12/12/2025
DidiMn Logo
Top

“وێڵی” که‌وڵکردنی ڕۆح

لە لایەن دیدی من 1كاتژمێر پێش ئێستا

دیدی من – ڕەزا عه‌لی‌پوور

نۆڤێلێتی “وێڵی“ هه‌رچی ده‌کات به ڕیتم ده‌یکات، ڕیتمی زمان، ڕیتمی گێڕانه‌وه و پاشان سووان و داڕمانی مانا. سەرانسه‌ری ئەم نۆڤلێته، به مۆنۆلۆگیکی یه‌ک‌بین و بێ‌پشوو، له سێ به‌شدا خوێنه‌ر لوول ده‌داته ناو‌ خۆیه‌وه. که‌سێک لەسەر گۆڕێک، به‌رانبه‌ر به کێلێک دانیشتووه و ده‌یه‌وێت مردوو به مردوو، یان به خۆی، یان خۆی به مردوو، بناسێنێت/ نائاشنا و‌ نامۆ بکاته‌وه.

گێڕەوەر ده‌زانێت لەم هەوڵەدا شکست ده‌خوات، خۆیشی دانی پێداده‌نێت به‌ڵام چاری نییه، هه‌ر ده‌بێ بگێڕێته‌وه. “تۆ ئەوە‌یت به‌ڵام ئەوە نیت، من ئەوەم بەڵام ئەوە نیم.” ئەمە نه‌خشه‌ی گشتیی ورده گێڕانه‌وه‌کانی ناو “وێڵی“یه و به‌م هاتوچۆکردنه ده‌ق به زه‌مه‌ن و زمانه‌وه بارستایی وه‌رده‌گرێت. واته زه‌مه‌نی ناو “وێڵی“ زنجیره‌یی و هێڵئاسا نییە؛ نه‌ک هه‌ر زه‌مه‌ن، گێڕانه‌وه و به‌ڵکوو زمانیش. چۆن؟ زمان و گێڕانه‌وه له هه‌ر پاراگراف و پەڕەیەکدا بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕوات که‌چی له پێچێکدا هەمدیسان ده‌سووڕێته‌وه و دەخزێتەوە دواوە. زۆرجار، ڕستەکان بە پاڵنەرێکه‌وه دەست پێدەکەن، بەڵام پێش ئەوەی مانایەک جێگیر ببێت، گێڕانەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی خاڵی ده‌سپێک، چیرۆک، پرس و بابه‌ت به هه‌ندێ گۆڕانه‌وه دووبارە دەبنەوە. ئەم خولانەوەیه، ئەم لوول خواردنه‌ی زمان به ده‌وری چیرۆکدا، خودی چیرۆکه، فوڕمی گێڕانه‌وه‌ی قه‌ف‌قه‌ف ئاسا نه‌ک وێڵی و ئازادبوون.

ئەم بارە لای خوێنه‌ریش هەستی گیرخواردن دروست دەکات، وەک ئەوەی زه‌ین و زمان بە دەوری کرۆکێکه‌وه گرفتار‌ بن و هیچ ڕستەیەک نەتوانێت لەو مه‌دار و خولگه‌یه ڕزگاریان بکات. ڕسته و‌ پاراگراف وه‌ک قامچی و زۆرجاریش شاعیرانه ڕێده‌که‌ن و به ده‌وری چیرۆکدا سووڕ ده‌خۆنه‌وه‌. لێرەدا ده‌ق چه‌نده نزیک ده‌بێ لە شەپۆلی زەین، لێیشی دوورده‌که‌وێته‌وه. چونکوو زه‌ینی گێڕەوەر دەچێتە ناو حاڵەتێکەوە کە دەتوانرێت پێی بڵێین “پێوەچەسپاویی ناسینه‌کی”. زه‌ین وەک ئامێرێک کە دوگمەی نووسابێت و گیری‌خواردبێت، بەردەوام دووبارە و سێبارە ده‌بێته‌وه، کاتێک بە بابەتێکەوە قفڵ دەبێت، وازناهێنێت و که‌وڵی ده‌که‌نێت، ئەمە بە‌ ته‌عبیری ده‌ق تا ئاست و لە پێناوی که‌وڵکردنی ڕۆحدا. بۆیە دەکرێ بڵێین ده‌ق “ڕیتمێکی فه‌نه‌ریی” هەیە، بەڵام بێ ئازادبوون و ده‌رپه‌ڕین. هه‌موو چیرۆک، ڕووداو و ناو‌ و شوێنه‌کان، په‌ستاونه‌ته ناو زمانێکی چڕ و گوشراو و به گرژی کۆبوونه‌تەوە.

ئەم دۆخه “وێڵی“ له دەقی “بێکێت“ نزیک دەکاتەوە هه‌ڵبه‌ت جیا له هه‌ژان و‌ تاوگیرییه‌ک‌ که بێکێت له ده‌ق‌ دایده‌ماڵێت و لە “وێڵی”دا بەشێکی سه‌ره‌کیی ڕاوێژی گێڕەوەر و گێڕانه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه. قسه‌کان و وته‌کان‌، ڕستەکان ئاوێته‌ی هه‌ژاویی و هەست و سۆزی گێڕەوەر، وەک فه‌نه‌ری گوشراو له ده‌وری یه‌ک په‌پکه ده‌خۆن، لەگەڵ هەر پێچێکدا فشارێکی نوێ دروست دەکەن. زمان و زه‌ینی گێڕەوەر، گیرۆدە و گرفتاری نه‌تواناییه لە دامەزراندن/ تێکدانی شوناس بۆ خۆی و کێل و به‌رده‌نگە مردووه‌که‌ی به‌رانبه‌ری‌، بۆیە ناوه‌ناوه گێڕەوەر پێداگری لەسه‌ر شکستی گێڕانه‌وه، قووت درانی زمان، درزبردنی واقیع و‌ دزه‌کردنی وه‌هم و… ده‌کات، لێرەوە سنوورێک لە نێوان دیارده‌ ناته‌باکاندا نامێنێت و ده‌چنه‌ ناو یه‌کتره‌وه، لاپه‌ڕە بە لاپه‌ڕە هاوکات شوناس‌دۆزی و شوناس‌سڕینه‌وه‌یه، بۆیە چه‌نده‌ چیرۆکی کەسێتیی “تۆ و من” دەگێڕرێته‌وه، دوو هێنده‌ش دژه که‌سێتی، دژه چیرۆکمان پێ‌ده‌درێت.

زمان چه‌ند دڵنیا و پێداگرانه ده‌رده‌که‌وێت، دوو هێنده‌ش گومان و‌ نا دڵنیایی ده‌دات، نائارام، بازنەیی، بێ پێشچوون، بەرەو کەڵەکەبوونێکی چڕ وه‌ک “وێڵی”. ئەم جۆرە گێڕانه‌وه و ڕیتمە، به فۆڕم، گرفتاری و قەیران باشتر ئاشکرا دەکات، بەبێ ئەوەی ڕێگە بە وێڵی و دەربازبوون بدات.

هاوبەشی بکە