04/12/2025
DidiMn Logo
Top

بەبۆنەی ژیانئاوایی زیاد رەحبانی: دوو نامە بۆ دەلال کەرەم

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

نووسین و وەرگێڕانی: کانی عومەر

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا (زیاد رەحبانی)، ئاوازدانەر شانۆنامەنووس ژیانئاوایی کرد، زۆرجار وەک بەشێک لە مەراسیمی ماڵئاوایی لاپەڕەکانی ژیاننامەیی کەسە ناسراوەکان دووبارە هەڵدەدرێنەوە، هەرچەندە لە مناڵییەوە و بەبۆنەی کەشوهەوای ماڵەوە (زیاد رەحبانی)-م دەناسی، لەگەڵ دایکم زۆربەی ئەو بەرنامە تایبەتانەی لەگەڵ هونەرمەند، دەرهێنەر و ئاوازدانەران ساز دەکران دەمانبینی، بیرمە بەهۆی بەرنامەیەکەوە زانیم کوڕی (فەیروز)-ە، ئەوکات مناڵ بووم.

دواتر زۆربەی کارەکانیم ژنەڤت، بەڵام زۆرتر و دیسان بەهۆی بەرنامە مەگەزینییە عەرەبییەکانەوە سەبارەت بە ژیانی کەسیی ناسچنۆک بووم، چونکە مەیلم بۆ چیرۆکەکان زۆر بوو، ئاواش ژیانی ئەوان و {ئەو}م وەک چیرۆکێک، کە دەمویست ڕێگا و پێچاوپێچەکانی کەشف بکەم سەیر دەکرد.

ناوی رەحبانی زیاتر لەگەڵ (کارمن لبس) دەهات، وەک عەشیقەیەک و پەیوەندییەکی ماوەدرێژی کە بەبێ هیچ گرێبەست و پەیمانێکی ڕەسمی بۆ چەندین ساڵ بەردەوامی هەبوو؛ بەڵام پەیوەندی بە (دلال کرم)-ەوە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری لەسەر ژیانی کەسیی و هونەری هەبوو، پەیوەندییەکی ئاوێتە لە خۆشەویستی، ڕق، بێهیوایی و نائومێدبوون…

من بەهۆی ڕێوڕەسمی ژیانئاواییەکەی و دووبارە هەڵدانەوەی ئەم پاژەی ژیانی (زیاد و دەلال) لەلایەن میدیا عەرەبییەکانەوە، بەتایبەتیش دوو نامەی پڕهەستەوە زیاتر بەدوای چیرۆکەکەدا چووم. نامەکان یەکێکان لەلایەن خودی (زیاد)-ەوە بۆ (دەلال) نێردراوە، ئەوی دیکەش لەلایەن (جوزیف حەرب)-ی شاعیری لوبنانی وەک نێوەندگیر لەنێوانیاندا نێردراوە. 

دەلال، ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانی بوو، لە کۆتایی حەفتاکانەوە ناوی لەگەڵ زیاد دەهات، تەنها وەک خۆشەویستێکی ڕاگوزەر لە ژیانیدا نەمایەوە، بەڵکە بووە ناوێکی زیندوو و ناوەندی لە ژیاننامەکەیدا. چیرۆکەکەیان لە کاتی ئامادەکاری بۆ شانۆگەریی “میس الریم” دەست پێدەکات، دەلال یەکێک دەبێت لە ئەندامانی گروپی هەڵپەڕکێی ناو شانۆییەکە، هەرچەندە زیاد وەک هونەرمەندێکی یاخی شۆرەتی پەیدا کردبوو کە دژ بە پێکهاتە نەریتییەکانی وەک دامەزراوەی خێزان بوو، بەڵام هەر زوو ناسینەکە بوو بە خۆشەویستی و دواتریش هاوسەرگیری.

سەرەڕای قایلنەبوونی خانەوادەیی بە هاوسەرگیرییان، بەتایبەت دایکوباوکی (فەیروز و عاصی رەحبانی)، بەڵام  وەک دوو مرۆڤی سەربزێو و یاخی هاوسەرگیرییان ئەنجام دا. هاوسەرگیرییەکی ناجێگیر، تا ئاستێک بە  کێشەگەلێکی وەک: بەندوباو، ئابڕووتکاندنی یەکتر، جیابوونەوەی فەرمی و تا  گەیشتە کێشەی نەسەب و خۆبێبەریکردنی لە کوڕەکەی (عاصی)، کە بەناوی (عاصی رەحبانی) باوکییەوە ناوی لێنرابوو، کۆتاییهات.

