26/04/2024
DidiMn Logo
Top

تێرمە دوالیتییەکانی ناو ئەدەبیاتی کامۆ

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

بەڵێن عوسمان

 

یەک:

ئەلبێرت کامۆ ھاوشێوەی ژان-پۆل سارتەر، سیمۆن دێ بۆڤوار، فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و چەندانی تر…، کۆنسێپتە فەلسەفییەکانی خزاندووەتە ناو دونیا ئەدەبەکەیەوە، بە ڕادەیەک سەختە دەستنیشانی ئەوە بکەین کە ئاخۆ کامۆ ئەدیبێکی فەیلەسوف بووە یاخود فەیلەسوفێکی ئەدیب؟ ژانرە جیاوازەکانی ئەو ئەگەر لە فۆڕمدا ھەڵگری ئارگیومێنتی ناکۆتای ئەدەبی بن، ئەوا لە ناواخندا تێز و تیۆریای فەلسەفیی جددین، ئایدیای کامۆ لەسەر ھێڵەکانی بوونگەرایی، ئەبسێردیزم و ئانارشیزم چەسپیوە، ئەمەش لە تێمای کارەکانیدا زیادتر چڕ کراوەتەوە، پڕۆسێسی نووسین بۆ کامۆ بەر لەوەی ھونەر بێت بیرکردنەوە بووە، بە شێوەیەک لە تێڕامانێکی قووڵەوە چاوگی گرتووە و ئەو ئاگاییە بووەتە ئاکتێکی فەلسەفی، لەم ناوەدا ئێمە سەرمان لێ دەشێوێت کە ئەدەبیات و فەلسەفەی کامۆ کامیان ئەرک بووە، کامیان بەرھەم، کامیان کار بووە و کامیان کاردانەوە. بەگشتی فەلسەفەی کامۆ فەلسەفەیەکی دەربڕینخوازانەیە؛ ئەمە بەو واتایەی کە گەڕاوە بۆ پانتاییەکی بێخەوش تا ئایدیای خۆی تێدا نمایش بکات، بێگومان ئەدەبیات ئەو ڕێگەیە بووە کە کامۆ پێیدا ڕۆشتووە، بۆ ئەم ئاوێتەسازییەش لە پرسێکی گرنگی وەکو بوونگەرایدا دەتوانین لە دەستپێکە بەناوبانگەکەی ڕۆمانی نامۆ بڕوانین: ”ئەمڕۆ دایکم مرد، لەوانەشە دوێنێ بووبێت؛ دڵنیا نیم….“

 

دوو:

یەکێک لە ھەرە دیارترین سیما ئەدەبییەکانی کامۆ دوالیزمە، ئەو جەوھەری ژیان و مردن گرێ دەدات بە نۆرمی ئاڵۆزی سروشتەوە، بۆ ئەمەش دوالیتیی توخم و ڕەگەزەکان خوازراوترین مەبەستی کامۆ بووە لەبارەی بوون و نەبوونەوە [ھەر بەم ھۆیەشە من لێرەدا ناتوانم بوون بە تەنها بەکار بھێنم وەک گوزارشت لە کۆی بوون، بۆیە ناچارم نەبوونیش بھێنمە ئاراوە.] ئەم میتۆدی جووتتوخمییەش ڕەنگدانەوەی تەواوی ھەبووە لەسەر وشە و زمان لای کامۆ؛ بە جۆرێک لە کۆنتێکستی زۆربەی دەقەکانیدا و لە ھەر قوژبنێکی نووسینەکانیدا دەتوانین چەمکە دوالیزمییەکان بدۆزینەوە، کامۆ لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: ”ھەژار و ئازاد، نەک دەوڵەمەند و کۆیلە“، ئەم ڕێنوێنییە بەرەنگارانەیە باڵانس کراوە لە ڕێی دوالیزمەوە، لێرەدا ئەگەر ئەم وشانە فرەیمی ئەو دوالیزمییە ببەزێنن باڵانسەکە تێک دەچێت: ”مرۆڤەکان حەز دەکەن ھەم دەوڵەمەند بن و ھەم ئازاد. ھەر ئەمەش وایان لێ دەکات زۆر جاران ھەم ھەژار بن و ھەم کۆیلە“، بەکارھێنانی دوالیزم وەک تەکنیک لە پلۆتی کارەکانیدا بە جۆرێک بووە کە نەیھێشتووە ببێت بە پارادۆکس، ھەرچەندە واش دەربکەوێت. بۆ نموونە لە ئەفسانەی سیزیفدا دەڵێت: ”وا بیر دەکەمەوە ژیانم گەورەترین گرنگیی ھەیە، بەڵام وا بیر دەکەمەوە بێماناش بێت“، بێمانایی لای کامۆ کە لە تێڕوانینە ئەبسێردییەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، تێرمێکە بۆ ئەوەی وا بکەین ژیانمان کاریگەریی بخوڵقێنێت لەسەر کۆی پڕۆسێسی بوون، ھەر بۆیە ئەمە پارادۆکسی فیکر و زمانی کامۆ نییە.

