29/11/2025
DidiMn Logo
Top

وەفا، بردمییە دیدارێک

لە لایەن دیدی من 6 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – دەڤەر حەسەن

“ب خەمل و ڕەوشە، شیرین و خوەشە، زمانێ کوردی”

دەمژمێر (٦)ی سەر لە بەیانی بە دەنگی مۆبایلەکەم خەبەرم بووەوە، هێشتا هیچ کام لە هاوژوورەکانم لە هۆستڵەکە خەبەریان نەببووەوە. کات زوو بوو، بە ئەسپایی خۆم شۆرد و کەلوپەلی ناو جانتا کۆڵەپشتییەکەم کۆکردەوە، بە کەنار ڕووباری سێندا ملی ڕێگام گرتەبەر. خۆشحاڵ بووم، چونکە ئەمڕۆ دەچوومە دیداری کەسێک کە هەرگیز پێم وانەبوو بچمە مەنزڵی. هەمیشە لە دوورەوە دەمبینی و پێی سەرسام بووم. ئەو بەشەی چیرۆکەکەی کە دەمزانی، وەکو فیلمێک بە بەرچاومدا تێدەپەڕی. لە نێوان ڕاستی بوون و لە خەیاڵ چوونی ئەو ڕۆژەم هێشتا گومانم هەبوو، خۆم بۆ یەکلا نەدەکرایەوە. بەدەم ڕێگاوە خۆم لە بەردەم وێستگەی “گار دی لیۆن” بینیەوە. هەرچەندە من بلیتی شەمەندۆفێرم نەبڕیبوو. بەڵام گۆڕەپانی پاسەکە نزیک بوو لەوێوە. لە بەرامبەر وێستگەکە لامدایە قاوەخانەیەکی بچووک، وەک ڕۆژەکانی پێشتر قاوەیەک و کرواسۆنێکم کردە نانی بەیانی ئەو ڕۆژەم. گەیشتمە گۆڕەپانەکە، خەڵکانێکی زۆر بە ئاڕاستەی جیاوازدا هەر یەکە و بەرەو جێمەبەستێک هەنگاویان دەنا. منیش دانیشتم و گۆرانییەکی تیگەرانم گوێ لێ گرت. بیرم کردەوە کە چۆن ئەم بڕیارەم دا.

دوو هەفتە پێشتر لەناو سرووشتی باڤاریا لەگەڵ فوئادی هاوڕێم کە سازڤانێکی زۆر بەتوانایە، باسی هونەری کوردیمان بۆ کۆمەڵێک کەسی بیانیی دەکرد. لە قسەکانماندا باسمان هاتە سەر مامۆستا “ئارام تیگەران” و هونەر و ژیان و هەڵوێستە مەزنەکانی. باسی مردنەکەشیمان کرد کە ئاواتەخوازبوو لە ئامەد بنێژرێت بەڵام دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەدا. تیگەران لە (٨ی ئابی ٢٠٠٩) لە ئەسینا کۆچی دوایی کرد، من پێم وابوو هەر لەوێ نێژراوە، بەڵام فوئاد بۆچوونێکی دیکەی هەبوو. لە ئینتەرنێتدا بەدوایدا گەڕام و بۆم دەرکەوت لە بڕۆکسل نێژراوە. ئەوە بەس بوو بۆ ئەوەی بەردەوام لە هزرمدا بخولێتەوە و بیر بکەمەوە کە چۆن سەردانی مەزارەکەی بکەم.

