19/03/2024
DidiMn Logo
Top

خوێندنەوەیەک بۆ شاکەسی چیرۆکی “لووت”ی کەمال سەعدی

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – عومەر عادل عەبدوڵڵا

پوختەی نووسه‌ر:

ئه‌م توێژینەوەیە، سوودێکی هەرە گرنگی هەیە لە هەردوو بواری دەروونناسی و ئەدەبدا و پەیوەندی پتەوی نێوان ئەم دوولایەنە دەخاتەڕوو، خستنەڕووی سوودی توێژینەوەکە، هەندێک کات توێژەر وەکو قەڵغان و بەرگرییەک بەکاردەهێنیت، لە بەرانبەر بێ بەهانەکردنی توێژینەوەکەی. ئەم توێژینەوەیه‌ش کە کراوە، سوودێکی گەورەی بۆ پزیشکە دەروونییەکان، بۆ ناسینەوەی ئەو نەخۆشە دەروونییانەی بەهۆی کەموکورتییەکانەوە ڕووخسارییەکانییەوە، تووشی هەرەسی دەروونی هاتوون. چونکە ئەم جۆره نەخۆشیانە، تا ڕادەیەک لە کۆمەڵگەی کوردییدا خەریکە ڕوو لە هەڵکشان دەکات، ئەم لەلایەک، لە لایەکی ترەوە،ئەو کەسانەی کە تووشی هەرەسی دەروونی دەبن، دەوربەرەکانییان دەتوانن لە ڕێگە ئەم خوێندنەوە دەروونییەوە زووتر و باشتر درکی پێبکەن. بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا نەخۆشییە دەروونییەکان بەربڵاو و دیارن.

وشە سەرەکییەکان:

خوێندنەوەی دەروونی، کەمال سەعدی،چیرۆک، دوودڵی و ڕاڕایی، خۆبەکەمزانین، خۆی هۆگربوون، تاکدەنگی، ترس لە دەربڕینی ڕاز و نیاز.

پێشەکی:

وەکو دەزانین، خوێندنەوەی دەروونی و بەکارهێنانی سایکۆڵۆژیا بۆ ڕاڤەکردنی وێژە و دۆخی دەروونی وێژەوان،دەگەرێتەوە بۆ باپیرە گەوره زانستی دەروونزانی(سیگمۆند فرۆید).ئەم توێژینەوەش کە ئێستا لەبەر دەستی خوێنەر دایە،شیکردنەوەی شاکەسی چیرۆکی(لووت)ە،لە ژێر هەتاوی زانستی دەروونزانیت و دۆخی دەروونی شاکەسی چیرۆکەکەمان ڕوونکردۆتەوە.تەوەر و سنووری توێژینەوەکە،تەنها لەسەر باسکردنی لایەنی دەروونی شاکەسی چیرۆکی (لووت)ی(کەمال سەعدی)نووسەرە،کە باس لە کاریگەرییە نەرێنییە دەروونییەکانی سەر دەکەین،کە کارییان کردۆتە سەر شاکەسی چیرۆکەکە و هەموو ئەو ڕەهەندە دەروونیانەش دەخەینە بەرچاو،کە کاریگەرییان کردۆتە سەری،چ ئەرێنی بن،نەرێنی،ئەگەرچی زۆربەی  هۆکارە کاریگەرەکان،هۆکاری نەرێنی و خراپن.

خوێندنەوەی دەروونی دەقی ئەدەبی:

دەروون یەکێکە لەو باس و خواسانەی،کە لە دێر زەمانەوە،گفتوگۆی لەسەرکراوە و تیشکی خراوەتەسەر لەلایەن فەیلەسوف و زانا کۆنەکانەوە،ڕاوبۆچونی جیا جیا و سەیر سەیری لە بارەوە دەربڕاوه.هەر ئەم گرنگی دانەش بوو بەهۆی ئەوە کە دەروون و دیاردە دەروونییەکان بەبنە زانستێکی سەربەخۆ و لە فەلسەفە و بابەتە فەلسەفییەکان جیاببنەوە.هەروەها لە بارەی پێناسەی دەروونناسییەوە،(جۆن واتسن)بەم شێوەیە پێناسەی کردووە:”لقێکە لە زانستە سروشتییەکان،کە ڕەوشتەکانی مرۆڤ وەکو بابەتی لێکوڵێنەوە وەردەگرێت”(د.بخوش وليد،۲۰۱۷،ص٦)کەواتە دەروونناسی لقێکە هەرە گرنگە لە دەروون و ڕەفتار و ڕەوشتەکانی مرۆڤ شیدەکاتەوە،بەو ئامانجەی بگات بە ڕاست و ئەو هۆکارانە کە کاریگەرییان خستۆتە سەر هەموو جوڵە و ڕەفتارەکانی تاک.”فرۆید تەواو یەقینی هەبوو کە مرۆڤی کۆن و مرۆڤی نوێ خاڵی نین لە سایکۆڵۆژیا و هەریەکەیان به جۆرێک دەردەکەوێت لە زەمەن و ژینگەی تایبەتی خۆیدا.ئەم هەوڵەشی بۆ ئەوە بوو کە ڕەگەکانی ئەو باوەرانەی بدۆزێتەوە،کە لە ناو مێژووی گەلە سەرەتاییەکاندا.هەروەها بەدەر لەمەش هەوڵەکانی خۆی تۆخکردەوە لەسەر ئەفسانە و چیرۆک و بەسەرهاتە کۆنەکان بۆ دۆزێنەوە ڕەگەزی دەروونی و سایکۆڵۆژی ئەو ڕووداوانەدا،وەکو لێکوڵێنەوە لە ئەفسانەی ئودیبی یۆنانی و بەشێکی زۆری ئایدۆڵۆژیا و ئاینزانەکان”(پێشڕەو عەبدوڵڵا،۲۰۱۲، ۱۰)ئیتر وردە وردە ئەم لێکوڵێنەوانەش پانتایان فراوان بوون و ڕژانە نێو زانست و وێژەکانی ترەوە.لە گرنگترین ئەوە لایەنانەش،کە ڕژایە نێو جۆباری زانستی دەروونناسییەوە،ئەدەب و شیکردنەوەی دەقە ئەدەبییەکان بوو،بە پێی مێتۆدە دەروونزانییەکان.یەکێکیش لەو میتۆدە دەروونزانیانه کە بۆ لێکوڵێنەوەی دەقە دەروونییەکان بەکاردێت،دەروونشیکارییه.

هەموو دەقێکی ئەدەبی تەواو و زیندوو،خاوەن ڕەهەندی خۆیەتی و هەندێکجار دەق زیاد لە ڕەهەندێکی تێدایە،وەکو ڕەهەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی…،ئەم ڕەهەندانەش،هەندێک کات خوێنەر هەستییان پێدەکات،بە تایبەتی خوێنەری زیرەک،هەندێک کاتیش خوێنەر هەست پێناکات،تا ئەو کاتەی دەقە ئەدەبییەکە دەخرێتە ژێر توێژینەوە.
دیارە،مەبەست لە خوێندنەوەی دەروونی،خوێندنی دەقێکی ئەدەبییە بە پێی ڕەهەندە دەروونییەکانی ئەو دەقە، جا چ شیعر بێت یان ڕۆمان یاخود چیرۆک،واتا لەسەرجەم لایەنە دەروونییەکانی ئەو دەقە دەکۆڵێتەوە بەبێ یەکێک لەو لایەنە دەروونیانە پشتگوێ بخات،کە لە نێو دەقەکەدا هەن،ئەمەش بە مەبەستی ڕوونکردنەوە کاریگەرییە دەروونییەکانی سەر ئەو دەقە.”ئەگەر ئاسەواری سایکۆڵۆژی  لە خۆیدا بە زەقی دەبینرا،لەو کاتەدا،خوێندنەوە
دەروونی سەرپەرشتیاری پێکهاتەکانی دەق دەکات،کە بابەتەکانی نائاگایی و کەبت و نەژادی و بابەتە دەروونییەکانی تر،بەو واتایەی کە شیکاری دەقی دەروونی ئەو خوێندنەوەیە کە دەیگەڕێنتەوە بۆ پێکهاتە دەروونییەکەی.”(د.محمد عیسی،۲۰۰۳، ۲۱)،ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە توێژەر تاکو خوێنەرێکی دەروونی دەق نەبێت،ناتوانێت بێتە توێژەرێکی دەروونی دەقی ئەدەبی.گرنگی خوێندنەوەی دەروونی دەقی ئەدەبی،لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینتەوە:

۱.زانینی لایەنە کاریگەرییەکانی سەر ئەدیب،ئەم ڕێگەش،هەڵبەتە فرۆید یەکەمین کەس بوو،بەکاریهێنا،وەکو لەدەقی ئەدەبی(عبدالقادر طبيب،۲۰۱٥ ،٦)کە توێژەر له ڕێگەی شیکردنەوەی دەقە شیعرییەکەوە،دەگاتە بە دۆخە دەروونییەکانی شاعیر و پەی بە زۆربەی ئەو کاریگەرییە ناوەکییانه دەبات،کە پاڵنەرێکی بەهێز بووە،بۆ هۆنینەوەی دەقە شیعرییەکەی.

