24/04/2024
DidiMn Logo
Top

په‌ڕاوی كار وای: وۆنگ كار وای كێیه‌؟

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

لە ئینگلیزییەوە: چرۆ عیزەت
سه‌رپه‌رشتیاری په‌ڕاو: چرۆ عیزه‌ت

وۆنگ كار وای، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەمھێنەرێکی چینیە، لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە “شەنگاھای” وڵاتی “چین” لەدایكبووە. بچووكترین منداڵی خانەوادەكەی بووه‌ پاش لەدایكبوونی سێ خوشك و برا، باوکی دەریاوان و دایکی ژنی ماڵەوە بووە. كاروای لە تەمەنی پێنج ساڵییدا دەبێت كاتێك شۆڕشی چینی کرێکاران لە وڵاتی “چین” سەرھەڵدەدات و کاریگەری بەسەر وڵاتەكەوە دەبێت، ھەربۆیە خانەوادەکەی بڕیار دەدەن “چین” بەجێبھێڵن و بەرەو “ھۆنگ کۆنگ” بەڕێدەكەون، لەوێش لە شاری “شم شا-شیۆ” نیشتەجێ دەبن و باوکی لە یانەیەکی شەوانەدا دەست بە كاركردن دەكات، لەسەرەتادا وا بڕیار بوو دوو منداڵەکەی دیکەیان لەگەڵیاندا بڕۆن، بەڵام سنوورەکان دادەخرێن و لە وڵاتی “چین” دەمێننەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ “وۆنگ” لە خوشك و برای بێ بەش دەبێت. ئەم ڕووداو و دابڕانانە لە خوشك و برا و وڵاتەكەی كاریگەری بەسەر “وۆنگ” و ڕەوتی ژیان و كارەكانییەوە بەجێدەھێڵن. دواتریش ھەوڵی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و کانتنیس دەدات و لە تەمەنێكی كەمەوە ئاخاوتنێكی باشی بەو دوو زمانە دەكرد.

لە لاویێتی ئه‌ودا دایكی بەردەوام دەیبرد بۆ سینەما و بینەری كۆمەڵێك فیلمی زۆر باش بوو، دواتریش گوتی “لە تەمەنی منداڵیمدا تاكە خولیام سەیركردنی فیلم بوو”.

لە خوێندنگە “وۆنگ” ئارەزووی لە گرافیك دیزاین بوو، لەسەرەتادا و ساڵی ١٩٨٠ لە پۆلیتەكنیكی “ھۆنگ كۆنگ” لەو بوارەدا بڕوانامەی دبلۆم دەھێنێت و دواتریش لە كۆلێژی “ھۆنگ كۆنگ” ھەمان بوار دەخوێنێت، پاش ئەوەی تەخەڕوجیش دەكات لە کۆرسێکی فێرکاری سەر بە تۆڕی تەلەفزیۆنی (تی ڤی بی_TVB) وەردەگیرێت، كۆرسەكە بۆ فێربوونی دیزاین و دەرھێنان و بەرھەمھێنان بوو.

ھەر زوو دەستیکرد بە پیشەی نووسینی سیناریۆ و سەرەتا بە نووسینی سیناریۆی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان و زنجیرە دراماکان دەستیپێكرد، زنجیرەی (Don’t Look Now-1981) بۆ تەلەفزیۆنێك بەرھەم دەھێنێت.

پێش ئەوەی وەكوو سیناریۆنووس دەست بەكاربێت وەکوو بەشێك لە تیمی فیلمەکاندا کاری دەکرد و بەشدار بوو لە ژانەرە هەمەجۆرەکانی وەکو ژانەری ڕۆمانسی و کۆمیدی و تاوانکاری و چیرۆکی هەستبزوێن. وۆنگ پەرۆشییەكی كەمی بۆ ئەم كارانە ھەبوو، “گاری بێتینسۆن”ی توێژەر لەم بارەیەوە دەیگوت “جار و بار بابەتەكانی دەگۆڕی و زووش لێیان بێزار دەبوو”. بەڵام بەدرێژایی ساڵانی ھه‌شتاكان ھەر بەردەوام بوو لەسەر نووسینی فیلمەكان لەوانەش (Just for fun/1983)، (Rosa/1986)، (The haunted cop shop of horrors/1987).

لەنێوان ساڵانی ١٩٨٢ ھەتاكوو ١٩٨٧ كاری لەسەر نووسینی ١٠ سیناریۆ كرد، بەڵام باسی لەوە كردووە كە زیاتر لە ٥٠ سیاریۆی دیكە كردووە بەبێ ئەوەی ناویان ببرێت.

ماوەی دوو ساڵیش لە نووسینی سیناریۆی فیلمی (Final Victory/1987)دا ھاوكاری (پاتریك تام)ی فیلمسازی كرد، كە لە حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی  “ھۆنگ كۆنگ”دا پاڵێورابوو بۆ بردنەوەی خەڵات.

