13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: ئوم کەلسوم، کەسایەتییەك لەسەروو سەرزەنشتەوە

لە لایەن دیدی من 2 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – دەرەج میدیا
لە عەرەبییەوە: چرۆ عیزەت
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

بەرەو قاوەخانەی ئوم کەلسوم بەڕێدەکەویت، بەڵام بەر لەوەی قاوەخانەکە ببینیت گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، هەر لە دەروازەی کۆڵانی ئەلتەوفیقیەی قاهیرەوە کە بەرەو قاوەخانەکە دەڕۆیت دەنگی کەمانچەیەك تێکەڵ بە دەنگێکی نەمر کە هەست و هۆشت دەخرۆشێنێت، هاوڕێگەت دەبێت. لە دەرەوەی قاوەخانەکەدا دوو دوو خەڵکی لەسەر کورسییە پلاستیکییەکان دانیشتوون، نێرگەلە دەکێشن، چەشنی قەزەمێك دەردەکەون لە بەردەم دوو پەیکەری گەورەی ئاڵتونیدا، پەیکەری گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ کە زیاتر بە “هەسارەکەی ڕۆژهەڵات” و “دایکی عەرەب” و “چوارەمین هەڕەمی میسر” ناسراوە. ئوم کەلسوم، بەدرێژایی ساڵانی کارکردنی لە هونەردا لە ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵدا ٣٠٠ گۆرانی تۆمار کرد.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و پاش تێپەڕبوونی ٥٠ ساڵ بەسەر مردنیدا هێشتا لە تەواوی جیهانی عەرەبیدا لە ئۆتۆمبێل و ڕادیۆ و قاوەخانەکانەوە گوێبیستی گۆرانییەکانی دەبین کە سەبارەت بە عەشق و خۆشەویستی و تامەزرۆیی و دابڕانن.

سەرباری ئەو هۆنراوە قورسە عەرەبییانەی کە چڕیوونی ئوم کەلسوم کاریگەری بەسەر چەندین هونەرمەندی بیانییەوە هەبووە، بۆب دیلان لە وەسفی ئوم کەلسومدا دەڵێت “گۆرانیبێژێکی ناوازەیە، بەڕاستی زۆر ناوازەیە.” هەروەها هەریەکە لە گۆرانیبێژان شاکیرا و بیۆنسێ بە میوزیکی گۆرانییەکانی سەمایان کردووە، ماریا کالاسیش لە وەسفی هەسارەکەی ڕۆژهەڵاتدا گوتی “دەنگێکی هێندە نایابی هەیە کە بە هیچ دەنگێکی دیکە بەراورد ناکرێت.”

لە ڕۆژئاوادا هیچ هونەرمەندێك نییە بتوانێت شان لە شانی ئوم کەلسوم بدات، لە گۆڕەپانی هونەری جیهانی عەرەبیشدا هیچ کەسێك نییە هێندەی ئوم کەلسوم خۆشەویست و ڕێزدار بێت. سەرەڕای ئەوەش لە شانشینی یەکگرتوودا بەپێی پێویست ناسراو نەبوو، هەتاکوو ئەو کاتەی لە هۆڵی شانۆی (پاڵادیۆم لەندەن) شانۆگەرییەك بە ناونیشانی (ئوم کەلسوم و سەردەمی سەرکەوتن) نمایشکرا. شانۆگەرییەکە پێکهاتبوو لە ژیاننامەی ئوم کەلسوم بە زمانی ئینگلیزی و گۆرانییەکانی بە زمانی عەرەبی. مونا خاشقجی، بەرهەمهێنەری نمایشەکە گوتی “پەیامی من هەر ئەوە بوو کە کلتوری دەوڵەمەندی مۆسیقای کلاسیکی عەرەبی بە ڕۆژئاوا بگەیەنم“.

