04/12/2025
DidiMn Logo
Top

زیاد رەحبانی کێ بوو ؟

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

ئامادەکردنی: توانا باران


ئاوازدانەر، نوسەر، گۆرانیبێژ، رەخنەگر زیار رەحبانی، لە ٣١ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٥٥ لە پاریزگای جەبەل لوبنان و خانەوادەیەکی هونەری لەدایکبووە. دایکی ئەو فەیروزی گۆرانیبێژ بووە و باوکیشی عاسی رەحبانی میوزیسیان بووە. زیاد رەحبانی بە شێوازی میوزیکی هاوچەرخ و نمایشە شانۆیی سیاسی و ڕەخنەیی بەناوبانگ بووە، هەمیشە گوزارشتی لە دۆخی خەمناکی لوبنان بە کۆمیدیا و گاڵتەجاڕی دەکرد، بەڵام هاوکات قووڵ و مەبەستدار بووە لە پێشاندانی بابەتەکاندا.

زیادی ئاوازدانەر و گۆرانیبێژ:
زیاد هەر لە منداڵییەوە ئاشنا دەبێت بە هونەری میوزیک، بە هۆی باوک و مامی و دایکییەوە هزری پڕ دەبێت لە میوزیک. ماڵەکەیان بەردەوام جەنجاڵ بوو لە میوانی هونەرمەند و نووسەر و ئەکتەر، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە تەمەنێکی کەمەوە و بەهەوڵدانی خۆی فێری ئامێری پیانۆ بێت و دەست بکات بە ئاواز دانان. لە ساڵی ١٩٧١ یەکەم بەرهەمی هونەری بڵاو دەبێتەوە، کە پێکهاتبوو لە ئاوازی گۆرانییەک بە ناوی (ضلّك حبيني يا لوزية)، ئەوەی جێی سەرنجە ئەو ئاوازەی لە تەمەنی ١٤ ساڵی نووسیوە و دواتر هونەرمەند (هودا حەداد) دەیڵێتەوە.

ساتی وەچەرخانی ئەو لە ساڵی ١٩٧٣ دەبێت، کاتێک تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵان دەبێت، یەکەم ئاواز بۆ دایکی دادەنێت، ئەوەش لە کاتێکدا کە باوکی زیاد (عاسی رەحبانی) جەڵتەی مێشک لێیدابوو و لە ئاوازدانان و کاری هونەری بە تەواوی دابڕابوو، هەر بۆیە مامی زیاد (مەنسوڕ رەحبانی) هونراوەیەک دەنووسێتەوە و ئەرکی ئاوازدانانەکەی دەخاتە ئەستۆی زیاد. لە ئەنجامدا گۆرانی (سألوني الناس) لەدایک دەبێت.


پاشان دەروازەیەکی فراوانی بۆ دەکرێتەوە لە جیهانی میوزیکدا و چەندین کاری هونەری لە گەڵ دایکی بەرهەم دەهێنێت. سەرەڕای ئەوەی زیاد کوڕی فەیروز و عاسی ڕەحبانی بووە بەڵام پێی خۆش نەبووە بۆ هەمیشە لە ژێر سایەی ئەوان بمێنێتەوە و ئەو دەیویست مۆرکی هونەری تایبەت بە خۆی هەبێت، بۆیە یاخی دەبێت لە شێواز و ستایلی برایانی رەحبانی کە زیاتر کلاسیکی و مەقام و بەستەی عەرەبی بوون، و بڕیاڕ دەدات فەیرۆز بە بەرگێکی نوێ پێشکەش بکات.


لە پاش مردنی (عاسی رەحبانی) باوکی لە ساڵی (١٩٨٦) زیاد لە گەڵ فەیروز کۆمەڵێک گۆرانی ناوازە بەرهەم دەهێنن و بڵاوی دەکەنەوە، کە گۆرانی گەلێکن بۆ هەمیشە لە یادەوەری هەمووان دەمێننەوە.
ئەوانەش:

  • سألوني الناس
  • كيفك انت
  • البوسطة
  • قديش كان في ناس
  • ايه في امل
  • صباح و مسا
  • سلملي عليه
  • مش كاين هيك تكون

جگە لە فەیروز، زیاد لە گەڵ چەندین هونەرمەندی لوبنانی و عەرەبی کاری کردووە، وەکو (جۆزیف سەقڕ، مادۆنای لوبنانی و لەتیفەی تونسی)
ئەوەش جگە لە گۆرانیانەی خۆی چڕیویەتی وەکو:

  • أنا مش كافر
  • بلا ولا شي
  • بما انوا
  • الحاله تعبانة يا ليلى
    لە گەڵ چەندین گۆرانی و ئەلبومی تر.

زیادی نووسەر و شانۆکار:
لە پاڵ ئاواز و گۆرانی، زیاد رەحبانی چەندین دەقی شانۆیی میوزیکاڵ و گۆرانیئامێز و رەخنەئامێزی نووسیوە، بە یەکێک لە تازەگەرەکان لە قەڵەم دەدرێت و جێ پەنجەی خۆی بە جوانی بەجێهێشتووە لەو بوارەدا لە وڵاتی لوبنان و وڵاتانی عەرەبیدا.
ئەو نمایشە شانۆییانەش پێکهاتوون لە:

• (بالنسبة لبكره شو – ئەی سەبارەت بە سبەی چی؟) کە ساڵی ١٩٧٨ نمایش کرا، ئەو نمایشە ئاوێنەیەک بوو بۆ کێشەکانی ئەو سەردەمەی لوبنان وەکو خیانەت و ئینتیما، بە شێوازی رەخنەیی و گاڵتەجاڕ پێشکەشکرا.
• (فيلم امريكي طويل – فیلمێکی ئەمریکی درێژ) کە لە ساڵی ١٩٨٠ نمایش کرا، بەناوبانگترین کارەکانی دادەنرێت، روداوەکانی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە، بە شێوازێکی سیمبوڵی، واقیعی بێهوودەی لوبنان لە ژێر سایەی شەڕدا پێشان دەدات.
• (شي فاشل – شتێکی شکستخواردوو) کە لە ساڵی ١٩٨٣ نمایش کرا، ڕەخنەی لە سیستەمی پەروەردەیی و گەندەڵی ئیداری لوبنان دەگرت
• (بخصوص الكرامة و الشعب العنيد – سەبارەت بە کەرامەت و میللەتی کەلەڕەق) ساڵی ١٩٩٣، بەردەوامییەک بوو لە رەخنەکانی
• (و لولا فسحة الامل – وە جگە تۆزێک هیوا) لە ساڵی ١٩٩٤ نمایش کرا، کە دیسانەوە رەخنەی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لوبنان دەگرت بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ و گاڵتەجاڕانە.
• هەروەها شانۆگەرییەکانی (سهرية – سەهرییە و نزل سرور – میوانخانی سرور)، لە ساڵانی ١٩٧٣ و ١٩٧٤، کە بە سەرەتای کارە شانۆییەکانی دادەنرێن.

زیادی سیاسی:
سەرەڕای ئەوەی لە خانەوادەیەکی مەسیحی لە دایکبووە و گەورە بووە، بەڵام زیاد رەحبانی بە پەیوەندی درێژخایەنی لە گەڵ بزووتنەوە چەپڕەوەکان ناسرابوو، ئەو ڕایگەیاندبوو کە کۆمۆنیستە. بە درێژایی تەمەنی لە گەڵ پارتی کۆمۆنیستی لوبنانی مایەوە. هەمیشە مشتومڕی دروست دەکرد بەو وتارە گاڵتەجاڕ و رەخنەییانەی لە ڕوژنامە و ئیستگەکان بڵاوی دەکردەوە، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو (ئەو کوشتن و بڕینەی میلیشیا کریستیانیە ڕادیکاڵەکان لە تەل ئەلزەعتەر ئەنجامیادا لە ساڵی ١٩٧٦ بووە هۆکاری ئەوەی ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ بەیروتی ڕۆژئاوا) بەڵام هاوکات پشتگیری خۆی دەربڕیوە بۆ پڕۆژەی بزووتنەوەی بەرگری لوبنانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوی داگیرکاری ئیسڕائیلی. سەرەرای ڕەخنەی توندی لە ڕژێم و حکومەتەکان کە ناوێ لێ نابوون (سێینەی دەسەڵات، پارە، ئاین) بەڵام هەمیشە پشتگیری کەیسی فەڵەستینی کردووە.

زیاد ڕەحبانی لە چاوپێکەتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کاتێک پێشکەشکارەکە لێ دەپرسێت کە ئایا ئامێری (بزق) یۆنانیە؟
زیاد لە وڵامدا دەڵێت نەخێر، ئامێرێکی کوردی ڕەسەنە، بەڵام تورکەکان بە زۆر کردوویانە بە هی خۆیان.

زیاد و ژیانی سۆزداری:
زیاد ڕەحبانی یەکجار هاوسەرگیری کردووە لو گەڵ (دەلال کەڕەم) و کوڕێک بە ناوی (عاسی) لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە هاوسەرگیرییەکە بەردەوام نابێت و جیا دەبنەوە. پاش جیابوونەوەی لە دەلال کەڕەم، کەوتە پەیوەندییەکی درێژخایەن کە ١٥ ساڵی خایاند لە گەڵ خانمە هونەرمەند (کارمن لەبەس)، ئەو پەیوەندییەش کۆتایی پێهات چونکە ژیانی زیاد جێگیر نەبوو و نەیتوانی ئەو دڵنیاییە ببەخشێت لە کارمن دەیویست. دوای چەندین ساڵ کارمن لە چاوپێکەتنیكدا ڕادەگەینێت (زیاد تاکە کەسێک بووە لە ژیانمدا بە راستی خۆشمویستووە) هەرچی زیاد رەحبانییە لە چاوپێکەتنێکی جوودادا دەڵێت (ئەو لەو بڕیارەدا لەسەر حەق، چونکە من ئەوکات نەمدەتوانی ئەو فەوزایەی ژیانی خۆم رێک بخەمەوە). پاشان زیاد لە گۆرانیەکدا گۆزارشت لەو پەیوەندیە خۆشەویستیە درێژخانە دەکات بە ناوی (ولعەت کتیر).

مردنی زیاد رەحبانی:
زیاد رەحبانی لە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٥ و لە تەمەنی ٦٩ ساڵی کۆچی دوایی دەکات. ئەویش لە دوای چەرمەسەریەکی زۆر لە گەڵ نەخۆشی جگەر. بۆ سەرەخۆشی لە فەیروز و خانەوادەکەی و هەروەها ماڵئاوایی لە زیاد رەحبانی چەندین کەسایەتی گەورە و بەناوبانگ سەرەخۆشیان دەربڕیوە و لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون لەوانەش: ماجیدە ڕۆمی و ئەلیسا و نەجوا کەڕەم و هەیفا وەهبی و راغب عەلامە و میریام فارس و هەروەها کارمن لەبەس.

هاوبەشی بکە