فیلمی (As Tears Go By/1988)

ساڵی ١٩٨٧ كۆمپانیاكانی بەرھەمھێنانی فیلم لە ھۆنگ كۆنگ لە لوتكەدا بوون و لە ئاستێكی باشی لایەنی ئابووری و بەرھەمھێناندا بوون، دەبوو دەرھێنەرە نوێیەكان ئەم دەرفەتی سەركەوتنە بۆ كارەكانیان بقۆزنەوە، وۆنگ’یش بەھۆی كارەكانی پێشوویەوە لە بواری فیلمدا لە لایەن كۆمپانیایەكی سەربەخۆوە داوای لێ كرا كار بكات، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساند فیلمی تایبەت بە خۆی بەرھەم بھێنێت. لەو كاتانەشدا ئەو فیلمانەی لە ژانەری تاوان بوون بەناوبانگ و زۆر بوون و لەژێر كاریگەری ئەو سەركەوتنە زۆرەی (جۆن وو)ی فیلمساز بۆ فیلمی (A better tomorrow/1986) بەدەستی ھێنا “وۆنگ”یش بڕیاریدا دوای ئەو ژانەرە بكەوێت و یەكەم فیلمی خۆی بە ناوی (As teras go by/1988) بەرھەم ھێنا.

چیرۆكی فیلمەكە باس لە گەنجێكی ئاژاوەچی دەكات كە دەبێت ئاگای لە ھاوڕێ شەڕانییەكەی بێت.

لەبەرئەوەی فیلمسازەكە ئاشنایەتییەكی باشی لەگەڵ (ئالان تانگ)ی بەرھەمھێنەردا ھەبوو ھەربۆیە ئازادییەكی تەواوی لە بەرھەمھێنانی (As tears go by)دا ھەبوو، كاستی فیلمەكەشی لە باشترین نموونەكانی ھۆنگ كۆنگ بوون، لەوانەش (ئاندی لاو)ی گۆرانیبێژ و (ماگی چیونگ) و (جاكی چیونگ).

فیلمەكە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوكرایەوە و ھەر زوو چووە نێو بینەرانەوە، سەركەوتن و قسە و باسێكی زۆری ڕەخنەگرانی بەدوای خۆیدا ھێنا، چەند ڕۆژنامەنووسێك (وۆنگ كار-وا)یان بە “شەپۆلی نوێی ھۆنگ كۆنگ” ناوبرد. سەرەڕای ئەوەی فیلمێكی سادەی چەشنی تاوانكاری بوو بەڵام (دەیڤد بۆردوێڵ)ی ڕەخنەگر گوتی “وۆنگ جیاواز له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی خۆی به‌ دوور خستووه‌ له‌ فیلمی كۆمیدی و ئاكشن”

فیلمەكە لە لایەن ڕەخنەگرانی ڕۆژئاواوە بایەخ و  قسە و باسی پێ نەدرا بەڵام ساڵی ١٩٨٩ لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا دەرفەتی پەخشكردنی پێ درا.

فیلمی (Days Of Being Wild/1990)

بۆ فیلمی دواتری، (وۆنگ) بڕیاری دا لە سینەمای ھۆنگ كۆنگدا لە فیلمی چەشنی تاوانكاری دوور بكەوێتەوە، زۆر بەپەرۆش بوو شتێكی نائاسایی بەرھەم بھێنێت، سەركەوتنەكەی فیلمی (As tears go by)یش ئەنجامدانی ئەم كارەی مسۆگەر كرد.

ئەم فیلمەیان بەراورد بە فیلمەكەی پێشووتری كارێكی جیاواز و شەخسی بوو، باسی سەردەمی ١٩٦٠ەكانی و ساتێكی دەكرد كە باشی لە یادی بوو، ھەستێكی تایبەتیشی بۆیان ھەبوو. فیلمەكە باس لە لاوێكی بێبەخت بە ناوی (یودی) و كەسانی دەوروبەری دەكات.

فیلمەكە نە پلۆتێكی ئاشكرا و نە ژانەرێكی دیار لەخۆدەگرێت، بەڵام (ستیڤن تیۆ) بە فیلمێكی “پەلەقاژێ بۆ خۆشەویستی” ناوی دەبات. (ئاندی لاو)، (ماگی چیونگ)، (جاكی چیونگ)، لەم دووەم فیلمەی (وۆنگ)دا بەشدارییان كردەوە و (لیزلی چیونگ)یش بۆ بەشێك لە ڕۆڵەكەی دەردەكەوێت، سینەماتۆگرافەری فیلمەكەش (كریستۆفەر دۆیڵ) بوو، كە دواتر دەبێتە یەكێك لە گرنگترین و نزیكترین ھاوڕێ و ھاوكارەكانی (وۆنگ) و كاری فۆتۆگرافی بۆ شەش فیلمی دیكەی فیلمسازەكە دەكات.

فیلمەكە بە بەشداری ئەو ئەستێرانەی تێیدا بەشدار بوون چاوەڕێ دەكرا ببێت بە فیلمێك كە جموجۆڵ و گۆڕانكارییەك درووست بكات، زیاتر فیلمێك بوو كاری لەسەر كەشی فیلم دەكرد بەراورد بە چیرۆك و سەرگوزەشتە.

