26/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی ڕۆماننووس: ڤێرجینیا وۆڵف

لە لایەن دیدی من 3 هەفتە پێش ئێستا

دیدی من – بریتانیکا
لە ئینگلیزییەوە: هێڤا هاوبەش عرفان

ڤێرجینیا وۆڵف ڕۆمان نووسێکی ئینگلیزە  (لە ٢٥ی کانوونی دووەم لە ساڵی ١٨٨٢ لە پایتەختی ئینگلتەرا (لەندەن) لە دایک بووە، و لە ٢٨ی ئازاری ١٩٤١دا لە نزیک گوندی ڕۆدمێل لە پارێزگای ساسێکس کۆچی دوای کردووە)  بە بەکار هێنانی چەند ڕێگایەکی سەرنج ڕاکێشی گێڕانەوە، کاریگەریەکی گەورەی لەسەر بەرەو پێشبردنی ئەدەب دروستکردووە.

بە یەکێک لە باشترین ڕۆمان نووسەکان دادەنرێت ، بەتایبەتی لە ڕۆمانەکانی خاتوو داڵۆوەی(١٩٢٥)  و بەرەومنارە(١٩٢٧) کە بەناوبانگترین بەرهەمەکانین وهەروەها وتاری پێشەنگانەی لەسەر بابەت گەلێکی جۆراوجۆر وەک تیۆری هونەری، مێژووی ئەدەبی و ئافرەتان و داینا میکی دەسەڵات نووسیوە. ئەدەبێکی وردی هەبوە لە نووسینی چەندین جۆری تاقیکردنەوەی فۆڕمی ژیاننامەیی، ئامادەکردن و داڕشتنی کورتە چیرۆکی خەیاڵی وەک دیمەنێکی ڕاستی. و لە ڕێگەی ناردنی نامەوە شارەزای و داهێنانەکانی لەگەڵ هاوڕێ و خێزانەکەیدا بەش کردوە.

خاتوو داڵۆوەی، بەرەو منارە، و ژورێکی تایبەت بەخۆت، نووسینە گەورەکانی دیکەی ڤێرجینیاوۆڵف

هەر لەسەرەتای ساڵی ١٩٢٤ خێزانی وۆڵف بڕیاریاندا کە شوێنی نیشتەجێبوونیان بگوازنەوە لە دەرەوەی شارەوە بۆ ناو لەندەن تا تێکەڵاوی زیاتریان لەگەڵ چینی ئەو کۆمەڵگەیەدا هەبێت، زۆری نەخایاند دوای نیشتەجێبوونیان، ڤیتا ساکڤیل-وێست پەیوەندیەکی سۆزداری لەگەڵ ڤێرجینیا دروستکرد و هەر زوو ئەم پەیوەندیە پەرەی سەند بۆ پەیوەندیەکی هاوڕەگەزبازی.

هەروەها ڤێرجینیا ڕۆمانێکی بەناوی خاتوو داڵۆوەی نووسیوە، ڤێرجینیا لەم ڕۆمانەدا بیری لە بەکارهێنانی تەکنیکی دژیەکی نێوان کارەکتەرەکان کردوەتەوە کە خاتوو داڵۆوەی کەسایەتیەکی زۆر هەستیاری هەبوە، و بەڕێز سمیس بەهۆی جەنگەوە دووچاری زەبرێکی زۆر لە دەرونی بوەتەوە. ئەم مەبەستەش بۆ دروستکردنی داینامیکی دژایەتی لە نێوان “ئاقڵی و کەم ئاقڵیەت” بوو تاوەکو “شان بەشانی یەکتر بن” ئامانجی ئەوەبوە کە “تونێلێک” لە نێوان ئەم دوو کارەکتەرە دروست بکات بۆ ئەوەی کە دووپاتکردنەوەکانی خاتوو داڵۆوەی لەگەڵ نکۆڵیەکانی بەڕێز سێپتیموس سمیسدا یەکبگرن.

