24/07/2019
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌ران

لە لایەن دیدی من 3 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: حیکایەتی چلشەوەی قەلەندەران

گێڕەرەوە: بوشرا کەسنەزانی

خوێنەر: مژدە سەڵاح

کتێبی حیکایه‌تی چلشه‌وه‌ی شاری قه‌له‌نده‌ران‌ی بوشرا که‌سنه‌زانی، کتێبێکه‌ به‌ ژانری حیکایه‌ت نووسراوه‌، دابه‌شکردنێکی سه‌یری شێوه‌ی کتێبه‌ دێرینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاته‌. کتێبه‌که‌ دابه‌ش کراوه‌ بۆ چل به‌ش، که‌ چل ده‌رگەی هه‌یه‌ و کلیکلی ده‌رگەکان، ویردێک یان ناوێکی خودایه‌، که‌ له‌ ناو به‌شه‌که‌دا مانا و ته‌ئویلی ناوه‌که‌ کراوه ‌(شه‌وی یه‌که‌م، ده‌رگای لا اله الا الله) چونه‌ژووره‌وه‌ به‌ شه‌وه‌، له‌ هه‌ر ده‌رگەیه‌که‌وه‌ کاره‌کته‌رێک ده‌ڕواته‌ به‌رده‌م خاتوو شه‌هره‌زاد و حیکایه‌تی خۆی بۆ ئه‌م خالقه‌ که‌وتووه‌ ده‌گێڕیته‌وه‌، که‌ له‌ جێدا که‌وتووه‌ و تووشی فه‌رامۆشی بووه‌، کاره‌کته‌ره‌کانی بیری ده‌خەنە‌وه‌ هۆی که‌وتنی چییه‌ و حیکایه‌ته‌کانی چۆن بووه‌ و هه‌مووشی ده‌گێڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و زوڵمه‌ی که‌ له‌ کاره‌کته‌ره‌کانی کردووه‌، به‌وه‌ی ناردوونیه‌تی ناو تراژیدیای مرۆڤانه‌  و حیکایه‌تیی هه‌موویان ناکام و تاریک بووه‌. دابه‌شکردنی حیکایه‌ته‌کان له‌ ڕووی بابه‌ته‌وه‌ لێهاتوانه‌یه‌ و سه‌لیقه‌ی هه‌موو جۆره‌ خوێنه‌ریکی تێدایه‌، له‌ حیکایه‌تی سۆفی و زاهیدانه‌وه‌ تا عاشقان و دڵداران، تا مۆسیقاران و شاعیران و ته‌نانه‌ت مامان و که‌سانی ساده‌ی ناو کۆمه‌ڵ. شێوە و قەبارەی کتێبەکە چەشنێکە، خەیاڵی ئەوەت لا دروست دەکات بە وێنەی حیکایەتخوانە کۆنەکان، لە پاڵ ئاگردانێکدا دابنیشی و چیرۆک بۆ کۆمەڵێکی واقوڕماو لە ئاگر بخوێنیتەوە.

