا دەگێڕێتەوە كە لاقێكی كورت و لاقێكی درێژە.

(ھێڵگا پاتۆ)، سەرنووسەر و خوێنەر و شەیدای كەسایەتی نێو چیرۆك و ڕۆمانەكان پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵەكەی ھاوسەرەكەی لە دۆخێكی سەیر و نامۆدا دەبینێت، ھەربۆیە ناچار دەبێت بیخاتە نەخۆشخانەیەكی دەروونییەوە، پاش گەڕانەوەیشی لە شەمەندەفەرەكەدا پزیشكێكی دەروونی بە ناوی (ئەنخێل ساناغوستین) دەناسێت كە لە ھەمان نەخۆشخانە و كلینیك خاتوونەكەی بینیووە و چیرۆكی سەیر و ئاڵۆزی نەخۆشەكانی و لە نێویاندا چیرۆكی (مارتین ئورالیس ئوبیدا) بۆ خانمەكە باس دەكات، یەكێك لەو نەخۆشانەی تووشی شیزۆفرینیا بووە و حەز و خولیای كۆكردنەوەی زبڵ و خواردنی پیساییە.

بەدرێژایی ڕێگەكە گفتوگۆكەیان كۆمەڵێك چیرۆك و بەسەرھات لەخۆ دەگرێت و ھەر چیرۆكێك چیرۆكێكی دیكە بەدوای خۆیدا دەھێنێت، (ھێڵگا پاتۆ)ش خاوەنی چیرۆكی تایبەت بە خۆیەتی كە گەیاندوویەتی بە باكووری شارەكە و شەمەندەفەر و پزیشكەكە.

پاش تەواوكردنی بەسەرھاتەكان, (ئەنخێل ساناغوستین) بە بیانووی كڕینی ژەمە خۆراكێكی سووكەوە ماڵئاوایی لە خانمە سەرنووسەرەكە دەكات و خۆی ون دەكات، لە پاش خۆیەوە بەئەنقەست دۆسیە و چیرۆكی نەخۆشەكان بەجێدەھێڵێت، (ھێڵگا پاتۆ)ش پاش خوێندنەوەیان بە چیرۆكەكان سەرسام دەبێت و بڕیار دەدات بڵاویان بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەدوای (ئەنخێل)دا دەگەڕێت و ئەنجامی گەڕانەكەی ئاشكرابوونی نھێنییەكی شۆكھێنەر دەبێت.

بەشی یەكەم: شیزۆفرینیا

شیزۆفرینیا [Schizophrenia]، تێكچوونێكی دەروونییە و لە ھەردوو وشەی “شیزۆ” بە واتای “دابەشبوون” و وشەی “فرینیا” بە واتای “ژیری” پێك دێت، كۆی ھەردوو وشەكەش “شیزۆفرینیا” واتای “دابەشبوونی ژیری” دەگەیەنن، كە دەمارە نەستییەكان تووش دەبن و تێیدا پڕۆسەی بیركردنەوەی كەسانی تووشبوو دەشێوێت و بیركردنەوەكانی لێك دەترازێن، لە ژیانی واقیعی دادەبڕێن و لە دنیای خەیاڵدا نقووم دەبن، كۆمەڵێك واھیمە و ھەلوەسە سەرھەڵدەدات و چیرۆكی سەیر و سەمەرە درووست دەكەن و ھەر جارە و بە جۆرێكی جیاواز چیرۆكەكان دەگێڕنەوە. ھەندێكجار كەسانی تووشبوو زیان بە خۆیان دەگەیەنن و تەنانەت دەگاتە حاڵەتی خۆكوشتنیش.

نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە دابەشكراون بەسەر دوو جۆردا، نیشانە ئەرێنی و نیشانە نەرێنییەكان.

لە گرنگترین نیشانە ئەرێنییەكانیش ھەلوەسەی ھەستەكانن، كە تێیدا نەخۆشەكە شتگەلێك دەبینێت و دەبیستێت و بۆن و تام دەكات و لەمسی دەكات كە كەسانی دیكە ناتوانن، چونكە بەرھەمی ھەلوەسە و وەھمی خۆیانن و درووستیان كردوون. لە پاڵ ئەمانەشدا جووڵەی زۆر و چەندبارە و گۆڕینی قسە و بیركردنەوەكانیان.

