13/02/2025
DidiMn Logo
Top

پەڕاوی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات: وێستگەکانی ژیانی ئوم کەلسوم

لە لایەن دیدی من 2 حەفتە پێش ئێستا

دیدی من – ئەل جمهوریە – ئەلفەن
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید
سەرپەشتیاری پەڕاو: ساڤان عەبدولڕەحمان

گەیشتین بە تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئوم کەلسوم، یاخود هەسارەکەی ڕۆژهەڵاتدا. یەکێک لە دیارترین و ناسراوترین دەنگە ڕەسەنەکانی هونەری میسڕی و هونەری عەرەبییە. ژیانی هونەری و مێژووە پڕ بەرهەمەکەی لە گۆرانی، بە کەلەپوورێکی هونەری بەرز دادەندرێت کە نەوە دوای نەوە شانازی پێدەکەن و بەهرەی لێدەبەن. ژیانی ئوم کەلسوم دوو لایەنەیە. لایەنێکیان دیارە و تا ڕادەیەک بۆ هەموو هەوادارانی ئاشکرایە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دووایدا، ڕەخنەگران و لێکۆڵەرەوانی هونەری عەرەبی، پەردەیان لەسەر چەندین ڕووداوی ژیانی هەسارەکەی ڕۆژهەڵات هەڵدایەوە کە پێشتر پەنهان و نهێنی بوون. لەم وتارەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر بەشێکی ژیانی ئوم کەلسوم لەگەڵ ئەو لایەنە پەنهانەی ژیانی.

سەرەتا: ناوی تەواوی وەک ئەوەی لە پێناسی باری شارستانیدا(یان بەڵگەنامەی لەدایکبوون)دا هاتووە، فاتیمە سەید ئیبراهیم سەید ئەلبەلتاجی‌ە. لەبەرواری ٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٩٨، لەماڵێکی خنجیلانەی لەخشت چێکراوی گوندی (طماي الزهایرة)ی سەر بە شاری سەنبلاوینی پاریزگای دەقهەلیە لەدایکبووە. لە ٣ی شوباتی ساڵی ١٩٧٥یش بۆ دواجار ماڵئاوایی لە هونەری گۆرانی و هەوادارانی کرد. بەڵام دەنگی ئوم کەلسووم و گۆرانییەکانی، ئاهەنگەکانی ئێوارانی پێنجشەمانی، یادەوەریی نەمری هەزاران هەوادارن و نەوە لەدوای نەوە بۆ یەکتری دەگێڕنەوە.

سەرەتای گەشتەکە… شێخ ئیبراهیمی باوکی:

شێخ ئیبراهیمی باوکی ئوم کەلسوم پێشنوێژ و بانگخوێنی مزگەوتی گوندەکەیان بوو. لە بۆنەکاندا نزا ئایینییەکانی دەخوێند. بەمەش پارەیەکی کەمی چنگ دەکەوت بۆ بژێوی ژیانی. لەم بۆنە ئاینیانەشدا، ئوم کەلسوم یامەتی باوکی دەدا لەبەرگی کوڕێکدا. کاتێک لەگەڵ شێخ سروودە ئایینییەکانی دەخوێند، هەستی بە بەهرەی کچەکەی کرد. ڕۆژان تێپەڕین و شێخی باوک زیاتر هەستی بە گەشە و بەرەوپێشچوونی دەنگی کچەکەی دەکرد. هەموو ئەمانە وایکرد بریارێک بدات کە رێڕەوی ژیانی ئوم کەلسومی گۆڕی. ئەویش بڕیاری جێهێشتنی لادێ و ڕووکردنە قاهیرە بوو. تاکو لەوێ زیاتر بوار بڕەخسێنێت بۆ ناساندنی ئەو بەهرە ناوازەیەی لەدەنگی کچەکەیدا هەیە. لێرەشەوە ژیانی پیشەیی دەستی پێکرد و ئاشنای زۆرێک لە ئاوازدانەرەکانی ئەو سەردەمە بوو. لەوانە؛ زەکەریا ئەحمەد، محەمەد قەسبچی. دۆستایەتی لە تەک شاعیر ئەحمەد ڕامی پەیدا کرد(کە دواتر ١٣٧ گۆرانی بۆ ئوم کەلسوم نووسی). دەوترێت ئەحمەد ڕامی کەوتۆتە داوی خۆشەویستی ئوم کەلسوومەوە، بەڵام ئوم کەلسوم هیچ مەیلێکی بۆی نەبووە.