فیلمەكە لە كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩٠ بڵاوكرایەوە و لە بۆكس ئۆفیسدا داھاتێكی كەمی قازانج كرد و ڕەخنەی جیاجیای بەدوای خۆیدا ھێنا. جگە لەمانەش توانی پێنج خەڵات لە ھۆنگ كۆنگدا بباتەوە و كۆمەڵێك سەرنج و باسی نێودەوڵەتی لەسەر بوو.

بە چیرۆك و دەربڕینی چیرۆكەكان بە كامێرا و بابەتی لەدەستدان و خۆشەویستییەوە، فیلمی (ڕۆژانی وەحشیبوون) لە لایەن (Brunette)ەوە بە “یەكەم فیلمی نموونەیی وۆنگ” ناوبرا.

ھەر ئەو كاتەش وەكوو یەكێك لە باشترین فیلمەكانی ھۆنگ كۆنگ ناوبانگی دەركرد.

لەگەڵ ئەوەشدا فیلمسازەكە نەیتوانی پارەی پێویست بۆ بەرھەم ھێنانی پاشكۆی ئەم فیلمە تەرخان بكات و بەرھەمھێنانی دواخست.

فیلمی (Ashes of time/1994)

وۆنگ بەدەست نەبوونی پاڵپشتییەوە بۆ فیلمەكانی دەیناڵاند، ئەمەش وایكرد ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ (جێف لاو)دا كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت. له‌به‌ر زه‌روره‌تی پڵپشتی دارایی فیلمسازەكە بە داوایەكی ستۆدیۆیەك قایل بوو بۆ بەرھەمھێنانی فیلمێك كە لە ڕۆمانێكی (جین یۆنگ)ەوە بە ناوی (The Legend Of The Condor Heroes)ەوە وەرگیرابوو، وۆنگیش ویست و پەرۆشی خۆی بۆ كارەكە خستەڕوو.

لە كۆتاییدا بەشێكی كەمی لە پەرتووكە وەرگرت و سێ كاراكتەری ھەڵبژارد، ساڵی ١٩٩٢ كۆمەڵێك چیرۆكی جیاوازی تاقیكردەوە بۆ بەرھەمھێنانی چیرۆكێكی زۆر ئاڵۆز لێیان. نواندنكارەكان ھەر سێ ئەستێرەی فیلمەكانی پێشووتری واتا (لیزلی) و (ماگی) و (جاكی چیونگ) بوون، لە پاڵ (بریگێت لین) و (كارینا لاو) و (چارلی یونگ) و (تۆنی لیونگ)، كە دواتر ئەم كۆمەڵە نواندنكارانە دەبنە نواندنكاری ھەمیشەیی فیلمسازەكە.

بەرھەمھێنانی فیلمی (خۆڵەمێشەكانی كات) كارێكی سەخت بوو، ئەم كارە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە تەواونەكراوی مایەوە، تێچووەكەیشی ٤٧ ملیۆن دۆلار بوو.

ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ بڵاوكردنەوەی فیلمەكەدا بینەران سەبارەت بە ئاڵۆزی پلۆتی فیلمەكە و ئەم كارە بێ وێنەیە تووشی سەرلێشێواوی و  شڵەژان بوون. (مارتا نۆكیمسۆن)ی شارەزای بواری فیلم سەبارەت بە فیلمەكە گووتویەتی “نائاساییترین بابەتی فیلمی ھونەرییە كە ھەتاكوو ئێستا بەرھەم ھێنرابێت”. دیمەنە خێرا مۆنتاژكراوەكان كاراكتەرەكان جێگەیان دەگرنەوە و ڕەنگ و گرتە و وێناكردن لەپێش چیرۆكەكەوە دێن.

فیلمەكە لە ڕووی بازرگانییەوە سەركەوتنی بەدەست نەھێنا، بەڵام چەند خەڵاتێكی ناوخۆیی بردەوە و لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنسدا كەوتە پێشبڕكێی فیلمەكانی دیكەوە و بەھۆیەوە (كریستۆفەر دۆیڵ) خەڵاتی بۆ باشترین سینەماتۆگرافی وەرگرت.  ساڵی ٢٠٠٨ وۆنگ دووبارە كاری لەسەر فیلمەكە كردەوە و بە ناوی (Ashes Of Time Redux) بڵاوی كردەوە.

فیلمی (Chungking Express/1994)

لەو ماوە درێژەی كە وۆنگ سەرقاڵی بەرھەمھێنانی فیلمی (خۆڵەمێشەكانی كات) بوو فیلمسازەكە ناچار بوو دوو مانگ پشوو وەربگرێت بۆئەوەی چاوەڕێی گەیشتنی چەند كەرەستەیەك بكات بۆ دووبارە تۆماركردنەوەی چەند دەنگێك بۆ چەند دیمەنێك.

