دیدی من – بەختیار حەمەسوور
سەرپەرشتیاری پەڕاو: ڕێباز تاهیر
«جووڵە چیرۆک دروست دەکات.» ئەمە ڕێسایەکی بنچینەیی چیرۆکە، تەنانەت لە حەکایەت و داستانە زارەکییەکانیشدا بۆ ئەوەی هێڵێکی درامی پێک بێت، پێویستە جووڵەیەک هەبێت، جووڵەیەک کە جووڵێنەر و بزووێنەری کۆی ڕووداوەکان بێت. دەمەوێت لەم ڕێسا بە ڕواڵەت سادە هاوکات قورسەوە چەند سەرنجێک لەسەر چیرۆکی «ماسیی ڕەشی بچکۆلە»ی سەمەد بێهرەنگی بنووسم.
لە ڕووکاردا ئەم چیرۆکە بۆ منداڵان خۆی دەناسێنێت. بەردەنگی تێکڕای چیرۆکەکانی سەمەد بێهرەنگی منداڵ و ئەو دنیا بەرینەیە، بەڵام هاوشێوەی زۆر چیرۆکی تر، لەوانە: «شازادە چکۆلە»ی ئانتوان دۆ سانت ئێگزۆپێری، «پیپیی گۆرەودرێژ»ی ئاسترێد لیندگرین، «هایدی»ی یۆهاننا شپێری، «سەرکێشییەکانی ئالیس لە جیهانی سەیروسەمەرە»ی لویس کارۆڵ و… «ماسیی ڕەشی بچکۆلە»ش دەتوانێت لە ڕووبەرێکی فراواندا خوێنەر و گوێگری تەمەن جیاواز جیاواز لە دەوری خۆی خڕ بکاتەوە. لەبەر چییە ئەم چیرۆکانە وان؟ ڕەنگە وەڵامی ساکار بەو پرسیارە خودی ئەو ئایدیا جەوهەرییە بێت کە لەپشت هەریەک لەو چیرۆکانەوە هەیە، ئایدیایەک کە لە توانایدایە مەودای تەمەن و ساڵ بسڕێتەوە و ئینسان بخاتە سەر هەوا و ئەندێشەی قووڵی بیرکردنەوە.
چیرۆکەکە بە فەنتازیایەکی سادە دەست پێ دەکات، فەنتازیایەک نزیک بە حەکایەتی «هەبوو… نەبوو»، بەڵام لەپشت ئەو فەنتازیایەوە هەوڵ و هاندان هەیە، تەقەللا بۆ شتێک، بیرت دەخاتە گەڕ، داینەمۆی ئەوەش «جووڵە»یە، ئەم جووڵەیە هەستان نییە لە جێیەکەوە بۆ جێیەکی تر، بەڵکو گەڕانە لە بەرگی گەڕۆکدا بەرەو دنیایەکی تر، دنیایەک کە سەرتاپا نامۆ و نوێیە، ئەگەر دەتەوێت تۆیش لەگەڵمان بێیت، وەرە، بەو مەرجەی شوێنپێی ماسیی ڕەشی بچکۆلە ون نەکەی.
«ماسیی ڕەشی بچکۆلە» حەکایەتە لە چیرۆکدا، حەکایەتی ماسییەک کە چیدی بەو ژینگە و بارودۆخە دووبارەبووەوەی تێیدا دەژی ڕازی نییە و دەیەوێ لێی بڕوات، گرنگ نییە بەرەو کوێ. گێڕەوەر ماسییەکی پیرە، حەکایەتی ماسییە بچووکەکە بۆ ئێمە و دوانزە هەزار ماسی تر دەگێڕێتەوە:
«هەبوو… نەبوو، ماسییەکی ڕەشی بچکۆلە لەگەڵ دایکیدا لە ڕووبارێکدا دەژیا، ئەم ڕووبارە لە قەدپاڵی کەنەکی شاخێک دەهاتە دەر و نەرمونیان بە دۆڵێکدا خۆی لوول دەدا.»
ئەم ماسییە ڕەشە و چکۆلە، خەونی هەیە، گەورە و دنیاداگر. سەبارەت بە خەونەکەی دەیەوێ لەگەڵ دایکیدا بدوێ، مەسەلەیەکە و بۆی گرنگە، دەزانێت بڤە و دژ بە نەریتە، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی داوە: «دایکە دەمەوێ بڕۆم. دەمەوێ بزانم کۆتایی ئەم ڕووبارە کوێیە، دەزانی دایکە! من چەند مانگە لەبیری ئەوەدام کۆتایی ڕووبارەکە کوێیە. هێشتا نەمزانیوە. لە دوێشەوەوە چاوم لێک نەناوە و لەو بیرەدا بووم. تا بڕیام دا خۆم بڕۆم کۆتاییەکەی ببینم، حەزم لێیەتی بزانم لە وڵاتان چ باسە.»