6v7a6900

بوشرا کەسنەزانی

ڕۆژی نالی– زانکۆی ئەمریکی لە عێراق- سلێمانی

فۆتۆگرافەر: لاژە تەها

هەبوو نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو، هیچ هەر نەبوو…

خانمێ، خاتوونێ، شیرینێ، زۆر غەمبار و ئازارچەشتوو، لە کونجێکی تاریک، لە شەوێکی ساردی پاییزییدا لە کن ئاگردانێک ئەژنۆی خەمی گرتووەتە باوەش و کزکز دانیشتووە و هۆن‌هۆن فرمێسک دەڕێژێتە سەر خاکوخۆڵی بەردەمی. لەپڕ لە ناو قوڕاوەکەی بەردەمی ئادەمییەک بەدی دێ، ئادەمییەکی کامڵ و ڕیش‌چەرموو و مێزەربەسەر، کە هەر لە بابا حیکایەتخوانەکان دەچێ. خاتوون ئەم مەخلوقە ناو دەنێت و دواتر فێری ناوی خۆی و شتەکانە دەوروبەری دەکات. ئینجا دەینێرێتە شارێکی چۆڵکراو و خاڵی لە بەنی ئادەم. بیرمان نەچێ! ئەم خەلقەندەیە ناوی نرا میرزا ئادەمی حیکایەتخوان، دەنێردرێ تاکو ببێ بە حیکایەتخوانی ئەو مەملەکەتە و ئاوەدانی بکاتەوە. لەسەر فەرمانی خاتوون، میرزا ئادەم دەگاتە شارێک کە بۆنی خاکی گرتووە و دەنگی ژیانی لێوە نایەت. ئاغای حیکایەتخوان دەست دەکات بە کەشف و گەڕان بە ناو شارەکەیدا، کە ناوی مەملەکەتی قەلەندەرانە (قەلەندەراوا). لە ڕۆژی یەکەمدا شوێنێک دەدۆزێتەوە کە حیکایەتخانەی مەملەکەتە، شوێنی سازکردن و گێڕانەوەی حیکایەتە. ڕۆژی دووەم لەگەڵ حەکیمێکدا پێک دەگەن، ناوی ئیبن حاتەمی مەغریبی‌یە. ئەم حەکیمە دەڵێ: ”ئێمە لێرە بە شوێنی دەواکردنی نەخۆشان دەڵێین شیفاخانە، کە ناونانێکی درووستترە لە خەستەخانە، دەردەداران کە دێنە ئێرە دڵنیا دەبن لەوەی شیفای نەخۆشییەکەیان دەدرێ، بە پێچەوانەی ناوەکەی ترەوە کە دەروونی مرۆڤ نەخۆش دەخات.”

مەملەکەتی قەلەندەران شوێنێکە ڕۆحی مرۆڤ تیایدا ئارام دەگرێت، هەست بە تەنیایی دەکات و تەنیایی خۆی خۆش دەوێت… لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا هەستم دەکرد ئەمە ئەو شوێنەیە کە ئاواتم خواستووە تیایدا بژیم و ئارەزووم دەکرد منیش یەکێک لە نیشتەجێیانی ئەو شارە بوومایە.

بەو جۆرە خاتوونی خالق، درووستکەری شار و دانیشتوانەکەی، هەر ڕۆژە و ئادەمییەک دەخوڵقێنێ و دەینێرێتە شار و لەوێ هەریەکە و دەبن بە خاوەنی حیکایەتی خۆیان. یانیش خاتوون دەیانخاتە ناو حیکایەتەکانەوە و زۆرینەی ئەوانەی کە دێنە ناو حیکایەتەکانی خاتوو شەهرەزادەوە دواتر دەبن بە مەعشوق یان دۆست و هاوەڵ و دەستەخوشکی نزیکی یەکدی. خاتوون لە حیکایەتخانە دادەنیشێت و لە ڕێی سەرمەدی قاسیدەوە هەر جارەی بەدوای چەند کەسێکدا دەنێرێت تا بچنە ئەوێ و ئەمیش بە ویستی خۆی حیکایەتیان بۆ ساز بکات و بیانکات بە یەخسیری ئەو قەدەرەی ئەم بۆی ساز کردوون و مەحکوومیان بکات پێی. ئیدی یەکێک بە پۆستەچی و یەکێک عاشق و یەکێک بە مەعشوق، یەکێ بە سۆزانی و یەکێ بەرگدوور، یەکێ بە مەلا و یەکێ شێخ و یەکێ سۆفی و ئەوی دی مورید، یەکێ کتێبدار و یەکێ حەکیم و یەکێ جادووباز، یەکێ بوتساز و یەکێ عەتتار و یەکێ گۆزەگەر و ئەوی تر ساقی و مەی فرۆش، بەو جۆرە بەپێی حەزی شەهرەزاد خانم پیشە و چارەنووسیان بۆ دیاری دەکرێت و هەر بەو ناو و ناوبانگەشەوە دەناسرێن.

تا ئەوەی ڕۆژێک خاتوون بیر و هۆشی بەرەو کزی دەچێت و خەریکە لەدەستی بدات، ئیتر پیاوماقووڵانی مەملەکەت تەما دەگرن هەر شەوە و یەکێک لە دانیشتوانی شار بچێتە خزمەتی و حیکایەتی خۆی بۆ باس بکات، ئەمە خوایە هەموو شتەکانی بیر بکەوێتەوە و دەست بکات بە گێڕانەوەی حیکایەتی شار و لە فەرامۆشی و لەبیرچوونەوە و لەناوچوون ڕزگاری بکات.

