02/10/2020
DidiMn Logo
Top

خوێنه‌ر و كتێب: ئەزموونی من لەگەڵ کامۆ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منخوێنەر و کتێب

کتێب: یادداشتەکان
نووسەر: ئەلبێر کامۆ
سەرنجی خوێنەر: ئەحمەد ئەیاد

“هه‌رگیز بەو جۆرە هه‌ستێکی قووڵم نه‌بووه‌ لە کاتێکدا لە خۆم دابڕاوم و له‌ هه‌مان کاتدا له‌م جیهانه‌دا بوونم هه‌یه.”‌

ئه‌وه‌ی به‌ڕێز کامۆ له‌م کورتبڕییەدا ده‌ری بڕیوە، دەشێت بۆ تێگه‌یشتن لە مەبەستی خۆکوشتن بێت، لێره‌دا ته‌نیا ئه‌و پووچییه‌ ناخاته‌ ڕوو، ئه‌و لە ئه‌زموونی هه‌ستێک ده‌دوێت که‌ تاڵتره‌ له‌ مردن، ئه‌و گومانێک ده‌خاته‌ دڵی خۆیه‌وه‌ به‌وه‌ی ئایا به‌ڕاستی بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام به‌ڵێ بێت، باشه‌ بۆ له‌ خودی خۆی دابڕاوه؟

هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌م پێ کرد، بۆ تێگه‌یشتن ده‌بێت هه‌مان ئه‌زموونی ئه‌و تاقی بکه‌ینه‌وه‌ به‌ هیوای گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامێک، هه‌ر بۆیه‌ لێره‌دا من ئه‌زموونی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ باس ده‌که‌م که‌ ژیان دووباره‌ چانسێکی پێ به‌خشیمه‌وه‌، ده‌رفه‌تم بۆ ڕەخسا ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێ کردووه‌ و له‌ مه‌به‌سته‌که‌ی کامۆ، بیخه‌مه‌ ڕوو.

the-famous-pose-of-albert-camus1

 

ترۆپێكی نائومێدی؛ ئه‌و ساته‌ی ژیان و مردن به‌های خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن

هه‌ڵبه‌ت زۆر ڕێگە و بارودۆخ هه‌ن‌ كه‌ تێیدا ته‌واو هه‌ست به‌ بێ به‌هایی و كه‌م نرخیی ژیان و پووچیی ده‌كه‌یت، ده‌گه‌یته‌ خالێک هیچ شتێک به‌های نامێنێت، هیچ به‌هایه‌ک نییه‌ بۆی بژیت، دواجار مردنیش هیچ به‌هایه‌كی نامێنێت.‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ڕوونی بكه‌مه‌وه‌، ئه‌و هه‌ستی پوچییهیە‌ کاتێک لێی ده‌گه‌یته‌ لوتكه‌، كاتێک ته‌ماشا ده‌كه‌یت ته‌واو تۆ گەیشتوویتە كۆتایی، ئه‌ی دواتر چی؟ ئه‌وه‌ بێ وه‌ڵامه‌. ئه‌م بارودۆخه‌ كاتێک هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت كه‌ تۆ دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یته‌ ترۆپكی نائومێدی، بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ده‌یت كه‌ ژیان بێ به‌ها و بێ نرخه‌ و به‌رده‌وامبوون له‌ ژیان هیچ گرنگ و پێویست نییه‌، دواجار ده‌گه‌یته‌ ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ بیر له‌ خۆكوشتن ده‌كه‌یته‌وه‌ و بڕیار ده‌ده‌یت خۆت بكوژیت، كه‌ تۆ له‌ شه‌ودا ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌یت هه‌وڵ ده‌ده‌یت خۆت بكوژیت، كه‌ بۆ به‌یانییه‌كه‌ی چاو ده‌كه‌یته‌وه‌ و نه‌مردوویت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سێک تۆی ڕزگار كردووه‌. ئه‌و ساته‌ی كه‌ لات ئاشكرا ده‌بێت نه‌مردووی، ئه‌وه‌ ناخۆشترین و پووچترین ساته‌ كه‌ تێیدا تازه‌ تۆ له ‌ژیان دبڕاویت و له‌ هه‌مان كاتدا له‌ خۆتیش دابراویت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ هێشتا وجودت هه‌ر هه‌یه‌، ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ مردن و ژیان به‌های خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ته‌نها ده‌بنه‌ چه‌مكێكی بێزارکار.‌

ئه‌م بابه‌ته‌ شه‌یر بكه‌

Ahmad Ayad, Albert Camus, Camus,