25/04/2024
DidiMn Logo
Top

شەپۆلی نوێی فرۆشتنی ڕۆمانی تاعوونی ئەلبێرت کامۆ

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – زە گاردیان
لە ئینگلیزییەوە: سیڤان ئەرسەلان

تاعوونەکە بڵاو دەبێتەوە. خەڵکانێک دەمرن. هەموان فەرمانیان پێ کراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە لە کاتێکدا دکتۆرەکانیش بە درێژایی میلی کاتژمێر کار بۆ چارەسەری تووشبووەکان دەکەن. لێرەدا ڕەفتاری چاونەترسی و ڕەفتاری هەست بە شەرمەزاریکردن هەیە و کەسانێکیش هەن تەنها لە بیری خۆیاندان، هەندێکیش خۆیان تەرخان کردووە لەپێناو کاری باشدا. مرۆڤایەتی بارودۆخێکی بێمانا و ناجێگیری هەیە.

ئەمە بە تەواوی بارودۆخەکەی ناو ڕۆمانی تاعوونە، ڕۆمانە کلاسیکەکەی ئەلبێرت کامۆ کە لە ساڵی ١٩٤٧دا بڵاو کرایەوە و لە ئێستادا خوێنەری نەوەی نوێی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە.

کاسرینی کچی کامۆ تەمەنی چواردە ساڵ بوو کاتێک ڕۆمانی ”تاعوون”ی خوێندەوە، ئەوەیش بە دوو مانگ پێش ئەوەی باوکی لە ڕووداوی هاتوچۆدا کۆچی دوایی بکات.

ئەو دەڵێت: ”پەیامەکەی تاعوون زەنگی حەقیقەتی ئەمڕۆیە وەک چۆن لە زوودا کاریگەریی خۆی هەبووە، بە هەمان شێوە لە داهاتوویشدا کاریگەریی دەبێت. دڵخۆشم کە کەسانی تێگەیشتوو دووبارە دەستیان بە خوێندنەوەی کردووە ئەگەر بڕگەیەک هەبێت لە کتێبەکەدا قسە بۆ خوێنەر بکات و هیوایان پێ ببەخشێت، ئەوە گرنگترین شتە.”

کامۆ لەگەڵ کاسرینی کچیدا

کاسرینی حەفتاوچوار ساڵ، لە خانووەکەیدا لە گوندی لۆرمارین لە لوبێروندا ئەم قسانەی کرد، ماوەی سی ساڵ لەوێدا ژیانی بەسەر بردووە، خانووەکە لە لایەن باوکیەوە کڕاوە، بەو پارەیەی کە لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەب لە ١٩٥٧دا بە دەستی هێنا.

ئەلبێرت کامۆ لە جەزائیر لە دایک بووە، ”تاعوون” یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین کتێبەکانی و لە ١٩٦٠دا لە تەمەنی چل ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، بە ڕووداوێکی هاتوچۆ، لە کاتێکدا دەگەیەنرایە ماڵەوە لە لایەن بڵاوکەرەوەی نووسینەکانیەوە، بە ناوی مایکڵ گالیمارد. سەیارەکە بە خێراییەکی زۆر لە ڕێگە دەردەچێت و خۆی دەدات بە دوو درەختدا، کامۆ ڕێک لەوێدا گیان لە دەست دەدات.

هۆکاری ڕووداوەکەی سەر ڕێگە درێژ و ڕێکەکە، تا ئێستایش بە ناڕوونی ماوەتەوە و چەندین گومانی لەسەر وتراوە. لەو کتێبەدا بە ناوی ”مردنی ئەلبێرت کامۆ”، نووسەری ئیتاڵی و ئەکادیمیای جیۆڤانی گاتێل دەڵێن کەوا کامۆ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی دەوڵەتەوە کوژراوە، پاش ئەوەی دژایەتیی خۆی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ڕاگەیاند.

کاسرین بۆ ماوەی چل ساڵ سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی سپاردە ئەدەبییەکەی باوکی بووە، کۆنتڕۆڵکردنی مافی بەچاپگەیاندن، بڵاوکردنەوەی نامەکانی و هێشتنەوەی تروسکایی باوکە ئازیزەکەی بە ڕووناکی لە کاتێدا خۆی وەک سێبەرێک لە پشتیەوە مایەوە، وەک خۆی دەڵێت: ”لێرەدا بم پێم باشترە. ڕەنگە بە مانەوەمان لە ماڵدا بیرمان بۆ ئەوە بچێت کە چ شتێک حەقیقەتە و چ شتێک گرنگە و زیاتر ببینە مرۆڤ. لە ساڵی ١٩٤٦دا کاتێک باوکم کتێبەکەی نووسی، سەرمایە پێوەرێکی جیاوازی هەبوو بەراورد بەمڕۆ، کاتێک خەڵکی بە ئاشکرا بە دوای ئاڵتووندا ڕادەکەن و مرۆڤەکان وەک بازاڕێکی ئازادیان لێ هاتووە بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل، ئێمە لە شتێکەوە بۆ شتێکی دیکە باز دەدەین. هەموو کەس پێی وایە خۆی ڕاستە و ئەوەی لە بیر چووە کە واتای ژیان چییە، پرسیارەکەیش ئەمەیە.”