لە دۆخێكی دەروونی نەرێنیدا بوو، لە لایەن پاڵپشتەكانییەوە فشارێكی زۆری خرابووە سەر، ترسی لەوە ھەبوو شكستێكی دیكە بھێنێت، ھەر بۆیە بڕیاریدا دەدات بە كارێكی نوێ بكات و لەم بارەیەوە گوتی “ھەستم كرد پێویست دەكات كارێك بكەم بۆئەوەی لەبارەی دووبارە بەرھەمھێنانی فیلمەوە خۆم ئاسوودە بكەم،  ھەربۆیە فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس)م بەرھەمھێنا، كە وەكوو خوێندكارێكی فیلم ئەو فیلمەم درووستكرد”.

فیلمەكە لە ماوەی شەش ھەفتەدا ھاتەكایەوە و كاری وێنەگرتنی تەواو بوو، ھەروەھا دوو مانگ بەر لە بڵاوبوونەوەی فیلمی (خۆڵەمێشەكانی كات) بڵاوكرایەوە.

فیلمی (Chungking express) دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشی جیادا كە ھەردووكیان لە سەردەمی ھاوچەرخی ھۆنگ كۆنگدان، باس لە دوو پۆلیسی تەنھا دەكات كە ھەریەكەیان عاشقی خانمێك دەبن.

وۆنگ تامەزرۆی گێڕانەوەی دوو چیرۆكی ھاوتەریب بووە لە یەك فیلمدا، بە ویستی خۆی كاری كردووە و ئەوەی بە ڕۆژ دەینووسی بە شەو كاری وێنەگرتنی بۆی دەكرد. (پیتەر بڕۆنێت) باسی لەوە كردووە كە ئەم فیلمە بەراورد بە فیلمەكانی پێشووتری فیلمسازەكە بەچێژتر و ئاسوودەبەخشترە، بەڵام ھەمان بابەتی فیلمەكانی پێشوو لەخۆ دەگرێت.

ساڵی ١٩٩٥ لە خەڵاتەكانی فیلم لە ھۆنگ كۆنگدا بۆ باشترین فیلم دەپاڵێورێت و وۆنگ خەڵاتی باشترین دەرھێنەر دەباتەوە. (ستیڤن شنایدەر) لە پەرتووكەكەیدا (ئەو ١٠٠١ فیلمەی پێویستە بەر لە مردن بینەریان بیت) بەم كورتەیە ناوی فیلمی (چەنگكیگ ئێكپرێس) دەھێنێت “لە كاتێكدا دەشێت فیلمەكانی دیكەی (وۆنگ كار-وای) زیاتر ھەست تیایاندا زاڵ بێت بەڵام چەنگكینگ ئێكسپرێس خۆی دادەماڵێت لە بێتاوانیی ڕەھا، لە چالاكی زۆر و لە ئازادی سینەمایی، تێیدا سەركەوتنێكی زۆری ستایڵ بەسەر بابەتدا دەبینرێت”.

فیلمی (Fallen Angels/1995)

وۆنگ كار-وای بەبێ پشوودان بەردەوام بوو لە بەرھەمھێنانی فیلمەكانی، لە فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس)ەوە بیرۆكەكانی بۆ فیلمێكی دیكە درێژكردەوە، بۆ فیلمێك سەبارەت بە لاوە سەرگەردانەكانی ئەو سەردەمەی ھۆنگ كۆنگ. لە بنەڕەتدا فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس) لە سێ چیرۆك پێكھاتبوو، بەڵام كاتێك فیلمسازەكە كاتی بەدەستەوە نەما سێیەم چیرۆكی كرد بە كارێكی جیا و فیلمێكی نوێی بە ناوی (فریشتە كەوتووەكان) لێ بەرھەم ھێنا.

دواتریش سەبارەت بەم فیلمانەی گوتی “بە لای منەوە فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس) و (فریشتە كەوتووەكان) ئەو دوو فیلمەن كە دەبوو سێ كاتژمێر بوونایە”.

فیلمی فریشتە كەوتووەكان بە شێوەیەكی فراوان لە چیرۆكێكی ھەست بزوێنی چەشنی تاوانكاری پێك دێت و كۆمەڵێك دیمەنی زۆر توندوتیژی تێدایە، بەڵام ژانەرێكی نموونەیییە و لە كارەكانی وۆنگ دەچێت، شێوازی ئەزموونگەراییە.

دیسانەوە پلۆتی فیلمەكە دوو چیرۆكی جیاواز و پێكداچوو لەخۆ دەگرێت و كۆمەڵێك دیمەنی ھەستبزوێن تێیدا زاڵە. فیلمەكە لە شەودا ڕوودەدات و دیوێكی تاریكی ھۆنگ كۆنگ پیشان دەدات، فیلمسازەكە بەئەنقەست ھەوڵیداوە ھاوسەنگی ناوازەیی فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس)ی پێ بكات. لەم بارەیەشەوە دەڵێت “كاتێك دینارێكی ئاسنمان ھەبێت كارە ڕاستەكە ئەوەیە ھەردوو دیوەكەی پیشان بدەین”.

