08/05/2024
DidiMn Logo
Top

یاری تەختە پاشاییەکان: جەنگێک لە نێوان واقیع و خەیاڵدا کە واقیع بردوویەتیەوە

لە لایەن دیدی من 8 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – یۆڤاڵ نوح هەراری
لە ئینگلیزییەوە: هێڤی سامان

یاری تەختە پاشاییەکان شانۆیەکی شەیکسپیرییە کە بە تێکەلەیەک لەگەڵ فیلمە زۆمبییەکان. زنجیرەکە سەرنج دەخاتە سەر پرسیارێک، “هێز و دەسەڵات چییە؟” لەگەڵ ئەوەشدا لە ساتەوەختە هەرە کاریگەرەکانیدا پێشنیاری تێڕامانێکی چێژ بەخش دەکات لەسەر ناجێگیری دەسەڵات. لەکاتەکانی تردا، تاکە شت کە بیکات ئەوەیە کە بینەرەکانی بە دوایین دەرەنجامە تایبەتەکانی قەسف دەکات.

ژانرە دژ بەیەکەکان لە خودی مێژووی وێسترۆس خۆیدا ڕەنگی داوەتەوە، کە دەکرێت وەکو جەنگێکی داستان ئامێزی نێوان واقیع و خەیاڵ لێی بڕوانرێت. پلۆتی زنجیرەکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر خێزانێک، خێزانێک کە بەدەر نییە لە کەم و کوڕی بەڵام لەهەمان کاتیشدا ڕاستەقینەخوازە – ئەویش خێزانی لانستەرەکانە­­ – کە لە ململانێیەکی نائومێد و تاڕادەیەک بێ چارەدا بوون لە دژی کۆمەڵە هێزێکی تەشەنە سەندووی وەکو هێزە ئەهریمەنییەکان، جادووییەکان، وە سەرووسروشتەکان.

لە بەرەی خۆرهەڵات، لانستەرەکان ڕووبەڕووی دینێریس تارگاریان دەبوونەوە، کە دینێریس دەیتوانی بەناو ئاگردا بڕوات بەبێ ئەوەی هیچی لێبێت، وە بۆ سووتاندن و تۆقاندنی دووژمنەکانی پشتی بەستبوو بە ئەژدیها دڕندەکانی. بە نیسبەت بەرەی باکوور، خێزانی ستارک تاڕادەیەک لە سیاسەت و داراییدا  خراپ بوون، بەڵام خێزانەکە خاوەنی کچێکی بکوژی شێوەگۆڕ بوو، وە کوڕێک کە بوو بوو بە “قەلەڕەشە سێ چاوەکە”، کە چێژی لە دیاری بینینی خودایی دەبینی، هاوکات خێزانی ستارک خاوەنی زڕ کوڕێکیش بوون کە عیسا ئاسا گیانی بۆ مرۆڤایەتی بەختکرد و دواتر بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا گەڕایەوە بۆ ژیان. تەنانەت دوورتر لە باکوور، تۆقێنەرترین و ئەتوانین بڵێین بێزارکەرترین دووژمن لە چاو هەموواندا، خۆی حەشاردابوو: سووپای مردووەکان بوو، کە بێ وچان باشووریان کۆکردبۆوە بەمەبەستی داگیرکردنی وێسترۆس و لەناوبردنی تەواوی ژیان. [خۆشبەختانە سووپای مردووەکان زۆریان پێچوو، بۆیە کات زۆر بوو بۆ ڕووداوە چێژبەخشەکان کە ڕووبدەن.]

تاماوەیەک، ئەوەی کە بە دەرەجە یەک بۆ لانستەرەکان جێگای مەترسی بوو، نە ستارکە شێوەگۆڕەکان، نە ئەژدیها ئاگر وەشێنەکان نەبوو، بەڵکو ستانیس بەراثیۆن بوو­­- پێشبڕکێکارێکی دیکەی تەختی پاشایەتی­­­- کە پایتەختی کینگز لاندینگی گەمارۆ دابوو. ستانیس هەرچەندە بەڕواڵەت ژەنەڕاڵێکی بێ بەزەیی بوو، بەڵام لە ڕاستیدا بەردەستەیەکی ژنە جادووگەرە سوورەکە بوو ­– کە دەیتوانی بە جادووی ڕەش دووژمنەکانی لەناو ببات و ئەهریمەن بهێنێتە دنیاوە، وە لەگەڵ ئەوەشدا لە توانایدا بوو مردوو زیندوو بکاتەوە. دواتر لانستەرەکان خەریک بوو کۆنترۆڵی کینگز لاندینگ لەدەست بدەن  بۆ کەڵتێکی ئایینی دەمارگیر کە لەلایەن قەشەیەکی ڕەشوڕووت و برسی دەسەڵاتەوە ڕابەری دەکرا.

