24/04/2024
DidiMn Logo
Top

دەربارەی پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ بوشرا کەسنەزانی

دیدی من  – سازدان و ئامادەکردنی:  لاژە تەها

کتێبی پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون دوا بەرهەمی ئەدەبیی بوشرا کەسنەزانییە کە لە مانگی ٤ ی ئەمساڵدا بڵاوبووەوە. ئەم کتێبە گێڕانەوەی حیکایەتێکە لەڕێگەی شیعرەوە، بە هێڵکاریی هونەرمەندی شێوەکار گۆران محەمەد، کە تەنها ۱۲٤ دانەی لێ چاپکراوە،  بەرگی ئەم بەرهەمە ئەدەبییە بە کاری دەستی نەخشێنراوە و هیچ دانەیەکی هاوشێوەی تێدا نییە، لە ئێستادا  ئەم بەرهەمە سەرجەمی ئەو تیراژەی کە لێی چاپکرابوو، فرۆشراوە و هیچ دانەیەکی لە کتێبفرۆشییەکان نەماوە.

IMG_6294 (2)

دیدی من: ئەم کتێبە گێڕانەوەی حیکایەتێکە لەڕێگەی شیعرەوە، تەنها ۱۲٤ دانەی لێ چاپکراوە، بەرگەکەی بە کاری دەستی نەخشێنراوە و هیچ دانەیەکی هاوشێوەی تێدا نییە. بیرۆکەی ئەم کتێبە چۆن دروست بوو؟ ئەم سنوردارێتییە لە بڵاوبوونەوە کتێبەکەتدا بۆچی؟

بوشرا کەسنەزانی: بیرۆکەى بڵاوکردنەوەى کتێبەکە بە سنوورداری، بۆ ڕاوێژی دۆستانم دەگەڕێتەوە کە پەیوەستى ناوەڕۆکەکەیەتى بەو گێڕانەوەیەى سەد و بیست و چوار هەزار پێغەمبەر هەبووە، چ دەبێت حیکایەتى یەکێکان بە دەر لە پەیامى خودایی، ئەوین بووبێت. هاوتا کارەکە مەیلی منە بۆ نوخبە و خوێنەری کەم و پوخت و جوانبین و ڕیزگرتنى خوێنەرانم، لە لایەکى ترەوە دوورەپەرێزی لەو ڕەوتە باو و لێشاوەى بە بازرگانیکردنى کتێب و ڕیکلامکاری نوسەران بۆ کتێبەکانیان، وە بە بەندەکردنى نوسەران لە لایەن ناوەند و دەزگاکانەوە، بە بڕوای من سەد و بیست و چوار کەس چیرۆکى ئەوینى پێغەمبەرێک بزانن، بەهای سەد و بیست و چوار هەزار خوێنەری هەیە کە دەیکڕن و لە ماڵ عاسی دەکەن، کە چاپ دەکریت و لە مەخزەنەکان شێ دەکات. زەمەنی بەر لە چاپ کتێبێک حەوت دانەى لێ ڕوونوس دەکرایەوە وەلێ حەوت ئیقیلم دەگەڕا، ئەگەر کتێبەکەى من حەوت کوچەى شار بگەڕێ کافییە. کە لە ماوەى حەوت ڕۆژدا گەشتە دەستى سەدو بیستو چوار کەس، و بەهۆی هێڵکاری کاک گۆران محەمەدی هاوڕێمەوە کتێبەکانى هیچی لە هیچی دی ناچن، بەوەى هەر کتێبەکەى هێڵکاری خۆیی هەیە، جگە لە دەستڕەنگینى هاوڕیکانم کە هەر یەکەیان سەلیقەى خۆیانیان لە بەرگتێگرتنى کتێبەکاندا نواندبوو..

IMG_6220 (2)

بۆ گەڕاویتەتەوە بۆ ئەم فۆرمە لە نوسین، گێڕانەوەی داستانێکی ئاشقانە بەشێوەی شیعر، کە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی خۆمان هەیە؟

بوشرا کەسنەزانی: من پێم وایە ئەوین هەمیشە فۆڕمى خۆی دەدۆزیتەوە بۆ بەیانکردن، گێڕانەوەی چیرۆکی ئەوین لە ئەدەبیاتى ئێمە و ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەی ئیپیک نمونەى زۆرە، لە شیرین و فەرهادەوە تا دەگاتە مەموزین، وامیق و عەزرا ، خورشید و خاوەر کە وێنەى ئەوینێکى بەرابەرین، هاوکات لە فۆڕمى حیکایەتدا هەمان چیرۆکی ئەوین هەیە، ئەم فۆڕمەى من گێڕاومەتەوە زیاتر لە گێڕانەوە ئایینیەکانەوە نزیکە، بۆ نموونە لە کتێبی پەیمانى کۆن دا، چەندەها حیکایەتى شیعرئامێز هەن، لە لاوژەکانى میسری دێرین و دەقە دۆزراوە ئایینیە هیندییەکاندا بە هەمان شێوە، ئەو کاتانەى ئەوین جودا نەبووە لە دین، هاوکات چیرۆکەکە گێرانەوەى نابەرابەری ئەوینە ئەمەشە جودای ئەکاتەوە لە داستانە شیعرییەکانى شەرق زەمین.

IMG_6075 (2)

ڕیتمی شیعری کتێبەکە ڕیتمێکی مۆدێرنە، لەکاتێکداناوەڕۆکی کتێبەکە داستانێکی ئاشقانەی کلاسیکە. ئایا دژیەکیك دروست نابێت لێرەدا؟

بوشرا کەسنەزانی: پێم وایە ئەگەر خاڵێکى باش هەبێت لە کتێبەکدا ئەوەیە، چونکە گێڕانەوەى حیکایەت بە نەفەسی حیکایەت خۆیەوە، ڕەنگە نوێگەری نەدات بە کارەکە، ئەو تازەکارییەى کە ناباوی ئەدەبیاتەوە و دەق زیندوو ئەکاتەوە، من پێم وانییە ناوەڕۆکى کتێبەکە کلاسیک بێت، ئەوین وابەستەى زەمەن نییە.

IMG_6036

IMG_6017

فۆتۆ: گۆران محەمەد

ئەم سلایدەی خوارەوە هێڵکاریەکانی ناو کتێبەکە پیشان دەدات کە لەلایەن هونەرمەندی شێوەکار گۆران محەمەدەوە کێشراون:

هاوبەشی بکە

BushraKasnazani, GoranMuhamad, LazhaTaha,