23/07/2024
DidiMn Logo
Top

قەڵای سپی، چیرۆکی ناکۆکی و دۆستایەتیی کۆیلەیەکی ڤینیسیایی و زانایەکی عوسمانی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

ڕۆمانی قەڵای سپی سێیەم ڕۆمانی ئۆرهان پاموکە، کە چیرۆکی ناکۆکی و دۆستایەتیی نێوان کۆیلەیەکی ڤینیسیایی و زانایەکی عوسمانی دەگێڕێتەوە و یەکەم جار ساڵی ١٩٨٥ چاپ کراوە. پاش ئەوەی ساڵی ١٩٩٠ بۆ زمانی ئینگلیزی و چەند زمانێکی تری ڕۆژئاوایی وەرگێڕدرا، یەکەم ڕۆمان بوو کە پێش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب ناوبانگی پاموکی گەیاندە ئاستی نێودەوڵەتی. دواتر ڕۆمانەکە بۆ سەرووی ٤٠ زمان وەرگێڕدرا و بوو بە بەشێک لە ئەدەبیاتی جیهانی. سێیەمین چاپی کوردیی ئەم ڕۆمانە بە وەرگێڕانی بەکر شوانی لە چوارەمین فێستیڤاڵی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە بڵاو کرایەوە، کە لە ڕێکەوتی ١-٣/١٢/٢٠١٦ لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

بەکر شوانی، وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە بۆ کوردی، دەربارەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی دیدی من گوتی: “وەک لە دیوی دەرەوەی بەرگی دووەمی چاپە تورکییەکەدا هاتووە، ڕۆژنامەی ئەی بی سی کولتوورای ئیسپانی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە نووسیویەتی: ‘کامڵترین بەرهەمی خەیاڵە تا ئێستا گەیشتبێتە کتێبخانەکان و فرۆشرابێت. گۆڤاری پەپلیشەر ویکلیی ئەمەریکییش نووسیویەتی: چیرۆکێکی پۆست‌مۆدێرنی بەچێژ و خەیاڵبزوێنە، وەستایانە بونیاد نراوە و بەداوی پارادۆکس هۆنراوەتەوە.”’

بەکر شوانی– وەرگێڕ

 گوتیشی: “من ئەم ڕۆمانەم لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەرگێڕا و هەر ئەو ساڵە لە دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ کرا. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ دووەم جار لە هەمان دەزگا چاپ کرایەوە و وا ئەمساڵیش بۆ جاری سێیەم لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە چاپ کراوەتەوە.”

ئۆرهان پاموک

کورتەی ڕۆمانی قەڵای سپی

لە سەدەی حەڤدەدا ڤینیسیاییەک لە لایەن چەتە دەریاوانەکانی تورکەوە دەستگیر دەکرێت و دەهێندرێتە ئیستەنبووڵ، ئەم کۆیلەیە پێی وایە سەری لە گەردوونناسی و فیزیا و نیگارکێشی دەردەچێت. تورکێکی خاوەن هەمان ئەو خولیایانە دەیکڕێت. لێکچوونێکی سەیر لەو دوو مرۆڤەدا هەیە؛ کۆیلەدار دەیەوێت لە کۆیلەکەیەوە ئاشنای ڤینیسیا و زانستی ڕۆژئاوا ببێت. ئەم دوو کەسە، سەردار و کۆیلە، بە مەبەستی یەکترناسین، تێگەیشتن و گێڕانەوەی باسی یەکدی، لە ماڵێکی تاریک و چۆڵی سەر کەناری کەنداوی زێڕیندا لە ئیستەنبووڵ، لەمسەر و ئەوسەری هەمان مێز دادەنیشن و قسە دەکەن. چیرۆک و بەسەرهات و بیرەوەرییەکانیان، ئەوان بەرەو شەقام و کۆڵانەکانی ئیستەنبووڵی تووشبووی پەتا، باخچە خەیاڵییەکان و ئاژەڵەکانی سوڵتانی منداڵ، دروستکردنی چەکێکی لە ئەقڵ بەدەر و پرسیاری “من بۆچی منم”، بەکێش دەکات. بەدەم بەردەوامبوونی چیرۆکەکانیانەوە لە گزنگی بەیانەوە تا تاریکاییی شەو، سێبەرەکانیان هێدی‌هێدی جێگۆڕکێ دەکەن.

هاوبەشی بکە

Bakir Shwani, Orhan Pamuk, White Castle,