20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خودایەک و تۆزقاڵێک ئیمان

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

سەروەر مەحموود

چۆڕچۆڕ ڕژایە نێو دەروونی ھەلاھەلامانەوە کینە.
بە دامێنی ڕقێکی ئەستووری داخبووەوەدا شۆڕبووینەوەو
بەدەستی دایکمانەوە جەڕێکی دیکەی ژیانمان دی،
لەم خولگەی بەرزونزمی تەمەنەیشدا لووتمان تەقیەوە بە لووتی مەرگێکی دیکەدا.
ئیدی ئاوەھا بەدیار ئەگەرو نائەگەرەوە
بەردەوامیی و
لە کەوانەی یەقینێکی تیژو تفتیی بێھۆشیشدا پارچەیەک لە «مانەوە».

لەتوکوتبووین بەدیار سێبەرە ترسناکەکانەوە…
تا لە مەرگ تێگەیشتین و
ڕەنگە ھەرگیزیش تێینەگەیشتبین!
بێئامان خاوبووینەوە بەسەر ھەقیقەتێکی یەکڕەنگی تازییەباری دیکەداو؛
ڕەنگە ھێشتایش ھەر لەخاوبوونەوەدابین.

پەیتاپەیتا بەر مردن کەوتین و دیسانەوەیش،
لەگۆڕێکی قووڵی پڕترسدا، لەرزیولەرزیو بەبەردەمی وەجھێکی پەرتپەرتبووی دیکەدا،
تێپەڕین و تا ئەوسەری شانۆیەکی تری نەمردنیش… پڕبووینەوە لە گاڵتەوگەپ!

ئەم چەقی بازنەلمینە ناڕوونەی چارەنووس، پرسیارگەلی شەرمنانەو کپ دێنێتە گۆڕێ و…
ئەم کاکیبەکاکییەی قووڵبوونەوەیەیش
تەمتەم بۆ نێو خەرەندە بێبن و بێچارەکان ڕاماندەماڵێ،
تا قیامەتیش بەناچاری
تووشمان دەبێ بە تووشی وەڵامگەلە بێماناو خۆڵەمێشییەکانەوە!

بەم ڕێگەھزرانەدا جرپنانەتر بەرەو لۆچی
سەر دەموچاوێکی تەڕوتار بە فرمێسک ڕادەکەین و
بەم توولەخەیاڵانەیشدا شڵەژاوتر بەرەو خەندەی پڕنمایشیی کەللەسەرێکی یەکدیوی دۆگماو تاریک، دەکشێین.
ئێمە بۆ دواجاریش،
لە نێوان جوڵەو بێجوڵەییدا، بە ڕۆحییەتێکی مردووئاساوە دیسانەوە ژیان ھەڵدەبژێرین…

ئا بەم ڕوانینە لەتوپەتانەوە
تا تینی بەر ئاگردانەسوورھەڵگەڕاوەکە ھەڵدەکشێین و… بەو پەراوێزی لەشەبێگیانانەدا گوزەر دەکەین کە تا ئێستایش لە نێوان بوون و نەبووندا بەر وەھم دەکەون.

لە دواییدا بەم بێدەسەڵاتییەیشەوە
شپرزانە لەکڕکڕاگەی داخوراوی ھێزێکی دیکەی خەوندا، دەستدەگرین بەسەر تەماشای سەغڵەتی سایکۆلۆژیاداو…
بۆ ھەمیشە لە جەنگی فیکرێکی چلوورەییدا سینگدەدەینە بەر گوللەی ناتێگەیشتن و
خۆیشمان بە چەکی تێگەیشتن دەکوژین!

ئیدی بەھەڵەداوان
بۆ کن تێفیکرینێکی دی
ھانا بۆ ھەقیقەتێک دەبەین و…
لە بازدانی نیگایەکی نووستویی تژیی لە دەنگدا
چاو ھەڵدەبڕین،
تا بۆ ئەبەد… بە لۆژیکێکی نوێ،
ئەقڵ بخەینە زوومیی ڕوانینەوەو…
بە سووڕێکی تری ناواخنپڕ لە ژاوەژاو و
بەدمەستتر لە بیرکردنەوەی ناوەھمیانە،
ژیان بھێنینەوە سەرپێ و…
بۆ جارێکی دیکە، ڕۆح بکەینەوە بەبەریی
بەشێکی جددی ئەقڵمەندییدا…

بەسەر پەتی ئەگەرێکی تردا
ھەڵدەکشێینە بۆشاییەوەو
زەوی بێپەردە تەماشامان دەکا،
خودایش، بەبێسروە بەدیارمانەوە وەستاوە!
ئێمە بەم ھەموو ئاڵۆزییەیشەوە ھێشتا
ھەر لەو جۆرە بوونەوەرانەین،
کە بە مەرگی ڕۆحمان و
بە خنکانی زمانمان پێدەکەنین!

هاوبەشی بکە