لە نیشانە نەرێنییەكانیش نەمانی ھەست و سۆز لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا، گۆشەگیری و بێ ھەستبوون بەرامبەر ڕووداوە خۆش و شادیھێنەرەكان و كاریگەرنەبوون بە ڕووداوی ناخۆش و كارەساتیش. نەخۆشانی شیزۆفرینیا دەتوانن لە كۆمەڵگەدا بن و ئازادانە لەنێو خەڵكیدا بێن و بچن و زیان بە كەس نەگەیەنن، بابەتەكە تەنھا ئەوەیە كەسانی دەوروبەر ناتوانن لێیان تێبگەن و ناتوانن چیرۆك و باسەكانیان شی بكەنەوە. بۆ چاكبوونەوەش پێویستە بخرێنە نەخۆشانە دەروونییەكانەوە و چارەسەری درێژخایەن وەربگرن.

 (ئەنخێل ساناغوستین) پزیشكێكی دەروونییە، لە كلینیكێكی دەروونیدا كار دەكات و لەسەر شەمەندەفەرێك ڕێكەوتی بینینی خانمێك دەكات كە شەوێك پێشووتر ھەمان ئەو خانمەی لە كلینیكەكە بینیووە، ئەو خانمەش چیرۆكێكی ھەیە كە بەو كلینیكەی گەیاندووە و بەشی دووەمی فیلمەكەی بۆ تەرخان كراوە.

لە سەرەتادا (ئەنخێل ساناغوستین) بە خانمەكە دەڵێت “دەتەوێت چیرۆكی ژیانمت بۆ باس بكەم؟” ئەگەرچی (ساناغوستین) ئەم ڕستەیە بە دەرگای كردنەوەی گفتوگۆكەیان دادەنێت بەڵام مەبەستێكی ھەیە و لە كۆتایی بەسەرھاتەكەیاندا ئەم ڕستەیە ڕاستییەكمان بۆ ئاشكرا دەكات…

(ساناغوستین) چیرۆكی (مارتین ئورالیس دی ئوبیدا) بۆ (ھێڵگا پاتۆ) باس دەكات، كە نەخۆشێكی شیزۆفرینیایە و زبڵ و خاشاك كۆدەكاتەوە و پیسایی دەخوات و كەسانی دەوروبەری فریو دەدات بەوەی خۆیان فڕێ بدەنە ژێر گڵابە و بارھەڵگرەكانەوە ھەتاكوو بمرن.

دوای ئەوەی پزیشكە دەروونییەكە و ھاوژینەكەی ماڵ بۆ شوێنێكی دیكە دەگوازنەوە دەبینن لە بەردەم ماڵەكەیاندا زبڵ و خاشاكێكی زۆر كۆكراوەتەوە

[كۆكردنەوەی ئەم زبڵ و خاشاكانەش كۆدێكی دیكەیە كە لەكۆتاییدا ڕاستییەكەمان بۆ ئاشكرا دەكات]، لەو كاتەدا لە لایەن (ئیمیلیا ئورالیس ئوبیدا)وە نامەیەكیان بەدەست دەگات.

(ئیمیلیا) خوشكی (مارتین)ە و لە نامەكەدا باسی براكەی دەكات و دەنووسێت كە (مارتین) لەسەر خواستی باوكی دەچێتە ئەكادیمیایەكی سەربازی و بەردەوام نامەیان بۆ دەنێرێت، بەڵام لەناكاو دەنگی نامێنێت و پاش ماوەیەك بە قۆڵێكی بڕاوەوە دەگەڕێتەوە نێو خانەوادەكەی…

(مارتین) چیرۆكی خۆی بۆ خانەوادەكەی باس دەكات كە پاش پەڕینی قۆڵێكی لە جەنگدا لە خزمەتی سەربازی دووری دەخەنەوە و بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسیەیەكی كوشتن دەنێردرێت بۆ نەخۆشخانەیەك كە بۆ چاودێریكردنی منداڵان تەرخان كراوە، لەوێشەوە دكتۆرە (لیناریس) بۆ تەرخانكردنی پارە بۆ خانەكە دەست دەداتە كاری لەشفرۆشی و (مانۆیل)ی خۆشەویستی ھەڵدەستێت بە فرۆشتنی منداڵەكان بە خانەوادەی دیكە، بەبێ ئەوەی بزانن كڕیارەكان منداڵەكان بۆ ڤیدیۆی پۆڕنۆگرافی بەكاردەھێنن و ئەندامەكانی جەستەیان دەفرۆشن، كە ئەو ڕاستییەشی بۆ دەردەكەوێت دەكوژرێت…

