24/07/2019
DidiMn Logo
Top

ئیکزستێنشیاڵیزم لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان‌دا

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئەکادیمیا

ئیبتیسام تەوھامی عەدی
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ئەبستراکت

لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین گەشتێکی خۆدۆزینەوە بە دوو مێردمنداڵی توشبوو بە شێرپەنجە ئەنجام دەدات. کارەکتەری سەرەکی، ھەیزڵ گرەیس، تووشبوویه‌کی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌کانه‌، ھەر بۆیە بەبێ بۆریی ھەناسەدان توانای ھەناسەدانی نییە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەبینین کە ھەیزڵ لە دوورەوە چاودێریی ژیانی خۆی دەکات وەک لەوەی تێیدا بژی. بە ھۆی پێداگیریی دایکییەوە، ھەیزڵ به‌شداریی گرووپێکی پشتگیری ده‌کات، له‌و گرووپه‌ش ئۆگەستس واتەرسی حەڤدەساڵ و چەند کەسێکی دیکه‌ی ھاوتەمەنی خۆی دەناسێت، کە بە ھەمان شێوە دژی شێرپەنجە دەجەنگن. لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ھەیزڵ دەگات بەو باوەڕەی کە جوانیی ژیان لە ژمارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکاندا نییە، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی ئەو کارەدایە کە لە ماوەی ئەو کاتەدا ئه‌نجامی ده‌ده‌یت.

پێشەکی

ئەم ڕۆمانە بە ڕووکەش چیرۆکێکی غەمگینی خۆشەویستیی نێوان ھەیزڵ و ئۆگەستسە، ھەروەھا چیرۆکی ژیانکردنی دوو مێردمنداڵە لەگەڵ شێرپەنجەدا. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، زیرەکی و خوێنشیرینی و دیدی ئەوانە بۆ ژیان و باوەڕەکانیان. ھەیزڵی لاو ناوی “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” و “نارنجۆک”ی  بۆ ناساندنی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌. گەورەترین ترسی ئۆگەستس ئەوەیە کە بە تەواوی لەبیر بکرێت، ھەر بۆیە ئامانجی ئەو لە ژیاندا دۆزینەوەی مانایەکە بۆ ئەو ژیانە کورتەی لە بەردەستیەتی. لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین ئیکزستێنشیاڵیزم بەکار دێنێت و لە ڕێگه‌ی کارەکتەرەکانیەوە بێمانایی و پووچیی ژیان پیشان دەدات. ئامانجی ئەم خوێندنەوەیە ڕوونکردنەوەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزم و بیرۆکەی ئەبسێردە لەم ڕۆمانەدا.

ئیکزستێنشیاڵیزم

کاتێک گەنجەکان عاشقی یه‌کدی ده‌بن، چاویان پڕ ده‌بێت لە وزە و ھەست بە بوونی جیھانێکی پڕ لە دەرفەت دەکەن. لە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ھەمان تایبەتمەندی بەدی دەکرێت.ھەیزڵ چیرۆکی ئه‌ڤینی خۆی و ئۆگەستس بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی بەراورد دەکات: “ئەوەی ئێمە چیرۆکێکی خۆشه‌ویستیی ئه‌فسانه‌یی بوو.” (به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٨) بەڵام پەیوەندییەکەیان جیاوازتر و ئاڵۆزترە، ئاڵۆزییەکی وەک ڕۆمیۆ و جولێت نا، بەڵکو سەختیی پەیوەندییەکەیان بە ھۆی بارودۆخی تەندروستییانەوەیە. بۆری ھەناسە و خێزانێکی ھەمیشە نیگەران، بەردەوام بیرخەرەوەی ئەو بارودۆخەن کە ئەوان تێیکەوتوون، کە توانیویانە گەشەی گرێکانیان ھێواش بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بیوەستێنن.