میوزیك و گۆرانی میسر ماوەی بەرەوپێشچوون و دەوڵەمەندبوونی لایەنی ڕۆشنبیری و بازدانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی-سیاسی وڵاتەکە دەخاتە ڕوو، ئەمەش وەڵامە بۆ ئەو پرسیارەی لە لایەن پسپۆڕی زانستی مۆسیقای نەتەوەیی و نووسەری ژیاننامەی ئوم کەلسوم (ڤێرجینیا دانیلسۆن)ەوە ئاڕاستە کراوە، کە دەپرسێت “ئاخۆ دەکرێت ژیانی پەنجا ساڵی نێو کۆمەڵگەی عەرەبی کە تێیدا ژنان پەلیان دەهاویشتە دەرەوە هەتاکوو ستەمیان لێ بکرێت و کپ بکرێن و دابپۆشرێن و بشاردرێنەوە لە لایەن ژیان و کارەکانی تاکە ژنێكەوە پیشان بدرێت؟” نەك هەر ژنێکی ئاسایی، بەڵکو ژنێك کە لە ژیانیدا بۆ بانگەشەی هاوڕەگەزخوازی و ڕەتکردنەوەی پێوەرە باوەکانی جیاوازی جێندەری برۆیەکانی بەرز دەکردەوە.

ئوم کەلسوم ساڵی ١٩٠٤ لە یەکێك گوندەکانی سەر ڕووباری نیل لەدایکبووە، باوکی ئیمام و دایکیشی خانمی ماڵەوە بوو، باوکی لە ڕێگەی چڕینی سروودە ئاینییەکانەوە خەرجی خانەوادەکەی بە هاوڕێیەتی کوڕەکەی و برازاکەی بەدەستدەهێنا، لە کاتێکدا ئوم کەلسومیش لاسایی ئەوانی دەکردەوە، لەم ڕێگەیەوە فێربوو “وەکوو بولبول” گۆرانی بچڕێت. پاشان ئوم کەلسومیش بۆ چڕینی سروودە ئاینییەکان دەچێتە پاڵ باوك و برا و ئامۆزاکەیەوە و دەنگە خۆش و بەهێزەکەی لەنێویاندا دیار بوو، بەڵام چونکە خانم بوو چڕینی سروودە ئاینییەکان لە لایەن ئەوەوە شتێکی وروژێنەر بوو، هەربۆیە باوکی جلوبەرگی کوڕانی دەکردە بەر کچەکەی و بە پەچەیەکی ڕەش سەری دەبەست کە تەنیا چاوەکانی و دەمی دیار بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگ و بەهرە درەوشاوەکەی لە یاساکانی جیاکاری ڕەگەزەیی ڕزگاری کرد و سەرنجی دیارترین میوزیکژەنەکانی ئەو کاتی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، کە بۆ پیشاندانی میوزیکەکانیان بانگهێشتی قاهیرە کرابوون.

لە سەرەتای ساڵانی بیستەکاندا ئوم کەلسوم کاتێکی زۆری پێچوو هەتاکوو بەهرەی خۆی لەو شارە گەورەیەدا بسەلمێنێت، لە کاتێکدا چینی ئەرستۆکراتەکانی قاهیرە سەرسامی دەنگی بوون. بەڵام بەهۆی جلوبەرگ و ڕەفتارەکانیەوە گاڵتەی پێدەکرا کە بۆ ئەوان مۆرکی لادێییانەیان پێوە بوو. وردە وردە جلوبەرگی جوان و ناوازەی لەبەر کرد و لەگەڵ باشترین هونەرمەندەکانی ئەو سەردەمەدا کاریکرد، سەرەڕای ئەوەی ناوبانگی دەرکردبوو بەو هونەرمەندەی کە بە سانایی قایل نابێت. بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان دەستیانکردن بە کێبڕکێکردن لەگەڵ یەکدیدا بۆ کارکردن لەگەڵ ئوم کەلسومدا و ئەویش زیرەکانە و ژیرانە گفتوگۆی ناوبانگ و مایەی خۆی دەکرد. هەر زووش دوو هێندەی هونەرمەندەکانی ئەو کاتەی قاهیرە ناوبانگیدەرکرد.

