18/04/2024
DidiMn Logo
Top

خەڵک تەنیا کاتێک دەتوانن بدوێن کە سیاسەت بێدەنگ دەکرێت

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

بەختیار عەلی

ڕوداوەکانی ڕۆژانی پێشوو یەک شتمان بۆ دەردەخەن. لێگەڕێین ئەو نەوە تازەیەی لە هەناوی سی ساڵ حوکمڕانی کوردییەوە دروستبووە قسەی خۆی بکات، هێزی خۆی تاقیبکاتەوە، ئەزموونی خۆی بکات. قسەکردن بە ناوی ئەوانەوە، بیرکردنەوە لە بری ئەوان جگە لە وەکالەتێکی هەڵە و ناشەرعی هیچی تر نییە، ئەمە ئەزموونی نەوەیەکی تایبەتە کە باش یاخود خراپ پێویستییەکی زۆری بە خۆئەزموونکردن هەیە، پێویستی بەوەیە خۆی بەرپرسیارێتی چارەنوسی خۆی هەڵبگرێت. سیاسەت وەک هونەری بەخشینی وەکالەت بە کۆمەڵێک نوێنەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا نوشوستییەکی گەورەی هێناوە، ئەم ساتە بە بڕوای من ساتی بێدەنگبوونی سیاسەت و لەدایکبوونی خەڵکە لە دەرەوەی کایەی سیاسی، سووتاندنی بارەگای هەموو هێزەکان ئەکتێکی ڕەمزییە بۆ بێدەنگکردنی هەموو ئەو ڕوبەرەی کە پێیدەگووترێت «کایەی سیاسی». تێزێک چەندین ساڵە بەرگری لێدەکەم، ئەوەیە چارەسەر لە ناو کایەی سیاسیدا نییە.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم بۆچوونە ئەم نوسینەوەی خوارەوە بڵاودەکەمەوە. ئەمە تەنیا بەشێکە لە دیالۆگی نێوان من و هاوڕێیەکی ئازیز، ڕاستی دڵنیانیم و نازانم ئاخۆ پێشتر بڵاوبۆتەوە یاخود نا. نوسینەکە بۆچوونی منە دەربارەی « چەمکی خەڵک، کایەی سیاسی، سروشتی ڕاپەڕین».

خەڵک تەنیا کاتێک دەتوانن بدوێن کە سیاسەت بێدەنگ دەکرێت.

لە ڕاستیدا «خەڵک» وەک زاراوە چەمکێکی لاستیکییە، هەموو کەس دەتوانێت بەکاریبهێنێت. ئەم زاراوەیە لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە زۆر برەو دەستێنێت، شتێکی سروشتییە کە زاراوەی خەڵک لەگەڵ ڕۆشنگەریدا پتر بڵاودەبێتەوە، سەرەتا دەبێت ڕوکنەکانی دین لە ئەوروپا لاواز ببن، دەبێت قسە بە ناوی خوداوە و وەک وەکیلی خودا لاواز ببێت، تا بکرێت بە ناوی خەڵکەوە قسەبکەین. لە ساتێکدا فەرمان دەرکردن بە ناوی خوداوە کۆتایی دێت و هێزێکی نوێ سەرهەڵدەدات کە  ناوی خەڵکە.

گەر لە سەردەمە دێرین و کلاسیکییەکاندا بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا گرنگ بووە، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە بەدەستهێنانی رەزامەندی خەڵک گرنگە. لە سەدەی بیستدا هەم نازییەکان و هەم بەلشەفییەکان و هەم لیبراڵەکان هەموو بە ناوی خەڵکەوە قسەدەکەن. مێژووی سیاسی لەم دوو سەدەیەدا لەو پرسیارە جیانابێتەوە «ئایا تۆ خەڵکیت یان خەڵک نیت?». تەواوی هێزە سیاسییەکانی دونیا ڕۆژانە لە هەوڵی هەڵگرتنی ئەو بەربەستەن کە لە خەڵکیان جیادەکاتەوە، گەر کرۆکی دین قسەکردن بێت بە ناوی خوداوە، کرۆکی سیاسەت لە دونیای مۆدێرندا قسەکردنە بە ناوی خەڵکەوە.