۲.گەیشتن بە گەوهەری دەقی ئەدەبی و خەمڵاندنی بەهایی دەقی ئەدەبی،یەکێکی لە سوودەکانی خوێندنەوەی دەروونی بۆ دەقە ئەدەبییەکان،کە تا چەند ڕەهەندە دەروونییەکان قووڵ و ژێرپەردە بن و هەموو خوێنەرێک نەتوانێت بە سانای لێیان تێبگات،چونکە گەر دەقی ئەدەب ئەوەنده ساده و ساکار بوو،هەموو کەسێک توانی شیبکاتەوە،ئەوە یەکێک لە پاییە ئەدەبییەکانی لە دەستدەدات،کە ئەویش ناسادەیی دەقە.

۳.ڕوونکردنەوە لایەنی دەروونی شاکەسەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان بۆ خوێنەر،کە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر بە چاوێکی ڕەخنەییەوە،دەقە ئەدەبییەکان بخوێنتەوە و وەکو نووسینێکی سادە و هەڕەمەکی بەسەرییدا گوزەر نەکات.یەکێک لەو چیرۆک و ڕۆماننووسانە کوردانەی کە چیرۆک و ڕۆمانەکانی پڕن لە ڕەهەندی دەروونی و گرێی دەروونی(شێرزاد حەسەن)ە کە لە توێژینەوە ئەدەبییەکاندا،ئەمە ڕوونکردۆتەوە،کە”چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن بە شێوەیەکی گشتی ئەو ڕەهەندە دەروونییە قووڵەیان تێدا هەیە،کە بە چیرۆکی دەروونی ناویان ببەین،چونکە پڕن لە هەڵچوونی دەروونی و خەسڵەتە دەروونییەکانی وەکو:شەرم و ترس،کە دوو خەسڵەتی هەرە گرنگی دەروونین لە زۆربەی چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەن.”(هەڵمەت بایز ڕەسوڵ،۲۰۱۲، ۲۳٨)

پەیوەندی نێوان چیرۆک و لایەنە دەروونییەکانی مروڤ:

دەروون هەمیشە بەشێکی نەبڕاوە و پەیوەستبووە به پەیوەندی نێوان ئەدەب و دەروون پەیوەندییەکەی کۆن و دوور و درێژە.سەرەتای ئەم پەیوەندیەش و”ڕیشەی کاریگەری دەروون لە دەقی ئەدەبییدا بۆ سەردەمی یۆنانی کۆن دەگەرێتەوە.بۆ نموونە کاتێک
(ئەفلاتوون)کۆمارەکەی دەنووسێت،هیچ شوێنێك بۆ شاعیرەکان دانانێت،ئەویش بیانووی ئەوەی شاعیرەکان ناتوانن ڕاستییەکان بگەیەنن و گەنجەکان بە لاڕێدا دەبن و دەروونیان تێکدەدەن،وایان لێدەکەن گوێ بە هەست و سۆزیان،نەک عەقڵیان بدەن،ئەم تێڕوانینە هەمان ئەو تێڕوانینە میتافیزیکیانەیە،که دەروون و شتێکی خراپە و مرۆڤ تووشی گوناح و تاوان دەکات.”(حەمە مەنتک،۲۰۱٨ ،۷٥)ئەمەش سەرەتاترین کاریگەری دەروون و ڕەهەند دەروونییەکانە لەسەر دەق و پاشان خوێنەری دەق.


سەرەتای لێکوڵێنەوە لە چیرۆک لە ڕوانگەی دەروونییەوە دەگەرێتەوە بۆ”بۆ تەرکیزکردن لەسەر کاریگەری هەڵچوونەکان و سۆز و بزاڤ و جوڵەی خەیاڵ لە ئەفراندنی ئەدەبدا ڕێگەی خۆش کرد بۆ بوونی فرۆیدیەت وە بەشداری کرد لە هێنانه کایەوەی گەلێک توێژینەوی دەروونی کەتیشکیان دەخستە سەر کرداری ئەفراندنی ئەدەبی لە گۆشەی دەروونییەوە”
(د.شكري عزیز الماضي،ساڵ ــ،۱٤۷)واتا لەگەڵ خونچەکردنی زانستی دەروونی و لێکوڵینەوە لە زانستی دەروونی و پاشان بە کردارکردنی ئەوە زانستە بەسەر کێشە دەروونییەکانی مرۆڤدا،وایکرد کە زانیاری لایەنە دەروونییەکانی ژیانی مرۆڤ و کاریگەرییە دەروونییە باش و خراپی نێو دەقە ئەدەبییەکان،بەبنە کەرەستی لێکوڵێنەوە بەلای لێکولەرانەوە.
هەروەها،فرۆید یەکەمین دەروونناس بوو،کە ئەدەب)وێژە)ی بەکارهێنانی بۆ ڕاڤەکردنی دەروون کە لە ڕێگەی ئەدەبەوە توانی شیکاری بۆ دۆخی دەروونی هەندێک لە ئەدیبان بکات و توانی بگات بە هەندێک ڕاستی کە پێشتر هیچ دەروونناسێکی تر پێی نەگەیشتبوو،هەروەکو(فرۆید)خۆی دەڵێت:” شاعیرەکان و چیرۆکنووسەکان پایەدارترین هاوپەیمانمانن و پێویستی ڕێز دانپێنانەکانیان بگرێت،وەک باشترین ڕێزدار،لەبەر ئەوەی شتەگەلێک دەزانن کە ئێمە لە قوتابخانەکانماندا(دیاره مەبەستی قوتابخانەی دەروونشیکارییە)ناتوانین خەیاڵیشی بکەین،ئەوان لە ناسینی دەرووندا گەورەی ئێمەن و ئێمت کۆمەڵە خەڵکانێکی سادەیین،لەبەر ئەوەی ئەوان دەگەن بە شتانێک کە زانست پێ نەگەیشتووە”(چان بلیمان نویل،۱۹۹۷،ص۷)ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت،کە شاعیرەکان بە تایبەتی و ئەدیبەکان به گشتی پەیبەری قوژبنە شاراوەکانی ناخی مرۆڤن و دەتوانن لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە گوزارشت لە دۆخە دەروونی و ناوەکییەکان مرۆڤ بکەن،کە وێژە و زانستەکانی تر دەستپاچەن لە ئاست ئەم کرداره گەورەدا.چونکە زانست بە بەڵگە خۆی دەهاوێژیتە نێو ڕاستییەکان.بەڵام ئەدەب بەردەبازێکە، لە نێوان زانست و ڕاستییدا و هەمیشە لە ڕێگەی خودی خۆیەوە دەگات به ڕاستییەکان،بێ ئەوەی پێویستی بە بەڵگەی ڕاست بێت،چونکە ئەدیب باسە لە ڕاستییەکان دەکات و ئەو ئەدیبەش بەرهەمەکانی شایەنی تۆێژینەوەیە،کە نووسینەکانی ڕاستگۆ و سەرڕاست بن.چونکە گەر نووسینەکانی هەڵقوڵاوی کانیاوی دەروون و ناخی نەبن،ئەوە تەزوو ناخاتە گیان و دڵی خوێنەرەوە و وەکو دەقێکی نیمچەمردوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.