ڕۆبێرت پلانت، هۆنراوەنووس و گۆرانیبێژی گروپی میوزیکی ڕۆکی (لێد زیپلین) کاتێك ساڵی ١٩٧٠ لە سەردانێکیدا بۆ مەراکیش گوێبیستی دەنگی ئوم کەلسوم بوو گوتی “کاتێك بۆ یەکەمجار گوێبیستی دەنگی بووم هەست و هۆشی بردم، کاتێك ئیقاعەکانی نزم دەکردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گۆرانییەکە بە ئاوازێك کە تەنانەت نەمدەتوانی بڕوا بکەم خوودی خۆم بتوانم شتێکی وا بکەم، سەرسوڕهێنەر بوو! دواجار کەسێك توانی ئاستی تێگەیشتنم لەبارەی ئاوازەوە بگۆڕێت.”

ئوم کەلسوم بەوە جیادەکرایەوە کە خاوەنی دەنگێکی دەنگدەرەوە بوو، کە دەنگمەنترین دەنگە لەنێو ژناندا، هەروەها لەڕادەبەدەر بەهێز بوو. ئوم کەلسوم لەنێو ئاپۆڕای گوێگراندا بەبێ مایکرۆفۆن و بەبێ پڕۆڤەکردنی پێشوەختە گۆرانی دەچڕی.

ڕۆماننووسی میسری نەجیب مەحفوز، براوەی خەڵاتی نۆبڵ سەبارەت بە ئوم کەلسوم گوتویەتی “چەشنی بانگوازێك بوو کە گوێگرانی ئیلهامیان پێدەخشی، کاتێکیش دەبینێت چی بە گوێگرانی گەیاندووە زیاتر و زیاتریان پێدەبەخشێت و خۆی باشتر دەکات بۆیان و لەپێناویاندا خۆی فانی دەکات.”

نەجیب مەحفوز

گوێگرانی هەر بەشێکی گۆرانییەکەیان ویستبا بە چەپڵە و هوتافلێدان داوایان لێدەکرد دووبارەی بکاتەوە و ئەویش بەگوێی دەکردن، دەکرا گۆرانییەك ماوەکەی لەنێوان ٤٥ خولەك بۆ ٩٠ بخایەنێت. ئوم کەلسوم هێندە بەلێهاتوویی لە نێوان تۆنەکانی دەنگیدا هاتوچۆی دەکرد و مەقاماتەکەی دەچڕی وایدەکرد چەپڵەی گەرم گڕبستێنێت. دەشڵێن هەرگیز هیچ بەشێکی گۆرانییەکی دوو جار بە هەمان شێواز نەدەچڕییەوە.

بەگشتی ئاهەنگەکانی ئوم کەلسوم نزیکەی پێنج کاتژمێر بەردەوام دەبوو، تیایاندا سیان لە گۆرانییە دوورودرێژەکانی دەچڕی، ئامانجیشی ئەوە بوو کە گوێگرەکانی چێژ لە گۆرانییەکانی ببینن و بکەونە دۆخێکەوە هێندە بە جۆش و خرۆش بن کە ڕۆح تێیدا نقوم ببێت و مۆسیقاش تێیدا بتوێتەوە. لە ساڵانی چلەکاندا ڕەوتی مۆسیقی بەرەو ڕەوتی گەل و نەتەوەی میسری گۆڕی، ئەمەش هەنگاوی زیرەکانە بوو چونکە لەو کاتەدا کە وڵاتەکە توڕەیی دایگرتبوو بە هۆکاری ئەوەی بەریتانیا دەستی بەسەردا گرتبوو. هەروەها هۆنراوەی عەرەبیی زیندوو دەکردەوە و دەچڕی، بەمەش ناوی لەپاڵ ئەدەبیاتی باڵادا دەهات.