هەروەها لەساڵی ١٩٢٤ وۆڵف وتارێکی لە کامبریدج بەناوی “ئەدەب و کارەکتەر” پێشکەش کرد. کە لە کۆتای ئەو ساڵەدا پێداچوونەوەی وەک نامیلکە لە لایەن هۆگارت پرێس و بەڕێز بێنت و خاتوو براون بۆ ئەنجامدرا. لەوێدا ئاهەنگی شکستهێنانی پیاوسالارییەکانی گێڕا کە “لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٠ یان نزیکەی ئەوکاتەدا بوو” لە کاتی پێشانگایەکی هونەری “مانێت و پۆست ئیمپڕێشنیستەکان”دا ڕویداوە و هێرشی کردۆتە سەر ئەو نوسەرانەی کە (خەمخۆری سامانی ماددین) و سروشتی کارەکتەروکانیان لابردوە. لە خاتوو داڵۆوەی (١٩٢٥) پزیشکە گەمژەکان وا دایاندەنا کە دەتوانن لە کەسایەتی داڵۆوەی تێبگەن. بەڵام سروشتی ڕاستەقینەی ئەو شاردراوەیە.

ئەم ڕۆمانە بەقەد تابلۆیەکی پۆست ئیمپڕێشنیستی نەخشێنراوە بەڵام لە هەمان کاتدا بەوردی جەخت و نوێنەرایەتی دەکات کە خوێنەر لە یەک ڕۆژی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٣دا شوێن پێی کلاریسا و سپێتیموس لە شەقامەکانی لەندەن دیاری دەکات. و لە کۆتای ڕۆژەکەدا کلاریسا ئاهەنگێکی گەورە سازدەکات و سێپتیموس خۆی دەکوژێت و لە کاتی ئاهەنگەکەی کلاریسا هەمان ئەو پزیشکەی کە چارەسەری بۆ سێپتیموس کردوە(یان بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کردوە). خۆی دەگەیەنێتە لای کلاریسا هەواڵی مردنەکەی ڕادەگەیەنێت، لێرەدا کارەکتەرە سەرەکییەکان بە چەند ڕێگایەکی پاڵنەر بەیکدیەوە گرێدراون،  و لە کۆتایدا کلاریسا تێدەگات کە سێپتیموس بۆ خۆی کوشتوە، ۆوڵف ئامانجی ئەوە بوە کە پێکهاتەی ڕۆمانسی و خەمۆکی لە نووسینی خاتوو داڵوەی تێکەڵ بکات. و بۆ جۆری خەمۆکی لە ٥ی ئایاری ساڵی ١٩٢٧ وۆڵف ڕۆمانێک بە ناوی “بەرەو منارە” بڵاو دەکاتەوە کە هاوکات بووە لەگەڵ ٣٢ ساڵەی مردنی جولیا ستیڤن، ویستوویەتی یادەوەریەکانی هاوینی منداڵی کە لە تالاند بەسەری بردوە بیرخۆی بهێنێتەوە، و گێڕانەوەی تەواوی ڕۆمانەکەی دابەش کردووە بۆ سێ لقی جیاواز.

بەشی یەکەمی بە ناوی “پەنجەرەکە” دەست پێدەکات کە خاتوو ڕامسای و جەیمس و کوڕە بچووکەکەی-جولیا و ئاردیان ستیڤن- لە ماڵی دووەمی خاتوو ڕامسای لای پەنجەرە فەڕەنسیەکە دانیشتوون و لیلی بریسکۆ کە لەگەڵیاندا دەژیا لەوێ وێنەی دەکێشان لەکاتێکدا جەیمس داوای دەکرد کە بڕواتە نزیکی منارەکە. بەڕێز ڕامسای کەسایەتی و دیدگاکانی وەک لێسلی ستیڤنە و شیعر وەک دیداکتیکیزم بینیوە و گفتوگۆ وەک خاڵی براوە و ژیان وەک ژمارەیەک لە دەسکەوتەکان دەبینێت. لە ڕێگای بەکارهێنانی لۆژیکیەوە هیوای گەشتێکی بۆ منارە کەم کردۆتەوە. بەڵام هێشتا پێویستی بە سۆزی هاوسەرەکەی هەبووە. چونکە ئەو زیاتر لەگەڵ هەستەکانیدا تێکەڵە نەک بیرکردنەوەکانی، و لە کاتی ئاهەنگی خوانی ئێوارەدا کەشێکی هێندە ئارامی لەلا دروست دەبوو کە هەستی بە تێنەپەڕبوونی کات کردووە، پاشان چیرۆکەکە دەچێتە سەر بەشێکیدیکە کە بەناوی “کات تێدەپەڕێت” دەست پێدەکات کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر ئەو خانووەی کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵە چۆڵە، و لەگەڵ ئامادەکاریەکانی بۆ دوبارە گەڕانەوەی خێزانەکە. وۆڵف باس لە گۆڕانە وردەکان و گەشەسەندنەکانی سروشت دەکات، وەک گژوگیا و کەڕوو، زیادبوونی تۆز و کەشی ژینگە. بەڵام زۆر بە سادەیی باس لە ڕووداوە بەرچاوەکانی مردنی خاتوو ڕامسای و کوڕو کچەکەی دەکات، و لە سێیەم بەشی ڕۆمانەکەی “بۆ منارە” وۆڵف بەڕێز ڕامسای و منداڵەکانی (جەیمس و کام) لیلی بریسکۆ و ئەوانیدیکەی بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە لە “پەنجەرەکە” دەگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکە و ئێستا بەڕێز ڕامسای و منداڵەکانی (کە هەرزەکارن) بە ئاشتی ژیان دەکەن و لیلی بریسکۆ تابلۆکەی تەواو دەکات.