لەبەر ئەوەی،دەروون و ناخ بەشێکی گرنگن لە پێکهاتی کەسایەتی مرۆڤ و بونیادی مرۆڤ پێکدەهێنن لە نێو کۆمەڵگەدا،هەمیشە جێگەی باس و خواسی ئەدیبان بووە،بە تایبەتی چیرۆکنووس و ڕۆماننووسان،بۆ تیشک خستەسەر کێشە دەروونییەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا و لە ئەنجامی هەستکردن بەو کێشانە،هەندێک لە چیرۆکەکانیان لێوانلێو کردووە لە ڕەهەندی دەروونی و خستەڕووی تێکچوونە دەروونییەکانی مرۆڤ،یان”ئەدیب و هونەرمەندان، ڕێگە و ئاڕاستەی داهێنان وەردەگرن،بۆ خۆدەربازکردن لەو هێزە دەروونییە و شڵەژانە دەروونییە،ئەگەر کەسانی ئاسای لە ڕێگەی خەونەوە بەشێک لەو حاڵەتە نائاگایانە و ململانێ دەروونییان کەم بکەنەوە،ئەوا نووسەر لە ڕێگای میکانیزمی دەروونی(بەرزکردنەوە و سەرخستن)دا ئەو حەز و مەیلە سەرکوتکەرانەی،کە تێرنەکراون پاڵیان پێوە دەنێت لە ڕێگای میکانیزمی ناوبراو بێنە تێرکردن.”(هەڵمەت بایز ڕەسوڵ،۲۰۱۲ ،۳٤)واتا:لە ڕوانگەی دەروونییەوه،بەرهەمی ئەدەبی دەرئەنجامی هەموو ئەو پاڵپەستۆ و فشارانەن،کە بەسەر کەسایەتی نووسەردا هاتوون و نووسەریش وەکو ڕزگاربوون لەو فشاره و پاڵپەستۆ دەروونییە، پەنا دەباتەبەر ئەدەب و دەیکات بە پەنجەرەی هەناسەگۆڕێکێی،نەبادا ئەو ئارێشە دەوونییە هەرەسی پێ بەرێت.شایەنی باسکردنە،خوێندنەوەی دەروونی تەنها تایبەت نییە،بە ئەدەب و ژانەره ئەدەبییەکان،بەڵکو دەتوانین لەو ڕێگاوە شیکاری بۆ هەندێک لە تابلۆ و وێنەکان بکەین.بۆ نموونە لە ڕێگەی وێنەکەی کێشراوەوە،دەتوانین بگەین بە دۆخی دەروونی هونەرمەندەکە.

چیرۆک”شێوەیەکە لە شێوەکانی داڕشتی پەخشانئامێز و کۆمەڵێك ڕووداوە کە چیرۆکنووس دەیگرێتەوە،کە پێک دێت لە ڕووداوێک یان کۆمەڵە ڕووداوێک…”(نعيمة انسان،۲۰۱٥، ص۷)دەشێ ئەم ڕوداوانە،هەڵگری ڕەهەندی کۆمەڵایەتی یان دەروونی یان ئەفسانەیی …بن،چونکەهیچ چیرۆکێکی نییە،خاڵی بێ لە لایەنە و ژیانەکانی مرۆڤ،ئەگەرچی زۆریش لە ژیانی مرۆڤ و تاکەکانی کۆمەڵەوە دابڕێت،ئەوە لە سووچێکی چیرۆکەکەوە
بەبێدەنگی،وەکو پێنووس کە چۆن خۆ دەژەنێتە مورەکەبدا،ئاوا خۆی دەژەنێتە نێو ژیانی ڕاستەقینەوە.


چیرۆکیش وەکو ژانەرێکی ئەدەبی،بەدەر نییە لەو لایەنە دەروونییانەی کە لە ڕۆژانەماندا ڕەنگ دەدەنەوە.”کورتە چیرۆک هەندێ لە لایەنە هونەرکارییەکانی لەسەر دەستکەوتە زانستییەکان دادەمەزرێنێ،بە تایبەتیش زانستە مرۆییەکانی وەکو کۆمەڵناسی و دەروونزانی و لۆژیک.”(سەنگەر زراری،۲۰۲۱، ۱۱۰)هەروەها،گەورەی چیرۆک لەوە دایه،له ڕێگەی چەند پەڕەیەکی کەمەوە پەی بە نهێنێکی گەورەی ژیان دەبدات.(میلان کۆندێرا)دەڵیت:”تاقە پاساوی بوونی ڕۆمانێک لەوەدایە کە لایەنێکی نەناسراوی ژیان بدۆزێتەوە،نەک هەر تەنیا ئەوەندە،بەڵکو لایەنێک کە تەنیا ڕۆمان دەتوانێ بیدۆزێتەوە.”(میلان كۆندێرا،۲۰۰٨، ۳۰)
چیرۆکیش،بە هەمان شێوەی ڕۆمان دەتوانێت پەی بە شتە شاراوەکان بەرێت،ڕەنگه مەبەست لە شتە شاراوەکان،ئەو شتانە نەبن،کە تا ئێستا زانست پێی نەگیشتووە،بەڵکو وەکو هەر شتێکی ئەم گەردوون بوونی هەیە و ئاشکران،بەڵام پێویست ئەکا باس بکرێن لە نێو چیرۆک و ڕۆمانەکاندا بۆ ئەو لێڵییە لەسەر ڕووخسار ئەو لایەنە ئاشکرا کراوە ئاشکراتر بێت

مرواری و گەوهەری چیرۆکە دەروونییەکان،یان ئەو چیرۆکانەی کە تەژین لە ڕەهەندی دەروونی لەوە دایە:کە لە ڕێگەی چەن لاپەڕەیەکی کەم و کورتەوە،پەردە دائەماڵێت لەسەری لایەنێکی گەورە یان کێشەکەی گەورەیی مرۆڤ،کە ئەمە توانا و خاسیەتەش،تەنها لە چیرۆکدا هەیە.

خوێندنەوەیەکەی دەروونی،بۆ شاکەسی چیرۆکی(لووت)ی کەمال سەعدی:

(کەمال سەعدی)،یەکێکە لەوە نووسەرانەی خاوەنی چەندین کتێبە،چ لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و یاسا بێت،چ لە بوارە ئەدەبییەکانی کتێب و ڕۆمان و خاوەنی زیاتر لە (٤۰)پەرتووک و بڵاو کرایەوە،بە زمانی کوردی و عەرەبی،ئەو پەرتووکانەش کە لە بوارەکانی ئەدەب و بوارە یاسادا لە چاپی داوە،ئەمانەن:
شەش کورتەچیرۆکی کوردی – هاوبەش.
– ون بوون – کۆمەڵە چیرۆک.
– دەرگا – کۆمەڵە چیرۆک.
– سەعید زەبۆکی لای خۆمان – رۆمان.
– تڕحێو – کۆمەڵە چیرۆک.
– فەنتازیا- کۆمەڵە چیرۆک
مەملەکەتی ڕۆبۆتەکان_ ڕۆمان
بیرەوەریی جەنگاوەرێک_ ڕۆمان
خانمباز – رۆمان
حەج و عومرە – رۆمان
رۆژگارە تاریک و دژوارەکان – رۆمان
زەبۆکەکەی لای خۆمان- رۆمان – چاپی دووەم
شەوانی باکۆ – رۆمان
ئەو کتێبانەی کە لە بواری یاسادا دایناون:
– چەمکی یاسا
– حقوق الانسان بە زمانی عەرەبی
– الملکیە الفکریە بە زمانی عەرەبی
– حقوق الانسان بین المواپیق الدولیە والمژاهب الفکریە بە زمانی عەرەبی
– حقوق المۆلف وسلگە الصحافە بە زمانی عەرەبی
– حقوق الانسان فی المژاهب الفکریە بە زمانی عەرەبی
– حقوق الانسان ومعاییرها الدولیە بە زمانی عەرەبی
– التنڤیم الدستوری والدولی لحقوق الانسان بە زمانی عەرەبی
– الاگار القانونی لحریە الصحافە بە زمانی عەرەبی
– دراسات فی القانون العام بە زمانی عەرەبی

بەڵام تا ئێستە توێژینەوەیەکی ئەوتۆ لەسەر بەرهەم ئەدەبییەکانی نەکراوە،کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردی و دەروونی تاک کورد پیشان دەدەن.ئەم چیرۆکەش بە ناوی چیرۆکی(لووت)کە باسی لە گەنجێک دەکات،بەهۆی کەموکورتییەک لە ڕووخساری و سیماییدا،چەند گرفت و تێکچوونی دەروونی ڕووی تێکردووە و تەنگی بە دۆخی دەروونی هەڵچنیوە.ئەو کەموکورتیەش،بەهۆی جۆرە ناشرین و ناڕێکیەکە بوو لە لووتییدا.هەر ئەو ناڕێکییە بچووکە تووشی هەرەسێکی گەورەی دەکات،لە ئاست ئەڤینی کچە شۆخێکی هاوپوڵی زانکۆییدا.ئەمەش پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوه هانا و فریایی بەرێتە لای پزیشکی جوانکاری و خۆی بخاتە ژێر نەشتەری پزیشکەوە.
مێژووی چیرۆکەکە،بەش بە حاڵی من مێژووییەکی تازەی نییە،چونکە لە ساڵی(۱۹۹۹) لەگەڵ چەند چیرۆکێکی تردا لە چاپ دراوە،کە ئەو ساڵە ساڵی چاو هەڵێنانی من بە ڕووی ئەم دونیا گرژ و مۆنەدا.