ئوم کەلسوم نموونەی دوو ئافرەتی پیشان دەدا، یەکێکیان نموونەی خانمێکی ڕەسەن کە دەیتوانی ئاستی ڕۆشنبیری گوێگرانی بەرزبکاتەوە، ئەوی دیکەشیان نموونەی خانمێكی لادێیی کە ئازارەکانی چینی کرێکار دەخاتەڕوو.

گۆرانییەکانی لەسەر تۆمارکەری گرامافۆن تۆمار کردووە و لە شەش فیلمی میوزیکیدا بەشداری کردووە. لە ساڵی ١٩٣٤ەوە و بۆ ماوەی چل ساڵ لە یەکەم پێنج شەممەی هەموو مانگێکدا کۆنسێرتی گۆرانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکرا، ئیدی بوو بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و لێرە و لەوێ ئەو باس و خواسانە بڵاوبوونەوە کە چۆن شەقامەکان و شوێنی کارەکان لە تونس و تەنانەت عێراقیش چۆڵ دەکران لە لایەن ملیۆنان کەس لە گوێگرانیەوە، بۆئەوەی خێرا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە و گوێ لە کۆنسێرتەکانی ڕابگرن. ئوم کەلسوم بوو بە نموونەی یەکگرتوویی یەکێتی عەرەب و بژاردەی حەتمی سیاسەتمەدارە لێهاتووەکان.

دەگێڕنەوە و دەڵێن لە دوای شۆڕشی ١٩٥٢ی میسر سەرجەم گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم لە ڕادیۆکان قەدەغە کران، بەو بیانووەی گۆرانی بۆ سەرکردەکانی ڕژێمی کۆن گوتبوو. بەڵام جەمال عبدالناصر، پاڵەوانی گەل و سەرۆکی دواتری میسر کاتێك بیستی گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم قەدەغە کراون گوتی “چی دەکەن؟ مێشکتان لەدەستداوە؟ دەتانەوێت گەلی میسر لێمان هەڵگەڕێنەوە و دژایەتیمان بکەن؟”

عبدالناصر درکی کردبوو بەوەی ئوم کەلسوم ڕەمز و هێمای ڕۆشنبیری عەرەب و میسری ڕەسەنە، هەروەها سوودی لە جەماوەری گۆرانییەکانی وەردەگرت بەوەی لە پاش پەخشکردنی ئوم کەلسوم ڕاستەوخۆ وتارەکانی عبدالناصر پەخش دەکرا، ئەمەش بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتە نەتەوەییەی عەرەب کە پەیڕەوی دەکرد. ئوم کەلسوم گۆرانی بۆ یادەکانی عبدالناصر دەچڕی و ملیۆنان دۆلاری بەخشی بە سورپا. لەو کاتەشدا کەسانێك هەبوون دەیانگوت جەمال عبدالناصر بۆ مەرام و ئامانجە سیاسییەکانی خۆی ئوم کەلسومی بەکارهێناوە، بەڵام دانێلسۆن پێی وابوو پەیوەندی نێوان عبدالناصر و ئوم کەلسوم پەیوەندییەکی سوودگۆڕکێی دوولایەنە بووە، کە لەسەر زۆر بابەت ڕێکەوتن لەنێوانیاندا هەبوو. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە مەیلیان هەبووە هەمان شت بڵێن سەبارەت بە خۆیان و بە میسر و سەبارەت بە جیهانی عەرەبیش، هەندێکجاریش نەتدەزانی ئاخۆ کامیانە قسە دەکەن، عبدالناصر یاخوود ئوم کەلسوم؟

ساڵی ١٩٦٧ ئوم کەلسوم تاکە کۆنسێرتی خۆی لە ئەوروپا لە هۆڵی (ئۆڵۆمپیا) لە پاریس ئەنجامدا و دوو هێندەی کالاس پارەی پێدرا، هەروەها نرخی بلیتەکانی کۆنسێرتە چوار هێندەی نرخی بلیتەکانی کۆنسێرتی گۆرانییەکانی گۆرانیبێژ سامی دەیڤید جونیۆر بوو. دوای نمایشەکەش ئوم کەلسوم گوتی “کەس ناتوانێت وەسفی ئەوە بکات کە چەندە هەستم بە شانازی دەکرد کاتێك سەردانی پاریسم کرد، لە ناوەڕاستی ئەوروپادا ڕاوەستابووم و بە ناوی میسرەوە دەنگم بەرز کردەوە.”