“بەرەو منارە” پرسیار لە داهێنان و ئامانجی هونەری دەکات. لیلی بە شێوەیەکی کاریگەر باس لە هونەر دەکات و دەڵێت کە دەبێت هونەر تەنها نوێنەرایەتی نەبێت بەڵکو هەست و سۆزیشی تێدا بەدی بکرێت، هەروەها لە تابلۆکەیدا کە ( شێوەی دایکێک و منداڵێکە و هێڵێک لەنێوانیاندا کێشراوە) دەنگدانەوەی پوختەی ڕۆمانێکی پڕ خەمۆکی ۆوڵفە. لە ساڵی ١٩٢٧دا لە دوو وتاردا “هونەری ئەدەبی” و “ژیاننامەی نوێ” ئاماژەی بەوە داوە کە نووسەرانی ئەدەب پێویستە کەمتر خەمی چەمکەبێ هەڵوێستیەکان و ڕاستیەکانیان هەبێت و سەرنجیان لەسەر زمان و ئەدەبی نووسین بێت. هەروەها نابێت تەنها لە خستنەڕووی ڕاستیەکاندا بمێننەوە، بەڵکو دەنێت کە توانای ئەوەیان هەبێت ڕاستیەپتەوەکان لەگەڵ خەیاڵدا تێکەڵ بکەن. لەم کاتەدا وۆڵف هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەم “ژیاننامەیەوە” کە مێژووی خێزانی ساکڤیل لەخۆدەگرێت. بیگەڕێنێتەوە کە پەیوەندیاکەیان لە ساڵی ١٩٢٧ کۆتای پێ هاتووە

پاشان وۆڵف لە ڕێگەی چیرۆکی “ئۆرلاندۆ” کە لە سەردەمی ئەلیزابێسەوە تا تەواوی سەدەی ١٨ دەژی. دووڕیانەکانی ژیاننامەیی و مێژوویی کەسی چارەسەرکردووە. کە ئۆرلاندۆ گۆڕانگاریەکی بەسەردادێت و دەبێتە ژن. و ڕوبەڕووی سنوردارکردنی ڕەگەزی دەبێتەوەو تا سەدەی دووەم دەژی. ئۆرلاندۆ لە سەردەمی ڕێنێسانسدا دەست دەکات بە نووسینی شیعر و مێژوو ئەفسانە کە وەک مۆدێلێک بەکاردەهێنرێت بەدرێژای سەدەکانی دواتر. و سەرنجی دەگەڕێتەوە بۆ شیعرێک بەناوی “دار بلوط” کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاری بەسەر سروشت و پەرەسەندنی هونەردا دێت. هەروەها ۆوڵف ژیاننامەیەک لەسەر لاسایکردنەوەی قارەمانە ساختەکان دەنووسێت کە لەهەمان کاتدا لەناو ڕۆمانەکەدا باسکراوە و بەم شێوەیە ژیاننامەکەی ئۆرلاندۆ (١٩٢٨) ساختەکاری هەردوو ڕەچەتەی ڕەگەز و هونەر ئاشکرادەکات. سەرەڕای ئەوەی کە خەیاڵییە بەڵام ئۆرلاندۆ بانگەشە بۆ ڕوانگەیەکی ڕۆمانناسانەتر لە ژیاننامەدا دەکات، و لە ساڵی ١٩٢١ جۆن مینارد کێنز بە وۆڵفی ڕاگەیاند کە بیرەوەریەکانی “لەسەر جۆرج” باشترین نوسینیەتی. پێشکەش کردووە بە کۆمەڵگەی بیرەوەری. دوای ئەوە ۆوڵف زیاتر لە خۆفەزڵکردنی پیاو سالارەکان توڕەبوو. بۆیە لە کتێبی “ژورێکی تایبەت بە خۆت” لە ساڵی (١٩٢٩)دا بە شێوازێکی توند وەڵامیان دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی ناوی ژنان لە مێژودا هیچ پەیوەندیەکی بە کەمی زیرەکی و لێهاتوویانەوە نییە بەڵکو بەهۆی باری داراییان بووە. وۆڵف لە وتارەکەیدا بەناونیشانی “پیشە بۆ ئافرەتان”(١٩٣١)دا لە مێژووی خوێندن و دامەزراندی ژنان دەکۆڵێتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن نەبوونی دەرفەت و نایەکسانی کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگای ژن دروست کردووە. هەروەها داوای لە ژنان کردوە کە شیعرەکەی کۆڤێنتری پاتمۆر “فریشەی ماڵ” لەناو ببەن کە تێیدا باس لەوە دەکات ژنان دەبێت خۆیان بکەنە قوربانی.