ئوم کەلسوم لەگەڵ خالیدی برای بە جل و بەرگی کوڕانەوە

ساڵی ١٩٢٢، ئوم کەلسوم و باوکی بۆ شەوی ئیسرا و میعراج، لە کۆشکی (عیزەدین پاشا) ئاهەنگێکیان سازکرد. هەر لەو شەوەدا خاتوونی کۆشک ئەنگوستیلەیەکی ئاڵتوونی بەخشییە ئوم کەلسوم و (سێ جونێ[1])ی وەک پاداشت پێدا. ئەو شەوە بووە سەرەتایەک بۆ ناوبانگی هەسارەکەی رۆژهەڵات(کوکب الشرق) و لێرەوە ناوبانگی بە میسڕدا بڵاوبۆوە و چەندی ئاهەنگی بۆ بنەماڵە ناودارەکان سازکرد. هەر لەمیانی ئەو ئاهەنگانەدا، ئاشنای چەندن ئەستێرەی میسڕ بوو، لەناویاندا مونیرە مەهدیە، کە بە (شاژنی گۆرانی) ناسرابوو. پاشانیش ئاشنایەتی لەگەڵ گەورە ئاوازدانەر محەمەد عەبدولهەباب پەیدا کرد و ئەم ئاشنایەتییەش لە ژیانی ئوم کەلسومدا بوو بە ڕێگای سەرکەوتن و هەڵکشانی بەرەو لوتکە.

نهێنییەکانی ژیانی ئوم کەلسوم:
دەستەسڕەکەی دەستی (مەندیل):

لە ئاهەنگەکانیدا، ئوم کەلسوم تایبەتمەندیی کەسیی خۆی هەبوو، هەر لە پۆشینی جلوبەرگ و دانیشتن و چەندان تایبەتمەندیی تر. لەناویشیاندا، دەستەسڕەکەی دەستی. کە هەر خۆی لەدیدارێکی ڕادیۆییدا ئەم نهێنییە دەدرکێنێت کاتێک بێژەرەکە لێی دەپرسێت “لە ئاهەنگەکانتدا ئەم دەستەسڕەی دەستی، بۆتە نهێننیەک و هەوادارەکانی دەیانەوێت بزانن نهێنییەکەی چییە؟”

لە وەڵامدا ئوم کەلسوم بەڕاشکاوانە دەڵێت: “هۆکارەکەی ترسی منە لە ئامادەبووان. لەڕاستیدا هونەرمەند هەرچەندە گەورە بێت، ڕێزی بۆ هەوادارەکانی وادەکات زیاتر بترسێت. ساتی کردنەوە و لابردنی پەردەی شانۆ، هەست بە ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر دەکەم من ئەم دەستەسڕەم بەدەستەوەیە بۆ سڕینی ئەو ئارەقەی دەرەنجامی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە بۆم دروست دەبێت”.

دانیشتنی لەسەر کورسی:
سیمایەکی تری ئاهەنگەکانی ئوم کەلسوم، دانیشتنی بوو لەسەر کورسی. لەسەرەتای ئاهەنگەکانیدا، پاش لابردنی پەردە، دەهاتە ژوورەوە و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی دەکرد، پاشان لەسەر کورسییەک دادەنیشت تا ئەو کاتەی گرووپی موزیک دەگەیشتنە کۆتایی ژەنینی پێشەکی گۆرانییەکانی. هۆکاری ئەمەش دیسان دڵەڕاوکێ بوو، چونکە هەوادارێکی زۆر ئامادەی ئاهەنگەکانی دەبوون و وەستان و تێپەڕبوون بەبەردەم ئەم هەموو کەسەدا، ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروست دەکرد. بۆیە ئەم دانیشتنە دەرفەتێک بوو بۆ تێڕامان لە ئامادەبووان و چوونە ناو کەشی گۆرانی وتن.