کاتی دەرچوونی پاسەکە نزیک بووەوە و لە شاشەی هەڵواسراوی ناو گۆڕەپانەکە بەدوای زانیاری پاسەکەدا دەگەڕام. لەسەر شۆستەکە لە ئاستی ژمارە (٢٢) بووم، هێندەی نەبرد گەیشتە جێ. دوای پشکنینی بلیتەکانمان بە نۆرە ڕێگەیان دا سەربکەوین. لە ڕێگا وەڵامی نامەی چەند هاوڕێیەکم دایەوە و لە پەنجەرەکەوە تەماشای سرووشتی ناوچەکەم دەکرد. دوو ڕۆژی پێشتر زۆر ماندوو بووم لە گەڕان بەنێو پاریسدا. لە بەیانییەوە تا درەنگانی شەو، شەقام و گەڕەک و باخچەکانم تەی دەکرد. دوێنێ دوا نیوەڕۆ چوومە گۆڕستانی “پێغ لاشێز”، بۆ ئێمەی کورد بچینە پاریس و نەچینە سەر مەزاری قاسملو و کایا و گونای وەک ئەوەیە نەچووبین. ئەوەی دیقەتم دا، مەزاری کایا قەرەباڵغترین مەزاری ئەو گۆڕستانە گەورەیە بوو. دەستە دەستە خەڵک دەهاتن و چەند گەنجێکی کوردیش خۆبەخشانە مەزارەکەیان پاک دەکردەوە.

لە ڕاستیدا پلانی گەشتەکەم هەرگیز بەم شێوازە نەبوو، دەبوایە ڕۆژێک زیاتر لە پاریس بمێنمەوە و لە فڕۆکەخانەی “شارل دیگۆل”ەوە بەرەو فرانکفۆرت بگەڕێمەوە. بەڵام چەند ڕۆژێک هەر بیرم لێ دەکردەوە کە چۆن بچمە دیداری مامۆستا تیگەران. گەشتەکە بەو شێوەیە دەگونجا کە ڕۆژێک زووتر بە پاس بچمە بڕۆکسل و لەوێشەوە تاکە ڕێگای ئاسنین بە چوار جار وەستان و گۆڕینی شەمەندۆفێر دەگەیشتەوە کۆبڵێنز لە ئەڵمانیا. دەبووایە هەموو ڕۆژەکەش لە ڕێگادا بەسەر ببەم و سەردانەکەم لە بڕۆکسل دوو کاتژمێر زیاتری پێ نەچێت. لە کۆتاییدا بە خۆمم گوت؛ ڕەنگە هەرگیز جارێکی دیکە ئەوەندە نزیک نەبم ئیتر بۆچی هێندە دڕدۆنگم؟. بە نەمانی تۆڕی ئینتەرنێتی مۆبایلەکەمدا زانیم کە سنووری فەڕەنسامان تێپەڕاندووە، دەبێت بیگۆڕمە سەر تۆڕی کۆمپانیایەکی بەلجیکی. دەستم کرد بە گەڕان بەدوای ئاسانترین ڕێگای گەیشتن بە گۆڕستانی “کیرکۆف” لە ناوچەی “ژێت”ی بڕۆکسل.

ئارام کوڕی خانەوادەیەکی ئەرمەنییە، دایک و باوکی خەڵکی نزیک “ئامەد”ن، باوکی ناوی تیگەرانە و “مەلەکیان” نازناوی خانەوادەکەیانە. لە سەروبەندی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەلایەن حکومەتی ئیتیحاد و تەرەقییەوە، بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەڵهاتوون. لە نزیک قامیشلۆ گیرساونەتەوە و خانەوادەیەکی کورد ئەوانی پاراستووە. “ئارام” هەر لە قامیشلۆ لە ساڵی (١٩٣٤) لەدایکبووە. باوکی میوزیکژەن و شاعیر بووە، کە تەمەنی کوڕەکەی دەگاتە (١٨) ساڵ، پێی دەڵێت؛ “تۆ ئیتر گەورە بوویت، نامەوێت خەریکی هیچ پیشەیەک بیت، دەمەوێت وەکو خۆم کاری هونەری بکەیت”. دواتر دەینێریتە لای مامۆستایەکی میوزیک فێری ژەنینی ئامێری عود ببێت. لەوەبەدوا لە ئاهەنگ و بۆنەکان، بە هەرسێ زمانی ئاشووری، کوردی و عەرەبی گۆرانی چڕیووە. ئارام دەڵێت؛ ئێمە لە باوکمەوە فێری کوردی بووین، باوکم تاکو کۆچی دواییکردنی لە ماڵەوە هەر بە زمانی کوردی دەدوا. دەربارەی هۆکارەکەی لێم پرسی و ئەویش گوتی؛ “ئەز کو خەلاس بوومە لە ڕوویێ دنیایێ، ب خێرا کوردا خەلاس بوومە. تو ژی ئانا ساغی بەرچاڤێ منی، ئەو ب خێرا کوردایە. ئەز ژ تە را نەسیحەتکی بدەم، حەیا ساغی میلەتێ کوردا ژ بیرا نەکەی. ژ وان را قولوق بکەی، ژ وان را ئاریکارێ بکەی، ب هونەرێ خۆ، ب دەنگێ خۆ، ببی دۆستێ وان، من وەسیەتا بابێ خۆ نەشکان”.