ئەم چیرۆکەی(کەمال سەعدی)،گەر دەقاودەق لە ڕاستییەوە بەرجەستە نەکرابێتەوە نێو دەقە ئەدەبییەکەوە(چیرۆک)،ئەوە پشکێکی گەورەی ڕاستی تێدایە.لەبەر ئەوە ئەدەب بە هەموو ژانەرەکانیەوە،بە شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و ئەفسانە و…هەرچەندە ئاوەچۆڕی نێو شەتاوی خەیاڵ و دونیا سەروو بیرکردنەوە و ڕاستبینی بێت،هەمیشە لە جۆگەڵەیەکەوە دەڕژێتە ڕووباری ڕاستی و واقیع و ڕەنگدانەوەی با کۆمەڵی تێدایە.چونکە”ئەدیب مرۆڤێکی ئاساییه و هەڵدەستێت بە چالاکییەکی مرۆیی و بەو پەڕی تواناییەوە هەوڵ دەدات،ڕەوشێکی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگە بەرجەستە بکات،کە تێیدا دەژێت”(عبدالحسن طه بدر،۱۹٨۱، ٦).ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە،کە ئەدیب هەرچەندە لە ژێر بۆچوونەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت بکات و جووڵێتەوە،دواجار شوێنپەنجەی کۆمەڵگە و کاریگەرییەکانی بە کەسایتییەوه دیارە.

ئێمە ڕۆژانە چەندان کەس دەبینین،بە هۆی کەموکورتییەکەی بچووکەوە،چەندین بیرکردنەوەی نەرێنی دەروونییان لا دروستبووە و تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و سۆزداری و دەروونی هاتوون،یان ڕوونتر بڵێین:ئەو کەموکورتییه جەستەییە ئەوەی لا دروستکردوون و وای لێکردوون،تووشی هەرەسێکی گەورەی دەروونی ببن،یاخود والێکردوون هەڵبێن لە نێو کۆڕ و دانیشتە کۆمەڵایەتییەکان و دوورەپەرێز بن.ئەمەش گەر تێبینی لە نێو هەندێک لە دەوربەرەکانی خۆماندا دەیانبین.تەنانەت هاوڕێی نزیکی خۆم هەبوو،لەبەر شکاویەک لە لووتییدا ئامادە نەبوو،بە کچێک بڵێ خۆشمەوێ،کە پرسیارم لێی کردووە،بۆ ڕازی خۆتی بۆ دەرنابڕی،زۆر کۆمیدیانە وەڵامی داوە و وتوویەتی:”با لووتم تەجمیل بکەم.”

هەروەها لووتی زلی و ناڕێکی و شکاوی لووت،یەکێکە لەو کێشە دەروونییانەی کە دووچاری تاکەکانی کورد بۆتەوە و زۆر لە گەنجان و هەرزەکارانی لە خۆی کۆکردۆتەوە.هەڵبەتە نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان، یەکێکە لەو لایەنانەی کە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی زۆر گرنگی پێدەدەن و بە جۆش و تاسەوە سەردانی پزیشکەکانی جوانی دەکەن،بەو ئومێدەی بتوانن،ئەو کەموکورتییانەی لەسەر ڕووخسار هەیە،کەمی بکەنەوە.خاسیەتە خراپەکانی جوانکاری ڕووخسار ئەوەیە،کە تەنها ڕووی دەرەوەی مرۆڤە دەڕازێنتەوە،بۆ ئەوە دەست بخاتە ناو و ناوەڕۆکییان،بێگومان ئەم جوانکاریە جوانکارییەکەی کاتی و زەمەنییه،بەڵام ئەو جوانییە کە هەرگیز تێکناخوات و چڕوڵۆچ نابێت،جوانی و قەشەنگی ناخ و جوانبینی مرۆڤەکانە بۆ ئەم دونیا ناقۆلاو و چەوتە.
لە ڕۆژگاری ئەمرۆماندا،جوانکارییەکانی لووت و دەموچاو یەکێکە لەو خوو دەروونییانەی کە گەنجان بە تایبەتی و تاکەکانی کۆمەڵگە بە گشتی بووە به خولیا و حەزێک بۆیان و دەیانەوێت جوانتر و ڕزاوەتر دەربکەون لە نێو هاوڕێی و دەوربەرەکانییدا،ئەمەش شتێکی ئاساییە،چونکە هەموو مرۆڤ حەزی بە جوانییە و جوانبوون و جوان دەرکەوتن خەونی هەموو کەسێک سەر ئەم زەمینەیه،چ جوانی کەسایەتی بێت،یان جوان ئەدگار و سەراسیما.بەڵام بە مەرجێک پەلنەکێشێت،بۆ لێکەوتەی دەروونی و کۆمەڵایەتی تر،چونکە کەسانێک هەن،ئەوەندە پابەند به ڕووخسار و خۆڕازاندنەوە و تیف تیفە کردنی خۆیان،لە ئەنجامدا ناگاتە بەو کەڵکەڵەی جوانییە و جوانبوونە،کە خۆیان ئارەزووی دەکەن.لە ئەنجامی ئەمەشدا،ڕووبەڕووی بێئومێدی و ڕەشدیدەی و خەمۆکییەکەی سەخت دەبنەوە،ئەم بێئومێد و ڕەشدیدەی و غەمگینەیە گەر بەرزەفت نەکرێت،لە هەر بارودۆخێکدا دەبێتە خوو و پاش لە خووەوە دەپەڕێتەوە بۆ نەخۆشی دەروونی کە ئەمەش کارەساتێکە بۆ خۆی.
لووت دوو ئەرکی هەرە سەرەکی هەیە،یەک بۆنکردن و دوو هەناسه گۆڕکێ،بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا،هەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی ئەرکی سێیەمی دەخەنە پاڵ،بەوی کە ئەرکی جوانکاری و ڕێککردنەوە ڕووخساری هەیه.چونکە ئەوان وادەبینن،
بچووکردنەوە و ڕێککردنەوەی لووت دەبێت هۆی ئەوەی ڕووخسار وسیماییان جوانتر دەرکەوێت.
لە چیرۆکی(لووت)دا،چەندین شڵەژانی دەروونی و کەسی لە شاکەسی چیرۆکەکدا بەدی دەکرێت،کە ئەم هەموو شڵەژان و تێکچوونە شایەنی خوێنەوەیەکی دەروونی سەراپاگیرە بۆ دەقەکە.چونکە خوێندنەوەی دەروونی دەبێتە مایەی دەوڵمەندکردنی دەقە ئەدەبییەکە لایەکە و پاشان خوێنەر دەتوانێت زۆر به جوانی لە لایەنە شاراوەکانی دەقەکە بگات و سەرجەم ئەو پرسیار و گومانانەی چنگ کەوێت،کە بیر و هزرییدا کەڵەکەی کردووە.چیرۆکی(لووت)گەر خوێنەری ئاسایی بخوێنتەوە و بە چاوی چێژەوە بەسەر دێرەکاندا تێپەڕێت و درک به ڕەهەندە دەروونییەکانی نەکات،ئەوە تەنها چیرۆکێکی سادەی خوێندنەتەوە و هیچ تر.وەلێ گەر خوێنەرێکی چاوکراوە و درککەر بە دیقەتەوە قووڵبێتەوە بە نێو بە نێو ڕستەکان و لە پشت وشەکانەوە بۆنی نهێنییەکی تر بکات،ئەوە بۆ دەردەکەوێت،ئەم چیرۆکە تەنها چیرۆکێکی کەم ڕەهەند و سادە نییە،لە چوار پەڕەدا نووسرابێتەوە،بەڵکو چەندین ڕەهەندی دەروونی لە خۆگرتووە.

