14/12/2017
DidiMn Logo
Top

ساختەکان لە نەفرەتەکانى هۆڵدن کۆڵفیڵدەوە، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 8 مانگ پێش ئێستا

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پاسەوانێک لە مەزرا
نووسەر: جەی دی سالنجەر
خوێنەر: بەڵێن عوسمان

”مەزن، ئەو وشەیەیە کە زۆر ڕقم لێیەتى، چونکە ساختەیە؛ هەر جارێک گوێم لێی دەبێت، ڕشانەوەم دێت.”

هۆڵدن بە کڵاوە سوورە قوچکە درێژە یەکدۆلارییەکەیەوە، کە هیى ڕاوە، نەفرەت لە مرۆڤ و دنیاى ساختە دەکات، دەیەوێت ببێت بە پاسەوانى مەزراى منداڵانى بچکۆلە و نەهێڵێت تێکەڵاوى مەزراى گەورەکان ببن. خەونیەتى بۆ هەمیشە لەسەر خەرەندە قەشمەرەکەوە چاودێرییان بکات: ”بەردەوام ئەو هەموو منداڵە بچکۆلەیە وێنا دەکەم کە لە ناو مەزرایەکى گەورەدا یارى دەکەن، بە هەزاران منداڵى بچکۆلە، کەسیش، جگە لە من لەو ناوە نییە، مەبەستم کەسى گەورەیە. منیش لەسەر لێوارى خەرەندێکى قەشمەردا وەستاوم، کارم ئەوەیە هەموو ئەوانە بگرمەوە کە بەرەو خەرەندەکە مل دەنێن، یانى لەو کاتەدا کە دەڕۆن و ئاگایان لێ نییە بۆ کوێ دەچن؛ من دەبێت لە شوێنێکەوە پەیدا ببم و بیانگرم. بەو ڕۆژگارە کارى من ئەوە دەبێت. من لەو مەزرایەدا تەنها پاسەوانێک دەبم. دەزانم شێتانەیە، بەڵام حەز دەکەم ببم بەوە، دەشزانم شێتانەیە.”

هۆڵدن کۆڵفیڵد پاڵەوانى ڕۆمانى پاسەوانێک لە مەزرای جەى دى سالنجەرە. یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین و کاریگەرترین کارەکتەرە ئەدەبییە دروستکراوەکانى جیهان. ناسراویى ئەم کەسایەتییە بە شێوازێکە کە لە کۆمەڵێک جێگا و چەند دەقێکى ئەدەبیى تریشدا سوودى لێ وەرگیراوە و بەکار هاتووە. هەروەها لە ناو بزاوتى جەماوەرییشدا بووە بە نموونە، لە دەیەکانى شەشەم و حەوتەمى سەدەى ڕابردوودا ناوەکەى بووەتە دروشمى سەرەکیى هەندێک لەو بزووتنەوانە.

 هۆڵدن تاکێکە کە جیهان لە گۆشەیەکى ترەوە دەبینێت و دنیاشمان لە ڕووناکییەکى تەواو جیاوازەوە پیشان دەدات. خوێندنەوەى سەرگوزشتە ناوازەکەى ئەم کوڕە، خۆکارانە دەتگەڕێنێتەوە بۆ دیوى دووەمى خۆت. بە کورتى هۆڵدن لە ڕێى چاو و گوێى سێیەمیەوە دەبینێت و دەبیستێت. وا دەردەکەوێت سالنجەر پشتى بە ئەزموونەکانى ناو ژیانى خۆى بەستبێت لە چێکردنى کارەکتەرى هۆڵدندا. دیمەن و ڕووداوە خوڵقێنراوەکانى نێو ژیانى هۆڵدن لە کات و شوێندا ئاشنان بە خۆى، بە شێوەیەک کە بیرکردنەوە، هەڵوێست و مامەڵەى هۆڵدن نزیکە لە ئەوانەى سالنجەرەوە، لە فۆڕمى ژیانبەسەربردنیشدا بێگانە نین بە یەکتر، بەتایبەت تەنهایى هەردووکیان؛ گۆشەگیریى هۆڵدن لە سەرەتاکانى تەمەنیدا و ونبوونى سالنجەر لە کۆتا ساڵەکانى ژیانیدا.