ئەم کینەئەڤینە لەنێوانیاندا لەلایەن دەلالەوە سەردەکێشێت بۆ نووسینی زنجیرەیەک وتاری توندئاوێژ لەسەر زیاد و پەیوەندییەکەیان. لەلایەن زیادیشەوە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی چەند گۆرانییەک بە شێوازە (فکاهی) گاڵتەئامێزانەکەی خۆی کە: مربی دلال، بصراحة، هەروەها نامەیەکیش کە لە سەروبەندی ناکۆکییەکانیاندا بۆی دەنێرێت بۆ لەندەن.

سەرباری ئەم کۆتاییە خەمگینە، بێگومان وەک زۆربەی کۆتایییەکان، بەڵام هیچ لە تینی ئەو  خۆشەویستییە کەمناکاتەوە کە ساڵانێک تیایداژیان، هاوڕێ و کەسەنزیکەکانییان گەواهیدەری ئەم دۆخی خۆشەویستییەی نێوانیان بوون تا ئاستی وازهێنان لە خێزانەکانییان، زیاد بۆ تەوسیفی ئەو خۆشەویستییەی بە دەلالی وتووە: “تۆ خوشک و دایک و هەموو شتێکی منیت”.

کاتێک دەلال نامەیەک جێدەهێڵێت و دەچێتە لەندەن، دۆخی زیاد بەخراپی تێکدەچێت، نامەیەکی بۆ دەنێرێت، نامەکە بۆتە نامەیەکی ئەدەبی و تا ئێستاش تاوناتاوە دووبارە بڵاودەکرێتەوە.

 دەقی نامەکەی زیاد بۆ دەلال:

{“پاش سڵاو،
پێش هەموو شتێک چۆنیت؟ حاڵت باشە؟ ڕۆژەکانت چۆن تێدەپەڕن؟ ئینشەڵا  بۆ بەڕێوەبردنی ژیانت تووشی زەحمەتی  نەبوویت… خوێندنەکەت چۆنە؟ کەشوهەوا چۆنە؟ ئینشەڵا بێزارکەر نییە… سەرت چۆنە؟ پشتت چۆنە؟ مەعیدەت چۆنە؟ دەمارەکانت چۆنن؟ قاوەخواردنەوەکەت چۆنە؟ هیوادارم قاوە زۆر بخۆیتەوە ئینشەڵا. تەندروستیت چۆنە؟

سەیرکە، من بەهۆی ئەو نووسراوە مەزنەی پێش ڕاکردنت بۆ لەندەن بۆت بەجێهێشتووم زانیم بڕیارت داوە چیتر خۆشتنەوێم، پاش ماوەیەکیش لەڕێگەی ئوستاز (ڕەفیق نەجم)-ەوە زانیم دەستت بە ڕقلێبوونەوەم کردووە. ئەمە شتێکی بەتەواوەتی ترسهێنەرە!

لە هەموو حاڵەتەکاندا من پەیوەندیم بەم بابەتەوە نییە، بڕیارەکە بڕیاری تۆ بوو، لەبنەڕەتەوە بوارێکت بۆ گفتوگۆ نەهێشتەوە چونکە ڕۆیشتیت، ڕاستتر بڵێم “ڕات کرد” یان ئەگەر قبوڵی بکەیت “هەڵهاتیت”. 

سەبارەت بەوەی پەیوەندی بە منەوە  هەیە، لە ئەنجامی بڕیارە یەکلاکەرەوەکەت و ڕۆیشتنت بۆ لەندەن، هەوڵمدا بەدوای کەسێکی نوێدا بگەڕێم تا خۆشم بوێت، دوای گەڕان و وردبوونەوەیەکی زۆر بۆم دەرکەوت ئەو کەسەم نەدۆزیوەتەوە… نازانم.

ئینجا ئێستا سەبارەت بە تۆ، ئەگەر ئەوە ڕوویداوە و تۆ ئەو کەسەت دۆزیوەتەوە کە من بۆی گەڕام و نەمدۆزییەوە، ئەوە باشە، ئەگەر نەتدۆزییەوە نازانم ڕات چییە؟

من پێموایە وا باشترە بگەڕێیتەوە، پاش مانگێک نا، سبەینێ هەر سبەینێ بگەڕێوە، چونکە ئەو کاتانەی ڕۆیشت بەفیڕۆچوو، ئەو هەڵەتێگەیشتنانەی لەنێوانماندا ماوەیەکە سەریهەڵداوە، چەنێک بێت و هەرچییەک بێت لەسەر مێزێک دادەنیشین و چارەسەرییان دەکەین. سەیرکە هیچ خەمت نەبێت من سێ چوار مێزم هەیە، دەتوانیت لەسەر یەکێکیان چارەسەی بکەین، من دڵنیام لەنێوانماندا کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت، هەمووی چارەسەر دەبێت.

