دیدی من – بڕیار محەمەد تاهیر
یاداشتێکی کورت
لە تەمەنی ١٧-١٩ ساڵیدا بوو، زۆر سەرسەختانە گوێم لە ئوم کەلسووم دەگرت. کوڕێکی پوریشم هەر لەو کاتەدا هەمان حەزی هەبوو بۆ ئەم کەلسووم. پێکەوە دوو سێ ساڵ بووین بە کەلوسوومناسێکی باش.
سەرەتا لە ڕێی گۆرانییە زۆر بیستراو و وتراوەکانی، وەک (بعيد عنك، ألف ليلة وليلة و انت عمري… هتد) دەستم پێکرد. وردە وردە وای لێهات، گۆرانییە باو و ئاشناکانیم هەمووی گوێ لێ گرت، دەبوو هەندێک گۆرانیتر پەیدا بکەم، کە لە هەموو جێیەک دەست نەدەکەوت. خۆشبەختانە تۆمارگەیەکم دۆزییەوە، هەرچی ئوم کەلسووم وتبێتی لای بوو، تۆمارگەی ئۆسکار.
بۆ ماوەیەکی زۆر سەردانی ئەوێم دەکرد و داوای گۆرانییەکانیم دەکرد، ڕۆژێک خاوەنی تۆمارگەکە، کاک شوان، لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لەوێ دانیشتبوون و منیش خۆم کرد بە ژووردا، دیسان بۆ سیدییەکی ئوم کەلسووم. پرسییان چۆنە گوێ لە ئوم کەلسووم دەگرم و دواتریش پێشنیاری دوو گۆرانییان بۆ کردم، (سلوا كؤوس الطلا) و ئەوەی تر (الأطلال)بوو. هەر یەکەمجار کە گوێم لە الأطلال گرت، بۆم دەرکەوت کە ئەمە گۆرانییەکی تەواو سەخت و جیاوازیشە لە هەمان کاتدا. زۆر گوێگرتنەوەی و بەدواداچوون بۆ مانای شیعرەکە و کەشی گشتیی گۆرانییەکە وای کرد ببێتە گۆرانیی دڵخوازم.
دروستبوونی گۆرانییەکە
ئوم کەلسووم لە ژیانیدا، لەگەڵ چەندین ئاوازدانەردا کاری کردووە، بەڵام ئەوانەی قۆناغی سەرەتای جیاواز بوون لەوانەی قۆناغی کۆتایی. ڕیاز سونباتی یەکێک بوو لەو ئاوازدانەرانەی کە لە سەرەتاکانەوە پێکەوە کاریان کردووە، بەڵام ئەوا سێ ساڵ دەبێت ڕیاز سونباتی هیچ ئاوازێکی بۆ ئوم کەلسووم دانەناوە. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا دیسان یەک دەگرنەوە، کاتێک ئوم کەلسووم قەسیدەی الأطلال دەخاتە بەردەستی ڕیاز و دەڵێت، تۆ باشترین کەسی ئاواز بۆ قەسیدە دابنێیت.
شیعری گۆرانییەکە، هی (دکتۆر ئیبراهیم ناجی)یە. ١٣ ساڵ دوای مردنی، شیعرەکە کرا بە گۆرانی. قەسیدەیەکی ئێجگار درێژە. ئوم کەلسووم بە (ئەحمەد ڕامی)ی شاعیر دەڵێت چەند دێڕێکی لێ هەڵبژێرێت. ئەحمەد ڕامی دێڕەکان دیاری دەکات، هەندێکیشی لە شیعرێکی تری دکتۆر ئیبراهیم ناجییەوە دەهێنێت و کۆی گشتی ٣٢ دێڕ دیاری دەکەن بۆ گۆرانییەکە. شیعرەکە باسی خۆشەویستییەکی ناکام و بینینەوەی خۆشەویستێکە دوای ساڵانێکی. چەندین چیرۆکی جیاواز دروست بووە لە پشتی ئەم شیعرەوە، بەڵام بڕواپێکراوترینیان، ئەوەیە، ئیبراهیم ناجی و کچێک یەکیان خۆشدەوێت، ناچارانە لێک دادەبڕێن، دوای ساڵانێکی زۆر، کەسێک لە دەرگای دکتۆر دەدات و دەڵێت، ژنەکەم حاڵی خراپە، منداڵی دەبێت یارمەتیمان بدە، کە ئیبراهیم ناجێ دەچێت، دەبینێت خۆشەویستە کۆنەکەیەتی، ئەمە دەبێتە ئیلهامی شیعرەکە.
دوای دوو مانگ ئوم کەلسووم تەلەفون بۆ ڕیاز سونباتی دەکات، دەڵێت چی بوو؟ ڕیاز سونباتی دەڵێت نیوەی تەواو بووە. دوای سێ مانگی هەموو کارەکە تەواو دەبێت.