دووڵی و ڕاڕایی(وەسواسی.):
دووڵی و ڕاڕایی،یەکێکە لەو خوو نەرێنە دەروونییانەی کە ڕووبەری هەنێک له مرۆڤ دەبێتەوە.ئەو کەسەی تووشی ڕاڕایی دەبێت،هەمیشە نادڵنیاییە لەو کارانەی وەها ئەنجامی دەدات و چەندین جار ئەو کارە دووبارە دەکاتەوە.وەسواسی لەلایەن زانایانی دەروونناسییەوە بەم چەشنە پێناسە کراوە:”ئەو بیرۆکانەی کە لە هزری کەسەکان دووباره دەبێتەوە و ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات،و دەبێتە مایەی ناڕەحەتی بۆی،چونکە حاڵەتێکی بەردەوامی هەیە”(عزالدين مستەفا احمد،۲۰۱٤، ۲۹۳)یان بریتییە لە پەشێو و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام،کاتێك کەسەکە تووشی کۆمەڵێک بیرکردنەوە گوماناوی دەبێت دووبارەبوو دەبێتەوە،کە دەشێ پاڵی بنێت بەرەو هەڵسوکەوتی دووبارە.کەواتە واسواسی بیرکردنەوەیەکی بەردەوامی تاک لە شتێک یان کێشەیەک کە بوونی نییە یان شایەنی زۆر بیرکردنەوە نییە.بەڵام ئەمە ئەوە ناگەنێت،کە هەرکەسێک بۆ چەند جارێک کارێکی دووبارەکردەوە ڕاڕاییە،بەڵکو دەتوانیت ئەو کاتەکە بڕیار لەسەر ڕاڕابوونی ئەو کەسە بدەین تاکو ئەو کردارە لە خۆید دەکاتە نەریت و بۆ چەندین جار دووبارەی دەکاتەوه.
مرۆڤی ڕاڕا و دوودڵ،زۆرجار لە کارەکانی بە گومان و گەر خاترجەم بێت،لە ئەنجامدانی کارەکەشی ئەوە دووبارە دەگەڕێتەوە و سەرلەنوێ دووبارەی دەکاتەوە،بۆ نموونە:کەسێک لە ترسی نەخۆشییە گواستراوەکان و پەتەکان،چەندین جار دەڕواتە لای دەستشۆرەکە و دەستی دەشوات و هەندێجاریش،بە یەکجار و دووجار قایل نابێت و چەندجارێکی تریش ئەو کارە دووبارە و سێبارە دەکاتەوە.
دیارە ئەم نەخۆشییە دەروونییەش،کۆمەڵێک لێکەوتی خراپ و نەرێنی هەیە،چونکە”ئەم نەخۆشییە هەموو لایەنێک لە لایەنەکانی مروڤ پەکدەخات،لە نێوانیاندا ڕێگەی بیرکردنەوە و هەست و هەڵسوکەوت،هەروەها‌ نیشانەکان دەگۆڕێت،بە پێی بەهێزی وتوندی نەخۆشییەکە،هەندێک کاتێک زۆر توند دەبێت و هەندێک کات زۆر هێمن و ئارام.”(حصة بنت مسفر الغامدي،۲۰۱۹، ۹)ڕاڕایی و بەدگومان،هەر لە سەرەتایی چیرۆکەوە له شاکەسی چیرۆکی(لووت)دا بەدی دەکرێت و کارەکتەرەکە خەمی لووتی دەخوات و لێی بووە،بەبە گڕێییەکەی دەروونی.هەر وەکو چیرۆکنووس دەیگرێتەوە:

هەموو بەیانییەک پێش چوونە کوڵێج،بەرامبەر ئاوێنەی ژووری نووستن دەوەستا و بە وردی دەڕوانیی لووتە شکاوەکەی،زۆر خەمی دەخوارد.(كەمال سەعدی،۱۹۹۹ ، ۱۳)

لەبەر ئەوەی چیرۆکنووس دەستەواژەی(هەموو بەیانییەک)ی بەکارهێناوە ئەمەش کردارێکی دووبارەوە بووە و ئەگەر ڕاڕایش نەبێت،ڕەنگە لە داهاتوودا بەرەو ڕاڕایی پەلوپۆ بکێشێ.چونکە نەخۆشی واسواسی بەوە دەناسرێتەوە،کە بۆ چەندجارێک ڕەفتار و کارێک دووبارە دەکاتەوە.

گرێی خۆ بەکەمزانین:
خۆ بە کەمزانین،سیفەتێکی نائاسایی مرۆڤە دەروون ناساغەکانە.ئەو کەسانەی کە خاوەن دەروونێکی ناتەندروست و ناساغن،هەردەم لە ئاست دەوربەر و کەسانی چواردەورییاندا خۆیان کەمتر دێتە پێش چاو و پێیان وایه،ئەوان شایەنی ئەو شتانە نیین کە بۆیان دەستەبەر کراوە،یان ئامانجیانە بە دەستی بهێنن.
ئەمەش بۆ خۆی مەترسییە،بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە،دیاردەی پچڕ پچڕی خۆبەکەمزانین پەرەبسێنت بۆ گرێی خۆبەکەمزانین،چونکە ئەو دەمە ئم کێشە دەروون قوڵتر و قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەرکردنیشی پێویستی بە دکتۆری دەروونی و چارەسەر وەرگرتن و ڕێنماییە.

“داهێنەری زاراوەی(گرێی خۆ بەکەمزانین)،ئەگەرێتەوەبۆ باوکی تێۆری دەروونشیکاری(سیگمۆند فرۆید)،کە ئەم زاراوەی بۆ گوزارشتکردن لەسەر هەڵچوونە نەرێنەکان کە لە ترسێکی زۆری جەستەی یان هەستکردنێکی لە ڕادەبەدەر بەم کەموکورتییە”
(ماکبراید،ساڵــ،۷)ئەمەش یەکێکە لە گرێ دەروونییه گەورەکان و بەهۆی ئەو کەمورتییە بچووکانەوە کە لە مرۆڤەکاندا هەن،هەندێ کات جڵەوی بیرکردنەوە و تێهزرینی ئەو مرۆڤ بەرەو دۆڵی بیرکردنەوەی نەرێنی دەبن و لە بیابانی خۆ بەکەمزانین بەرەڵای دەبێ.خۆ بەکەمزانین،وەکو چەندەها نەخۆشی دەروونی تر،کاریگەر خراپی هەیە و هەمیشە کەسی خۆبەکەمزان وا هەست دەکات ئەو شایەنی هەندێک شت نییە،کە دەبنە بەشێک لە ژیانی ئەو.
هەم هەستەش،بە زۆری لە مناڵییەوە پەرەدەسێێت و پاش داهاتووی ژیانی ئەو کەسە دادەپۆشێت و خامی ڕەشی خۆبەکەمزانین هەموو کەسایەتی دەتەنێ.
لە گرنگترین ئەو هۆکارانەشی کارە دەکەن سەر پەیدابوونی ئەم هەست وەکو دەروونناس ئاماژەییان پێکردووە،بریتیین لە(تەنیایی و گۆشەگیری و هەڵهاتن لە ڕکابەرییەکان و زوو کەوتنە ژێر کاریگەری کەسانی ترەوە..و هەندێ هۆکاری تر)کە با کەسایەتی مرۆڤەکان لاسەنگ دەکەن و بەلای چەندین خووی نەرێنی دەروونییدا دەیانخەن

لە بارەی ناساندنی گرێی خۆ بەکەمزانینەوە وتراوە” بریتییە لەو هەستەی کە لای تاک دروست دەبێت،کە تاک هەست بە بێزاری و پەشۆکان و کەمی کەسایەتی دەکات،بەراورد بە کەسانی تر و هەوڵ دەدات ئەم خۆبەکەمزانییە به شتانێکی تر قەرەبوو بکاتەوە.”
(سهرابی،صدقي،۲۰۱۷، ٥)هەستی خۆبەکەمزانین،بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دروست دەبێت،یان”یەکێک گاڵتەی پێبکات یان بەبێتە مایەی گاڵتەجاڕیی”(روجیە موکیالی،۱۹٨٨، ۱۰۰)یان لە ئەنجامی کەموکورتییەک لە ئەندامەکانی جەستەییدا،یاخود نەتوانێت لە بوارەکانی خۆیدا چەندجارێک تووشی شکست بێت و چەند هۆکارێکی تریش…،بەڵام بە گشتی کەسی خۆبه کەمزان کەسایەتییەکی لاواز و بێبەرگی هەیە لە بەرامبەر ئەو کێشانەدا کە ڕووبەرووی دەبێتەوە و یەقەی دەگرن.ڕەنگە چەندین توانا و بەهرە و بگرە بلیمەتیش لەو کەسانەدا هەبێت،بەڵام بەهۆی دروستبوونی ئەم گرێیەوە،هەمیشە ئەو بەهرەییە لە ناخی خۆیدا دەشارێتەوە و دەرنابڕێت.