 

سێ:

زۆرترین قسە و باس لە بارەی ئەدەبیاتی کامۆوە دواجار دەچنەوە سەر ئەبسێردیزم، بەڵام کۆنسێپتی ئەبسێردیزم لە کارەکانیدا بە ھیچ شێوەیەک ھاوتا نەبووە لەگەڵ نیھیلیزم، بۆ کامۆ ئەبسێردیزم وەک قوتابخانە و ڕێبازێک وا بووە، ھەر بۆیە خواستی ئەو ھەرگیز بەرھەمھێنانی مرۆڤێکی پاسیڤ نەبووە کە بێھوودەیی بیگەیەنێتە کۆتاییی ڕێگەکە، کە مردنە؛ بۆ ڕێکخستنی فەلسەفە دەربڕینخوازییەکەی لە فۆڕمێکی وەھادا کە لە پەراوێزدا کاریگەریی نەبێت لە دروستکردنی مرۆڤی پاسیڤدا، پەنا دەباتە بەر دوالیزمی زمان، لە دوالیزمیشدا تێرمی ئەوتۆ چێ دەکات کە دەبێتە وزەی ژیانکردن، کامۆ لە نامەکان بۆ ھاوڕێیەکی ئەڵمانیـدا دەڵێت: ”دووبارە باوەڕم بەوە نییە ئەم دونیایە واتایەکی بڵندی ھەبێت؛ بەڵام دەزانم لە ناویدا شتێک ھەیە، ئەویش مرۆڤە.“ لە دێڕی یەکەمدا کامۆ ئەبسێردە بەرانبەر دونیا و ژیان، وەلێ لە دێڕی پاشتردا ھیواکانی لەسەر ئەو بوونەوەرە ئاکتیڤە ھەڵدەچنێت کە ناوی مرۆڤە. کامۆ ھەرچەندە ئەبسێرد بێت ھێشتا ھەر مرۆڤ بە بەرمەرجی گۆڕینی جیھان دەزانێت، ”… لەوانەیە کەمترین گەمژەیی پێویست بێت بۆ پێرفێکتکردنی ژیانێک کە پڕ بێت لە بەختەوەری بۆ ئەو کەسانەی تا ئێستا نەیانتوانیوە پێی بگەن.“ کامۆ لە ڕۆمانی مردنێکی بەختەوەرانەدا، گەمژەیی (کە یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ئەبسێردیزم) لەگەڵ بەختەوەریدا دەبنە دوالیزم بۆ کۆی ژیانێکی بەختەوەر. لێرەدا گەمژەیی دەبێتە تێرم بۆ بەختەوەری، ھەرچەندە بە شێوەیەکی ڕێژەییش وەکو چەمک پێچەوانە و دژ بە یەکدین، بەڵام دیسان ئەمە پارادۆکسی کامۆ نییە، یان لە نێوان دوالیزمی کوشتن و نەکوشتندا دادپەروەری دەکات بە تێرم: ”ئێمە جیھانێکمان ناوێت کەس کەس نەکوژێت، ئەوەندەش شێت نین، بەڵام جیھانێکمان دەوێت کوشتن تێیدا ڕەوا نەبێت.“ کامۆ جودا لە ئەدەبیاتەکەی، لە وتارەکانیشیدا بەم زمانە نووسیویەتی، بەتایبەت ئەوکات کە سەرنووسەری کاریگەرترین گۆڤار بوو لە فەڕەنسا بە ناوی کۆمبات و دژ بە تۆتۆلیتاریزم، بەتایبەتی نازییەکان، نامە بۆ ھاوڕێیەکی خەیاڵیی دەنووسێت لە ئەڵمانیا. پارادۆکسی ڕاستەقینە لای کامۆ ئەوەیە: ”تۆ شەڕ بکەیت، ھەرچەندە ڕقت لە جەنگە“، یان لە کتێبی مرۆڤی یاخیدا کامۆ بەو دیدە ئانارشییستییە بەرھەمگەراییانەییەوە دەیەوێت جیاوازییەکی ڕیشەیی بکات لە نێوان یاخیبوون و شۆڕشدا، ئەو دەنووسێت: ”کاتێک کوشتنی ئەوانی دیکە دەبێت بە ناچاری، نابێت بە ھیچ شێوەیەک ڕەوایەتی بەو کوشتنە بدرێت“، لێرەشدا ھیومانیزم دەبێتە تێرمی دوالیزمی ستەم و بەرگری، بە بڕوای کامۆ مرۆڤی یاخی تەنیا دژی ھەوڵە چەوسێنەرەکان نییە بەرانبەر خۆی، بەڵکو بەرگری دەکات لەوانی تریش؛ بەم شێوەیەش شۆڕش ئاسانتر دێتە گۆڕێ.