ئەم زنجیرە ڕووداوانە یەك لە دوای یەكن و پەیوەندییەكی ڕاست لەنێوانیاندا نییە، چونكە لەڕاستیدا ھیچیان بوونیان نەبووە و  ھەلوەسەی (مارتین)ن، سەرنجڕاكێشیی ڕووداوەكان وا لە (ئەنخێل) دەكات بەدوای دۆسیەكەیدا بڕوات، ھەربۆیە دەكەوێتە دەگەڕان و بەپێی وەسفەكانی نێو نامەكە ماڵەكەیان دەدۆزێتەوە، چاوی بە (مارتین) دەكەوێت لە بەرگی (ئیمیلیا)ی خوشكیدا و بۆی ئاشكرا دەكات كە سەرجەم باسەكانی نێو نامەكە درۆ بوون، تەنھا ئەوەیان نەبێت كە (مارتین) یەك قۆڵی ھەبوو، لێرەوە چیرۆكەكەی باس دەكات…

پاش ئەوەی چەند ساڵێك یەك لە دوای یەك لە تاقیكردنەوەی ئەكادیمیای سەربازی شكست دەھێنێت (مارتین) دەبێت بە كارمەندی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك و بەھۆی ناشارەزایی لە كارەكەدا ڕۆژێك قۆڵێكی دەبێتە قوتی بارھەڵگرەكە و دەقرتێت، دوای ٥ ساڵ كاركردن وەكوو كەناس بۆی دەردەكەوێت حكوومەت ھەموویان بۆ خزمەتكردن بە دنیای كاپیتاڵیزم بەكاردەھێنێت و دەیەوێت ملكەچی سیستمیان بكات، ھەربۆیە ھەڵدێت…بەڵام ناچار دەبێت بۆ ماوەی ٨ ساڵ خۆی بشارێتەوە و زبڵ و خاشاك فڕێ نەدات و تەنیا میز و پیسایی خۆی بخوات، چونكە كۆمەڵێك كەرەستەیان خستووەتە نێو لەشیەوە و بەھۆیەوە دەتوانن شوێنەكەی بدۆزنەوە و بیكوژن، پاشانیش لە كاتی پیشاندانی كارەكە بە پزیشكەكە (مارتین) دەبێتە قووتی بارھەڵگرەكە و ئیدی دەمرێت [ھەمان ئەو ڕێگەی خەڵكی پێ ھان دەدات خۆیانی پێ بكوژن].

سەرجەم ئەم چیرۆكانەش ھەلوەسەی (مارتین)ن، ھیچیان بوونیان نییە و بەرھەمی خەیاڵی خۆین.

كاتێكیش (ھێڵگا پاتۆ) بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی چیرۆكی نێو دۆسیە سورەكە بەدوای (ئەنخێل)ی پزیشكدا دەگەڕێت لەبەردەم (ئەنخێل)ی ڕاستەقینە و (ئەمیلیا)ی خوشكی (مارتین)دا خۆی دەبینێتەوە…

لەڕاستیدا ئەو پزیشكەی لەسەر شەمەندەفەرەكەیە خوودی (مارتین ئورالیس ئوبیدا)یە و تووشی “شیزۆفرینیا” بووە و حەزی لە كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكە، خۆی خستووەتە شوێنی (ئەنخێل ساناغوستین) كە ھاوسەری (ئەمیلیا ئورالیس ئوبیدا)یە، ھەروەك چۆن لەسەرەتای گفتوگۆكەدا بە (ھێڵگا) دەڵێت كە چیرۆكی ژیانی خۆی باس دەكات و نەخۆشەكەیشی ئارەزووی لە كۆكردنەوەی خاشاكە، سەرجەم ڕووداو و چیرۆكەكانیش بەرھەمی خەیاڵی خۆین.

بەشی دووەم: “ئارەزوو ئارەزووی ئەوی ترە”

كێشەی (ھێڵگا پاتۆ) لەگەڵ خەڵكیدا ئەوەبوو كە لەنێوان نووسەر و چیرۆكبێژەكاندا تووشی سەرلێشێوان دەبوو، دواتریش لەگەڵ كەسایەتییەكاندا.