چاویلکەی ڕەش:
لەزۆربەی دەرکەوتنەکانیدا، ئوم کەلسوم چاویلکەی ڕەشی لەچاودایە، ئەمەش بۆ شاردنەوەی شێوەی دەرپەڕیوی چاوەکانی بووە، دوای دووچارهاتنی کێشەیەک لە غودەی سایرۆئید(دەرەقی).

کێ هەسارەکەی رۆژهەڵاتی ڕەتکردەوە؟
ئاوازدانەری کۆچکردوو فەرید ئەترەش، ڕەتی کردەوە هیچ ئاوازێک بۆ ئوم کەلسوم دابنێت. چونکە ئەتڕەش پێێ وابوو ئوم کەلسوم دەستوەردەداتە کاری ئاوازدانەرەکان و ئەمەش بەلای ئەوەوە نەنگی بوو. کاتێکیش فەرید ئەتڕەش بە ئاشکرا ئەم بۆچوونەی خۆی خستەڕوو، هەرایەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم هەواڵە لە ڕۆژنامەکاندا وەک ئاگر بەناو کا دا زوو تەشەنەی کرد. تا ئەو ڕادەیەی ئوم کەلسوم و فەرید ئەتڕەش چەندین لێدوانی دژ بەیەک بدەن لە دیداری ڕادیۆکان و رۆژنامەکاندا.

ژیانی تایبەت:
پیاوەکانی ناو ژیانی ئوم کەلسوم زۆرن، ژمارەی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری لەگەڵ کردوون، ئەوانەشی کە تەنها دۆستی بوون، هیچیان بەدرووستی دیار و ئاشکرا نین. ئەوەی هەیە و ئاشکرایە دەربارەی هاوسەرگیرییەکانی ئوم کەلسوم، ئەنجامدانی چوار هاوسەرگیرییە. هەندێکیش زۆر زیاتر لەم ژمارەیە دەڵێن. هاوسەرگیری یەکەمی لەگەڵ هاوڕێیەکی باوکیدا بووە بەناوی شێخ عەبدولرەحیم سدیق، ئەم هاوسەرگیرییە هاوسەرگیرییەکی ڕووکەش بووە، تەنها بۆ ئەوە بووە عەبدولڕەحیم ببێتە مەحرەمی لە سەفەرێکی بۆ دەرەوەی وڵات. ئەم هاوسەرگیرییە سێ هەفتەی خایاندووە.

هاوسەرگیریی دووەم: لەناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، چیرۆکی خۆشەویستی نێوان ئوم کەلسوم و ئاوازدانەری ناودار (مەحمود شەریف)[2]، بەرهەمەکەی ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەکی شەرعی ئاشکرا بوو. ئەوکات ئەم هاوسەرگیرییە وەک ڕووداوێکی هونەری چاوی لێکرا و بوو بە قسەوباسی هەموو میسڕ و وڵاتانی عەرەبی. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئوم کەلسوم هیچ کام لە ئاوازەکانی مەحمود شەریفی بۆ گۆرانییەکانی بەکارنەهێنا.

هاوسەرگیریی سێیەم: پەیوەندیی نووسەر و ڕۆژنامەنووس مستەفا ئەمین[3] لەگەڵ ئوم کەلسوم، لەلای زۆرکەس تەنها لەسنووری هاوڕێیەتیدا بووە، بەڵام دکتۆر (رەتیبە ئەلحەنەفی)[4] لە چاوپێکەوتنێکیدا پەردەی لەسەر ئەو نهێنییە لادا و ئاماژەی بەوەدا کە نێوانی ئوم کەلسوم و مستەفا ئەمین هاوسەرگیرییەکی عورفی بووە بۆ ماوەی ١١ ساڵ.