 

چوار:

کامۆ لە نووسینەکانیدا ھەرگیز بە ڕوونی پێشنیاری ھەڵبژاردنی یەکێک لە ڕەگەزەکانی نێوان توخمە جمکەکان ناکات؛ لەجیاتیی ئەمە ستراکتۆری دەق بونیاد دەنێت و باقیی کارەکە بۆ خوێنەر جێ دەھێڵێت، ئەو دوالیزم وەک شادی و خەم، تاریکی و ڕووناکی، ژیان و مردن و … ھتد دەخاتە سەر مێزەکە، ھەوڵ دەدات سوبێکتە پەنھانەکەی خوێنەر خۆی دەربخات و ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆی، کامۆ لە ڕۆمانی کەوتندا لەبارەی دوانەی ژیان و مردنەوە دەڵێت: ”ئەگەر توانیبام خۆم بکوژم و دواتریش کاردانەوەیان ببینم، ئەو کاتە کارەکە شایانی ئەنجامدان دەبوو، مرۆڤەکان ھەرگیز بە ھۆکارەکانت، بە دڵسۆزیت و ڕاستیی ئازارەکانت باوەڕ ناکەن، جگە لە کاتی مردنت؛ تا لە ژیاندا بیت کێشەکەت جێگەی گومانە، تەنها مافی بەدەستھێنانی گومانەکانیانت ھەیە، بەم شێوەیە ئەگەر کەمترین دڵنیایی ھەبێت کە مرۆڤ بتوانێت چێژ لە دیمەنەکە ببینێت، شایانی ئەوە دەبوو ئەوەیان بۆ بسەلمێنیت کە ئامادە نین باوەڕی پێ بھێنن، بەو جۆرەش سەرسامیان بکەیت، بەڵام تۆ خۆت دەکوژیت، ئیتر چی گرنگییەکی ھەیە باوەڕ بکەن یان نا؟ تۆ لەوێ نیت تا سەرسامی و خەمیان ببینیت (کە لە باشترین باردا خەمێکی تێپەڕە)، بۆ ئەوەی وەک خەونی ھەموو مرۆڤێک پرسەی خۆت ببینیت، بۆ ئەوەی چیدی وەک کێشەیەکی گوماناوی نەمێنیت، دەبێت بوونت نەمێنێت؛ ئەوە ھەموو شتێکە.“ لێرەدا کامۆ باسی ئەو مرۆڤانە دەکات کە دەیانەوێت بە خۆکوشتنیان ئەوە بۆ دەوروبەریان بسەلمێنن کە خودان گرفتن لەگەڵ جیھان و مرۆڤەکاندا، ئەو لە لایەک پوچێتیی ئەم بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو، لە لایەکی دیکەشەوە پێی وایە کارەکە شایانی ئەنجامدان دەبوو ئەگەر بتوانیت دوای خۆت کاردانەوەی مرۆڤەکان ببینیت بەرانبەر مردنت، بەڵام کاردانەوەکانیش بە تێپەڕبوونی کات کاڵ دەبنەوە، کەواتە مرۆڤ چی بکات؟ کامۆ بژاردەی ناکۆتا دەخاتە بەردەمت، بەڵام ھەرگیز و یەکڕا ئامۆژگاریت ناکات بۆ ھەڵبژاردنیان، ئەو دەخوازێت ڕەنگی سپی و ڕەشت پێبدات بۆ بۆیەکردنی تابلۆکە، وەلێ خۆڵەمێشیش لەگۆڕێیە، کامۆ نووسەرێکی ناوبژیوان نەبووە، ھێندەی ئەوەی ھەوڵی داوە بژاردە زۆرەکانی ژیان پەخش بکات، ئەو لە شانۆنامەی کالیگۆلادا دەڵێت: ”دەتوانم شتێک ڕەت بکەمەوە بێ ئەوەی باوەڕی پێ بھێنم، بەڵام ناچار نیم پیسی بکەم، یان مافی باوەڕبوون پێی لە خەڵک بسەنمەوە“، لێرەشدا لە نێوان دوالیزمی پەسەنکردن و ڕەتکردنەوەدا بژاردەی تر دەخاتە ڕوو کە گوزارشتە لەوەی ھیچیان بە ڕەھایی نین، نە پەسندکردن و نە ڕەتکردنەوە، مرۆڤ ئەگەر شتێکیش ڕەت بکاتەوە ھێشتا ھەر بەتەواوی ڕەتی نەکردووەتەوە، چونکە ناتوانێت مافی پەسەنکردن لەوانی دیکە بسەنێتەوە، ھەروەھا ئەگەر شتێکیش پەسەند بکات ھێشتا ڕێژەییەک لە ڕەتکردنەوە لە ناخیدا خۆی حەشار داوە، ھەڵبەت کامۆ تەنیا لە دونیا ئەدەبییەکەیدا و لەسەر زاری کارەکتەرەکانیدا لەم لایەنگیرییە دوور کەوتووەتەوە، ئەگەر نا لە وتارەکانیدا ھیچ کات بێلایەن نەبووە بەرانبەر پرسە جەوھەرییەکان، لە بنەڕەتدا ھەر ئەمەشە ئەرکی ڕۆشنبیر، چونکە لەڕاستیدا ئۆبجێکتیڤیتی گەورەترین سەرابە لە بەردەم خەیاڵێکی نووسەرانەدا.

هاوبەشی بکە

Balen Othman, Wtari Kteb,