بەھۆی شێرپه‌نجه‌که‌یانه‌وه‌، ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی  زیاتر بە بیرکردنەوە لە گرنگیی ژیان بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ گه‌نجه‌ ئاساییه‌کان. بە ھۆی ئاگاییانەوە لەو کاتە سنووردارەی لە ژیاندا ھەیانە، ھەست بە گرنگیی دۆزینەوەی وەڵامەکان دەکەن. جۆن گرین خوێنەرەکانی بە کارەکتەرەکانی ئاشنا دەکات لە کاتی غەمگینی و تەنیایی و نائومێدییان، ئەمانەش سێ لێنزی تایبەتی ئیکزستێنشیاڵیزمن بۆ سه‌یرکردنی ژیان لێوەی.

ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌

ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌ || ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس

سەختە پێناسەیەکی ڕوونی ئیکزستێنشیاڵیزم دیاری بکرێت؛ خاڵی سەرەکیی ئەم فەلسەفەیە باس لەوە دەکات کە ژیانی تاک بریتییە لە دیاریکردنی مەبەستی سەرەکیی بوون، ئەمەش واتا تاک بەئاگایە و خواستی ئازادییان ھەیە، تا بە سەربەخۆیی بژین و کار بکەن، پێش ئەوەی بۆ پۆل و جۆرێکی تایبەت جودا بکرێنه‌وه‌. ژان پۆڵ سارتەر لە ئێکزستێشیاڵیزم مرۆڤبوونە نووسیویەتی: “مرۆڤ سەرەتا دێتە بوون، دواتر ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، بە جیھاندا شەپۆل دەدات، دواتر خۆی دەدۆزێتەوە.” بە ھەمان شێوە دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان لە پۆلێنکردنی منداڵە نەخۆشەکانەوە یان کاریگه‌رییه‌ لاوه‌کییه‌کانی شێرپه‌نجه‌وه‌، دەگەنە قۆناغێک کە وەک تاکێک، سەرەڕای ڕاستییەکان، خواستی ئازادییان ھەیە بۆ بڕیاردانی گرتنە دەستی کۆنترۆڵی ژیانیان، دروستکردنی بەھاکانی خۆیان و دیاریکردنی مانای ژیانیان.

خاڵێکی تری گرنگی تیۆری ئیکزستێنشیاڵیزم هەقیقەتە (فاکتیسیتی)، کە سارتەر لە بوون و نه‌بووندا باسی لێوە دەکات. هەقیقەت سنوور و مەرجدانانە بۆ ئازادی. ئەو سنوورەی کە تاک لە ژیانیدا ھەڵینەبژاردووە، بەڵام پێی مەحکوومە، بۆ نموونە شێرپەنجە. بەڵام لەگەڵ ئەم مەحکوومبوونەش، گرنگی و مانای بوونی کەسێک بەند نییە بەم هەقیقەتەوە. بە واتایەکی دی، تاک ئازادانە بڕیار دەدات چەندێک گرنگی بدات بەو هەقیقەتەی پێوەی بەندە. بۆ نموونە، کاردانەوەی ھەیزڵ بۆ شێرپەنجە بە بەراورد لەگەڵ ئۆگەستس، ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو دوو مامەڵەیەی کە تاک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەقیقەت ھەڵیدەبژێرێت.

وەڵامی دوو کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە بۆ هه‌قیقەت جیاوازە؛ ھەیزڵ ھیچ بەرھەڵستیی هەقیقەتەکەی ناکات  و گرنگ نییە بۆی بژیێ یان بمرێت، ئەو ھەموو بوونی خۆی وەک “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” دەبینێت و خۆی بە نارنجۆکێک بەراورد دەکات کە له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وره‌به‌ری ئازار ده‌دات:

”له‌ کۆتاییه‌کانی زستانی حه‌ڤده‌ساڵیمدا، دایکم پێی و ا بوو که‌ تووشی خه‌مۆکی بووم. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێی وا بووبێت چونکه‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ماڵ ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌ی کاته‌کانم له ‌ناو جێخه‌وه‌که‌مدا به‌ڕێ ده‌کرد، خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان کتێب به‌ به‌رده‌وامی، به‌ ده‌گمه‌ن نانم ده‌خوارد، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی زۆری کاته‌ به‌تاڵه‌کانیشم بۆ بیرکردنه‌وه‌ له‌ مردن ته‌رخان کردبوو.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٧)

”به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه‌، من نه‌مردم. له‌ که‌ناره‌که‌ به‌جێ مام و شه‌پۆله‌کان بێهۆش و بێئاگایان کردم، به‌ڵام نقوم نه‌بووم.”