له چیرۆکی (لووت)دا،شاکەس بەهۆی کەموکورتیەکی بچووکەوە،کە لە سیما و ڕووخساریدا هەیە،هەستێکی خۆ بەکەمزانی لای دروستبووە لە ئاست مەعشوقەکەیدا،بێگومان ئەم جۆرە هەستە،هیچ نییه جگە لە کۆمەڵە وەهمێکی کەڵەکەبووی دەور بیرکردنەوە و خەیاڵاتی خودی کارەکتەرەکە.چونکە پزیشکە و ئەو کچەی خۆشی دەوێت دڵنیایی دەدەنێ و پێی دەڵێن:”دڵ لە دڵ مەدە،جوانی بۆ ئافرەت هاتووە،نەک پیاو.”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹، ۱٦)

تاکدەنگی(مۆنۆڵۆگ):
مرۆڤ هەچ کاتێک دوودڵ و ڕاڕا بوو،کە هەمیشە لەگەڵ خۆیدا قەسە دەکات و ئەو قەسەکردنەش،چەند جارێ دووبارە دەکاتەوە،تاکو دەبێتە دیاردەیەکی خودی و وەکو خوویەکی دەروونی لێ دێت.ئەم ڕاڕایەش هەندێک کات لە کەم و کورت بچووکی مرۆڤەوە ڕوودەدات،ئەو کاتەی مرۆڤ زیاد لە پێویست،بیر و خەیاڵی دەخاتە لای کەموکوڕییە بچووەکەکان و بە کێشە زۆر گەورە و بێچارەسەر لێیان دەڕوانێت.دیارە ئەم قەسەکردنەی شاکەس و ڕۆڵگیرەکانی ناو چیرۆک و ڕۆمان لەگەڵ خودی خۆیان پێیدەوترێت(تاکدەنگی)یان خۆدوانی یاخود تاکدوانی،کە زۆرجار توێژەرانی ئەدەبییەکانی کورد،بەهۆی ناشارەزاییان لە فەرهەنگ و زاراوە زمانی کوردیی،هەر زاراوە ئینگلیزییەکەیان بە ڕێنووسی کورد بەکەڵک بردووە.
لە بارەی ناساندی تاکدەنگییەوە(جمێس جویس)ی هەڵبەستوان و نووسەری ئیرلەندی سەدەی بیست،وتوویەتی:”تاکدەنگی ناوەکی بریتییە لە قەسەکردنی کەسایەتییەکی دیاریکراو،ئامانجێتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بیگوازێتەوە بۆ ژیانی ناوەکی،بەبێ خۆڵقورتاندنی نووسەر،چ بە لێدوان بێت،یان ڕاڤەکردن”(د.نیهان حسون سعدون،۲۰۰۹، ٤۷).
کەواتە تاکدەنگی سیماییەکی دەروونییانە لە خۆ دەگرێت و یان “تاکدەنگی بریتییە لە وتووێژی خودی شاکەسی چیرۆکە یان کەسی دووەمی چیرۆکەکە” (عادل نصورة محمد التمساحي،۲۰۲۰ ،۲)،بەڵام دەبێ ئەوەش بوترێت:کە تاکدەنگی هەر ئەوە نییە لە نێو چیرۆک و ڕۆمانەکاندا ڕەنگییان دابێتەوە،بەڵکو تاکدەنگی یەکێکە لە هەرە خوو دەروونییە دووبارەکانی ڕۆژانەی ژیان مرۆڤەکان،بەو پێی مرۆڤ چەندین جار دەکەوێت دۆخێکەوە،بۆ پێشهاتەکان پێشبینی و ڕاوێژ به خودی خۆی دەکات،ئەمەش بۆ خۆی جۆرێکە لە تاکدەنگی.

تاکدەنگی ڕۆڵێکی مەزن و گەورەیی هەیە،لە قوڵبوونەوەی بە نێو دەروونی کەسایەتی گێڕانەوەکاندا و لایەنە شاراوەکان و بیرۆکە نائاشکراکانی کاراکتەرەکان ئاشکرا دەکات،هەروەها ڕێگەیەکی چاکە بۆ ئەوەی خوێنەر ئاشنایی ژیان شاراوەکانی کەسایەتییەکان بێت،چونکە”لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە ڕۆماننووس دەچێتە قوڵایی هۆش و ناهۆشی کاراکتەر و لە دڵ و دەروونی کەسایەتییەکان ورد دەبێتەوە”(ڕێبوار ئیسماعیل،۲۰۲۲، ٤۲).
خاسیەتییەکی تری تاکدەنگی کەساتییەکان،درکاندنی شتانێکە لەگەڵ خودی خۆیاندا،بەبێ ئەوەی تر چیرۆکنووس دەسەڵاتی بەسەردا هەبێت،کە ڕێرەو و ڕەوتی چیرۆک و باری دەروونی و کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکان،دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو تاکدەنگییە.
“مۆنۆڵۆگ کە مرۆڤ(کەسانی چیرۆک)خۆی لەگەڵ خۆیدا قەسە دەدوێ و،بەبێ ترس لە(ڕەقیب)کەسانی تر،بە سەربەستی چی لە دڵدایە..حەز و ئارەزوو،ڕق و کینە،بڕیاری نهێنی،نیازی چاک و خراپ…هتد دەردەبڕێ.”(حوسێن عارف،۲۰۱۱، ۷٥)کەواتە بێدەنگی مرۆڤ،جۆره قەسەکردنێکی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا.
هەندێک کات،مرۆڤەکان بێدەنگن دەردەکەون،بەڵام پڕن لە ژاوەژاو و دەنگی ناوەکی،ئەو بێدەنگی جیا لە بێدەنگە بێپەرژێن و بێپەردەکانی تر،چەندین گفتوگۆی ناوەکی لە خۆ دەگرن و مایەی سەرنج و تێڕامانی بێبنن.”مۆنۆڵۆگی ناوەکی هەرچەندە بێ دەستێەوەردانی نووسەر لە ناخی کارەکتەرەوە هەڵدەقوڵێت،وەڵی پەیوەندییەکی پتەوی بە واقیعەوە هەیە و لە دواجاردا دەڕژێتە ناو کۆڵێ گێڕانەوەوه”.(حەمەسەعید حەسەن،۲۰۱۱، ۱٨)،ئەو دەوربەر و دۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییە،کە کارەکتەر ڕۆڵی تێدا دەبینێت،لە چیرۆک و ڕۆمانەکاندا،ڕاستەوخۆی کاریگەری دەبێت لەسەر دروستبوونی تاکدەنگی لە گێڕانەوەکەدا،بۆ نموونە هەندێک کات،شاکەسی چیرۆکەکاندا ڕووبەری کێشەیەک یان بەربەستێک دەبنەوە لە گێڕانەوەکەکاندا کە وا پێویست دەکات ڕاوێژ بە خودی خۆیان بکەن و لەگەڵ خۆیاندا بکەونە گفتوگۆ.
لە چیرۆکی(لووت)دا،لە چەند شوێنێک تاکدەنگی شاکەس بە زەقی تێیدا وێنەی داوەتەوە و دەتوانین تاکدەنگییەکان بەمشێوەیە ئاماژەی لێیەوە بکەین:

لەسەرەتایی چیرۆکەکەوە لە دوای چەند ریزێک دەسپێکردن و کرانەوەی چیرۆکەکە بە ڕووی دەروازەی وشەدا،چیرۆکنووس وای دەگێڕێتەوە:

“لەبری خۆیەوە دەیووت:تۆ بڵێی ناشرینی لووت نەبێتە کۆسپ لەڕێی ئەم خۆشەویستییە؟!”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹، ۱۲)

یاخود

“لە بیری خۆیدا دەیووت:تاقە هیوام ئێرەیە.تۆ بڵێی بەزەیی پێم نەیەتەوە و چارەم نەکات.هەر خۆی وەڵامێ خۆی دەدایەوە و دەیووت:خۆم نەخۆش نیم،تا بەزەیی پێمدا بێتەوە.”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹ ،۱۳)

وەکو لێرەدا دیارە،ئەم دوو تاکدەنگییە تاکدەنگی پرسیارییە و شاکەس پرسیاری لە خۆی کردووە و بەبێ ئەوەی لە چاودێر(ڕەقیب) بترسێت.چاودێریش ئەوە کەسە کە چاودێری خەڵکی دەکات،لە کارەکانییدا.