لەم کتێبەدا لێکچواندنێکی داهێنەرانە کراوە لە نێوان کاری خوداوەند لە دروستکردنی یەکەم مرۆڤ (ئادەم) و ناونانی و فێرکردنی و ناردنی بۆ سەر زەوی بۆ ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێبوون تێیدا، لەگەڵ کاری شەهرەزاد لە دروستکردنی میرزا ئادەمی حیکایەتخوان و ناردنی بۆ شاری قەلەندەران تا ئاوەدان بکرێتەوە ئەو جێیە. بەڵام خودا لە تەک ئادەم مرۆڤێکی تری ڕەگەزجیاوازی بە ناوی حەوا خەڵق کرد تاکو ببێتە تەواوکەری کاری یەکەمی و ڕەگەزی نێرینەی پێ کامڵ کرد. کەچی میرزای حیکایەتخوانی قەلەندەراوا، تا کۆتایی مرۆڤێکی تەنیا و مەحکوم بە گێڕانەوەی حیکایەت بوو. لەگەڵ زۆر جیاوازیی تردا لە نێوان ئەو دوو کارە، کە دووەمیان درووستکراوی خەیاڵی مرۆڤێکە و ناشێ بە لاساییکەرەوەی کاری خواوەند دای بنێین، بەڵکو بەهرەوەرگرتنە لە کاری ئەو، کە ئێمەی خەڵق کردووە و لێرەی دای ناوین تا توانا و لێهاتووییمان لە بونیادنان و دروستکردن تاقی بکاتەوە، یان تاکو هەریەک لە ئێمە بەپێی توانا و لێهاتوویی خۆمان کارێک بکەین، کە زەویی پێ ئاوەدانتر بکەینەوە.

کتێبەکە باس لە شارێک دەکات، تەواوی ئەو شارە لە مۆزەخانەیەکی دەگمەن دەچێت، کە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ خەونی پێوە دەبینێت و ئەوانەیشی تەنیا لە حیکایەتە کۆنەکاندا باس کراون و دیارنییە حەقیقەتیان هەبێ یان نا، لەوێ دەست دەکەوێت و بوونی هەیە.

ناوی کەسێتییەکانی نێو ئەم کتێبە ناوگەلێکن، هەروەکو نووسه‌ر خۆی لە لێکۆڵینەوەیەکیدا لەسەر ئەو جۆرە ناونانە لە حیکایەتدا دەدوێ: ”ئەم ناوانە ناوی ڕاگوزەری سەرەتایی نین کە تەنیا بۆ جیاکردنەوەی کەسێتییەکان بن لە یەکتر، بەڵکو ئەم جۆرە لە ناونان ناسنامەی کەسێتی و پیشاندەری سیفەتی کەسەکانە، وێنەی کەسایەتی لە زەینی خوێنەردا دروست دەکات.” لەو ناوە لێکدراوانەش وەک سەرمەدی قاسید، میرزا ئادەمی حیکایەتخوان، دوڕ محەمەدی کتێبدار، موشتاقولیقای گۆزەگەر و ڕوحنەوازی ئاوێنەساز و تا دوایی. جگە لەوان، ناوی پاڵەوانانی ناو ئەفسانە و حیکایەتە کۆنەکان بەکار هاتوون، وەک شیرین و لەیلی، بەڵام خاوەنی حیکایەت و تایبەتمەندیی خۆیانن کە جیایە لەوەی تا ئێستا بیستراون.

لە شاری قەلەندەران جوانترین کەسەکانی ناو نەتەوە جیاجیاکانی وڵاتانی دونیا، پاکستان، شام و شیراز، کووفه‌ و هه‌ڕات و بوخارا و سه‌مه‌رقه‌ند، موڵکی بابان وجه‌یپوور و ڕاجستان و قه‌وقاز و تا دوایی، پێکەوە کۆ کراونەتەوە و ژیانێکی جوان دەژین و جیهانێکی جوانیان پێک هێناوە. لەوێ هیچ باسێک لە سیاسەت و جیاوازیی نەتەوە و ئایین نییە، لەوێ ئاشتی بەرقەرارە. هەروەکو لێرەش نەتەوەی جیاواز هەن، بەڵام هیچ کات ئاشتی لەگەڵ یەکتر گونجان دروست نابێ.

BushraKasnazani, Hikayati Chlshawai Qalandaran, Mzhda Salah,