( به‌شی حه‌وته‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٣١)

ئەو غەمگینییەی بووە بە تایبەتمەندییەکی دیدی ئیکزستێنشیاڵیزم، لە گوتەیەکی ھەیزڵدا بە ڕوونی ئاشکرا دەبێت، کاتێک ھەیزڵ بۆ خێزانەکەی ڕوون دەکاتەوە کە دەبێت ئاشنایی لەگەڵ کەسانی نوێ دروست نەکات، چونکە ئەو لە کۆتاییدا دەمرێت و بەمەش ئازاریان دەدات. وەک سارتەر دەڵێت: “ئێمە  مه‌حکوومین بە غەمگینی، چونکە ھیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی ھەست بە قورسایی ھەڵبژاردنەکانی خۆمان بکەین بەسەر ژیانی خۆمان و ژیانی ئەوانی دیکه‌شەوە.”

”دایه‌، من وه‌ک… وه‌ک… من وه‌ک نارنجۆکێک وام. من نارنجۆکێکم و له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قمه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت ڕێژه‌ی قوربانییه‌کان که‌م بکه‌مه‌وه‌… من نارنجۆکێکم. ته‌نیا ده‌مه‌وێت له‌ خه‌ڵک دوور بم و کتێب بخوێنمه‌وه‌ و بیر بکه‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بم، چونکه‌ هیچ شتێک نییه‌ بتوانم بیکه‌م ئێوه‌ ئازار بدات؛ ئێوه‌ زۆر به‌هێزن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تکایه‌ ته‌نیا لێم گه‌ڕێن ئه‌وه‌ بکه‌م، باش؟ من غه‌مبار نیم. چیتر پێویستم به‌وه‌ نییه‌ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها من ناتوانم ببم به‌ هه‌رزه‌کارێکی ئاسایی، چونکه‌ من نارنجۆکێکم.”

(به‌شی شه‌شه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٢٥)

چاپی كوردیی ڕۆمانه‌كه‌ || فۆتۆ: هه‌رێم عه‌لی

بەڵام ھەیزڵ خولیای دۆزینەوەی کۆتایی کتێبە دڵخوازەکەی، ئازارێکی مەزن، ده‌که‌وێته‌ سه‌ری، کە دەربارەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزمە و دەڵێت بوونی مرۆڤ واتا گەڕان بەدوای مانایەک بۆ ژیانیان. ویستی ھەیزڵ بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کارەکتەرە ڕزگاربووەکان لە شێرپەنجە ھێمایەکە بۆ ویستی دۆزینەوەی مانایەک بۆ ئەم ژیانە و ژیانی دواتری خۆی:

”هه‌روه‌ک چۆن جه‌سته‌ و بیرکردنه‌وه‌کانم هیی خۆم بوون، ئازارێکی مه‌زنیش کتێبی من بوو.”