بڵاوکراوەی ڕۆمانی ”تاعوون”، پەنگوین کلاسیکی بەڕیتانی، دەڵێت کە بەجێگەیاندنی هەموو داواکارییەکان، وەک بەردەستخستنی کتێبەکە بۆ هەموو خوێنەران لە کاتی خۆیدا، کارێکی گرانە. ئیزابێل بلەیک، بەڕێوەبەری بڵاوکراوەکە دەڵێت: ”گەیاندنی داواکارییەکانمان لە سەد نوسخەوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار.” لە شوباتی ساڵی پارەوە بە هەزاران کۆپیی ”تاعوون” لە بەڕیتانیادا فرۆشراوە و ڕۆژانە لە بەرزبوونەوەدایە. هەروەها دەڵێت: ”ئەمانە زیاتر لە ڕێگەی کتێبخانە سەربەخۆکانەوەن، وەک ئەمازۆن، کە بۆ چەند خولەکێکیش لە کارکردن وەستا. ئەمە لە کاتێکیشدا لەم ساڵدا دوو جار چاپ کراوە.”

”تاعوون” لە ڕۆژێکی بەهاردا دەست پێ دەکات کاتێک دکتۆرێک لە شاری ئەلجیریا لە ئۆران جرجێکی مردوو لە پێش دەرگای ماڵەکەیدا دەدۆزێتەوە، پاشان چەند جرجێک دەبینێت، جرجی مردوو و زیندوو، لە هەموو شوێنێک.

کاتێک خەڵکی بە هۆی تاعوونەوە گیان لە دەست دەدەن، حکومەتیش فەرمان دەدات خەڵکی لە ماڵەکانیان بمێننەوە. لە ڕێی کارەکتەرەکانەوە، کامۆ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە خەڵکی بەرپەچدانەوەی وەک تاکێک یاخود وەک بەشێک لە کۆمەڵەیەک چۆن دەبێت، لە ئازارچەشتن و مردندا. ئەمە دەبێتە ئەزموونێکی تاکەکەسی، یان ئەزموونێکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش، هیچ کەس کەمتەرخەم نابێت.

ڕۆمانەکە ساڵی ١٩٤٠ نووسرا، بەڵام بە گشتی ڕوداوەکانی باس لە کۆلێراکەی ساڵی ١٨٤٩ دەکەن، پاش داگیرکارییەکەی فەڕەنسا لە جەزائیر. کامۆ خۆی وتوویەتی: ”ڕۆمانەکە دەتوانرێت لە چەندین ئاستدا بخوێنرێتەوە، هەروەها ئاماژەیە بۆ بەرگریکردنی فەڕەنسییەکان بەرامبەر وێرانکاریی نازییەکان و داگیرکاری ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا. خەڵکی لە کۆتاییدا توانییان سەربەخۆ بن، هەرگیز ئەو ساتە ناخۆشانە لە بیر ناکەن کە وای لێ کردن ڕووبەڕووی بێهیوای لە بوونی خۆیان و مەترسییەکانی سەر بارودۆخی مرۆڤ ببنەوە. چ شتێک لە هەبوونی هەموو ئەو خراپەکارییانە ڕاستە ئەوا لە تاعوونیشدا بە هەمان شێوە، یارمەتیی پیاو دەدات لە ئێستای باشتر بێت.”

کاسرین کامۆی ٧٤ ساڵ

کاسرین کامۆ دەڵێت، ئەمە لە چەندین نامە دەربارەی کارەکانی باوکی پێی گەیشتووە، هەمو کارە ناوازەکانی کۆ کردووەتەوە لای خۆی بە هۆکاری، پیاوەکە لە ناو کتێبەکەدایە: ”هەمان ئەو پرسیارەی کردووە کە خەڵکی دەیکات و ئاماژەی بە هەمان ئازار و ناخۆشی داوە کە خەڵکی هەیانبووە. ئەو باوەڕی بە پەیامی ڕۆمانەکە هەبووە کە دەڵێت ئێمە بەرپرسیاری کردارەکانمانین. ئێمە بەرپرس نیین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام دەتوانین بەرپرسیار بین لەوەی کە چۆن بەرپەرچی دەدەینەوە. باوکم هەوڵی دەدا قسە بۆ ئەو کەسانە بکات کە قسەیەکی تایبەت بە خۆیان نییە. ئەو بە شێوەیەکی فیزیکی خۆی تەرخان کرد بۆ بەرهەڵستیکردن لە درۆ، باوەڕی بەوە بوو کە کاتێک دەبیتە نووسەر، ناتوانی درۆ بکەیت. شتێکی بێوێنەیە کە نەوەی نوێ دووبارە کامۆیان دۆزیوەتەوە و هیوادارم لە بێدەنگیی پاراستنی وتەکانی دەنگدانەوەی هەبێت.”

هەروەها کاسرین کامۆ گوتی کە خەڵکی پێی دەڵێن ڕەنگە زۆر خۆشحاڵ بێت کە ئەو هەموو پارەیەی بە دەست هێناوە، بەڵام ئەو ئەو تێڕوانینە پڕخەمەی دووپات کردەوە کە ئێمە هەمومان بووینەتە ڕۆبۆتێکی پارەپەرست: ”بێگومان پارە یارمەتیدەرە، بەڵام گرنگترین شت نییە، باوکم پێویستی بە یارمەتی و بانگەشە بۆ کردن نییە بۆ فرۆشتنی کتێبەکانی، کارەکانی خۆیان کاریگەرن، ئەوەی نووسیوە کە دەبوو بیوتایە و ئەوەیشی کرد لە ئاستێکی زۆر بەرزدا.”

هاوبەشی بکە

Albert Camus, Book, Coronavirus, the plauge,