20/05/2024
DidiMn Logo
Top

ویست

لە لایەن دیدی من 6 ڕۆژ پێش ئێستا

دیدی من – گرەیس پەیڵی
لە ئینگلیزییەوە: شانۆ بەکر

لەسەر پلیکانەی دەرەوەی کتێبخانە نوێیەکە دانیشتبووم و مێردە کۆنەکەمم لەسەر شەقامەکە بینی.

گوتم: ”ئەی هەموو ژیانم، چۆنی؟” بیستوحەوت ساڵی ڕەبەق ژنومێرد بووین، بۆیە دڵسۆزیم نواند.
گوتی: ”چی چی؟ کام ژیانە؟ من ژیانی کەس نیم.”
گوتم: “چاکە.”

کاتی ناکۆکیی ڕاستەقینە بڕستی مشتومڕم نییە. ڕابووم چوومە ژوورەوە تا بزانم چەندێک قەرزداری کتێبخانەم. کارمەندی کتێبخانەکە گوتی: ”هەمووی سیودوو دۆلارت لایە، ماوەی هەژدە ساڵە ئەو قەرزەت نەداوەتەوە.” نکۆڵیم لە هیچ نەکرد، چونکە هەر نازانم کات چۆن تێپەڕیوە. ئەو کتێبانەم هەر لا بوو. جارجاریش بیرم دەکەوتنەوە. خۆ کتێبخانەکەیش دوو کۆڵان لێمانەوە دوورە. مێردە کۆنەکەم تا لای مێزی گەڕاندنەوەی کتێب دوام کەوت. هەرچەند کارمەندەکە دەیویست پتر بێژێ، کەچی قسەی پێ بڕی.

گوتی: “کە دەڕوانمە ڕابردوو، هۆکاری هەڵوەشانەوەی خێزانەکەمان دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی تۆ قەت ماڵی بێرترام‌ــت[1] بانگهێشتی نانی ئێوارە نەکرد، قەت!”

گوتم: “ڕێی تێ دەچێت، بەڵام گەر جوان لە بیرت مابێت؛ یەکەم، ئەو هەینییە باوکم نەخۆش بوو، پاشان ئەوە بوو منداڵەکان لە دایک بوون، دواتریش کۆبوونەوەی شەوانی سێشەممانم هەبوو، ئینجا شەڕی نێوانمان هەڵگیرسا. سا ئیدی بۆمان نەڕەخسا لە نزیکەوە بیانناسین. بەڵام تۆ ڕاست دەکەیت، دەبوو بانگهێشتی شێویان بکەم”.

چەکێکی سیودوو دۆلاریم بە کارمەندەکە دا. دەستبەجێ متمانەی پێ کردم، ڕابردوومی خستە لاوە، تۆمارەکەمی کوژاندەوە، ئەمە لای زۆربەی شارەوانییەکان یان ویلایەتە بیرۆکراسییەکان دەست نادا.

سەرلەنوێ چاوم بە دوو کتێبەکەی ئێدیس وارتۆن[2]ـدا خشاندەوە. چونکە کاتی خۆی خوێندبوونمەوە، کەچی بۆ ئەو بارودۆخە زۆر لەبارتر بوون. کتێبەکان ناویان ماڵی مێرس[3] و منداڵان[4]  بوو، باسی ئەوە دەکەن پەنجا ساڵ لەوەوپێش، چۆن بە بیستوحەوت ساڵ ژیان لە ‘نو یۆرک’ـی ئەمریکا گۆڕاوە. 

مێردە کۆنەکەم گوتی: ”زۆر باش لە بیرم ماوە، یەکێک لە ساتە خۆشەکانمان ناشتا بوو.”
واقم وڕما، بەیانیان تەنێ قاوەمان دەخواردەوە. دواتر بیرم کەوتەوە، کەلێنێک لە دیواری نێوان پشت دۆڵابی چێشتخانەکەمان و دراوسێکەماندا هەبوو. هەمیشە گۆشتی بەرازیان[5] دەبرژاند، بۆن‌وبەرامەکەی نەوسنی دەکرین و بە تامولامەوە ناشتمان دەکرد، گەرچی قەت پڕ بە سکی خۆمان نانمان نەدەخوارد و مڕ نەدەبووین.

گوتم: ”ئەوە سەردەمی هەژاریمان بوو.”
گوتی: ”جا کەی دەوڵەمەندیمان بە خۆمانەوە بینیوە؟!”

”ئایش… بە تێپەڕبوونی کات، بەرپرسیاریەتییەکانیشمان زیادتر دەبوون، کەچی لە هیچمان کەم نەبوو. تۆ باری دارایییمانت لە ئەستۆ گرتبوو -بیرم خستەوە- منداڵەکان ساڵانە بۆ ماوەی چوار هەفتە دەچوونە گەشتی قوتابخانە، بە جلوبەرگی دژەباران و کیسەخەو و پووتی گونجاوەوە وەک هەموو ئەوانی دی. زۆر ڕێکوپێک بوون. زستانان ماڵمان گەرموگوڕ بوو، سەرینێکی سووری جوان  و زۆر شتی ترمان هەبوو.”