(تاكیشی كانیشیرۆ) و (چارلی یونگ) جارێكی دیكە لەم فیلمەی وۆنگدا بەشدارییان كرد، بەڵام ھەر یەكە لە نواندنكاران (لیۆن لای)، (میشێل ڕیس)، (كارین) بۆ فیلمەكانی وۆنگ نوێ بوون.

فیلمەكە لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٥ بڵاوكرایەوە و چەند ڕەخنەگرێك پێیان وابوو ھاوشێوەی فیلمی (چەنگكینگ ئێكسپرێس)ە و وۆنگ كەسێكی زۆر سنگفراوانی لێ دەرچووە.

ھەر یەكە كە شارەزایانی بواری فیلم (ژانگ ینگ جین) و (شیۆ ژیوی) لەم بارەیەوە گوتوویانە “ھەرچەندە وەكوو فیلمەكانی پێشووتری فیلمێكی مۆدێرن نییە، بەڵام ھێشتاش فیلمێكی جیاوازە و بایی ئەوە نوێیە كە ڕێگە بە فیلمسازەكە بدرێت لە نمایشی نێودەوڵەتیدا فیلمەكەی پەخش بكات”.

فیلمی (Happy Together/1997)

لە كاتێكدا لە ماوەی سەرەتای ساڵانی نەوەدەكاندا ناوبانگێكی باشی پەیدا كرد، وۆنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەوتیدا بە بەرھەمھێنانی فیلمی ڕۆمانسی درامی (پێكەوە دڵخۆشین/١٩٩٧) پشتگیری تەواوەتی بەدەستھێنا. ئەم بەرەو بەرەوپێشچوونەی لە ئاكامی گۆڕینی ھۆنگ كۆنگەوە بوو، چاوەڕێ دەكرا فیلمەكەی لەوێ بەرھەم بھێنێت بەڵام لەجیاتی ئەوە بۆ وێنەگرتنی فیلمەكە (ئەرجەنتین)ی ھەڵبژارد.

لەم فیلمەدا وۆنگ سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان دوو پیاو وەكوو شتێكی ئاسایی و سرووشتی، لە كاتێكدا فیلمەكانی پێشووی ھۆنگ كۆنگ دوور بوون لەم ژانەرە.

فیلمی (Happy Together) چیرۆكی دوو پیاو دەگێڕێتەوە كە پەیوەندییەكی ھاوڕەگەزبازانە لەنێوانیاندا ھەیە و بۆ پاراستن و ھێشتنەوەی پەیوەندییەكەیان بەرەو (بۆینس ئایرس) گەشت دەكەن.

فیلمسازەكە بڕیاریدا شێواز و پێكھاتەی ئەم فیلمەی جیاواز بێت لە فیلمەكانی دیكەی، لەم فیلمەدا ھەر یەكە لە نواندنكاران (تیۆ)، (بڕونێت) و (جێرمی تامبڵینگ) سەرجەمیان وەكوو خاڵێكی گۆڕانكاری بەراورد بە فیلمەكانی دیكەی دەبینرێن.

چیرۆكی فیلمەكە ھێڵێكی ڕاستترە و تێگەیشتن لێی ئاسانترە، تەنھا سێ كاراكتەر لەخۆ دەگرێت (كە ھیچیان ژن نین و ھیچ كاراكتەرێكی ژن لەم فیلمەدا نییە) و دەستی سینەماتۆگرافی (كریستۆفەر دۆیڵ)ی تێدایە.

پاش ماوەیەكی سەختی بەرھەمھێنان، كە شەش ھەفتە وێنەگرتن بۆ چوار مانگ وێنەگرتن درێژبوویەوە، لە مایسی ساڵی ١٩٩٧ فیلمەكە بە ڕووی ڕەخنەی زۆری ڕەخنەگراندا بڵاوكرایەوە.

لە فێستیڤاڵی فیلمی كاندا چووە پێشبڕكێوە بۆ خەڵاتی (Palme d’Or)، كە وۆنگ بووە بە یەكەم دەرھێنەر لە ھۆنگ كۆنگدا كە خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بباتەوە. كە دواتر بۆ ئەم خەڵاتە گوتی “ھیچ جیاوازییەك درووست ناكات، ئەمە شتێكە دەتوانیت ناوێكی بھێنیت و تەواو”.

فیلمی (In The Mood For Love/2000)

ساڵی ٢٠٠٥ (بڕونێت) لە وتارەكەیدا سەبارەت بە فیلمی (پێكەوە دڵخۆشین) دەڵێت “بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە قۆناغێكی نوێی بەرەوپێشچوونی وۆنگە”. لە دوای ئەم سەركەوتنەش فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) وەكوو “كارێكی ھونەری سەروو ئاسمانی ” فیلمسازەكە دەناسرێت.