هاوسەرگیریی چوارەم و کۆتایی: دکتۆر حەسەن حەفناوی[5] چوارەم هاوسەر و کۆتا هاوسەری ئوم کەلسوم بووە. لەساڵی ١٩٥٤-١٩٧٥ واتە تاکو مردنی ئوم کەلسوم. لەم هاوسەرگیرییەدا، ئوم کەلسوم حەڤدە ساڵ لە هاوژینەکەی گەورەتر بوو لەڕووی تەمەنەوە. هاوسەرگیریی دکتۆر حەسەن و ئوم کەلسوم هەواڵێکی باوەڕپێنەکراو بوو بۆ سەردەمی خۆی، ئەوەش لەبەر جیاوازی تەمەنیان.

هاوسەرگیرییەکی نهێنی و سێ منداڵ:
ساڵی ٢٠١٧ لە ڕۆژنامەی (البوابـة)ی میسڕیدا هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە ڕای گشتی میسڕ و عاشقانی هەسارەکەی رۆژهەڵاتی هەژاند. هەواڵەکەش چاوپێکەوتنێک بوو لەگەڵ نووسەر و ڕۆماننوسی میسڕی (مەحفووز عەبدولرەحمان). نووسەر لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئوم کەلسوم هاوسەرگیرییەکی نهێنی ئەنجامداوە لەگەڵ دادوەرێکدا بەناوی (وجدان) کە ناوی دووەمی نەزاندراوە و لە ئەنجامی ئەو هاوسەرگیرییەش ٣ منداڵی هەیە. ئەمەش بۆ گەلی میسڕی هەواڵێکی نوێ بوو، وە کردنەوەی دەرگایەک بوو بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ژیانی پڕ نهێنی و سەرکێشی هەسارەکەی رۆژهەڵات.

کۆتایی ڕێگاکە:
سەرەتای ساڵی ١٩٧١، تەندرووستی ئوم کەلسوم ڕووی لەخراپی کرد و نەیتوانی وەک پێویست ئاهەنگەکان ساز بکات و گۆرانیان تێدا بڵێت. گۆرانی (لیلة حب) کۆتا گۆرانی ئوم کەلسوم بوو لەسەر شانۆ پێشکەشی کرد، ئەویش لە ١٧ی١١ی ١٩٧٢.

سەرەنجام؛ دوای سەدان شەوە ئاهەنگ و جڕینی زیاتر لە ٣٥٠ گۆرانی نەمر. هەسارەکەی رۆژهەڵات لەتەمەنی ٧٦ ساڵی  و لەرۆژی ٣ی شوباتی ساڵی ١٩٧٥ کاتژمێر چواری ئێوارە لە قاهیرە کۆچی دوایی کرد. رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە ئوم کەلسوم بەیەکێک لە گەورەتری مەراسیمەکانی بەخاکسپاردن دادەندرێت لە مێژوودا. بەجۆرێک نزیکە ٣ ملیۆن هاوڵاتی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون و لەسەر شانی خۆیان هەڵیانگرت و ئەسپەردەی ئەو خاکەیان کرد کە دەنگی خۆی بۆ تەرخان کردبوو. لە میسڕ کاتێک ئاماژە بۆ گەوەرەیی ئوم کەلسوم دەکەن، دەڵێن؛ ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی لە رێوڕەسمی ناشتنی جەمال عەبدولناسڕ گەوەرەتر بوو. ئەمەش خۆی لەخۆیدا شاهێدییەکە، گەورەیی ئوم کەلسوم دەسەلمێنێت لە ناو گەلی میسڕ و هەموو گەلانی عاشق بە هونەر.


[1] . دراوی میسڕی.

[2] . ئاوازدانەری میسڕی ١٩١٢-١٩٩.

[3] . نوسەر و رۆژنامەنووسی میسڕی، ١٩١٤-١٩٩٧ دامەزرێنەری رۆژنامەی (أخبار الیوم)

[4] . گۆرانیبێژی ناوداری میسڕ و جیهان ١٩٣١-٢٠١٣

. دکتۆری ناوداری میسڕ و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێشت (١٩١٥-١٩٨٦)[5]

هاوبەشی بکە