ئوم کەلسوم هەتاکوو ساڵی ١٩٧٠ لە چڕینی گۆرانی بەردەوام بوو، بەڵام ساڵی ١٩٧٥ بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەوە کۆچی دوایی کرد. دەگوترێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پرسەکەیدا بەشدارییان کرد نزیکەی چوار ملیۆن کەس بوو، پرسەگێڕەکان تابوتەکەیان لە بەرپرسیارانی هەڵگرتنی تابوتەکە وەرگرت و چەند کاتژمێرێك بە شەقامەکانی قاهیرەدا گێڕایان.

ئوم کەلسوم هێشتاش لە میدیاکانی میسردا بەردەوام دەردەکەوێت، ئەوانەی لە دۆخی تێکچووی ئێستای وڵات وەڕەز و بێزارن ڕاستەوخۆ دەگەڕێنەوە لای میوزیك و سەردەمی بەنرخی ئوم کەلسوم. بەم دواییانەش لە شانشینی سعودیە لەڕێگەی تەکنەلۆژیای هۆلۆگرامەوە ئوم کەلسوممان پیشاندرا، لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرە مۆسیقییەکان لە ئاوازەکانیاندا لەگەڵ وشەکاندا بەشێك لە ئاوازەکانی ئوم کەلسوم تێکەڵ بە میوزیکەکەیان دەکەن و بەکاریدەهێنن.

هەروەها گۆرانیبێژانیش بەردەوامن لە گوتنەوەی ئەو گۆرانییانەی لە ئوم کەلسومەوە بە میرات ماونەتەوە، بۆ نموونە سەنا نەبیل نەوە ١٧ ساڵانەکەی ئوم کەلسوم لە خوشکەکەیەوە، کە لە نمایشێکی مۆسیقیدا لە (وێست ئێند) دەردەکەوێت، پاش ئەوەی لە بەرنامەی “Arabs Got Talent”دا بەشێوەیەکی ناوازە دەرکەوت. بە بۆچوونی سەنا گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم بۆ سەردەمی ئێستاش گونجاوە، گوتیشی “گۆرانییەکانی تەنیا بۆ ڕابردوو نین، ڕاستە گۆرانییەکان کۆنن بەڵام هەمیشە هەست دەکەیت میوزیکەکە نوێیە، سنوورەکانی کات دەبەزێنێت.”

کەسانێك هەن بێزاردەبن بە ئامادەیی هەمیشەیی ئوم کەلسوم لە میدیاکاندا، پێیان وایە دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەهرەی لاوەکان و هەندێکی دیکەش بێزارن لەو زیادەڕۆییەی لە گۆرانییە نەتەوەییەکانیدا هەن. هەروەها دروورودرێژی گۆرانییەکانی و بەردەوامبوونی بۆ چەندین کاتژمێر لەگەڵ جیلێکدا ناگونجێت کە لەگەڵ ئەو گۆرانییانەدا گەورە بوون کە  ماوەکەیان لە سێ خولەك زیاتر تێپەڕ ناکات.  خانمە هونەرمەندی لوبنانی خەنساء، کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە کۆپییەکی گۆرانی “قصة الأمس”ی ئوم کەلسومی بڵاوکردەوە گوتی “کەسانێکی زۆر هەن ئەستەمە لە زمانی عەرەبی کلاسیکی تێبگەن هەربۆیە گوێ لە گۆرانییەکانی ڕاناگرن، بەتایبەتی گۆرانییە کۆن و ئاڵۆزەکان.”