ئەم فیلمە لە مێژوویەكی بەرھەمھێنانی زۆر ئاڵۆزەوە بەدی ھات كە دوو ساڵی خایاند، پێش ئەوەی ئەنجامی كۆتایی فیلمەكە بەرھەم بێت لە لایەن وۆنگەوە چەندین تایتڵ و پڕۆژەی جیاوازی بۆ دانرابوو، ئەنجامی كۆتاییش فیلمێكی ڕۆمانسی-میلۆدرامی لێ بەرھەم ھات كە باس لە ساڵانی شەستەكانی ھۆنگ كۆنگ دەكات و بەشێوەیەكی نافەرمی بە پاشكۆی فیلمی (ڕۆژانی وەحشیبوون) دانرا.

وۆنگ بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمەی كە زۆر ئارەزووی لێی بوو، ھەروەھا خۆی بە تیشك خستنە سەر كۆچبەرە (شەنگەھایی)ەكان ڕەنگدانەوەی ڕابردووی پیشان دەدات. نواندنكارانی سەرەكی فیلمەكە ھەر یەكە لە (ماگی چیونگ) و (تۆنی لیونگ)ن، كە ساڵی ١٩٦٢ لە ھەمان ڕۆژدا ماڵ بۆ باڵاخانەیەك دەگوازنەوە و بۆیان دەردەكەوێت ھاوسەرەكانیان پەیوەندی ئەوینداری لەنێوانیاندا ھەیە، پاشان خۆیشیان عاشقی یەكدی دەبن.

كاری وێنەگرتنی فیلمەكە ماوەی ١٥ مانگی خایاند، وۆنگ زیاد لە ٣٠ جار دیمەنەكانی وێنەدەگرتەوە و ئیدیتكردنیشی ئەو بەیانییە تەواو بوو كە كاتی یەكەم نمایشی فیلمەكان بوو لە فێستیڤاڵی كاندا.

لە فێستیڤاڵەش فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) خەڵاتی (تێكنیكاڵ گراند پرایز)ی بردەوە و (لیونگ)یش خەڵاتی باشترین نواندنكاری وەرگرت.

ھەروەھا لە لایەن “كۆمەڵەی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی فیلم” و “بافتا”وە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی پاڵێورا.

پاش بڵاوبوونەوەی فیلمەكە وۆنگ كار-وای گوتی “لە ژیانی پیشەییمدا فیلمی لە ھەوای عەشقدا ھەتاكوو ئێستا سەختترین و گرنگترین كارم بووە، من زۆر شانازی پێوە دەكەم”.

فیلمی (2046/2004)

لە كاتێكدا بەرھەمھێنانی فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) دوو ساڵی خایاند، پاشكۆكەی كە فیلمی (2046) بوو دوو ھێندەی ئەو كاتەی پێچوو. لە سەرەتادا بیرۆكەی درووستكردنی فیلمەكە ھاتە كایەوە و وۆنگ تایتڵی فیلمەكەی وەكوو سەرچاوەیەك بۆ باسكردنی دواین ساڵی “یەك وڵاتی دوو سیستم”ی چین ھەڵبژارد.

ھەرچەندە پلانەكان گۆڕانكارییان بەسەردا ھات و فیلمە نوێیەكە بنیات نرا، لە ھەمان كاتدا لە كانوونی یەكەمی ساڵی ١٩٩٩ دەستیكرد بە كاری وێنەگرتنی فیلمی (2046). ھەر كە فیلمی (لە ھەوای عەشقدا) تەواو بوو دەستبەجێ وۆنگ بەردەوامی بە بەرھەمھێنانی فیلمی (٢٠٤٦) دا.

فیلمی (2046) بەردەوامی بە كاراكتەری (چاو مۆ-وان) دەدات كە (تۆنی لیونگ)ی ھەمان كاراكتەری نێو فیلمی (In the mood for love)ە، ھەرچەندە لێرەدا كەسێكی سارد و سڕ و زۆر جیاوازترە.

وۆنگ بۆی دەركەوت ئەو نایەوێت واز لە كاراكتەرەكە بھێنێت و لەو شوێنەی ساڵی ١٩٦٦ بەجێیھێشتبوو دەستی پێكردەوە. جگە لەوەش گوتی “ئەمە چیرۆكێكی دیكەیە، سەبارەت بەوەی چۆن مرۆڤ بەھۆی پێگەیەكەوە ڕووبەڕووی داھاتووی دەبێتەوە”.

دیمەنەكان لە (بیجینگ)، (شەنگەھای)، (ھۆنگ كۆنگ)، (ماكاو) و (بانگ كۆك) وێنەیان گیرا. خانمە نواندنكاران (ژانگ زی) و (گۆنگ لی) ڕۆڵی ئەو دوو خانمەیان دەگێڕا كە كار لە (مۆ وان) دەكەن، ئەو كاراكتەرەی كار لەسەر نووسینی ڕۆمانێكی خەیاڵی دەكات بە ناوی (2046).

فیلمەكە ساڵی ٢٠٠٤ لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا دەفەتی نمایشكردنی پێدرابوو، بەڵام وۆنگ نەیێوانی ئامادەی بكات و ھەتاكوو كاتی بڵاوكردنەوەی لە مانگی تشرینی یەكەمدا بەردەوام بوو لە ئیدیتكردنی، یەكێك بوو لە زەحمەتترین و درێژخایەنترین فیلمەكانی وۆنگ.

