18/10/2024
DidiMn Logo
Top

واڵت ویتمان کێیە؟

لە لایەن دیدی من 2 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – پۆوێت.ئۆرگ
لە ئینگلیزییەوە: شاگوڵ

١٨١٩-١٨٩٢

واڵت ویتمان لە ٣١ی ئایاری ساڵی ١٨١٩دا لە ناوچەی وێست هیڵی سەر بە لۆنگ ئایلاندی نیویۆرک لەدایکبووە. دووەم کوڕی واڵتەر ویتمانە کە خانوو درووستکەر بووە لە لویسا ڤان ڤێلسۆر. لەماوەی ساڵانی ١٨٢٠ بۆ١٨٣٠دا خێزانەکەی لە نۆ منداڵ پێکهاتبوو، لە لۆنگ ئایلاند و بروکلین دەژیان و لەوێدا ویتمان دەچێتە قوتابخانەی گشتی بروکلین.

لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا ویتمان دەست دەکات بە پیشەی چاپکەر و دەکەوێتە خۆشەویشتی وشە نوسراوەکان. بەزۆری خۆی خۆی فێری خوێندنەوە کردووە  و بەپەرۆشییەوە دەیخوێندەوە، دواتر ئاشنایی کارەکانی: هۆمەر، دانتێ، شکسپیر و ئینجیل دەبێت.

ویتمان وەک چاپکەر لە نیویۆرک کاریدەکرد تاوەکو ئاگرێکی وێرانکەر ناوچەی پیشەسازییەکەی لەناوبرد. لەساڵی ١٨٣٦دا، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا وەک مامۆستا لە قوتابخانە یەک ژوورییەکانی لۆنگ ئایلاند دەست بەکار دەکات، بەردەوام دەبێت  لە وانە وتنەوە تاوەکو ساڵی ١٨٤١، کە تێیدا وەک پیشەیەکی تەواو ڕوو لەکاری ڕۆنامەگەری دەکات، بۆ ئەم کارەشی ڕۆژنامەیەکی هەفتانە دەدۆزێتەوە بە ناوی لۆنگ ئایسلاندەر، دواتر دەست دەکات بە هەڵەچنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەکانی بروکلین و نیویۆرک، لەوانە بروکلین دەیلی ئیگڵ. لەساڵی ١٨٤٩دا، ویتمان ڕۆژنامەی بروکلین بەجێدەهێڵیت تاوەکو دەستبەکاربێت وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی مانگی نوێی نیو ئۆرلیەنس بۆ ماوەی سێ مانگ. دوای ئەوەی شایەتحاڵی مەزادی ئاشکرای کۆیلەکان دەبێت لە نیو ئۆرلیەنس، لە پاییزی ساڵی ١٨٤٨دا دەگەڕێتەوە بۆ بروکلین و دەبێتە یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی ڕۆژنامەی “خاکی ئازاد”، بەناوی پیاوانی سەربەستی بروکلین کە تاوەکو پاییزی داهاتوو هەڵەچنی بۆ دەکات. هەڵوێستی ویتمان لەسەر نەژاد وەک “ناجێگیر و نابەردەوام” وەسف کراوە، هەمیشە لایەنگری نەهێشتنخوازەکان (لاینەگرانی نەهێشتنی بەتایبەت کۆیلەداری یان زاگۆن و هەر یاسایەکی زۆردارانە) نەبووە بەڵام هێشتا لەگەڵ ئەوەشدا ئاهەنگی بۆ بەرز ڕاگرنتی کەرامەتی مرۆڤ گێڕاوە.