خەڵک ئەو هێزە نوێیەی ناو دونیای سیاسی مۆدێرنە کە دەبێتە پێوەری ڕاست و دروستی سیاسەت.

گوێگرتن لە خەڵک، ئیشکردن بە ناوی خەڵک، خەبات لە پێناوی خەڵکدا، جێگای گوێگرتن لە خودا، ئیشکردن بە ناوی خودا، جیهاد لە پێناوی خودادای گرتۆتەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم هێزە تازەیەی مۆدێرنە، وەک خودای لاهوتیی و ئیمانداران نادیارە، پناسەکردنی قورسە. ئەمە وایکردوە هەمووان بتوانن خەڵک بن و کەسیش خەڵک نەبێت. بە گشتی پرۆسەی ناو کایەی سیاسی لەسەر هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو پارادۆکسە ئەنتۆلۆژییە دروستبووە کە لە بنەڕەتدا لە نێوان «بکەری سیاسی» و «خەڵک» دا هەیە. هەموو هێزێکی سیاسی دەیەوێت لەسەر ئەوە ئیشبکات کە «ئێمە خەڵکین و خەڵک ئێمەین»، واتە ئیش بۆ ئەو ئیدیالە خورافی و دینییە دەکات کە بگاتەوە بە خەڵک. هیچ هێزێک ناتوانێت لەو هاوکێشەیە دەرچێت کە بیەوێت هەیمەنەی خۆی بەسەر وشەی خەڵکدا بسەپێنێت، ماناکەی داگیربکات بۆ خۆی.

لە ئەڵمانیا بزاوتێکی نیونازی مۆدێرنی وەک پێگیدا بە دروشمی «ئێمە خەڵکین» دێتەسەرجادە. وشەی خەڵک لە کۆنتێکستە جیاوازەکاندا مانای جیاوازی هەیە، خەڵک لە کایەی سیاسیدا هەمیشە یەکەیەکی پارچەپارچەیە کە هەڵگری شوناسی جیاواز جیاوازن، بۆ نمونە لە ڕوانینی دینیدا تەنیا ئیمانداران خەڵکن، لە ڕوانینی ناسیونالیدا خەڵک تەنیا ئەوانەن کە خەبات بۆ نەتەوە دەکەن و وڵات پارێزن، لە ڕوانینی مارکسیدا خەڵک بە پلەی یەک تەنیا چین وتوێژەکانی خوارەوەن، لەلای هەندێ لە لیبراڵەکان خەڵک ئەوەن کە لە هەڵبژاردندا زۆرینە بەدەست دەهێنن. بە کورتی لە کایەی سیاسیدا هەموو کەسێک خەڵکە و کەسیش خەڵک نییە، کایەی سیاسی بە گشتی مانای وشەی خەڵک بەجۆرێکی ترسناک بەسەر بکەرە جیاوازەکاندا دابەشدەکات، خەڵک ئەو درزەیە کە بە هیچ هێزێک پڕ ناکرێتەوە، هەتا لە سیستمە تۆتالیتارەکانیشدا کە ڕژێم دەتوانێت سەد دەر سەد زۆرینەی کۆمەڵگا وەک ڕۆبۆت لەکار بکات و بیانخاتە ناو ستایلێکی ژیان و بیرکردنەوەوە کەخۆی سەوزیکردوە، هێشتا خەڵک وەک درزێکی مەحاڵ دەمێنێتەوە، وەک جێگایەکی خاڵی کە تەواو پڕنەکراوەتەوە. خەڵک ئەو درزەی ناو کایەی سیاسییە کە وادەکات هیچ هێزێک نەتوانێت ئەم کایەیە کۆنترۆڵبکات.

بەڵام بەدیوێکی تردا بروانین و کەمێک واقعی بین دەبینین، لەم گەمەیەدا ڕاستە خەڵک وەک دەلالەتی خاڵی، وە خودی کایەی سیاسی تەنیا لەسەر غیابی خەڵک ئیشدەکات، خەڵک ئەو سەنتەرە وەهمییەیە کە سیستمی لەسەر بونیادنراوە، ئەو ڕەهەندە میتافیزیکییەیە کە سیاسەتی گۆڕیوە بۆ نزیکبوونەوەیەکی وەک ئامانجێکی ڕەمزی تەواوی یارییەکە ڕێکدەخات، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵک ونە، خەڵک تەنیا دەلالەتێکە، خەڵک ڕەهەندێکی میتافیزیکی وەرگرتووە، ئەو نادیارەیە کە زۆر شت لە جیهانی واقعیدا دەبات بەڕێوە.