بەو بۆنەیەوە من ئەم نووسراوە دەنێرم، و چیرۆکی ئەو نامەیە لە منەوە گەیشتووەتە لات کەمێک نامۆیە و شتێک یان دوو شت هەیە:
١-یا بەنزیکەی 6،7 جگەرەت کێشابوو(بێهۆشکەر) پێش ئەوەی ئەو نامەیە بنووسیت.
٢-یان مەبەستت بوو تێمبگەیەنیت هەوڵی ناردنی نامەی تر نەدەم، چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا وەڵام نادەمەوە، هیچ کامیان ڕێگەیەکی دروست نییە. [1]بۆ هێندە گەمژەیت؟ ئەی گەمژە ماڵت کاول بێت چ گەمژەیەکیت. ئاگات لە خۆت بێت چونکە گەمژەیەکی گەورەیت، بەس مەهێڵە کەس بزانێت.”}

(جوزیف حەرب)، شاعیری بەناوبانگی لوبنانی، هاوڕێی دەلال و زیادیش بوو، پاش ناکۆکییەکانییان لە ساڵی 1978، نامەیەک بۆ دەلال بە دەستوخەتی خۆی دەنێرێت؛ هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکەیان دەدات، داوا لە دەلال دەکات بگەڕێتەوە بۆ بەیروت. دەستنووسەکە، تا ئێستاش لای دەلال ماوە و پاراستوویەتی.

دەقی نامەکەی جۆزێف بۆ دەلال:

“دەزانم دەلال، دەزانم سەرەڕای هەموو شتێک، هێشتا زیادت خۆشدەوێت… دەشێت ئێستا لەگەڵ کەسیکی تردا بیت…، دۆخی ئەم ڕۆژانەی زیاد هەر وەک هەمان دۆخە کە یەکەمجار پەیوەندی پێوە کردیت ، ئەو حەسرەتەی ئەم ڕۆژانەش پێوەی دەناڵێنێت، هەر وەک حەسرەتی پێشتریەتی بۆت…

بە لاوازیی خۆت دایە دەستی و تێکشکایت، ئەویش پێشتر بە لاوازییەوە خۆی دایە دەستت و تێکشکا، ئەمەبوو چەکەرەی بە تاڵیی ئازار لە دڵتاندا کرد. کاتێک بەلاوازییەوە خۆی دابووە دەستت، زۆر پشتگوێت خستبوو، و کاتێک تۆش بەلاوازیی خۆتت دابووە دەستی زۆر پشتگوێی خستبوویت، ئەمەش چەکەرەی بە هەستی تۆڵەسەندنەوەی لە ئێوەدا کرد.

چوار مانگ دەبێت یەکجار (زیاد)-م نەبینیووە بیانوویەک نەدۆزێتەوە، تا بە ڕێگایەک باسی تۆ بکات. باوەڕم پێ بکە ئازار دەچێژێت، هەر جارێکیش هەوڵی هەڵهاتن بۆ لای ژنێکی دیکە دەدات، ڕووبەڕوو تۆ دەبینێت…

بۆچوونی من ئەوەیە بۆ دە ڕۆژێک بێیتە بەیروت، لەم ماوەیەدا ببیتەوە بە دەلالی زیت و وریا، لەلای من دابەزە. دەبێت هەڵیبژێریت، یان بانگهێشتەکەی من یان زیاد یەکێکیان قبوڵ بکە، لەگەڵ بلیتی گەشتێک کە پارەکەی دراوە، هاتن و گەڕانەوە، جا لەلایەن منەوە بێت، یان زیاد، جیاوازی نییە.

هاتنت پێویست و بەپەلەیە، تەنانەت ئەگەر کەمێک درەنگیش بێت…، وە دڵنیابە، من هێشتا پشتیوانی تۆم، زیادیش ئەمە دەزانێت.”


[1] لە نامەکەدا وشەی (حمارة) بەکارهاتووە، کە مانای وشەی (کەرە) دەگەیەنێت، هەر خودی نامەکە و کەسایەتی “رەحبانی”-یش زۆر ڕاستەوخۆ، ڕاشکاو و خۆبەخۆیە، بەڵام من بۆ وەرگێڕانەکە وشەی گەمژەم بەکارهێناوە.  

هاوبەشی بکە