لە ھۆنگ كۆنگدا لە ڕووی بازرگانییەوە سەركەوتنی بەدەست نەھێنا، بەڵام ڕەخنەگرە ڕۆژئاوییەكان بۆچوونی ئەرێنییان لەبارەیەوە خستەڕوو.

 فیلمەكانی (Eros/2004) و (My blueberry nights/2007)

پێش ئەوەی كار لەسەر فیلمی دواتری بكات، وۆنگ كار-وای كاری لەسەر فیلمێكی ئەنتۆلۆجی بە ناوی (Eros) كرد، یەكێك بوو لەو سێ كورتە فیلمەی لە لایەن خۆی و (مایكڵئەنجێلۆ ئەنتۆنینی) و (ستیڤن سۆدەربێرگ)ەوە كاری دەرھێنانیان بۆ كرا. ئەو بەشەیان كە وۆنگ كاری لەسەر كرد ناوی “The Hand” بوو، ھەر یەكە لە نواندنكاران (گۆنگ لی) و (چانگ چین) بەشدارییان تێیدا كرد.

ھەرچەندە بەگشتی (Eros/2004) سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی بەڵام زیاتر بەشەكەی وۆنگ سەركەوتنی بەدەست ھێنا.

بەدوای ئەو سەختییەی لە بەرھەمھێنانی فیلمی (2046)دا ڕووبەڕووی بوویەوە، وۆنگ كار-وای بڕیاریدا فیلمی دواتری سادە بێت و جموجۆڵێك درووست بكات و بڕیاری دا لە (ئەمریكا) فیلمێك بە زمانی ئینگلیزی بەرھەم بھێنێت. دواتریش لە ڕوونكردنەوەی ئەم فیلمەدا گوتی “پڕە لە دیمەن، باكگراوندێكی نوێیە، ھەربۆیە زۆر نوێیە”.

پاش لە ڕادیۆیەكەوە گوێبیستی چاوپێكەوتنێك دەبێت لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژ (نۆرا جۆنز)دا دەستبەجێ بڕیاریدا پەیوەندی پێوە بكات و وەكوو نواندنكاری سەرەكی دانرا.

ئاشنایەتی وۆنگ بە (ئەمریكا) تەنھا لەڕێگەی چەند سەردانێكی كورتخایەن و ئەوەوە بوو كە لە چەند فیلمێكدا بینیبووی، بەڵام بەپەرۆش بوو بە وردەكارییەوە وڵاتەكە ببینێت و باسی بكات.

بە ھاوكاری (لاورێنس بلۆك) سیناریۆی فیلمەكەیان نووسی و ناویان لێ نا (شەوە تووتڕكییەكانم)، كە باس لە خانمێكی گەنج دەكات پاش ئەوەی بۆی دەردەكەوێت دڵدارەكەی ناپاكی لێ كردووە بڕیار دەدات گەشتێكی دوورودرێژی جادەیی بگرێتەبەر.

نواندنكارەكانیش بریتی بون لە (جودی لاو)، (ناتالی پۆرتمان)، (ڕاچێڵ ویز) و (دەیڤد ستراتارین).

كاری وێنەگرتنی فیلمی (My Blueberry Nights) ساڵی ٢٠٠٦ زیاتر لە حەوت ھەفتەی خایاند، لۆكەیشنەكان بریتی بوون لە (مانھاتان)، (مێمفیس)، (ئێلی) و (لاس ڤێگاس).

وۆنگ ھەمان دۆخی فیلمەكانی ھۆنگ كۆنگی لەم فیلمەشدا جێبەجێ كرد، ھەمان بابەت و ھەمان شێواز، تەنھا ئەوە نەبێت كە لەجیاتی (كریستۆفەر دۆیڵ) سینەماتۆگرافی فیلمەكە لە لایەن (داریوس خۆنجی) جێبەجێكرا.

یەكەم نمایشی فیلمەكە لە مایسی ساڵی ٢٠٠٧دا بوو، (شەوە توتڕكییەكانم) چوارەم فیلمی وۆنگ كار-وای بوو كە یەك لە دوای یەك لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا كێبڕكێی خەڵاتی (Palme d’Or) بكات.

ھەرچەندە فیلمسازەكە ئەم فیلمە بە “ئەزموونێكی تایبەت” ناودەبات، بەڵام ڕەخنەگران ئەنجامەكەیان بەدڵ نەبوو، بە بەرھەمێكی لاواز و ناڕێك ناویان برد، (شەوە توتڕكییەكانم) یەكەم فیلمی وۆنگە كە سەركەوتنێكی ڕەخنەیی بەخۆوە نەبینیبێت.