ناوەڕۆک و بیرۆکەکانى ناو ڕۆمانەکە بێبەرى نین لە دەرخستنى بیروباوەڕ و دنیابینیى سالنجەر. ئەو بە سوودوەرگرتن لە وێستگە شاراوە و ساتە پەنهانەکانى ژیانى خۆى، وێناى هەرزەکارێکى یاخى دەکات، کە ڕووبەڕووى حەقیقەت دەبێتەوە و واقیع ڕەت دەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکى شێواو و ناڕێکدا. ژیانە ناخۆشەکەى هاندەر دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەى تەواوى سیستم بە دەرکەوتە کلتوورییەکانیەوە، بە خێزان، هاوڕێیەتى و خۆشەویستییشەوە. ململانێى هۆڵدن لەگەڵ ساختەیى مرۆڤ و کۆمەڵگە، بە دیوێکیشدا پیشاندەرى جەنگى سالنجەرە بەرانبەر دەمامکەکانى دنیا و جیهانێکى سەرڕێژ لە نواندن. نووسەر بە شێوازێک بێزاریى خۆى دەخاتە ڕوو، کە بووە بە کۆنسێپتێکى ناوەندیى چیرۆکەکە و لە کرۆکى خەمۆکیى هەرزەکارێکدا خۆى ڕەنگڕێژ دەکات، بەڵام ئەمەى بە جۆرێک کردووە کە قارەمانەکە ئازاد بێت ئەوەى خۆى بیەوێت ئەوە بڵێت، تەکنیکە جوان و بەچێژەکانى لە جێى خۆیاندان، هۆڵدن هێندە سەربەستە کە لە هەندێک بەشى کەمدا، پێچەوانەى سالنجەریش دێتە گۆ، ئەمەش خاڵێکى جودا و یەکلاییکەرەوەیە تا پاسەوانێک لە مەزرا ببێت بە شاکارێکى ئەدەبیى باڵا.

چیرۆکى نێو ڕۆمانەکە، چیرۆکێکى سێ ڕۆژیى هەرزەکارێکى حەڤدە ساڵى تەنیایە، کە بۆ جارى سێیەم و لە سێیەمین خوێندنگەى دەردەکرێت، بە هۆى ناچالاکى لەتەک وانەکانى و بێباکیى بەرانبەر هەموو شتەکانى ترى ناو خوێندنگە. لەمەوە ڕێڕەوى ژیانى ڕووداوگەلێک لەخۆ دەگرێت، کە هۆڵدن خۆى تیایاندا چیرۆکخوانە و لە سووچێکى ترەوە بە تەکنیکى تا ڕادەیەک ئاڵۆز و زمانێکى نەخشێنراو بە باسى هەست و ئازارەکان، چیرۆکەکەمان بە ودەکارییەکانیەوە بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو بەدەم ڕابواردن بەو قەشمەرجاڕییەى دنیاوە، وردە وردە و تراژیدیایانە بەسەرهاتە تراژیدییەکەى خۆى بەیان دەکات.

کۆڵفیڵد پاش دەرکرانى لە خوێندنگەکەى، بە هۆى بەشەڕهاتن لەگەڵ هاوڕێ و هاوژوورێکیدا، زووتر لە وادەى خۆى ئەو ناوە چۆڵ دەکات، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە؛ ئەوەش بۆ ئەوەى خۆى بەدوور بگرێت لە لێپرسینەوەى دایکوباوکى، هەتا نامەى ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن بەڕێوەبەرى خوێدنگەکەوە پێ دەگات. دواتر وەک بێکەس و بێماڵێک ملى ڕێ دەگرێت، لە بەشەناوخۆیى خوێندنگەوە ڕوو دەکاتە کوچەکانى شار؛ سوارى شەمەندەفەر و تاکسى دەبێت، شەقامەکانى نیو یۆرک تەى دەکات، لە هۆتێل دەمێنێتەوە و دەڕواتە باڕ، حەز لە جگەرەکێشان، مەیخواردنەوە و ئافرەتبازى دەکات. لە شەوى کۆتاییدا، بە نهێنى و دوور لە چاوى خێزانەکەى دەچێتەوە ماڵەوە، بۆئەوەى فیبى، خوشکە بچکۆلەى ببینێت، چونکە بیری دەکات و دەشیەوێت هەندێک پارەى بە قەرز لێ وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى ناو مێشکى. لە ڕۆژى پاشتردا، هۆڵدن نەخشەى جێهێشتنى شارەکە و هەڵهاتن بەرەو دارستان دادەڕێژێت، تا لەوێ بۆ هەتاهەتایە بە تەنیا ژیان بەسەر ببات، بەڵام فیبیى زرنگ و خەمخۆر، پلانەکەى تێک دەدات، ئەویش بە خاترى ئارامکردنەوەى خوشکە بچکۆلە خۆشەویستەکەى، دەست لەو خەون و ئامانجەى هەڵدەگرێت و ناڕوات بۆ ئەو کوخەى کە لە خەیاڵدانیدا هێناویەتە پێشچاوى. لێرەدا چیرۆکەکە کۆتایى دێت.