هەروەها لە جێگەی تری چیرۆکەکدا،شاکەسەکە”لەبیری خۆیدا ووتی:دیارە ئەوانەش وەکو من دڵدارن،خۆشەویستی پاڵی پێوەناون خۆیان بخەنە بەر چەقۆی دکتۆر.”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹ ،۱۳)

هەروەها لەم پارچە دەقەی چیرۆکەکدا،تاکدەنگی ئەگەریی دەردەکەوێت،چونکە کارکتەرە(دیارە)ی بەکارهێناوە و خاترجەم نییە،لە دەربڕینەکەی.

ترس لە دەربڕینی ڕاز و نیاز:
ترس،وەکو کێشەکی دوانەبڕاوی دەروونی مرۆڤ،وەکو مەرگ،وەکو سێبەر،هەمیشە و هەمیشه بە دوایەویتی و لێی دانابڕێت و دەست لە بەرۆکی بەرنادات.ترس تەنها کورتکردنەوەی دۆخێکی دەروونی بچووک نییە،لە نێو سێ پیتی کورتی نەبزوێندا.بەڵکو جیهانێکی فراوان و چەندین چەمکی دەروونی تر لە بازنەی خۆیدا کۆدەکاتەوە.
“ترس:هەڵچوونێکی ئاسایی و سروشتی مرۆڤە.
یەکێکە لەو حەوت هەستەی کە هەموو کەس لە جیهاندا ئەزموونی دەکات.ترس هەڕەشەی ژیان،یان جەستەیی‌،سۆزیی،یان دەروونی،ڕاستەقینەی و خەیاڵیش دروست دەبێت.”(کەنار یاسین عمر،سەلیم ڕەشید ساڵح،۲۰۲۲، ٥۰)هەروەها،چەندین جۆر و چەند لقوپۆی لێ دەبێتەوە.کە یەکێکە لە جۆرە هەرە سەرەکییەکانی ترس بەلای تاکەکانەوە،بریتییە له ترس لە دەربڕینی ئەو ڕاز و نیاز و نهێنیە پەنگخواردووانەی لە دڵ و دەروونی تاکەکاندا هەن.چونکە هەندێک لەو نهێنیانە دەرگا واڵاکردن لەسەرییان ئیتر دونیایەک لە وێرانە و نەهامەتی بۆ خاوەن نهێنی دەئافرێنن.

نهێنی و ڕاز ئەوە دوو چەمکە هاوواتایەن،کە مرۆڤەکان لە ناخی خۆیاندا هەڵیانگرتووە و نادرکێنن،بەڵام بەرامبەر کەسێک کە هاوڕاز و هاوخەمی ئەوان نەبێت.ترسیش تارماییەکی دەروونی ترە لە گۆمی ژیانی هەر یەکێکماندا پەنگ دەخواتەوە و پەنگ دەخواتەوە…یان تارماییەکەی نابەرجەستەی هەبووە،کە سێبەر بە سێبەر،هەتاو بە هەتاو،تاریکی بە تاریکی شوێن پێمان دەکەوێت و دەیەوێت لە لا کۆڵانێکی ژیاندا سەرسممان پێ لێدات و بمانخات بەسەر تۆقێنکی چاوەڕوان نەکراودا،کە ئێمە هەرگیز چاوەڕێی ئەو دڵبەردی و دڵڕەقییەمان لە ترسێکی بێبوون و بێوجوود و بێسوپا نەدەکرد.
هەندێک کات ترس لە دەربڕینی ڕاستەوخۆ،چاوگەی ترسە لە وەڵامی نەرێنی،واتا خاوەن ڕاز هەمیشە دەترسێت لەوەی تووشی وەڵامی نەرێنی بێتەوە لەلایەن کەسی ڕاز بۆ دەربڕەوە،بۆیە ئەو نهێنیە لە دڵ و دەروونییدا هەڵگرتووه،لە نێو چوڵەوانییەکی دڵییدا حەشاری دەدات،وەکو حەشاردانی مرواری و گەنجینەیەکی زۆر بە بەها و بە نرخ،لە ترسی چەتە و ڕێگرە قوڵبڕەکان.
ئەم دۆخه دەروونییە،لە چیرۆکی(لووت)دا درکی پێدەکرێت،ئەو کاتەی شاکەسی چیرۆکەکە دەکەوێتە داوی ئەڤینێەکەوە بەڵام هەرگیزواهەرگیز،ئەو بە ئەویندارەکەی ناڵێت و هەر بەچەشنەی کە هەیە،لە ناخ و دڵییدا حەشاری دەدات.بە خوێندنەوەی چیرۆکەکە تەواو لە مەبەستەکەمان تێدەگەن.

“زۆرجار دەیویست خۆشەویستی خۆی بۆ بدرکێنێ،لەو دوو دووڵییەی تیایەتی خۆی ڕزگار بکات،بەڵام جورئەتی نەدەکرد لەبیری خۆی دەیووت:تۆ بڵێی ناشرینی نەبێتە کۆسپ لە ڕێی ئەم خۆشەویستییە؟!”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹ ،۱۳)لێرەدا،شاکەس تەواو ترسی لە دەربڕینی ڕاز و نهێنیەک هەیە،کە قەڵای دڵ گەمارۆ داوه و دووچاری دوودڵییەکەی گەورەکەی کردووە،ئەو ترسەش،بریتییە لە دەڕبڕینی ئەڤینێکی پاک لە هەمبەر شۆخێدا.بە گشتی ترس لە دەربڕینی خۆشەویست بۆ ڕەگەزی بەرامبەر یەکێکە لەبەربڵاوترین ترسی تاکەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا،چونکە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی کوردییدا،ترس لە لێکەوتانە هەیە،کە پاش وەڵاکردنی دەروازەی خۆشەویست و ئەڤین بۆ کەسی بەرامبەر دەکەوێتە و ئیتر خەرمانەی ئەو ئەڤینە دەسوتێنیت،کە لە دڵییدا گڵێری کردۆتەوە.

یاخود لە شوێنیکی تردا دەڵێت:”ئەو کچەی خۆشمەوێ زۆر جوانە.تا خاوەنی ئەم لووتەبم،جورئەت ناکەم هەگبەی ڕازەکانمی بۆ هەڵڕێژم.”(کەمال سەعدی،۱۹۹۹، ۱٤).کەواتە لێرە ئەو ڕاستییە دەڵێت:کە هۆی نەدرکاندنی ڕازەکانی دەگەرێتەوە بۆ ئەوە ناڕێکی و ناشرینەی لە لووتییدا هەیە و هەر ئەمەش گەورەترین تەگەرە لەبەردەم درکاندنی ڕازەکانی.

خووی هۆگر بوون:
هۆگر بوون:بریتییە لە پێویست بوونی بونەوەرێک به شتێک،بەڵام پێویستییەکی لە ڕادەبەدەر و ئالوودانە و کە ئیتر نەتوانێت بێ ئەو بەرگەبگرێت.هۆگریش:”گیاندارێکە کە خووی بە شتێکەوە گرتبێ.”(شێخ مەحەمەدی خاڵ،۱۹٥۹، ٥۰٤)،هەروەها هۆگر بۆ ناولێنانی کوڕانیش دەبێ.لە(فەرهەنگی ئەناهیتا)لە بەرانبەر هۆگر،هاوواتاکانی:ئۆگر،دەستەمۆ،ڕام ماڵی، هاواڵ هاتووە.
هۆگربوون،یەکێکە لە نەرێنیترین ئەو خوو دەروونیییانەی کە دووچاری مرۆڤەکان دەبێت و
لە ئەنجامی گرنگدانێکی لە ڕادەبەردە بە شتێکەوە و کە ئیدی نەتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت،یان خۆی لێ بە دوور بگرێت.”زۆرجار مرۆڤەکان هۆگربوون بە خۆشەویستی دادەنێن”(کنێر عەبدوڵڵا،۲۰۱۳، ٦۰)بەڵام ئەمە تا ڕادەیەک هەڵەیە،چونکە مرۆڤ گەر هۆگری شتێک بێت،مەرج نییە خۆشبوێت،یان شتێکی خۆشویست مەرج نییە،هۆگری بێت،کەواتە هۆگری و خۆشەویستی دوو چەمکی تەواو جیاواز و هەریەکیان لە دیدگا و گۆشەنیگایەک دەڕواننە ژیان و دەروونزانی.