لە ڕاستیدا کایەی سیاسی هاوچەرخ بە گشتی لەسەر ئامادەکردنی خەڵک لە سەحنەی سیاسیدا ئیش ناکات، بەڵکو لەسەر غیابی، لەسەر ئامادەکردنی وەکیلەکانی دەژی و دەگەوێتەگەڕ. ئەمجۆرە لە وێناکردنی خەڵک،  ناتوانێت شتێکی جیدی و قووڵ لە دونیا بگۆڕێت. بۆ نمونە: هەر لە وڵاتێکی وەک عێراق یان وەک ئێران دەیان ساڵ حیزبی شیوعی و تودە ڕێگری سەرەکی بوون لە بەردەمی خەڵکدا تا وەک هێز دەربکەون، خەڵک لە ناو ئەم سیستمە سیاسیانەدا غائیبێکی هەمیشەییە، لێرەوەیە وشەی خەڵک تەنیا کاتێک دەتوانێت مانایەی ڕادیکالی هەبێت، کە دووربکەوێتەوە لە مانا تەقلیدییەکان کە لە ناو ژیانی ڕۆژانەی سیاسیدا بەکاردێت. لەم حاڵەتەدا باشترین پێناسەیەک بۆ خەڵک بکرێت ئەوەیە، کە ئەو هێزە پۆتێنسیالەیە کە دژی سیستم دەوەستێتەوە، خەڵک هێزێکی واقعییە، بەڵام جوڵاندن و ئامادەکردنی پێویستییەکی گرنگ و پێشوەختی بە بێدەنگکردنی کایەی سیاسی هەیە، ئەوە کایەی سیاسییە، بە ململانێ وەهمی و بە دروشمە موزەیەف و بە شەڕە شەخسی و پوچەکانییەوە، پەردەیەکی بەسەر هوشیاری ئێمە و هوشیاری خەڵکیشدا داوە تا خودی خەڵک وەک بکەری سەرەکی نەبینرێن، بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەو وێنەیە ڕوون بێت کە تەواوی ئەو هێزە سیاسیانەی لە کایەی سیاسیدان، لە دروستکردنی ئەو پەردەیەدا بەشدارن کە خەڵک دەخاتە دەرەوەی ئەکتی سیاسی، واتە بەشدارن لە غیابی خەڵکدا، وەک ئێستا کە دەبینین، ململانێ لە کوردستان بووە بە ململانێی هەندێک حیزب لەگەڵ یەکدا، نەوەک ململانێی خەڵک و سیستم.

ململانێی سیاسی داپۆشینی تەواوی ململانێ بنەڕەتییەکەیە، کێشەکە لەوەدایە هەموو بکەرە سیاسییەکانی تر لە هەمان فەلەکدا دەسوڕێنەوە.

من جیاواز لەگەڵ تێگەیشتنی باودا، وادەبینم کە سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا، بە دیوە چەپ و دیوە ڕاستەکەیدا بەشێکی ئۆرگانی و دانەبڕاوی سیستمە، ئەو پێناسە ئایدۆلۆژیانەی بۆ خەڵک لە ناو سیستمدا دەکرێن، عەیبەکەی هەر ئەوە نییە کە ئایدۆلۆژین یان لە رووی مێژووییەوە دێرین و بەسەرچوون، بەڵکو مەترسی لەوەدایە کە ناتوانن لە ئەنسترۆمینتالیزەکردن و بە ئەداتکردنی خەڵک ڕزگاریان بێت، ئەوەی لە کایەی سیاسیدا هەیە، چ چەپ و چ راست، خەڵک نییە، بەڵکو گروپی سیاسین کە خەڵک وەک کەرەستەیەکی فشاری کاتی بە کاردەهێنن، خەڵک لێرەدا ناتوانێت بکەر بێت، بەڵکو ئەو کەرستە غەیبی و خورافییەیە (وەک خودا) کە بە ناوییەوە تیرۆر و زەبر و دەسەڵات پیادەدەکرێت، بە ناوییەوە ڕەوایەتی مۆنۆپۆڵ دەکرێت و حەقیقەت داگیردەکرێت، قەناعەت دروستدەکرێت و هێز کۆدەکرێتەوە. بە بڕوای من خەڵک تەنیا لە کاتی دەرچوون لە کایەی سیاسی دەتوانێت هەبێت و ببینرێت و سەرهەڵبدات.