پاش ساڵی ١٩٣٠ ۆوڵف سەرسام دەبێت بە تابلۆیەکی ڤانێسا بێڵ کەتیایدا هەستەکانی خۆی بەبێ بەکارهێنانی هیچ وشەیەک خستۆتەڕو و ئەمەش ئیلهام بەخش بووە بۆی و پلانی نوسینی ڕۆمانێکی خەیاڵی داوە کە هەمان شێوە و پوختەی هەبێت کتێبەکە بەناونیشانی “شەپۆلەکان”(١٩٣١) و وەسفێکی شیعر بووە کە باس لە دەریا و ئاسمان دەکات لە خۆرهەڵاتنی بەیانی تا ئێوارە و لەڕێگەی شەش کاراکتەری جیاوازەوە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە لە کاتی دەسپێکردنی ژیانیان تا کۆتای، لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکە، شەش هاوڕێکە لە خوانێکی ماڵئاوای لە هاوڕێکەیدیکەیان کە گەشت دەکات بۆ هیندستان کۆ دەبنەوە. کە تەنیا گوڵێک لە ناوەڕاستی مێزەکەدایە “دەبێتە گوڵێکی حەوت لا..کە تەواوی سەرنجی سەر مێزەکە بۆخۆی ڕادەکێشێت”  وا دەکات هەریەکێکیان ڕوداو و ئەزمونەکان لە دیدگای خۆیانەوە ببینن، لەبەرامبەر لەدەستدانی هاوڕێکەیاندا کە هەر کارەکتەرێک بەتێڕوانین و هەستووسۆزی خۆی لەقاڵب دەدرێت. بێرنارد کە نوسەرە لەنێو هاوڕێکانیدا بەشی کۆتای چیرۆکەکە دەگێڕتەوە و سەرپێچی لە مردن و جیهانی “بێ خود” دەکات. هەرچەندە هەر کارەکتەرێک تایبەتیەکی خۆی هەیە وەک دەتوانرێت لە گوڵەکەدا دەست نیشان بکرێت. بەڵام کارەکتەرەکان دەبنە یەک، هەروەک چۆن دەریا و ئاسمان لە نێوان کاتدا جیا ناکرێنەوە. ئەم یەکبوونە لەگەڵ هەموو دروستکراوەکاندا، ئەو ئەزموونە سەرەتاییە دەخاتە ڕوو کە وۆڵف لە منداڵیدا لە کۆرنواڵ هەستی پێکردوە و لەم ڕۆمانەدا سنوورەکانی چیرۆکگێڕانەوە دەبەزێنێت و هاوتایەکی شیعری لەگەڵ ئەم هەستەدا دروست دەکات. هەروەها لە رێگەی هەردوو ڕۆمانی “بۆ منارە” و “شەپۆل” ڤێرجینیا ۆوڵف لەگەڵ جەیمس و ولیام فۆکنەر بوو بە یەکێک لە سێ پێشەنگی سەرەکی نووسینی ڕژێمی هۆشیاری لە ئەدەبیاتی مۆدێرنیستی زمانی ئینگلیزی دادەنرێت.

هاوبەشی بکە