دەبێت ئەوەش بڵێین:کە هەستی عاشقبوون یەکێکە لەو ڕەهەنده دەروونییانەی کە سەراپای چیرۆکەکەی لە خۆیدا پێچاوەتەوە و هەر لە دەستپێک و سەرەتایی چیرۆکەکە درکی پێدەکرێت،تاکو کۆتایی چیرۆکە و چپاندنی مەعشوق بە گوێی عاشقدا.خۆی لە ڕاستییدا،تەوەری سەرەکی چیرۆکەکە،هەر لە سەر خۆشەویستن و عیشق دامەزراوە و کێشە دەروونییەکانی شاکەسیش لە ئەنجامی عاشقبوونەوە پەرەدەسێنن و دەبنە بە نسکۆی دەروونی.
“وێرای بوونی ئەو جیاوازیانە لە نێوان هۆگربوون و خۆشەویستیدا،بەڵام دەتوانرێت بوترێت خۆشەویستی لە دەرئەنجامی هۆگربوونێکی سادە و بەردەوامەوە دروست دەبێت ئیدی قۆناغ بە قۆناغ بەردەوامێتی دەبێت و گەشە دەکات و وای لێدەکات دوا قۆناغ کە خۆشەویستییە له کۆمەڵدا و لە نێوان خودی مرۆڤەکاندا زۆرجار قوربانیدان دەبێتە خەسڵەتێکی مرۆڤەکان.”(کنێر عەبدوڵڵا،۲۰۱۳، ٦۳)
وەڵی دەبێ ئەوەش بزانرێت،کە خۆشەویستەیەکی سەخت بۆ خۆی جۆرێکە لە هۆگربوون،چونکە ئەوە کەسە بە سەختی و توندییەوە ئەڤین و خۆشەویستی کەسێک لە دڵییدا دەچەسێت،ئیتر بە تەواوەتی هۆگری دەبێت و بێ ئەو و دیداری ئەو،بۆ ساتێک هەڵناکات.
خووی هۆگربوون،بێگومان ئەم جۆره هۆگربوونەیان، لە کەسایەتی شاکەسی چیرۆکی(لووت)دا،زۆر به ڕوونی بەدی دەکرێت،ئەی دەمەی هۆگری مەعشوقەکەی بوو و دەیەوێت پێش وادەی تەواوبوونی خۆێندنی زانکۆی پێی بڵێیت خۆشمەوێت
و بڵندترین لووتکەی دڵی بێنتە لەرزە لە پێش پێیدا.

ڕەنگە هەستی خۆشەویستی پەل بکێشێت بۆ هۆگربوون،هەروەکو ئەو هەستی لە شاکەسی چیرۆک (لووت)لە ئەنجامی ئەوخۆشەویستییەوە تەواو هۆگری ئەو کچە بوو،کە خۆشویست.
وەکو چیرۆکنووس دەیگێرێتەوە:”شەرم دایگرت.ویستی قەسەیەک بدۆزێتەوە و ڕاستییەکەی پێ نەڵێ.له دەمی دەرچوو ووتی:خۆشمەوێ.(کەمال سەعدی،۱۹۹۹، ۱٤)کەواتە خۆشویستی شاکەس لێرەدا بە تەواوی گۆڕاو بۆ هۆگربوون و سیماییەکی هۆگرانەی وەرگرتووە،بە ڕادەیەک کە نەیتوانیەوە خۆی لێ بدزێتەوە.

دەرئەنجام:

لە ئەنجامی ئەو توێژینەوە دەروونییەی کردوومانە،گەیشتووین به ڕاستی کە شاکەسی چیرۆکەکە بەهۆی ئەو کەموکورتیەی لە لووتییدا هەیە،تووشی چەندین گرفتی دەروونی هاتووە،وەکو(ڕاڕایی و دوودڵی،گرێی خۆبە کەمزانین،خووی هۆگربوون،ترس لە دەبڕینی ڕاز و نیاز.)هەروەها تاکدەنگی ڕۆڵێکی کاریگەریی هەیە،لە پەردە لادان لەسەر لایەنە شاراوەکانی شاکەسی چیرۆکەکە.

سەرچاوە کوردییەکان:

١.کەمال سەعدی،کۆمەڵە چیرۆکی تڕحێو،۱۹۹۹.

۲.هەڵمەت بایز ڕەسوڵ،ڕەهەندی دەروونی لە چیرۆکەکانی شێزراد حەسەندا،۲۰۱۲.

۳.عزالدین احمد عزیز،بنەماکانی دەروونزانی گشتی،۲۰۱٤.

٤.هێمن مەحەمەد زۆراب،خۆشەویستی لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە،۲۰۱٥.

٥.حەمه سەعید حەسەن،هونەری نووسینی چیرۆک،۲۰۱۱.

٦.پێشڕەو عەبدوڵڵا،سایکۆڵۆژیای شیعری کوردی،۲۰۱۲.

۷.کەنار یاسین عومەر،سەلیم ڕەشید ساڵح،شەرم و دڵەڕاوکێ لە ڕۆمانی(لاکێشە ڕووناکەکان)عەبدوڵا سەراجدا،۲۰۲۲.

٨.ئارام عمر علی،ئاوات حسن والی،هەڵچوون وەکو دیاردەیەکی دەروونی لە دەقی( ئێستا کچێک نیشتمانمە)ی شێرکۆ بێکەسدا.۲۰۱۹.

۹.کنێر عەبدوڵا،تۆم خۆشدەوێت،ئەی تۆ،۲۰۱۳.

۱۰حسێن عارف،نووسینەکانم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵێنەوەدا.۲۰۰۲.

۱۱.د.شکری عزیز ماضي،وەرگێڕانی،پ.ی.د سەردار ئەحمەد گەردی،ساڵــ.

۱۲.لە عەرەبییەوە سەنگەر زراری،کۆمەڵە نووسەر،۲۰۲۱.

۱۳.حەمە مەنتک،مێتۆدەکانی ڕەخنەیی ئەدەبی،۲۰۱٨.

۱٤میلان کۆندیرا،وەرگێڕان کەریم پەڕەنگ،هونەری ڕۆمان،۲۰۰٨.

سەرچاوە عەرەبییەکان:


۱٥.روجيه موكیالي،ترجمة موريس شربل،عقدة نفسية، ۱۹٨٨

۱٦.و.ج.ماكبرايد،مركب نقص و عقدة نفسيیة،

۱۷.تورج سهرابي،حامد صدقي،دراسة تاثير العقد النقص في هجو بشار بن برد،۲۰۱٥

۱٨.مهدي نودهي،عباس كنجلي،حسن شمس ابادي،اشكال توفيق بين دوينة و تعويض في قوة ادونیيس و شاملو الابداعية,۲۰۱٨

١٩.د.سامي الدروبي،علم نفس و الادب،ساڵ ــ

۲۰.د.محمد عیسی،القراء نفسية في نص الادبي،۲۰۰۳

۲۱،جان بیلمان نويل،التحیلیل النفسي و الادب،۱۹۹۷

۲۲.حامد العبدالقادر،دراسات علم نفس الادبي،ساڵــ

۲۳.عبدالقادر الطیب،القراء نفسيیة،القصيدة العربية معاصرة،۲۰۱٥

۲٤.نعيمة انسان،اتجاهات نقد القصة القيصرة في الجزائر،۲۰۱٥

۲٥.بخوش وليد،محاضرات مدخل علم نفس،۲۰۱۷

۲٦.حصة بن مسفر غامدي،الوسواس القهري،۲۰۱۹

۲۷.عبدالمحسن طة بدر،حول الادیب و الواقع،۱۹٨۱

۲٨.اسامة فراحات،مونولوج بين دراما و شعر،۱۹۹ع

۲۹.عادل نصورة محمد التسماحي،بين مونولوج داخلي و خصوصية التشكیل مقاربة في رواية”ستر”
۲۰۲۰

۳۰.ندی الحسن محمد،فاعلية‌ الحوار في قصص الجمال نوري ـ دراسة تحليلة.

۳۱.د.نبهان حسون السعدون،الحوار في القصص علي فهادي:دراسة تحليلية.۲۰۰۹

فەرهەنگەکان:
۳۲.شێخ محمدی خاڵ،فەرهەنگی خاڵ،۱۹٥۹.

۳۳.فەرهەنگی هاوچەرخی کوردی،لینک…

لینكی PDFی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی كه‌مال سه‌عدی لێره‌وه‌ دابگره‌.

هاوبەشی بکە