گەیشتینە بڕۆکسل، تەماشای ئەو شارەم دەکرد کە ئەگەر مەزاری تیگەران نەبێت، هیچ هۆکارێکی دیکەم نییە سەردانی بکەم. تەلارسازی شارەکە وەکو زۆربەی شارەکانی دیکەی ئەوروپایە. شتێکی جیاوازم تێدا بەدی نەکرد، یاخود تێیدا بووە و من درکم پێ نەکردووە. چونکە هەموو هۆشم لەلای ئەوە بوو بە زووترین کات بگەمە ناوچەی ژێت. ئەو ساتەی هەست دەکەیت زۆر نزیکیت لەو شوێنەی بۆی دەچیت، دەگەیتە ئەو باوەڕەی کە کات ڕێژەییە، چونکە لەسەرخۆتر دەڕوات. ڕەنگیشە وا نەبێت، تێڕوانینی ئێمە بۆ کات ئەو باوەڕەمان بۆ دروست بکات. چونکە پەلە دەکەین و کاتیش هەر لەسەر هەمان خێرایی خۆیەتی. پێم وایە زۆربەی شتەکان لە ژیاندا نەگۆڕن، ئەوە تێڕوانینی ئێمەیە، جیاوازییان پێدەبەخشێت. بەڵام، ئەم باوەڕەم کات ناگرێتەوە، ئەوە بابەتێکی زانستییە کە ئێستا دەرفەتی شیکردنەوەمان نییە.

لە نزیک وێستگەیەکی گەورەی شەمەندۆفێر، پاسەکە ڕاوەستا. وەکو چۆن گۆرانی شاعیر لە شیعرێکدا دەڵێت “بە هەنگاوی گورج و درێژ، دەبڕین ڕێگای هەوراز و لێژ” ئاوەها منیش بەرەو وێستگەکە چووم. ئەو کارمەندەی کە بلیتی ترامی بە گەشتیاران دەدا جگە لە زمانی دایکیی خۆی، نەیدەتوانی بە هیچ زمانێکی دیکە گفتوگۆ بکات. ناچار بووم لەسەر نەخشە ناونیشانەکەی پیشان بدەم و بە ئاماژەی دەست پێی بڵیم کە بلیتی ڕۆشتن و گەڕانەوەشم پێویستە. لەسەر سنوور کاتێک بەدوای ئاسانترین ڕێگادا دەگەڕام، ئەم ڕێگایەم دۆزیەوە. لە وێستەگەکەوە بە ترام دەڕۆیت، دوای (١٤) وەستان دادەبەزیت و گۆڕستانەکە ڕێک بەرامبەرتە. لە بەردەم دەروازەی گۆڕستانەکە ڕاوەستام، ئیستێکم کرد و بە خۆمم گوت باشترین بڕیارت دا کە هاتیت. یەکەم هەنگاوم نایە ئەودیو دەروازەکە و دڵم کەوتە پەلەپەل. دەمویست لەنێو ئەو گۆڕستانە فراوانەدا بەزووترین کات مەزاری تیگەران بدۆزمەوە. بیرمکردەوە کە زۆر قورسە بە ئاسانی بیدۆزمەوە، چونکە ژمارەی گۆڕەکان زۆر زۆر بوون، لەوکاتەدا، بیرم بۆ ئەوە چوو کە ڕەنگە کەسانێک هەبن لێرە کاربکەن و بتوانن یارمەتیم بدەن. بەرەو ئەو تەنها ژوورە هەنگاوم نا کە لەوێدا هەبوو، دوو پیاو خەریکی کارکردن بوون، ڕەنگە تەمەنیان سەروو پەنجا ساڵ بووبێت. لە یەکێکیانم پرسی؛ “بەدوای گۆڕێکدا دەگەڕێم، هیچ ڕێگەیەک هەیە بتوانن یارمەتیم بدەن؟”، “ئەگەر ڕێکەوتی مردنی کەسەکە بزانیت دەتوانین لە سیستەمەکەدا بەدوایدا بگەڕێین و نیشانت بدەین کە دەکەوێتە کوێوە”. بەو وەڵامە زۆر دڵخۆش بووم، مۆبایلەکەم دەرهێنا بۆ ئەوەی ڕێکەوتی مردنەکەی تیگەرانی بە دروستی پێ بڵێم، لە تەنیشتمەوە وەستابوو، وێنەکەی تیگەرانی لە مۆبایلەکەدا بینی، یەکسەر هەردوو دەستی وەک بڵێی جەمبوش دەژەنێت جوڵاند و گوتی “میوزیک!” بە دڵخۆشییەوە گوتم بەڵێ. ناسینەوەی تیگەران لەلایەن ئەو کارمەندەوە، مانایەکی گەورەی هەبوو. دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە تیگەران هەمیشە میوانی هەیە، ئێمەی کورد ئەومان لەبیر نەکردووە. دیسانەوە هەر بە ئاماژەی دەست، پێی گوتم کە بەدوایدا بچم. چەند هەنگاوێک کە بۆ ئەو زۆر کورت و بۆ منیش زۆر درێژ بوون، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا دڵم پەلەتر لێی دەدا. هەندەی نەبرد لە بەردەم مەزارەکەی تیگەراندا وەستا، سوپاسم کرد و جێی هێشتم.