لە ناو خودی کایەی سیاسیدا خەڵک نابینرێت، خەڵک تەنیا میتافۆرێکە، دەلالەتێکی خاڵییە.سەرتاپای کایەی سیاسی لە پێناوی غەیبکردنی خەڵکدا کاردەکات، حیزبەکان کەرەستەی لە بیربردنەوەی خەڵکن. خەڵک لە مێژوودا تەنیا ئەو کاتانە دەرکەوتون کە توانیویانە سنووری کایەی سیاسی بشکێنن و ئەو دەنگەدەنگە بێسوودەی ناو ئەو کایەیە بێدەنگ بکەن. شۆڕشی فەرەنسی، شۆڕشی ئێرانی، شۆڕشی میللەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات لە ژێر جەوری کۆمۆنیزمدا، شۆڕشی میسری، ئەوە ئەو ساتانەیە کە سیاسەت بە مانا تەقلیدییەکەی، بە مانای چالاکی بکەری سیاسی، بە مانای ئیشی چالاکوانی سیاسی، بە مانای چالاکی حیزبی تەواو دەکەوێتە ژێرەوە و دەبێتە پاشکۆی ئەو ڕووداوانەی کە خەڵک دروستیدەکەن، ئەو ساتانەیە کە کایەی سیاسی تەقلیدی کپ و لاڵ دەکرێت. بۆ ئەوەی خەڵک دەربکەوێت دەبێت ئەو شتەی پێی دەوترێت کایە سیاسی بێدەنگ بێت.

لە هەموو ئەو شۆڕشانەدا کە خەڵک تێیدا وەک بکەری سەرەکی دەردەکەون، بۆ ماوەیەک تەواوی کایەی سیاسی بێدەنگ دەکەن، ئەم جۆرە ڕوداوانە جیاوازن لەگەڵ ئەو ڕووداوە بچوک و ناچیز و مەحدودانەی کە بکەری سیاسی، قارەمانەکانی ناو کایەی سیاسەت خۆیان دروستیدەکەن. ئەو ڕوداوانەی کە ململانێی ناو کایەی سیاسی دروستیاندەکات، هەمیشە خوێناوی و وێرانکار و بێدەرەنجامن، بە پێچەوانەی ئەو ساتانەوە کە ململانێی نێوان خەڵک و سیستمی سیاسی زەقدەبێتەوە و خەڵک لە ڕێگای هوشیارییەکی دەستەجەمعی و کۆییەوە وەک تەنیا بکەر، هەموو هێزەکانی تر بێدەنگدەکەن و بە کەمترین زیان و توندوتیژی لابەلابوونەوەیەکی گرنگ تۆماردەکەن. تەواو کاریگەریی ململانێی سیاسییەکان لەسەر ئیشکردنی ستراتیژی «کە دژایەتی سیستمە» دەوەستێنن، ئەو ساتە هوشیارییە گەورەیە کە لە ڕوخانی بلۆکی دیکتاتۆری کۆمۆنیستیدا بینیمان، لە میسر بینیمان، لە هەندێ لە ساتەکانی شۆڕشی ئێرانیدا بینیمان، لە ڕاپەڕینی کوردستاندا ساڵی 1991 بینیمان کە لە غیابی تەواو و موتڵەقی هێزە سیاسییە کوردییەکاندا ڕوویدا، وە ئەگەر ئەو غیابە نەبایە، گەر پارتی و یەکێتی تەواو لە مەیداندا بان، ڕوودانی ئەستەم بوو. ئەو ساتانە زادەی هیچ ئایدۆلۆژیایەک، هیچ حیزبێک، هیچ سەرکردەیەک نین، ئەگەر ئایدۆلۆژیا و حیزبەکان بتوانن ڕووداوی وادروستبکەن هەموو ڕۆژ دروستیدەکەن، بەڵام ئەو ڕووداوە گەورانە، ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ملیۆنان خەڵک دەڕژێنە سەر جادە، ئەوە لە هێزی هیچ ئایدۆلۆژیا و ڕکخراوێکدا نییە، وە هیچ کاتیش لە دەستکردی کایەی سیاسی و دەرهاویشتەی ئەو کایەیە نییە، بەڵکو سەد دەر سەد بە پێچەوانەوە، ساتێکی دابڕانی کورتە لەو کایەیە، ساتێکی بەلاوە خستن و بێدەنگکردنێتی.