ریاز دێت و ئاوازەکە بۆ ئوم کەلسووم دەژەنێت. سەرسامی دەکات. تەنها تێبینییەک کە ئوم کەلسووم هەیەتی، لەسەر کۆتاییەکەیەتی، داخستی گۆرانییەکە. ئوم کەلسووم دەڵێت با لەو بەرزییەدا تەواو نەبێت. ڕیاز سونباتی بەمە توڕە دەبێت، دەڵێت ئەوە کاری منە. ژوورەکە جێدێڵێت. لەسەر ئەو بڕگەی کۆتاییە، گۆرانییەکە سێ ساڵ دوا دەکەوێت. دوای سێ ساڵ ئوم کەلسووم ڕازی دەبێت بێ دەستکاری، ئاوازەکە بڵێت. بڕگەی کۆتایی و داخستنی گۆرانییەکەش دەبێت بە بەناوبانگترین داخستی گۆرانیی ئوم کەلسووم، کە سێ جار لە سەر یەک ( فإن الحظ شاء) لە بەرزیدا دووبارە دەکاتەوە.
کۆنسێرتەکەی پاریس
لە چەند کۆنسێرتێک ئوم کەلسووم گۆرانیی الأطلال پێشکەش دەکات، بەڵام بەناوبانگترینیان، کە یەکێکیشە لە دیارترین کۆنسێرتەکانی ئوم کەلسووم، کۆنسێرتەکەی ١٥/١١/١٩٦٧ـی هۆڵی ئۆلمپیایە لە پاریس. ئەوکات ئەندرێ مارلۆ وەزیری کاروباری کلتورییە لە فەرەنسا، نوێنەرێکی دەیەوێت گروپی میلی و کلتوری وڵاتانی جیهان داوەت بکات بۆ فەرەنسا، بەم مەبەستەش دەچێتە میسر، لەوی لە جیاتی ئەو جۆرە گروپانە، پێشنیاری ئوم کەلسوومی بۆ دەکرێت. ئوم کەلسووم دەبینێت و باسی ئەو کرێیە دەکرێت کە دەبێت بدرێت بە گۆرانیبێژ. لەو دانیشتنەدا ئوم کەلسوسم داوای پارەیەکی زۆر دەکات. بە ڕادەیەک زیاترە لەو کرێیەی دراوە بە گۆرانیبێژێکی وەک ئیدیت پیاف. پاش هێنان و بردنی بابەتەکە بۆ ماوەیە، نوێنەرەکە ڕازی دەبێت. ئوم کەلسووم دەچێتە پاریس و دوو شەو کۆنسێرت ساز دەکات.
کۆنسێرتە قەرەباڵغییەکی ئێجگار زۆر بە خۆوە دەبینێت، دوای ئەوەی هەموو تکتەکان دەفرۆشرێن، بۆ یەکەمجار جۆرێکی تر لە تکت دادەنرێت، کە پێی دەڵێن تکتی ڕاوەستان، بۆ ئەو کەسانەی جێێان نەماوە بەس ئامادەن بە پێوە ڕابوەستن.
ئەوەی ئوم کەلسووم لەو شەوەدا پێشکەشی دەکات، بێوێنە دەبێت. لە جێیەکی گۆرانی (الأطلال)دا، کە دەڵێت (هل رأى الحب سكارى مثلنا)، یەکێک دەچێتە سەر ستەیجەکە و قاچی ئوم کەسلووم ماچ دەکات، کاتێک ئەویش دادەنەوێتەوە تاکوو نەهێڵێت، دەکەوێت. وێنەگرێک فۆتۆی ئەم ساتە دەگرێت و دەبێتە ڕووداوێکی بەناوبانگ لە ژیانی ئوم کەلسوومدا. ژنێک بەو ویقار و قورسییەوە کە لەسەر ستەیج دەبینرێت، لە ٦٠ـەکانی تەمەنیدا، کەوتنی ئازاردەر دەبێت بۆ هەوادارانی.
کۆنسێرتەکە، نزیکەی ٥ سەعاتی خایاند و بە یەکێک لە بەناوبانگرتین کۆنسێرتەکانی دادەنرێت و ئەو پێشکەشکردنەی الأطلال دیارترین و ناسراوترین پێشکەشکردنێکی.
وەرگێڕانی شیعرەکە
لەم ماوەیەی پێشوودا، ساڤان ستۆرییەکی کردبوو، لەسەر ئوم کەلسووم و زانیم دەیانەوێت بۆ یادی ٥٠ ساڵەی مردنی، لە دیدی من، فایلێک بۆ ئوم کەلسووم بکەنەوە. ویستم بە وەرگێڕانی الأطلال بەشدار بم، کە بێ دوودڵی بۆ من باشترین گۆرانیی ئوم کەلسوومە.
لە وەرگێڕانی ئەم شیعرەدام هەوڵم داوە هەتا دەکرێت فۆڕمی شیعرەکە لە ڕووی سەرواوە و لە زۆر جێدا لە ڕووی کێشیشەوە، نزیک بێت لە زمانی شیعرێکی ڕۆمانسییەوە، کە هی سەردەمەکەی خۆیەتی. بۆیە لە داڕشتنەوەیدا هەندێک ئازادیم بە خۆم داوە، گەر وا نەبێت کارەکە ئاستەم دەبوو.