خانەوادەی مەلەکیان لە ساڵی (١٩٦٦) کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی ئەرمینیا، لەو سەروبەندەدا ئەرمەنییەکان لە زۆر کونجی جیهانەوە ڕێی ئەوێیان دەگرتەبەر. پاش ماوەیەک، بەو مەبەستەی کە ئارام کاری دەستبکەوێ، باوکی لەگەڵ خۆیدا دەیبات و دەچنە ڕادیۆی “یەریڤان”، لە بارەگای ڕادیۆکە چەندین ژووری جیاواز هەبوون کە لەسەر دەرگاکانیان “ڕووسی، ئەرمەنی، ئازەری و کوردی…” نووسرابوون.  سەرەتا دەچنە بەشی ئەرمەنی، دوای ئەوەی گوێ لە ئارام دەگرن، پێی دەڵین تۆ توانایەکی باشت هەیە، بەڵام بۆ کارکردن لێرە لایەنی کەم پێویستت بە بڕوانامەی دبلۆمە. ئارام بە دڵشکاوی و نائومێدی بەجێیان دەهێڵێت و ملی ڕێگای دەرەوە دەگرێتەبەر، بەڵام باوکی ناهێڵێت کوڕەکەی بە دڵشکاوی بگەڕێتەوە و دەیباتە بەشی کوردی. لێی دەپرسن ئەوە چییە بە دەستەوە؟ ئەویش دەڵێت جەمبووشە. پاشان دەیانەوێت ئارام تاقی بکەنەوە، ئەویش گۆرانی “شەڤ چوو” دەچڕێت. ئەو گۆرانییەی ساڵێک پێشتر لە قامیشلۆ چێ کردبوو، هۆنراوەکەی “جگەرخوێن” دایناوە. ئارام لە “عاموودا” بە دیداری جگەرخوێن گەیشتبوو، پێی گوتبوو ئەم هۆنراوەیە دەتوانیت بە دوو مەبەست بیچڕیت، بۆ نیشتیمان و خۆشەویستی خانمێکیش.  ئارام هەر دێڕی یەکەم دەچڕێت و لە دێڕی دووەمدا پێی دەبڕن و دەڵێن؛ “بەس، تێگەیشتین، تۆمان پێویستە”، ئارامیش باسی وەڵامەکەی بەشی ئەرمەنییان بۆ دەکات، وەڵامی دەدەنەوە کە ئەو ئاستی زۆرباشە و نەبوونی دبلۆم ڕێگر نییە. “خەلیل مورادۆڤ”ی لێپرسراوی بەشی کوردی، بەڕێوەبەری ڕادیۆی یەریڤان قایل دەکات کە ئارام وەربگرن.