(به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٥١)

دواتر دەبینین ئه‌و بێباکییه‌ی ھەیزڵ بەرامبەر به‌ ژیان ھەیەتی، دەگۆڕێت بۆ ویستی ژیانکردن و خۆشویستن، ئەمەش لەپاش ئەوەی بۆی ڕوون دەبێتەوە گرنگیی ژیانی ئەو لە ساتە خۆشەکان و دەستکەوتەکانیەتی، وەک لەوەی لە ژمارەی ساڵەکانیدا بێت. دەڵێت :

”من ژماره‌ی زیاترم ده‌وێت له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنم، خودایه‌، ژماره‌ی زیاتریشم ده‌وێت بۆ ئۆگه‌ستس له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌. به‌ڵام گه‌س، ئه‌ڤینداری من، ناتوانم پێت بڵێم که‌ چه‌نده‌ سوپاسگوزارم بۆ ئه‌و ناکۆتا که‌مه‌ی خۆمان. به‌ هه‌موو جیهانی ناگۆڕمه‌وه‌. تۆ هه‌تاهه‌تاییه‌کت پێ به‌خشیم به‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆژی دیاریکراوه‌وه‌، من سوپاسگوزارم.”

(به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٩)

ھەرچەندە ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی سنوورداریان پێکه‌وه‌ هه‌بوو، بەڵام دەکرێت پەیوەندییەکەیان وه‌ک په‌یوه‌نییه‌کی ناکۆتا تەماشا بکرێت. ئۆگەستس ھاوکاریی ھەیزڵی کرد لە خۆدۆزینەوە و ھێنانەدیی خەونەکەی و بینینی نووسەری ئازارێکی مەزن. بوونی ئۆگەستس لە ژیانی ھەیزڵدا دیدی ئه‌وی بۆ ژیان گۆڕی و هه‌یزڵ لە نارنجۆکێکەوە بوو بە تاکێک کە دەتوانێت ژیانی کەسێک بگۆڕێت، ئەمەش ئەو وانە سەرەکییەیە کە جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە. ئەم بیرۆکەیە لەم بەشەی خوارەوەی کتێبەکەدا ڕوون دەبێتەوە، کە تێیدا ئۆگەستس گرنگیی ڕزگارکردنی ئەو منداڵانە لە یارییە ڤیدیۆییه‌کاندا بۆ ھەیزڵ ڕوون دەکاتەوە:

”هه‌موو ڕزگارکردنێک شتێکی کاتییه‌. من خوله‌کێکم بۆ کڕین. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و خوله‌که‌، یه‌ک کاتژمێری بۆ کڕیبن و ئه‌و کاتژمێره‌ش ساڵێکی بۆ کڕیبێتن. هه‌یزڵ گره‌یس، هیچ که‌س ناتوانێت ئه‌به‌دییه‌تیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکات، به‌ڵام ژیانم خوله‌کێکی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردن. ئه‌مه‌ش شتێکی که‌م نییه‌.”

(به‌شی چواره‌م، لاپه‌ڕه‌ ٨٠)

بە پێچەوانەوەی ھەیزڵەوە، ئۆگەستس هەقیقەتەکانی خۆی پشتگوێ دەخات. ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ ھەمیشە ترسێکی زۆر بووە بۆ ئەو، چونکە دوای مردنی، ئه‌و بە ته‌واوی لەبیر دەکرێت، بەڵام دواتر ئەم ترسە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ویستی خۆدۆزینەوە. لە ڕۆمانەکەدا ھەڕەمی ماسلۆو، کە دەروونناسی ئەمریکیی ئەبراھام ئێچ ماسلۆو نووسیویه‌تی، دەری دەخات کاتێک ویستە سەرەتاییەکان بەدی دێن، تاکەکان بەرەو قۆناغی بەرزتری پلەبەندییەکە سەر دەکەون تاکو دەگەنە ویستی کۆتایی بۆ خۆدۆزینەوە. ئەمەش واتا دیاریکردنی ڕێگەیەک لە ژیاندا و جێھێشتنی میراتییه‌ک تا بە ھۆیەوە یاد بکرێتەوە و ببێت بە بەڵگەیەک بۆ بوونی ئەو:

”ئه‌گه‌ر تۆ ژیانێکی مانادار و پڕبایه‌خ نه‌ژیت، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ده‌بێ مردنێکی مانادار و پایه‌دار بمری، خۆشت ئه‌مه‌ ده‌زانی؟ هه‌روه‌ها، من له‌وه‌ش ده‌ترسم که‌ نه‌ ژیانێک ده‌ژیم هیچ مانایه‌کی هه‌بێ و نه‌ مردنێک ده‌مرم که‌ هیچ مانایه‌کی هه‌بێ.”