سەبارەت بە ژیاننامەکەی چەندین هەوڵ بۆ پرسیاری ئاڵۆز و ڕەخنەئامێز هەن، ئوم کەلسوم ڕووبەڕووی ئەو جیاکارییە ڕەگەزییە بووەتەوە کە لە ناوەڕاستی  سەدەی ڕابردوودا لە میسردا باو بووە، ئەمەش لەڕێگەی کارە تووندەکانی و بەشداری چالاکانەی لە ژیانی گشتی و هەروەها ڕەتکردنەوەی وازهێنانی لە کارەکانی لەپێناو پێکهێنانی ژیانی خێزانیدا.

موسا شەدیدی نووسەر و ڕەخنەگری عێراقی نیشتەجێی ئوردن لە وەسفی ئوم کەلسومدا گوتی “سەبارەت بە ژنانی مێژووی ئێمە، تەنیا باسی ژنی بەهێز ناکەین، یاخوود ئەو ژنانەی سیفاتی پیاویان تێدایە، بەڵکو وەکوو گۆرانیبێژێك باسی ئوم کەلسوم دەکەین.”

هەروەها لە وتارێکیدا کە بۆ گۆڤاری (مای کایلی) تایبەت بە کۆمەڵەی (LGBT) هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە ڕەتکردنەوەی یاسا نەریتییەکانی جێندەری لە لایەن ئوم کەلسومەوە دەدات. لێرەشدا گوتەیەکی بیرمەندی فەڵەستینی بەناوبانگ ئێدوارد سەعید بیردەهێنینەوە کە گوتویەتی “بەدرێژایی ژیانی بەردەوام ئەو پرسیارە کراوە کە ئاخۆ ئوم کەلسوم هاوڕەگەزخوازە یان نا؟ بەڵام پێدەچێت هێز و سیحری دەربڕین و چڕینی گۆرانی وای لە گوێگرانی کردبێت ئەو بابەتە فەرامۆش بکەن.” هەر بەتەنیا باسکردنی ئەگەری هاوڕەگەزبازی ئوم کەلسوم مایەی ئابڕوچوون بوو، ئەمەش وایکرد حکومەتی ئوردن ماڵپەڕی گۆڤاری My.Kali بلۆك بکات.

ڕاستییەکەش ئەوەیە پێدەچێت سەرجەم ئەم تۆمەتانە ڕاست بن، ڤێرجینیا دانێلسۆن دەڵێت “ئوم کەلسوم بەردەوام بە ژن دەورە دراوە و گرنگییەکی زۆر کەمی بە پیاوان پیشان داوە، بە ئەگەری زۆرەوە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا هەبووە.”  ئەل شەدیدی لە وەڵامی ئەم پڕوپاگەندانەدا دەڵێت “نازانم هێنانە دەرەوەی مردووەکانمان لە گۆڕدا چۆن کێشەکانی کۆمەڵگەکەمان چارەسەر دەکات، بەڵام دەتوانین بپرسین:- ئەگەر هاوڕەگەزخوازیش بوبێت ئەوە وا دەکات تێڕوانینمان بەرامبەری بگۆڕێت؟ دەشێت ئەم پرسیارە یارمەتیدەر بێت بۆ خەڵك لەوەدا کە دووبارە بیرێکی دیکە لە تێڕوانینیان لەم بابەتە قەدەغەکراوانە بکەنەوە.”

ئەم پێکداچوونانە ئەوە دەخەنەڕوو کە چۆن تەنانەت دوای تێپەڕینی نزیکەی نیو سەدە بەسەر مردنیدا هێشتا خەڵکی هێندە بە تووندی بەرگری لێدەکەن. بەرگریکردنیش لێی تەنیا بەهۆی خۆشەویستییان بۆ دەنگی نەبوو، بەڵکو لەبەرئەوەش بوو کە ئوم کەلسوم هەمیشە هەوڵیداوە کەسایەتییەك بنیات بنێت کە لەسەرووی سەرزنشتەوە بێت.