فیلمی (The Grandmaster/2013)

فیلمی دواتری وۆنگ پێنج ساڵ بڵاونەكرایەوە، لە كاتێكدا جارێكی دیكە بە كاتێكی سەخت و دوورودڕێژی بەرھەمھێنانی فیلمدا تێپەڕی، ئەویش فیلمی (The Grandmaste) بوو. فیلمێكی ژیاننامەیی سەبارەت بە (ئیپ مان)ی مامۆستای ھونەری جەنگ.

ساڵی ١٩٩٩ بیرۆكەی درووستكردنی ئەم فیلمە لە لای گەڵاڵە بوو، بەڵام باسی نەكرد ھەتاكوو ئەو كاتەی فیلمی (شەوە تووتڕكییەكانم) تەواو بوو.

(ئیپ مان) یەكێكە لە ئەفسانەكانی ھۆنگ كۆنگ، بەوە ناسراوە كە لە ھونەری “وینگ چوون”دا مەشقی بە (برووسلی) كردووە، بەڵام فیلمسازەكە بڕیاریدا تیشك بخاتە سەر ژیانی لاوێتییەكەی، كە سەردەمی پشێوییەكانی كاتی جەنگی دووەمی (چینی-ژاپۆنی)یەكان و جەنگی جیھانی دووەمی دەگرتەوە. فیلمێكی بازرگانی و ڕەنگاوڕەنگ.

پاش گەڕان و ئامادەكارییەكی باش ساڵی ٢٠٠٩ وێنەگرتنی فیلمەكە دەستیپێكرد، (تۆنی لیونگ) لە حەوتەمین فیلمی (وۆنگ كار-وای)دا بەشداریكرد و ١٨ مانگ مەشقی لە ھونەری جەنگی “وینگ چوون”دا كرد، لە كاتێكدا (ژانگ زی) بە ڕۆڵی (گۆنگ ئێر) لە فیلمەكەدا بەشدار بوو.

بەرھەمھێنانی سەخت و تاقەتپڕوكێنی ئەم فیلمە ماوەی سێ ساڵی خایاند، دوو جاریش بەھۆی شكانی قۆڵی (تۆنی لیونگ)ەوە كاری وێنەگرتنیان ڕاگرت.

(بێتینسۆن) فیلمی (The Grandmaster) بە تێكەڵەیەك لە نەریت و خانووبەرەیی بەناوبانگ پێناسە دەكات، لەگەڵ فۆڕم و پێكھاتە و ناوەڕۆك و بابەتەكانیش لەگەڵ كارەكانی پێشووی وۆنگدا وەكوو یەكن.

سێ ڤێرژنی جیاوازی فیلمەكە بوونیان ھەیە، وۆنگ بۆ نمایشی ناوخۆیی فێستیڤاڵی فیلم لە بەەرلین ساڵی ٢٠١٣ فیلمەكەی كورت كردەوە، ھەروەھا دووبارە بۆ بڵاوكردنەوەی لە لایەن كۆمپانیای “وێنستین”ەوە

فیلمی (The Grandmaster) حەوت خەڵاتی فیلمی لە ھۆنگ كۆنگ بردەوە، لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین دەرھێنەر و دوو جار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەكادیمی پاڵێورا كە ئەوانیش خەڵاتی باشترین سینەماتۆگرافی و باشترین دیزاینی بەرھەمھێنان بوون، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە سەرنجی باشی وەرگرت و ٦٤ ملیۆن دۆلاری قازانج كرد، ئەم فیلمە پڕداھاتترین فیلمی وۆنگ بوو.

(وۆنگ كار-وای) و (ئیثێر)ی ھاوژینی خاوەنی كوڕێكن بە ناوی “كینگ” و ئەوەی جێی سەرنجە لە ژیانی تایبەتی دەرھێنەرەكەدا ئەوەیە كە بەوە ناسراوە ھەمیشە بە چاویلكەیەكی ڕەشەوە دەردەكەوێت. دەكرێت ئەمەش وەكو ھەر یەكە لە بەشە پێكھێنەرەكانی فیلمەكانی واتایەكی تایبەتی ھەبێت.

لەو دەرھێنەرانەی ناویان لە پاڵ یەكدیدا ھاتوون و كاریگەرییان بەسەر فیلمسازەكەوە ھەبووە (مارتن سكۆرسیزی)، (مایكڵ ئەنجێلۆ ئەنتۆنینی)، (ئەلفرێد ھیچكاك) و (بێرناردۆ بێرتۆلوجی).

ھەروەھا لە دڵخوازترین دەرھێنەرە ھاوچەرخەكانیش بە لای وۆنگەوە (مارتن سكۆرسیزی)، (كریستۆفەر نۆڵان) و (كوینتن تارانتینۆ). ھەمیەش بە دەرھێنەری شەپۆلی نوێی فەرەنسی (ژان لۆك گۆدارد) بەراورد كراوە، یەكێك لەو دەرھێنەرانەی زۆرترین كاریگەری بەسەر ڕەوتی دەرھێنانی فیلمسازەكەوە ھەبووە (پاترك تام)ی ھاوڕێ و ھاوپیشەیەتی، كە ئامۆژگاریكارێكی گرنگی وۆنگ بوووۆنگ

هاوبەشی بکە