هەتا ئەو بەرگرییە گەورەیەی لە کۆبانی بینیمان، بەرەنجامی بێدەنگکردنی کایەی سیاسی بوو، دەرەنجامی تەقینەوەی ئیرادەی خەڵک بوو لە ساتێکدا چیتر ململانێ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر سنووری ژیان و مەرگ لە نێوان خەڵک و فاشیزمی دینیدا، بەرگری کوبانی ساتی بێدەنگبوونی تەواوی سیاسەت بوو، بۆ ئەوەی ئیرادەی ژیان، وەک هێزێکی ئۆرگانی و بزوێنێکی سەرەکی و خەلاقی خەڵک بگەڕێتەوە ناو مێژوو.

پرسیارەکە ئەوەیە: بەڵام بۆ ئەم ئامادەگییەی خەڵک لەسەر شانۆی مێژوو بەردەوام نابێت. بۆ ئەم هوشیارییە گشتییە زوو کۆتایی دێت و پارچە پارچە دەبێت و دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی و هەر زوو لە هەناوی ئەم شۆڕشانەوە، جۆرە ڕژێمێکی کەپیتالیستی یان دیکتاتۆری یان دینی … هتد، سەرهەڵدەداتەوە. بە بڕوای من هۆکەی ئەوەیە، کە خەڵک جارێکی تر چارەسەری کێشەکان دەبەنەوە بۆ ناو کایەی سیاسی، واتە بۆ ناو ئەو فۆرمە کە خۆی مایەی کارەساتەکانە، کێشەکان دەخەنەوە ئەو قاڵبەی کە پێشتر ئەوجۆرە لە دەسەڵات و ڕژێمی خولقاندوە. ئەو هوشیارییە مێژووەی کە دەبێت دروست بێت و تێبگات کە ئەم فۆرمە لە کایەی سیاسی، خۆی بەشێکی بنچینەییە لە سیستم، دروست نەبووە. ئەوەی ئەم ڕوانینە کە گوایە دەکرێت لە ڕێگای سەرخستنی حیزبێکەوە، ئایدۆلۆژیایەکەوە، سەرکردەیەکەوە یان فیکر و شوناسێکەوە، دونیا بگۆڕین، لە خورافەت زیاتر نییە. لێرەوە زامنی سەرەکی لە پرۆسەی گۆڕانکاریی مێژوویدا بە کەناڵی حیزب و سەرکردەدا ناڕوات. حیزب بەو مانایەی دەبێتە جێگری خەڵک و نوێنەری خەڵک و ئەلتەرناتیفی خەڵک، دەبێت لەسەر سەحنەی مێژوو بچێتەدەرێ، چونکە لە ڕاستیدا دواجار حیزب خۆی دەبێتە کەرەستەیەکی ڕێکخراو بە دەست دەستەیەکی بچوکەوە، بەدەست تاقمێکی زۆرزانەوە کە گەمژەکان دوای خۆیان دەخەن…