هەر بۆیە ئوم کەلسوم بەوریاییەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکاندا مامەڵەی دەکرد، تەنیا چەند ڕۆژنامە و وێنەگرێكی هەڵبژێردراویش بۆیان هەبوو چیرۆکەکەی بگێڕنەوە. ئەو خوودی خۆی وێنەی خۆی لە بیڕوڕای گشتیدا داڕشت، بەلێهاتووییشەوە هەوڵیدا هاوسەنگی لەنێوان ژنێکی مەزنی سەرکردە و موسڵمانێکی ڕوو لە خودا و کچێکی لادێی و هێمای ڕەسەنایەتی میسر ڕابگرێت. بۆیە زۆر شتی جیاوازی بۆ کەسی هەبوو و لەم بارەیەشەوە زۆر لێهاتوانە ڕۆڵی گێڕا. وەکچۆن دانێلسۆن لەم بارەیەوە نووسیوویەتی “هەرچەندی لە توانامدا بوو هەوڵمدا دەنگێك بنیات بنێم کە ملیۆنان کەس بە دەنگی خۆیانی بزانن.”

لە یەکێك لەو چاوپێکەوتنە ڤیدیۆییە دەگمەنانەی کە لە ساڵی ١٩٦٧ لە پاریس ئەنجامیدا، ئوم کەلسوم بە ئامادەییەکی زۆرەوە دەرکەوت، ئەمەش چقڵی چاوی ڕۆژنامەنووسە دەمارگیرەکان بوو. جگە لەوەش وەڵامەکانی کورت و وریایانە بوون، سەرەڕای ئەوەی نەرم و نیان دەردەکەوت. وەڵام و واتای تەواوی شاراوەی پشت هەموو پرسیارەکانی شیکردەوە و دەرفەتەکانی قۆستەوە بۆئەوەی وا لە گوێگران بکات سەرنج بخەنە سەر وێنەی گشتی خۆی.

کە پرسیاری مۆنۆمێنتی دڵخوازی لێ دەکرێت، ئاماژە بۆ مۆنۆمێنتی Luxor Obelisk دەکات کە لە ناوەڕاستی شەقامی کۆنکۆرد بە بەرزی بنیات نراوە، مۆنۆمێنتەکە ساڵی ١٨٣٣ لە میسرەوە بۆ پاریس گوازرایەوە. کاتێکیش ڕۆژنامەنووسەکە لێی پرسێت “بۆچی؟” زۆر  بەسادەیی لە وەڵامدا گوتی “چونکە هی خۆمانە” بەمەش گوێگرانی گەلەکەی دڵنیا کردەوە لەوەی هەرچەندە لە فەرەنسا گۆرانی دەڵێت، بەڵام جگە لە میسر موڵکی هیچ شوێنێکی دیکە نابێت.

دانێلسۆن لە پەرتوکەکەیدا دەڵێت “وێنەی ئوم کەلسوم لە چاوی گەلدا چەشنی بینایەکی ڕوون و تۆکمە بوو، بەڵام نە دەستکرد بوو نە ساختە. ئوم کەلسوم بەسادەیی فێربوو بەو جۆرە خۆی پیشان بدات کە دەیویست خەڵك بیبینن و یادی بکەنەوە. بۆئەوەی بەڕاستی لە ئوم کەلسوم تێبگەین وەکوو گۆرانیبێژێك نا بەڵکو وەکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هەمیشە درەوشاوە، وەک چۆن دانێلسۆن دەڵێت “نابێت تەنیا بەدوای ژیانی پشت ئەم ئەفسانەیەوە بین، بەڵکو دەبێت بەدوای ئەو ئەفسانە شاراوەیەوە بین کە لەنێو دڵی ئەم ژیانەدایە.”

هاوبەشی بکە