لە بروکلین، ویتمان بەردەوام بوو لەبرەوپێدان بە شێوازە هۆنراوەییە ناوازەکەی کە دواتر “ڕالف والدۆ ئمێرسۆن” سەرسام دەکات. لەساڵی ١٨٥٥دا، ویتمان مافی بڵاوکردنەوە بۆ یەکەم چاپی “گەڵای گیاکان” وەردەگرێت، کە لە دوانزدە هۆنراوەی بێ ناونیشان و پێشەکییەک پێکهاتبوو. یەکەم بەرگی خۆی بڵاویکردەوە، هەر لەتەمووزی ئەو ساڵەدا چاپێک دەنێرێت بۆ ”ئمێرسۆن”. لەساڵی ١٨٥٦دا، چاپی دووەمی بڵاودەکاتەوە کە پێکهاتبوو لە سی و دوو هۆنراوە و نامەیەک لە ”ئمێرسۆن”ەوە کە بەسەر یەکەم چاپدا هەڵدەدات و نامەیەکی کراوەی درێژی “ویتمان” لەوەڵامدا. لەماوەی ژیانیدا “ویتمان” بەردەوام بوو لە پوختەکردنی ژمارەی چاپەکانی و بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی زۆری چاپی کتێبەکەی. ڵێکۆڵەری دیاری کارەکانی ویتمان، “جیمی کیڵینگۆرز” لەبارەییەوە دەنوسێت کە ئەو “تێکەڵبوون”ەی ویتمان پیایدا تێپەڕیوە ئەنجامی مەیلی تاکەکەسی خۆی بووە بۆ زاڵبوون بەسەر سنووری ئەخلاقی و دەروونی و سیاسی. لەڕووی بابەت و هۆنراوەوە، ئەم چەمکە زاڵبووە بەسەر سێ هۆنراوەی سەرەکی ساڵی ١٨٥٥، کە ئەوانیش: گۆرانی دەڵێم جەستە کارەباییەکە، خەوتووەکان، و گۆرانی خۆم. کە هەرسێ هۆنراوەکە تێکەڵکرابوون لەیەکەم چاپ لەژێر ناونیشانی “گاڵای گیاکان” بەڵام دواتر لەیەک جیاکرانەوە بەجیاکردنەوەیەکی ڕوون لە دەقەکەدا و دووبارەکردنەوەی ناونیشانەکە.

لەسەرەتای شەڕی ناوخۆدا ویتمان سوێندی خوارد کە ژیانێکی ڕەوان و پاک بژی. لە نەخۆشخانەکانی شاری نیویۆرک وەک ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ کاری دەکرد و سەردانی بریندارەکانی دەکرد، دواتر لە کانوونی یەکەمی ١٨٦٢دا دەچێت بۆ واشینگتۆن دی سی بۆ ئاگاداربوونی براکەی کە لەشەڕەکەدا برینداربوو بوو.

ویتمان بۆ زاڵبوون بەسەر ئازاری بریندارەکان لە واشینگتۆن بڕیاردەدات بمێنێتەوە و کار بکات لە نەخۆشخانەدا، کە لە کۆتاییدا بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە شارەکەدا دەمێنێتەوە. کارێک وەردەگرێت وەک کارمەند لە نوسینگەی کاروباری هیندیەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا، و لە کارەکەی دەردەکرێت دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆ “جەیمس هارلان”، بەوە دەزانێت کە ویتمان  نوسەری “گەڵای گیاکان”ە ، کە هارلان وەک هەڕەشەیەک دەیبینێت. دوای ئەوەی هارلان لە کار دەریدەکات دەست بەکاردەبێت لە نوسینگەی داواکاری گشتی.

لەساڵی ١٨٧٣دا، ویتمان توشی جەڵدەی مێشک دەبێت و بەشێکی ئیفلیج دەکات. چەند مانگێک دواتر گەشت دەکات بۆ کامدێن لە نیوجێرسی بۆ سەردانی دایکی کە لەسەرە مەرگە لە ماڵی براکەی. لەکۆتاییدا لەگەڵ براکەیدا دەمێنێتەوە تاوەکو ساڵی ١٨٨٢ و بڵاوکردنەوەی “گەڵای گیاکان” چاپی “جەمس ڕ.ئۆسگۆد”، کە پارەیەکی زۆری دەست دەکەوێت و خانوویەک دەکڕێت لە کامدێن.

ویتمان لەخانووە دوو بەشییە سادەکەییدا دوایین ڕۆژەکانی ژیانی بەسەر برد بە کارکردن لە زیادکردن و پێداچونەوەی کۆتا چاپی “گەڵای گیاکان” چاپی “دەیڤید مەککەی-١٨٩١-١٨٩٢” و ئامادەکردنی کۆتا بەرگی هۆنراوە و نوسراوەکانی، بەناوی “ماڵئاوا خەیاڵەکەم” چاپی “دەیڤید مەککەی، ١٨٩١”. دوای مردنی لە ٢٦ی ئازاری ١٨٩٢دا ویتمان لە گۆڕێکدا نێژرا کە خۆی نەخشەسازی بۆ کردبوو لە گۆڕستانی هارلی.

لەگەڵ ئیمیلی دیکنسەن بەیەکێک لە هۆزانڤانە زۆر گرنگە ئەمریکییەکان دادەنرێت.

هاوبەشی بکە