بۆ خوێندنەوەیەکى سەرپێیى، پاسەوانێک لە مەزرا سەربووردەى هەرزەکارێکە کە چیرۆکە کاریگەرەکەى هاوهەستیت لا دروست دەکات، وەلێ بە شۆڕبوونەوە بە قووڵایى و نێوەڕۆکى باسەکەدا بۆت دەردەکەوێت کە نیشانە ئاشکرا و شاراوەکانى، پەیامێکى تریشیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، کە لە بنەڕەتدا پەیامى سالنجەریشە.

نەفرەتکردن، شێوازى ناڕازیبوونى پاڵەوانەکەمانە؛ نەفرەت لە هەموو شتێک، هەموو کەسێک و هەموو شوێنێک. بەدەم تەریقبوونەوەوە، پێکەنین بە کەسانى جیدى و بەدەبەنگزانینى ئەوانى دى، سیماى نەفرەتەکانیەتى. تەقەلاکانى هۆڵدن، ڕێخۆشکەرە تا تامى بێتامیى دنیا بکەین و چێژ لە بێچێژیى جیهان وەربگرین.

هۆڵدن ڕاستەوخۆ قسەمان لەگەڵ دەکات، پێمان دەڵێت ڕقى لە مرۆڤى دەمامکدار و هەست، قسە و کردەوەى دەستکردە. بە زمانێکى گاڵتەجاڕانە پووچێتیى کایە بۆشەکانى ژیانمان پێ دەناسێنێت. تێماندەگەیەنێت چەند سەختە ژیانکردن لە جیهانى ساختەکاندا! بە سادەترین نموونە ئەمە دەسەلمێنێت: ”ئەگەر ئەو کچەى دێت بۆ لات جوان بێت، کێ گوێ دەداتێ گەر درەنگیش کەوتبێت؟ کەس.” گەر سەروکارت لەگەڵ سالنجەردا هەبێت، ئەوکات بۆت دەردەکەوێت کە جنێوەکانى هۆڵدن تەنها بێبەهاکردنى قەدەغەکراوەکان نییە لەپێناوى نەفرینى ڕووت لە کۆمەڵگە، بەڵکو گەیشتنە بە لوتکەیەکى نوێى ئەخلاقیش، هەڵبەت بە پێناسە و بەرگێکى تایبەتى نوێ و جیاوازتر لەوانى دى. ئەو دەڵێت: ”خەڵکى هەمیشە پێیان وایە شتێک کە ڕاست بوو، بە ڕەهایى ڕاستە.” زمانى نەفرەتکردنى هۆڵدن پڕیەتى لە وێنەى مەجازى بۆ دووبارە داڕشتنەوەى چەمکەکان و دروستکردنى مانایەکى تر بۆ ئەخلاق. میتافۆریەتیی ئەو زمانە هاوتەریبە لەگەڵ خاسییەتەکانى مۆڕاڵ بە هەموو واتا گشتییەکانیەوە، بێ ئەوەى وانە ڕەوشتییە دووبارە و بێزراوەکانمان بۆ بڵێتەوە…