(ھێڵگا پاتۆ) خانمێكی سەرنووسەر و خوێنەرێكی ھەمیشەیی ڕۆمان و چیرۆكەكان، ڕۆژێك چاوی بە نووسەرێكی دڵخوازی خۆی دەكەوێت بە ناوی (و)، لەبەرئەوەی خانمەكە عاشقی كاراكتەری ناو كتێبی نووسەرەكە بوو بۆیە پەیوەندییەكی دڵداری ھەڵەی لەگەڵدا دەبەستێت، پاش ئەم ھەڵەیەش بڕیار دەدات چیتر لەگەڵ پیاواندا دڵداری نەكات، سەگێك ھەڵدەگرێتەوە و بڕیار دەدات تاكە ھاوڕێ و ھاودەمی بێت، بەڵام ڕێكەوتی ناسینی (ئەمیلۆ) دەكات، گەنجێكی نەرجسیی دەرووننەخۆشی عاشق بە سەگە.

(ئەمیلۆ) ھەر زوو ڕووی ڕاستی خۆی بۆ (ھێڵگا) ئاشكرا دەكات و داوای لێ دەكات وەكوو سەگەكان لەگەڵیدا جووت ببێت، گیرۆدەی خۆی دەكات و دەستبەرداری دەبێت بۆ سەگەكان، دەیەوێت لە كولانەی سەگدا بخەوێت و لە دەفری سەگەكاندا و خواردنی سەگەكان بخوات و لە كۆتاییشدا لەگەڵ سەگدا جووت ببێت و بە بێچووە سەگ دووگیان ببێت.

یەكێك لە تێرمەكانی دەروونشیكاری فەڕەنسی (جاك لاكان) بریتییە لە چەمكی “ئارەزوو” [Desire] و لێرەشدا ئارەزووە نائاگاییە سێكسییەكان.

لە دەروونشیكارییەكەدا شیكار بۆ واقیعی ئارەزووی كەسەكە دەكرێت و بە ئامادەبوونی ئەوی دی (other) ئارەزووەكە مانا وەردەگرێت و دەھێنرێتە وجوودەوە و كەسەكە دەتوانێت باس و گوزارشتی لێ بكات.

ھەر (لاكان) كۆمەڵێك ڕوونكردنەوە و باس و جیاوازی لەنێوان ھەرسێ چەمكی (ئارەزوو، پێویستی، خواست) دەخاتەڕوو، بەوەی پێویستییەكان بریتین لە كۆمەڵێك غەریزەی بایۆلۆجی كە دەكرێت تێربكرێن و تا ئەوپەڕی تێربوون ببرێن و لەوێ بەدواوە پێویستی بە “ئەوی دی”یە بۆ بەردەوامی و پڕكردنەوەی پێویستییەكانی، بۆ بەدەستھێنانی ئەم یارمەتییەش پێویستە داوا [خواست] لە “ئەوی دی” بكات. ئاشكراكردنی ئەم پێویستییە و ئامادەبوونی ئەم “ئەوی دی”یە لێرەدا ڕەمزێك بە “ئەوی دی” دەبەخشێت و وەكوو خۆشەویستی سوبێكت ڕۆڵ دەبینێت، واتا سوبێكت ھەم داوا دەكات “ئەوی دی” پێویستییەكانی بۆ پڕ بكاتەوە و ھەم داوا دەكات خۆشەویستیشی پێ ببەخشێت، “ئەوی دی” وەكوو بەدیھێنەری پێویستییەكان ناتوانێت لە ھەمان كاتدا خۆشەویستییەكی بێ مەرجیش پێشكەش بكات، ھەربۆیە لێرەدا شتێك بەجێدەمێنێت [خۆشەویستییە تێرنەكراوەكە] و ئەویش بریتییە لە “ئارەزوو”، كەواتە “ئارەزوو” درووست دەبێت كاتێك داوای تێركردنی پێویستییەك دەكرێت.