سەرەڕای ئەم گەمارۆدانە بێ وێنەیە، لانستەرەکان هەرگیز مرۆڤایەتی یاخود واقیعی خۆیان لەدەست نەدا. لەکاتێکدا ڕکابەرەکانیان پەنایان بردبووە بەر سیحر و جادوو و خورافە، لانستەرەکان بەتەواوی پشتیان بە زانست و دارایی و سیاسەت بەستبوو بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتیان بەسەر تەختی پاشایەتی و هەر حەوت شانشینەکەدا.

لانستەرەکان لە سەرەتادا سەروەت و سامانەکانیان لەڕێگەی کانە ئاڵتوونییەکانەوە بەدەست دەهێنا و دروشمی خێزانەکەشیان ئەوە بوو کە هەمیشە قەرزەکانیان دەدەنەوە. چەند ڕاستەقینەخوازن – بەتایبەت کاتێک بەراوردی دەکەیت بە دروشمە دواڕۆژ بینەکەی ستارکەکان کە دەڵێت، “زستان بەڕێوەیە.” یاخود دروشمە تەمومژاوییەکەی گرەیجۆییەکان کە دەڵێت، ” ئەوەی مردووە هەرگیز نامرێت.” لە وەرزی یەکەمی زنجیرەکەدا لانستەرەکان ستارکەکانیان بەزاند  و دەستیان بەسەر تەختی پاشایەتیدا  گرت لەڕێگەی تاکتیکێکی ئاسانەوە کە ئەویش بەرتیلدانە بە پاسەوانی شارەکە – شتێکە کە ستارکەکان تەنانەت بە خەیاڵیشیاندا نەهات. لە وەرزەکانی دیکەی زنجیرەکەدا، لانستەرەکان تەواوی توانا سیاسی و داراییەکانیان  لە دژی ستارکە ناتەبیعییەکان خستە کار، و لەڕێگەی فێڵ و تەڵەکە و کوشتن و هاوسەرگیری زیرەکانەی هاوپەیمانەکان، توانیان ڕۆب ستارک ببەزێنن وتەنانەت ماڵی سەرەکی ستارکەکانیش کە وینتەرفێڵە، دەستی بەسەردا بگرن.

کاتێک ستانیس بەراثیۆن هێرشی کردە سەر کینگز لاندینگ، لانستەرەکان بە کیمیک بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە: بەجۆرێک کە بارووتیان دروستکردبوو بۆ سووتاندن و لەناوبردنی کەشتیگەلە جەنگییەکەی بەراثیۆن. کاتێک کە کەسە ئایینییە دەمارگیرەکان خەریکبوو دەست بەسەر پایتەختدا بگرن، بارووت دووبارە سوودی خۆی هەبوو، بۆیە سێرسی لانستەر تەواوی بزووتنەوەی تووندڕەوەکانی لەناوبرد ئەویش بە تەقاندنەوەیان لەناو کەنیسەی سەرەکی شارەکەدا.

پاشان کاتێک سێرسی ڕووبەڕووی ئەژدیها نەبەزێنراوەکانی دینێریس تارگاریان بووەوە، ئەمجارەیان لەبری کیمیک ڕێگای فیزیکی گرتە بەر. ئەندازیارێکی ڕاسپارد کە تیروکەوانی زۆر گەورە دروست بکات کە لە توانایدا بێت دڕندەکان لە ئاسماندا بپێکیت و پێستی ئەستوور و ئێسکی ئەژدیهاکان کون بکات. دواتر، ئەو ستارکەی کە زیندوو بووبۆیەوە( جۆن سنۆو) سەربازێکی زۆمبی لە سووپای مردووەکان بەدیل گرت و خستییە سەر پشتی ئەژدیهایەک و بەرەو کینگز لاندینگ فڕی بەمەبەستی چاوترسێنکردنی لانستەرەکان. سەرەڕای ئەوەی سێرسی دڕندە تۆقێنەرەکە (سەربازە زۆمبییەکە)ی بینی، زۆر گرنگی پێ نەداو بەردەوام بوو لە پشت بەستن بە دارایی. *سێرسی وا خۆی دەرخست کە قایلە بۆ ئەوەی ستارکەکان و شاژنی ئەژدیهاکان فریو بدات، لەکاتێکدا کە لە ڕاستیدا سەرقاڵی قەرزکردن بوو لە ئایرۆن بانک بە مەبەستی پێدانی مووچە بە سووپایەکی نوێی بەکرێگیراو و گواستنەوەیان بۆ وێسترۆس.