(به‌شی یازده‌یه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩٨)

”زۆربه‌ی که‌سه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌دوای خۆیان نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌ به‌جێ بهێڵن. به‌جێهێشتنی میراتییه‌ک. که‌ دوای مردنیش، تا ماوه‌یه‌کی دوورمه‌ودا بمێنێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌موو ده‌مانه‌وێت یاد بکرێینه‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، منیش. ئه‌وه‌ی که‌ زۆر بێزارم ده‌کات ئه‌وه‌یه‌، بوون به‌ قوربانییه‌کی تری له‌یادکراو له‌ جه‌نگێکی دێرین و شه‌رمه‌زارکه‌ردا؛ جه‌نگی دژ به‌ نه‌خۆشی.”

(به‌شی بیستوپێنجه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٣٥١)

بیرۆکەی هەقیقەت لە ناوی ڕۆمانەکەوە، ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، باس دەکرێت. لە شانۆنامەی قەیسەر جولیوسی شەکسپیردا، قەیسەر دەڵێت: “بروتوسی ئازیز، ھەڵەکە لە ئەستێرەکانی بەختی ئێمه‌دا نییە، بەڵکو لە خۆماندایە، چونکە ئێمە کەسانی نزمین.” لەم دێڕەدا قەیسەر دەڵێت کە مرۆڤ بە ھۆی ئەو هەقیقەتەی پێی مەحکوومە لەناو دەچێت، نەک بە ھۆی چارەنووسەوە. بەڵام جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا ناوی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان ھەڵدەبژێرێت تا بتوانێت بڵێت ھەندێک کات ھەڵەی خۆمان نییە، ھەندێک ڕووداو ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، وەک شێرپەنجە. بەڵام جوانیی پەیامەکە لەوەدایە کە ھێشتا دەتوانین بژین و بڕیار بدەین سەرەڕای ئەو ھەڵەیەی لە ئەستێرەکانماندا ھەیە.

جۆن گرین

بیرۆکەی ئەبسێرد لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا

گەشتی ئەم دوو مێردمنداڵە زیرەک و قسەخۆشە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو چەمکەی کامۆ پێی ده‌گوت “ھەستی ئەبسێرد”. بیرۆکەی ئەبسێرد لە زۆر کاری ئیکزستێنشیاڵیزمدا ھەیە. کامۆ ئه‌بسێرده‌ پاڵه‌وان بە کەسێک دادەنێت کە ژیان وەک ھەوڵێکی بەردەوام دەبینێت و لە ناخیدا یاخیبوونێکی بەردەوام دژی دۆگمابوونی ھەیە. ئەمەش ھەمان حاڵەتی ئەم دوو نەخۆشەیە کاتێک بە بێھیواییەوە لە دژی ئەو سنوورانە یاخی دەبن، کە بە ھۆی نەخۆشییەکەیانەوە پێی مەحکوم بوون.

“ئەم یاخیبوونەیە کە بەھا بە ژیان دەبەخشێت. خۆی بەسەر ھەموو ژیاندا بڵاو دەکاتەوە و مەزنیه‌تی بەو ژیانە دەدات. بۆ کەسێکیش چاوبەست مەودای بینینی نەگرتبێت، ھیچ دیمەنێک نییە جوانتر لە دیمەنی ئاوەز لە ململانێیدا لەگەڵ واقیعێکدا کە لە سەروو خۆیەوەیەتی.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

ئەلبێر کامۆ باوەڕە ئایینییەکان وەک ھەوڵێک بۆ ڕاکردن لە ئەبسێرد دەبینێ. ئایین بۆ ئەو چارەسەرێکی ھەڵخەڵەتێنەرە بۆ ئەو سروشتە ئەبسێردەی لە هەقیقەتدا ھەیە. بەپێی کامۆ مرۆڤی ئەبسێرد دەبێت ئاگاییەکی تەواوی به‌رانبه‌ر به‌ شوێنی خۆی هه‌بێت، کە لە ئەنجامگیرییەکی پوچگەرایانە دەڵێت:

“مرۆڤی ئەبسێرد لە پنتێکی ڕێگه‌ی ژیانیدا ڕووبەڕووی ھەڵفریوان دەبێتەوە. مێژوو ھەم ئایین ھەم پێغەمبەر و تەنانەت پێغەمبەری بێخوداشی تێدایه‌. مرۆڤی ئەبسێرد داوای لێ دەکرێ ئەو بازدانە ئەنجام بدات. ھەموو وەڵامەکەی ئەویش ئەوەیە کە بە تەواوی تێناگات و شتەکان بە لایەوە ڕوون نین. لە ڕاستیدا ئەو شتێک ناکات کە بە تەواوی لێی تێنەگەیشتبێت.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

بە ھەمان شێوە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، ھەیزڵ، ھیچ گرنگییەک بە ئایین نادات. مرۆڤ چیرۆک یان خودا دروست دەکات بۆ پڕکردنەوەی بەتاڵی و ویستی دۆزینەوەی وەڵام و مانا. بەڵام، ھەیزڵ زۆر کات ئایینی وەک دژی ئینتێلێکچواڵیزم دەبینی. هه‌یزڵ باوه‌ڕی به‌ گه‌ردوون هه‌یه‌ و ئۆگه‌ستسیش باوه‌ڕی به‌ ”شتێک” هه‌یه‌. بیرۆکه‌ی ئه‌بسێردیی ئایین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پووچیی بوونی مرۆڤه‌کان له‌ ژیاندا له‌ ڕۆمانه‌که‌دا له‌ گرووپی پشتگیرییه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێت:

 ”ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێک له‌ ناوه‌ڕاستی خاچه‌که‌دا داده‌نیشتین، له‌و شوێنه‌ی که‌ دوو داره‌که‌ به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن، له‌و شوێنه‌ی که‌ دڵی مه‌سیحی لێیه‌. شته‌کان به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دڵی خودادا به‌ڕێوه‌ ده‌چوون: شه‌ش، حه‌وت، بۆ ده‌ که‌س له‌ ئێمه‌ به‌ پێ یان عه‌ره‌بانه‌ ده‌چووینه‌ ژووره‌وه‌، هه‌ندێ کولیچه‌ و ئاوی لیمۆمان ده‌خوارد، له‌ بازنه‌ی باوه‌ڕدا داده‌نیشتین و گوێمان له‌ چیرۆکه‌ خه‌ماوییه‌ هه‌زارجار گێڕدراوه‌که‌ی ژیانی پاتریک ده‌گرت، که‌ چۆن تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی گون ببوو و هه‌موان پێیان وا بووه‌ که‌ ده‌مرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌مرد و ئه‌وه‌تا ئه‌و لێره‌یه‌، گه‌نجێکی ته‌واو پێگه‌یشتوو، له‌ ژێرزه‌مینی که‌نیسه‌یه‌ک له‌ ١٣٧ه‌مین جوانترین شاری ئه‌مه‌ریکا، له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی جیا بووه‌ته‌وه‌، مودمین بووه‌ به‌ یارییه‌ ڤیدیۆییه‌کان، بێ هاوڕێ و دۆست، خه‌ریکی بونیادنانی ژیانێکی نوێیه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ژیانی ڕابردووی.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩)

سەرنجی وەرگێڕ: بۆ دێڕەکانی ڕۆمانەکە، سوود لە چاپی کوردیی ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌کانی به‌ختمان وەرگیراوە، کە ساڵی ٢٠١٦ به‌ وه‌رگێڕانی ژیوار جه‌وهه‌ر له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسوە چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌.

 

John Green, SheneMohamad, TFIOS, ZhiwarNazanin,