وەک لە ئێستادا لە کوردستان دەبینین کە حیزب بونی نییە و نوخبەیەک لە ئەرستۆکراتییەتی سیاسی و فاشیستی کە ژمارەیان ڕەنگە لە دە کەس تێنەپەڕێت، هەموو بڕیارەکانیان لەلایە. ئایا من لەگەڵ ئەوەدام حیزب بوونی نەمێنێت? بێگومان نا، بەڵام حیزب وەک دەزگایەکی ئەبەدی، حیزب وەک ئەنستیوتێک کە دەیەوێت بە هەموو بەشەکانی ژیاندا بچێتە خوارەوە، حیزب وەک ئەو هەیئەتەی کە دەیەوێت دەلالەت و مانا و هێزی ڕەمزی «خەڵک» بۆ خۆی مۆنۆپۆڵ بکات و بە ناویانەوە حوکمبکات، حیزب وەک شتێک کە دەبێت هەمیشە بە یەک جۆر و بە یەک بەرنامەوە هەبێت و لە ناو نەچێت، وەک فۆرمێک کە ناهێڵێت لەدەرەوەی خۆی چالاکی ئازاد گەشەبکات، فۆرمێکی کوشندەیە، فۆرمێکە دەبێت بەردەوام ڕەخنەبکرێت، وە دەبێت لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژی و حیزبییەوە ڕەخنە نەکرێت، بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە کە حیزب ڕێگری سەرەکی بەردەمی دەرکەوتنی خەڵکە لە مێژوودا، حیزب دەمێنێت، بەڵام ئەوەی کە بنەڕەتییە گەڕانە بۆ فۆرمێکی هەمیشەیی بۆ ئامادەگی خەڵک، ئەم ئامادەگییە تەنیا بەوە دەبێت مرۆڤەکان بزانن چییان دەوێت، چۆن داوای دەکەن و چۆن گوزارشتی لێدەکەن.

حیزبی کۆماریی و دیموکراتی ئەمریکا، حیزبی کرێکاران و موحافیزین لە بریتانیا، سێ دێ ئو و ئێس پێ دێ لە ئەڵمانیا، گەورەترین نمونەن کە بەردەوامی کەپیتالیزم و سیستم، بە بێ بوونی هەندێک حیزبی هەمیشەیی کە لە جەستەی مێژوو جیابوونەتەوە و لەدەرەوەڕا مێژوو ڕەسمدەکەن، ئەستەمە. ئەوەی دەبێت جێگای ئەم سیستمە بگرێتەوە، سەرهەڵدانی جۆرێک لە حیزبە کە ئەرکەکانی کاتین و تەنیا لە ڕێکخستن و ئامادەکردنی خەڵکدا بۆ ماوەی کورت دەردەکەوێت، حیزبێک پێشوەخت لەسەر چەمکی نوێنەرایەتی و جێگرتنەوەی هەمیشەیی خەڵک دانەمەزرا بێت، دەزگای ئەبەدی دروست ناکات. بێگومان یەکێک دێت بڵێت: ئەم قسانە خەیاڵە. وەک چۆن ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤەکان خەیاڵیان بۆ ئەوە نەدەچوو، ژیان دوور لە سەقفی کەنیسە و دوور لەو ڕێکخستنەی کە دین بەسەر ژیان و کۆمەڵگادا سەپاندوێتی بوونی هەبێت، ئەمڕۆش خەڵک خەیاڵیان بۆ ئەوە ناچێت، لەدەرەوەی ئەم فۆرمە سیاسییە کە هەیە، بشێت جۆرە سیاسەتێکی تر هەبێت کە خەڵک سوبێکتی سەرەکی بن تێیدا.

کێشەکە لەو پەردە تاریک و تەماوییەدایە کە دراوە بەسەر چاوماندا. چەمکی وەک «پێشڕەوانی خەڵک» «نوێنەرانی خەڵک» دەبێت هەمیشە کاتی و بۆ ماوەیەکی کورت بێت. کێشەی گەورەی مارکسیزم و لیبراڵیزم لەوەدایە چەمکی نوێنەرایەتی دەکەن بە شتێکی موتڵەق، خەڵک هەمیشە دەکشێتە دواوە تا لەدوورەوە سەیریبکات و بزانێت لە کایەی سیاسیدا چ گەمەکەرێک دەبێتە هێزی سەرەکی… هەموو شۆڕشەکان ئەم جۆرە پاشەکشە و هەڵە ستراتیژییە پوچ و بەتاڵیان دەکاتەوە و هەڵیان دەوەشێنێتەوە، ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە تێبگەین ئەم فۆرمە لە بونیاد کە لە کایەی سیاسیدا هەیە، هیچ گۆرانکارییەکی گرنگ لەگەڵ خۆیدا دروست ناکات.

هاوبەشی بکە

bakhtyar ali, Wtari Kteb,