خەرابات
شیعر: د. ئیبراهیم ناجی
ئاواز: ڕیاز سونباتی
دڵم، مەپرسە لێم خۆشەویستی کوا
تەلارێک بوو لە خەیاڵ و داڕما
پێکم پێ بدە و لەسەر خەراباتەکەی بخۆرەوە
بە درێژایی ڕژانی فرمێسکیش بمگێڕەوە
چۆن بووە هەواڵی ڕابردوو ئەو خۆشەویستییە
چۆن بووە باس و خواسی ئەو مەینەتییە
لەبیرم نەکردوویت و دڵت بردم
بە بانگ و گوفتاری نیان و گەرم
بە دەستێک کە بەرەو ڕووی من درێژ دەبێت
وەک ئەو دەستەی لە شەپۆلەکانەوە نقوومبوویەک بگرێت
بە درەوشانەوەیەک کە تینووشکێنی ڕێبواران بوو
لە کوێی چاوەکانتا ئەو درەوشانەوەیە ون بوو؟
ئەی ئەو یارەی سەردانی هێلانەکەیم کرد ڕۆژێ
باڵندەی تامەزرۆیی گۆرانیی ئازارەکانم دەچڕێ
مەندییەکی زەلیلکەری نیعمەتدارت هەیە
ستەمێکی بەهێزی سەرکوتکارت هەیە
تاسەم بۆ تۆ، پەراسووەکانم دینێتە کوڵان
چرکەکانیش پشکۆگەلن و وا لە خوێنمان
ئازادیم بەرێ، بەڕەلای بکە دەستەکانم
من ئەوەی هەمبوو دام هیچ نەما لە ژیانم
ئەم کۆتوبەندەت خوێنی لە مەچەکم هێناوە
بۆچی بمێنێتەوە، کە ئەو خۆی بۆ من نەماوە
بۆ بەڵێنەکانم بەجێ بێنم کە بەجێت نەهێنان
بۆ لەم زیندانەیا بم، کە لەبەر دەستمایە جیهان
لە کوێیە خۆشەوسیتەکەم؟ دڵڕفێنەکەم
پڕ لە شانازی و گەورەیی و شەرم
بە بڕواوە هەنگاو دەنێت وەک فریشتە
دڵڕەقانەیە جوانییەکەی و شکۆمەندە
بەرامی ئەفسووناوی وەک هەناسەی گردەکان
نیگای دڵبەری چاوی وەکو خەونی ئێواران
چ نادیدەم لە جێیەکدا کە تۆ هەی؟
چ سەرنجبەر، چ بەرز و درەوشاوەی
ئەمن خۆشەویستیم و دڵێکی هەڵەوادام
پەپوولەی سەرگەردانم، لای تۆ دەگرم ئارام
تامەزرۆیی پەیامبەر بوو لە نێوانمان
ساقییەک بوو پێکی تێدەکرد بۆمان
ئەوین، مەستی وەک ئێمەی بینیوە؟
چەند خەیاڵمان لە دەورمان چنیوە
ڕێمان دەکرد لە ڕێگای ڕۆشن بە مانگ
دڵخۆشی لە پێشـمان بوو لەسەر ڕێمان
وەک دوو منداڵ بە یەکەوە پێکەنین
ڕامان کرد، پێش سێبەرەکانمان کەوتین
کە شیلەی ناو گوڵەکان نەمان، ئەوجا بە ئاگا هاتینەوە
وریا بووینەوە، خۆرگە هەرگیز وریا نەدەبووینەوە
ڕاچڵەکینێک ئێمەی لە خەونەکانمان هەستان
شەویش کۆتایی پێهات، شەوی هاوڕێمان
ئیدی تیشکی ئاگاهێن هەڵهات
سپێدەش وەک ئاگر هات
وەک ئەوەی دەمان ناسی، وەک خۆی لێ هاتەوە دنیا
خۆشەویستانیش هەر یەکەیان بە لایەکدا
ئەی ئەوەی بێداریت، خەو دەتباتەوە
پەیمانەکەت لە یادە و بە ئاگا دێیتەوە
هەر کە برینێکت ساڕێژ دەبێ
یادەوەری برێنێکی نوێت بۆ دێنێ
جا فێر بە، چۆنە لەچوونەوە
فێربە چۆنە سڕینەوە
خۆشەویستم، هەموو شت چارەنووس بڕیاری بۆ داوین
بە دەست خۆمان نییە، وا بەدبەختنە درووست کراوین
ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان، قەدەر کۆمان بکاتەوە
دوای تاسەی بینین بە یەکمان شاد بکاتەوە
گەر ئەوکات دڵدار،حاشای لە دڵدارەکەی کرد و
گەر وەک دوو بێگانە و نەناس یەکیان گرت
مەڵێ بە ویستی ئێمە بووە
ئەوە بەختمانە وای خواستووە.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.