لێرەدا (ئەمیلۆ) و (ھێڵگا پاتۆ) ھەردووكیان ڕۆڵی ئۆبێكتی ئارەزووی یەكدی دەبینن، بەوەی (ئەمیلۆ) كە عاشقی سەگە دەیەوێت (ھێڵگا پاتۆ) ئارەزووە سێكسییەكانی بۆ بەدی بھێنێت و خواستەكانی جێبەجێ بكات، ھاوسەرگیری لەگەڵ دەكات و مامەڵەی نیانی لەگەڵ دەنوێنێت ھەتا ئەو كاتەی ڕووی ڕاستی خۆی پیشان دەدات. ئەگەرچی لەسەرەتای جێبەجێكردنی ھەر خواستێكدا (ھێڵگا) قایل نابێت؛ بەڵام دواتر و جار لە دوای جار ملكەچتر دەبێت، چونكە (ئەمیلۆ)ش ئۆبێكتی ئارەزووی (ھێڵگا)یە و دەیەوێت لەڕێگەی (ئەمیلۆ)وە خواستەكانی بەدی بێن و پێویستییەكانی پڕ بكرێنەوە كە ئەوەن دانی پێدابنرێت و خۆشەویستی پێ ببەخشرێت و تەنیا نەكەوێت. كە (ئەمیلۆ) دەبێتە ئۆبێكتی ئارەزووی (ھێڵگا) و (ھێڵگا)ش دەبێتە ئۆبێكتی ئارەزووی (ئەمیلۆ) لێرەدا ھیچیان بێ مەرج ئەو كارە ناكەن، ھەربۆیە ئارەزووەكانیان سەرھەڵدەدات و وەك (لاكان) دەیگوت [ئارەزوو ئارەزووی ئەوی ترە]. [ئارەزوو ئارەزووە لە ئەوی دی و لەپێناو ئەوی دی’دا] بۆ ئەم مەبەستەش ئۆبێكت بۆ دانپێدانانی سوبێكت ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە ھەروەك چۆن (ھێڵگا) قایل بوو بەوەی وەكوو سەگ لەگەڵ (ئەمیلۆ)دا جووت ببێت و وەكوو سەگ نان بخوات و دواتریش لەگەڵ سەگدا جووت ببێت.

(ئەمیلۆ) پاش پیشاندانی حەزەكانی، (ھێڵگا) دەخاتە دۆخێكی دەروونی ناخۆشەوە و تا ئەو ڕادەیەی ناچاری دەكات بە بێچووە سەگ دووگیانی بكات، (ھێڵگا)ش ئارامی لێ دەبڕێت و بڕیاری كوشتنی دەدات، ھەربۆیە دوای پێدانی ١٠ دەنك حەب (ئەمیلۆ) بەجێدەھێڵێت ھێواش ھێواش بمرێت و خۆیشی ماڵ چۆڵ دەكات، بەڵام كاتێك دەگەڕێتەوە دەبینێت ھاوسەرەكەی تووشی نەرجسیەتێكی سەیر بووە بەڕادەیەك خەریكە لە پیساییەكەی خۆی ورد دەبێتەوە، بەمەش (ھێڵگا) دەیخاتە نەخۆشخانەیەكی دەروونییەوە و بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ دەكات و بە (ئەنخێل ساناغوستین) و چیرۆكەكانی دەگات.

بەشی سێیەم: خۆشەویستی وەكوو چارەسەر

(گاراتێ) گەنجێكی ئیفلیج و كەنەفتە كە ھەر لە ساتی لەدایكبوونییەوە تووشی ئێسكە نەرمە بووە و بەدرێژایی ژیانی لەنێو جێگای نووستنەكەیدا بووە، خەو و خواردن و فێربوون و گەورەبوونیشی ھەر لەوێدا بووە، پاش ساڵانێك بەھۆی كۆمەڵێك ئامێری دەستكردی پزیشكی پێشكەوتووەوە جەستەی پڕ دەكەن لە ئاسن و ئیدی توانای ھەڵسان و بەپێ ڕۆیشتنی دەبێت، یەكەم ئاھەنگی ئەم سەركەوتنەشی گەشتێك دەبێت بۆ (پاریس) و لەوێش بەھۆی دزینی كامێراكەیەوە كچێك دەناسێت بە ناوی (ڕۆزا) كە لاقێكی كورت و لاقێكی درێژە، لێرەوە چیرۆكی ئەویندارییان دەست پێدەكات، بەڵام ھەمیشە كەم و كوڕییە جەستەییەكانیان ڕێگری نزیكبوونەوە لە یەكدییان لێ دەكەن و ھەر بەو ھۆكارەش جیادەبنەوە.

(گاراتێ) بەھۆی بارودۆخی تەندرووستییەوە ھەمیشە كوڕێكی بێ ئومێد و بێ ھەست بوو، بەڵام پاش بینینی (ڕۆزا) تەلی دڵی دەھەژێت و دەكەوێتە بیركردنەوەیەكی قووڵی خۆشەویستییەوە، ھەستەكانی واتا بە ژیانی دەبەخشن و دەكەوێتە گلەیی كردن لەوەی ئاخۆ بۆچی كەسێكی بێ كەموكوڕی نەبوو؟ بۆچی لە ھەر بارودۆخێكدا دەكرێت خۆشەویستی چارەسەر بێت و واتایەك بە ھەر ناتەواوییەك ببەخشێت؟

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