ساختەکان ئەو جۆرانەن کە هۆڵدن بە زمانە تەنزئاساکەیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەمیشە ئەو ماسکانە دەبینێت ڕوخسارى ڕاستەقینەى خەڵکى داپۆشیوە. دەستى هۆڵدن، دەستێکە بۆ داماڵینى ماسک لەو دەموچاوانە. ئەم جۆرە بەرەنگارییە بە ڕووپۆشێکى کۆمیدى و ناواخندارەوە دەگوزەرێت، هۆڵدن پێی وایە ساختەکان چەندە فریودەرن، ئەوەندەش فریودراون: ”کوڕە! سەیرە، هەر ئەوەندەت لەسەرە شتێک بڵێیت کە کەس تێىنەگات، ئیتر هەرچییەکت بوێت بۆت دەکەن.”

فەلسەفەى پاڵەوانەکە، بەشێکە لە فەلسەفەى هیچگەرایى (Nihilism)، دیارتر لەو خاڵانەدا کە نکۆڵى لە لەبەرکردنى بەرگى پیرۆز و پێبەخشینى بەها بە شت، کەس و شوێنەکان دەکات. ئەو بە تێروانینێکى نیمچەنیهێلستییەوە بە پووچ بڕیار و ڕێوڕەسمەکان وەسف دەکات، بە سووکییشەوە لە دابونەریتەکان دەڕوانێت. بۆچوونەکانى تێکەڵاو بە ئومێدە سەرابییەکانى لەسەر ئەو هێڵە کێشاوە. هۆڵدن کێشەى مرۆڤى سەردەمى لە خۆلادان لە گفتوگۆدا بینیوەتەوە، ئەمەش پیرۆزى و تاکڕەویى بەرهەم ێناوە، گوتوویەتى: ”ڕێک ئەوەیە گرفتى دەبەنگەکان، هەرگیز نایانەوێت گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک بکەن، هەر بەوەدا دەتوانیت دەبەنگەکان بناسیتەوە.”

پیاسەکردن بە شەقامەکانى نیو وۆرک، بێهیوابوونە لە مرۆڤەکان، گۆشەگیرییە لە جیهان و سەرهەڵگرتنە لەدەستى ڕووکارە درۆیینەکان. نیازەکانى هۆڵدن جیاکردنەوەى جیهانێک بۆ خۆى و کێشانى هێڵێکە وەک سنوورى دنیاکەى، هەتا جیای بکاتەوە لە ساختەکان. خەونى وى خۆدابڕینە لە هەموو چەپەڵییەکان، چونکە دەزانێت چەندە سامناکە ژیانى پڕ لە خەوش و دووڕوویى، ئەوەتا دەیگێڕێتەوە: ”دواى ئەوەى دەرگەم داخست و هاتمە ژوورى دانیشتنەکەوە، هاوارى شتێکى لێ کردم، بەڵام باش گوێم لێى نەبوو، تا ڕادەیەک دڵنیام هاوارى کرد ‘بەختێکى باش!’ هیوادارم ئەوە نەبووبێت، خۆزگەم بە جەهەننەم و بەس ئەوە نەبووبێت. هەرگیز هاوارى ‘بەختێکى باش!’ لە کەس ناکەم، ئاخر کە بیرى لێ دەکەیتەوە، زۆر ترسناک دێتە بەرگوێ.” لە جێگەیەکى تریشدا دەڵێت: ”ئەمە دایمە دەمکوژێت، کە بە کەسێک دەڵێم ‘خۆشحاڵم بە ناسینت.’ لە کاتێکدا بە هیچ جۆرێک بە ناسینى خۆشحاڵ نیم، بەڵام ئەگەر بتەوێت درێژە بە ژیان بدەیت، ئیتر دەبێت ئەو شتانەش بڵێیت.”

خۆدوورخستنەوە لە مێگەل و نامۆبوون، کارى لەپێشینەى هۆڵدنە، چونکە لای وایە کایە جیاجیاکانى ژیان ساختەن، بۆ وێنە، سینەما. هەرزەکارەکە ڕقى لە سینەمایە، لەبەر ئەوەى ئەویش ساختەیە؛ هەم خۆى، هەم تەماشاچییەکانى.

 

Balen Othman, J.D.Salinger, The Catcher in the Rye,