ئەویش گوتی: “بەلەمی چارۆکەدارم دەویست، بەڵام تۆ هیچت نەویست.”
گوتم: ”دەی ئەوەندە بۆی دامەچۆ. ئێستایش درەنگ نەبووە.”

بە هەناسەساردییەوە گوتی: “نا بۆی داناچم، خۆ هەر دەیکڕم، ڕاستییەکەی بڕە پارەی پێویستم پێیە بۆ کڕینی بەلەمێکی دووچارۆکەییی پێنج‌ مەتر و نیویی. ئەمساڵ داهاتم باشە، هەر چاوم لە زیاتریشە. بەڵام تازە بۆ تۆ زۆر درەنگە، هیچ ویستێکت نییە.”

بە درێژاییی ئەو بیستوحەوت ساڵە خوویەکی هەبوو، وردەتوانجی دەدا. ئەویش وەک توولەمار لە گوێمەوە بەرەو گەرووم دادەگەڕا و لەپڕ چزەی لە دڵم هەڵدەستاند. دواتریش دیار نەدەما، بە هۆی توانجەکەی خەریک بوو دەخنکام. هەروەک ئەو ساتەی من لەسەر پێپلیکانەکانی کتێبخانەکە دانیشتبووم  و ئەویش هات.

هەر چاوم بە کتێبی ماڵی مێرسدا دەخشاندەوە، بەڵام لێی سارد بوومەوە. لە ناخەوە هەستم بە تاوانباری دەکرد. ئێستایش ئەم ڕاستییە دەدرکێنم، خاڵی لاوازم کەمیی داواکاری و نەگوتنی پێداویستییەکانە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایە هیچم نەوێ، شتم دەوێ.

هەر بۆ نموونە؛ دەمەوێ کەسێکی جیاواز بم، دەمەوێ ژنێک بم ئەم دوو کتێبە لە ماوەی دوو هەفتەدا بگەڕێنێمەوە، دەمەوێ هاووڵاتییەکی کاریگەر بم، بتوانم خوێندن لە بناغەوە بگۆڕم و سەبارەت بە گێرەوکێشەکانی ئەم شارە خۆشەویستە وتار پێشکەشی لیژنەی دەستپاکی بکەم. بەڵێنم بە منداڵەکانم دابوو، بەر لەوەی گەورە ببن کۆتایی بەم شەڕ و بەزمە بهێنین.

لە ناخی دڵمەوە دەمویست تا دنیا دنیایە ژنی یەک پیاو بم، ئیدی مێردەکەی پێشترم بێ یان ئەمەی ئێستام. خۆی تەمەن چییە! ئەوەندەیش درێژ نییە! گەرچی هەر یەکێکیان بەشی خۆیان پیاون، بەڵام بەم کورتەژیانە نە دەتوانی دڵیان ڕابگری نە لێیان تێ بگەی.

ئەم بەیانییە کەمێک لە پەنجەرەکەوە ڕوانیمە شەقامەکە، ئەو دار چنارە خنجیلانانەم بینی کە شارەوانی دوو ساڵ پێش لەدایکبوونی منداڵەکانم چاندنی. ئێستاکە نەشونمایان کردووە.

چاکە! بڕیارم دا ئەم دوو کتێبە بگەڕێنمەوە کتێبخانە. ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە تەنانەت لە گەرمەی بۆنە و ئاهەنگیشدا، کەسێک بیەوێ بمبزوێنێ یان هەڵمبسەنگێنێ، دەزانم چۆن بەرپەرچی بدەمەوە. گەرچی من زیاتر بەوە ناسراوم کەسێکی ڕووخۆش و زارشیرینم.

_____
سەرچاوە:
Wants, Grace Paley, The Collected Stories of Grace Paley, Virago, 1994.

گرەیس پەیڵی (Grace Paley): چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و هۆزانڤان و  مامۆستای زانکۆ و چالاکی سیاسی و فێمینیستی ئەمریکی، ساڵی ١٩٢٢ لە نو یۆڕک لە دایک بووە. خانمەنووسەرێکی بەناوبانگی ئەمریکییە؛ ساڵی ۱۹٦۹، بە چیرۆکی دووری خەڵاتی ئۆ هێنری‌ـــی بردووەتەوە، ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی پێن/مالامۆدی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٧، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە زێتفۆڕد کۆچی دواییی کردووە – وەرگێڕ.


[1] Bertrams
[2] Edith Wharton
[3] The House of Mirth
[4] The Children
[5] گۆشتی بەراز خۆش دەکرێت و ئامادەی ببرژاندن دەکرێ بەڵام بە جۆرێک کە دوکەڵەکە بچێتەوە بە سەریدا و تام و بۆنی دوکەڵ بدات – وەرگێڕ.

هاوبەشی بکە