لەو پاراگرافەدا، کە لە کۆمەڵێک وشەی سادە پێک هاتووە، هەموو مەرجەکانی خەونێکی دیتراوی بە ئازادی و سەربەستییەوە تێدایە، ئەم وشانە پڕن درەوشانەوە و شەپۆلدان، پڕن لە جووڵە و بزووت، لێرەوە چیرۆک سەرپێ دەکەوێ، ماشێنی گێڕانەوە گوڕ و گرمەگرم بە ڕاستوچەپدا خول و پێچ دەکات. ئەم بڕیارەی ماسیی ڕەشی چکۆلە لێوانلێوە لە سەرکێشی، لە ڕوودا وەستانەوەیە، «نا»گوتنە بە یاسای ئاسنینی باوک و باو، لەپێناو کنەوپشکنی دنیا، ترازانی دەرگایە بۆ سۆراخ و بینینی ئەودیو ماڵەوە کە جیهانە، شڵەقانی کڕی و کپییەکە هەمووان پێی ڕازین. ئەم بڕیار و جووڵەیە هێزێک لەگەڵ خۆی پێک دەهێنێت، لە سەرەتادا ڕەنگە بڵێیت لە توانای ماسییەکی وەها بچووکدا نییە و ئەو زۆر لەوە لاواز و لەرزۆکترە دەرەقەت بێت، بەڵام لە درێژەی ڕێڕەو و ڕێبڕینەکەیدا دەیبینین ئەو هێزە وزەیەکی وەهای هەڵگرتووە، دەتوانێت ئەوانیتریش بخاتە سەر کەڵکەڵەی جووڵە و جیاوازبوون لەپێناو کەشفی دنیا و جوانیدا.
ئەگەر بمانەوێ ئەم «جووڵە» لە ڕوانگەی هونەری چیرۆکەوە بیخوێنینەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین بێ ئەم جووڵەیە، «ماسیی ڕەشی بچکۆلە» نەیدەتوانی ئەم چیرۆکە بێت کە ناسراوترین بەرهەمی نووسەرە. لەم جووڵەدایە چیرۆک دەقەومێ. ئەم جووڵەیە هەر بەتەنها بزووێنەری فۆرمی چیرۆکەکە نییە، بزووێنەری ناوەرۆکەکەشیەتی، لەگەڵ خۆیدا هەموو شتە جێگیرەکان دەلەقێنێت، ئێمە دواتر شایەتی ئەو زەحمەتی و مەترسیانە دەبین کە دێنە ڕێی ماسیی ڕەشی چکۆلە و سەفەرە درێژەکەی، بەڵام دەشبینین چۆن بەسەر ئەو بەربەستانەدا سەردەکەوێت کە دەبن بە ڕێگر و پێگر لە بەدیهێنانی خەونەکەی، چیرۆکەکە لەسەر تەوەرەیەکی پتەو و تۆکمە هەڵچنراوە، داکۆکی لە خەونێک دەکات باجەکەی ئەگەر بە خودی ژیانیش بێت.
ئەم جووڵەیە لە دەرەوەی چیرۆکیش بە بڕشتە، بە ئامادەکردنی وەک دەقێک، دەتوانرێت بخرێتە سەر تەختی شانۆ و بنوێنرێت، چونکە خاوەنی جووڵەیەکی درامییە، پڕە لە هەڵکشان و داکشان، شێوەی پێشاندانی بەخۆوە گرتووە، هەر ئەوەشە وا دەکات بتوانرێت لە فیلمێکی سینەماییشدا پێشکەش بکرێت.
ئەم چیرۆکە وەک چۆن دەتوانێت وزە و ورە بە خەیاڵ و فەنتازیای منداڵ بدات، دەتوانێت ختووکەی خەون و خەیاڵی گەورەکانیش بدات. ڕەنگە ناسراوی و بەردەوام چاپکردنەوە و وەرگێڕانی ئەم چیرۆکەش هەر لەو سۆنگەیەوە بێت (ئەوەندەی ئاگادارم بم تا ئێستا بە زمانی کوردی پێنج وەرگێڕانی جیاواز بۆ ئەم چیرۆکە بەردەستە). «ماسیی ڕەشی بچکۆلە» لە چەشنی ئەو چیرۆکانەیە سەر بە هیچ شوێن و زەمانێک نیین، بەڵام دەتوانن بچنە هەموو سەردەم و شوێنێکەوە. پێم وایە «جووڵە» و «بڕیار»ێک کە کۆی چیرۆکەکەی لەسەر بونیاد نراوە، ئایدیایەکە هەمیشەیی، لەگەڵ ڕەوگە و ئاراستەی ژیاندا دەتوانێت بەردەوام ڕێ بکات، لە هەر جێیەکدا چەقبەستوویی و دۆگما هەژموونی پەیدا کرد، لە هەر جێیەکدا ژیان بوو بە بارگرانییەک لە ڕۆتین و دووبارەیی، جووڵەی ماسیی ڕەشی بچکۆلەت بیر بێتەوە، بجووڵێ، دژ بە ڕەوت، بەو بیرانەی تووشی جووینەوە هاتوون، بەو جێیانەی بوون بە زۆنگاو، جێی بهێڵە، دڵنیابە هەر خۆت نیت، ماسییەکی سووری چکۆلە و زۆری تریش هەن بە شوێن تۆدا دێن، تاک تاک و پۆل پۆل.
Copyright © 2025 DidiMn.com. All rights reserved.