لە بەرامبەر کێلی گۆڕەکەدا بێدەنگ وەستام، دەیان بیرۆکەی جیاواز تان و پۆی مێشکمیان تەی دەکرد. بیرم نەدەکەوتەوە کەی یەکەمجار دەنگی ئارام بەر گوێم کەوتبوو، بەڵام دڵنیام گۆرانییەکە “ئای دلبەرێ” بوو. ئەو سترانە کەوتە بەر دڵم، چەندین جار دووپاتەم کردەوە. ئەوەی هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات ئەوەبوو کە سترانبێژەکە کورد نەبێت. ئاخر خۆ من گوێم لە “ب خەمل و ڕەوشە، شیرین و خوەشە، زمانێ کوردی”یش دەگرت، گۆرانییەک کە لوتکەی خۆشەویستییە بۆ زمانی کوردی.

مۆبایلەکەم خستە سەر میوزیکی گۆرانییەکی تیگەران، کە فوئاد ئەوکاتەی پێکەوەبووین بە سازەکەی دەیژەند. پاشان ئەو گۆرانییەی تیگەرانم بیرکەوتەوە کە لە کاتی سەردانی ئامەدا چێی کردبوو. سەرەتاکەی دەڵێت؛

“د خەونێن شەڤادا من قەت باوەڕ نەدکر

ب چاڤان ببینم باژاڕێ دیاربەکر

ڕۆژباش دیار بەکر مە پڕ بیریا تە کر

ئەم هاتین تە ببینین، تە دەری ل مە ڤەکر”

وێنەیەکی خۆم لە تەنیشت کێلەکەی ژوور سەرییەوە گرت، ئەو کێلەی تاکە وەسفێک لێی نووسرابوو ئەمە بوو؛ “هونەرمەندی کورد و ئەرمەن، بولبولی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. (ع.ئۆجەلان)” منیش لەسەر وێنەکەی خۆم نووسیم “ڕۆژباش مامۆستا جان، مە تە بیرا نەکر، ئەز هاتم تە ببینم تە دەری ل من ڤەکر”. هەناسەیەکی قووڵم هەڵمژی، هەستم بە سووکبوونی باری سەر شانەکانم دەکرد. لەوکاتەوەی ناسیوومە پێم وابووە، ئێمە قەرزاری تیگەرانین. باوکی وەک وەفایەک و دانەوەی قەرزێک ئەو وەسیەتەی بۆکرد. بەڵام، ئارام ئێمەی کوردی بەو هونەرە باڵایەی دەیان هێندە قەرزاربار کردەوە. من ئەو ڕۆژە بەشی خۆم دایەوە. بەشی خۆم لە وەفا، وەفایەک کە ئارامی بە ئێمە و ئێمەی بە ئارامەوە بەستووە.

گۆڕستانەکەم بەجێهێشت، لە بەرامبەر دەروازەکەدا هێڵی ترامەکەم لێوە دیار بوو. چەند ساتێک و لەناو ترامەکەدا دانیشتووم، بە درێژایی ڕێگاکە ئەم چەند دێڕە مێشکیان تەنیبووم. “پیاوێک داڵدەی خێزانێکی هەڵهاتووی دا، جار نا جارێک ناچاربوو بۆ پاراستنیان پارە بە سەربازە عوسمانییەکان بدات. پیاوێکی ئاوارەی دەربەدەر، هەرگیز ئەوەی لەبیرنەکرد کوردێک پاراستوویەتی. گەنجێک کە باوکی وەسیەتی بۆ دەکات، وەسیەتێک کە هەرگیز نایشکێنێت. هونەرمەندێک بە هونەر قەرزی گەلێکی دایەوە، گەلێک کە ئەو هونەرەی بەرزنرخاند. کوردێک خۆی بە قەرزارباری هونەرمەندەکە دەزانی، زانینێک کە بردیە دیدارێک. دیدارێک کە هەرگیز لەبیری ناکات، لەبیرنەکردنێک کە بۆ هەمیشە جێی شانازییە بۆی…”   

هاوبەشی بکە