کاتێک کە دوا وەرزی زنجیرەکە دەستی پێکرد، زۆمبییەکان، ئەژدیهاکان، شێوەگۆڕەکان (ستارکەکان)، قەلەڕەشە سێ چاوەکە، سنۆو’ی عیسا ئاسا، هەمووان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ دواین جەنگی سەخت، کەچی سێرسی لانستەر خەریکی وەبەرهێنان بوو لە ئەندازیارەکان، بانکەرەکان، و سەربازە بەکرێگیراوەکاندا.

بەر لە سێرکردنی دواین چاپتەرەکان، هیواخوازبووم کە ئەژدیهاکان و زۆمبییەکان یەکتری لەناو ببەن، وە تەختی پاشایەتی بۆ سێرسی لانستەر جێبهێڵن، کە بتوانێ لێهاتووی خۆی لە سیاسەت و دارایی و زانستدا بەکاربهێنێت بۆ ڕابەریکردنی سەردەمێکی نوێی ئاڵتوونی بۆ هەر حەوت شانشینەکە. بەڵێ، دەزانم کە سێرسی تاوانکارە خراپەکەیە. بەڵام، وەکو مێژوونووسێک، ئەو ڕاستییە لەبەرچاو دەگرم کە ئەو بەردەوام ڕێگە چارەی واقیعی بۆ کێشە واقیعیەکان گرتۆتە بەر، لە کاتێکدا ئەوانی تر یان لە دوای چارەسەرە خەیاڵییەکان بوون بۆ کێشە واقیعیەکان یاخود بەتەواوی کێشەکانیان پشتگوێ خستووە. ( دینێریس تارگاریان بە نموونەیەکی بەرچاو دەهێنمەوە، کە لەتوانایدا نەبوو ئاشتی لە تەنها شارێکیشدا بەرقەرار بکات بەبێ یارمەتی ئەژدیهاکانی). سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەرگیز دیار نەبوو کە چی شتێک بەو ڕادەیە سێرسی خراپکردبوو. سێرسی شەخسییەن کەسێکی خۆپەرست و خراپ بوو، خیانەتی لە زۆرێک لە بورژواز و سیاسەتمەدارەکانی هاوشانی خۆی کرد و کوشتیانی، بەڵام چی ستەمێکی دەرهەق بە خەڵکی بێتاوانی سیڤیل کرد؟

مایەی داخە، سەردەمی ئاڵتوونی لانستەر هەرگیز نەهاتە ئاراوە. ڕاستە، هەریەکە لە زۆمبییەکان و ئەژدیهاکان خۆشبەختانە بە شێوەیەکی خێرا لە وێسترۆس چوونەدەرەوە. بەڵام لە کۆتاییەکی چاوەڕواننەکراودا بەرهەمەکانی سەرکەوتن درایە دەستی ستارکە نەشارەزاکان، لەکاتێکدا کە سێرسی و جەیمی لانستەر لەژێر دارو بەردی کۆشکە داڕماوەکەدا مابوونەوە. وادیارە لە کۆتایدا دروستکەرەکانی زنجیرەکە توانای داهێنانی بیرۆکەی نوێیان نەماوە، بۆیە ئاسانترین ڕێگە چارەیان هەڵبژاردووە و ڕێگەیان داوە کە خەیاڵ بەسەر واقیعدا سەربکەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا واقیع گۆڵی خۆی کرد. (یارییەکەی بردەوە). لە دواین دیمەنەکانی زنجیرەکەدا، بۆمان دەردەکەوێت کە بە هیچ جۆرێک هیچ شتێک نەگۆڕا. لە دوای حەوت وەرز، کۆمەڵێ جەنگی بێشومار، ملیۆنەها مردوو، ژمارەیەکی زۆر دەست تێ وەردانی سەروسروشت، سیستمی کۆمەڵایەتی-سیاسی وێسترۆس، بەتەواوی وەکو خۆی مایەوە، بە کۆمەڵێک بورژوازەوە کە لە ئەنجوومەن دانیشتوون و تاوتوێی ئەوە دەکەن کە چۆن پارە بۆ کەشتیگەل و بنیادنانی شوێنە سۆزانییەکان دابین بکەن. بێگومان لەو باوەڕەدا بوویت کە ڕوبەرووبوونەوەی ئەژدیها ئاگر وەشێنەکان و شەڕکردنی سووپایەک لە مردوو و زیندووەکان کاریگەرییەکی باشتری لەسەر خەڵک دەبوو.

*سێرسی لانستەر وا خۆی نیشاندا  کە قایلە بە هاوپەیمانێتی  لەگەڵ ستارکەکان و شاژنی ئەژدیهاکان، و بەڵێنی ئەوەی دانێ کە لە پاڵیاندا دەجەنگێ دژی سووپای مردووەکان، بەڵام لە ڕاستیدا وا نەبوو.

هاوبەشی بکە