08/12/2019
DidiMn Logo
Top

ڕۆمان و جیھانی تاکەکەسی

لە لایەن دیدی من 2 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
ئۆرھان پاموک
لە عەرەبییەوە: ئەکبەر حەسەن

 

ساڵانێکی کەم بەر لە ئێستا لە پاشکۆی ڕۆژی یەکشەممەی یەکێک لە ڕۆژنامە پڕفرۆشەکاندا چاوپێکەوتنێکم خوێندەوە کە لەگەڵ یەکێک لە ڕۆماننووسە بەناوبانگەکانمان ساز کرابوو. ڕۆماننووسەکە لەو چاوپێکەوتنەدا باسی ڕۆمانێکی تازە بڵاوکراوەی خۆی دەکات و لە پێش کۆتایی گفتوگۆکەدا دەڵێت: ”ڕۆمانێکە وەک ڕۆمانەکانی دیکە“. لە سەرەتادا کەمێک ئەم قسەیەم بە لاوە سەیر و پێکەنیناوی بوو، بگرە چەند جارێک لەبەر خۆمەوە گوتمەوە، بەڵام ئەگەر ڕاستیتان دەوێت، بێئاگا نەبووم لەوەی نووسەرە بەناوبانگەکە دەیەوێت چی بڵێت. سەرەڕای ئەوەی دەیوست ژمارەیەکی زۆر لە کتێبەکانی بفرۆشرێن، نووسەرەکەمان دەیویست بڵێت ڕۆمانەکەی لەو ڕۆمانانە دەچێت، کە پێشتر خوێنەران خوێندوویانەتەوە، ھەمان سەرەتا و کۆتایی ڕوونیان ھەیە، ھیچ شتێکی نوێی نەخستووەتە ناو ڕۆمانەکەوە، کە پێشتر خوێنەر بیری لێ نەکردبێتەوە یان بە خەیاڵیدا نەھاتبێت.

جیھانی ڕۆمانەکە ھەمان ئەو جیھانەیە کە خوێنەر لە ڕۆمانەکانی پێشتری نووسەردا پێیان ئاشنا بووە. تەنیا گۆڕانکاری لە ڕۆمانە نوێیەکەدا دیکۆر و گرێی گێڕانەوەیە. پێم وایە پێویست ناکات بڵێم جیھانی ڕۆمانەکە جیھانی ڕۆمانی کلاسیکی یان ڕۆمانی سەدەی نۆزدەیەمە.

پێم وایە ئەم تێگەیشتنە بۆ ڕۆمان، ڕۆمانی تورکیی تووشی نەزۆکی کردووە. ڕەنگە ھەر ئەمەش ھۆکاری ئەو لێکچوونە بێت کە لە ڕۆمانە تورکییەکاندا ھەن. ھەندێک لە ڕۆماننووسەکانمان وا نابینن ڕۆمان ژانرێکی ئەدەبییە و دەشێت جیھان تەفسیر بکات، بگرە مانای پێ بدات، ئەوان پێیان وایە ھەرچۆنێک بێت، تەفسیرکردن و مانابەخشین بە جیھان تەواوبوون و ڕوونن. ئەوان پێیان وایە ئەرکی ئەوان ئەوەیە حیکایەتی نوێ و قارەمانی نوێ بخەنە ناو ئەم جیھانە مەئلوفەوە. نووسینی ڕۆمان بەم شێوەیە لە لێکۆڵینەوە و پشکنینی شتەکان لە جیھاندا دوور دەکەوێتەوە، کە پێشتر ھیچ کەسێک نەیگوتووە و نەیکردووە. بە تەنیا ئەفراندنی چیرۆک و ڕووداو و ھەڵوێستی نوێ بەسە بۆ ئەوەی ڕۆمان ڕۆمان بێت. ھەر لەبەر ئەمەش زۆر لە ڕۆماننووسە تورکەکان بەوەندە واز دەھێنن ھەندێک ڕووداوی سەرنجڕاکێش بنووسنەوە کە خۆیان تێیدا ژیاون، یان بینیویانە، یاخود بیستوویانە. پاش ئەمە، ئەم نووسەرانە ناچار دەبن خۆیان لە کەموکورتییە فەلسەفییەکان کە لە بەرھەمەکانیاندا دەردەکەوێت، لا بدەن؛ ئەمەش بە ھۆی پاڵەوانی ڕۆمانەکانیانەوە کە ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان یان دەوروبەریان شی دەکەنەوە. بەم شێوەیە ئەوان ڕۆمانی بۆش دەنووسن، کە دەشێت بە گرنگییەوە بخوێنرێتەوە، چونکە باسی ڕووداوە ھەنووکەییەکان، یاخود ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکان دەکات، بەڵام ھەر زوو لە بیر دەچنەوە، چونکە قووڵاییان تێدا نییە.

نامەوێت بە ھەڵە لێم تێبگەن. نامەوێت بڵێم ڕۆمانی نوێ ھەوڵ دەدات قووڵتر لە جیھان تێبگات، کە لە تورکیا لەم جۆرە ڕۆمانە نانووسرێت. لەڕاستیدا لەم جۆرە ڕۆمانە بوێرە نووسراوە و دەنووسرێت. ئێستا ڕۆمانەکانی ئەحمەد حەمدی تانباری و ئۆرگوز ئاتای و یوسف ئاتڵگان و یەشار کەمالم بە خەیاڵدا دێت، بەڵام کاتێک بیرمان دەکەوێتەوە کە ڕۆمانی تورکی مێژووییەکی 100 ساڵیی ھەیە، مرۆڤ بیر لەوە دەکاتەوە ئەم چەند ڕۆمانە بەس نین.

یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم کەموکورتییە دەگەڕێتەوە بۆ (زمانم ملکه‌چم نابێت بۆ گوتنی ئەم ھۆکارە) ئەو سنووردارێتییەی کە خوێنەر لە ژانری ڕۆمان چاوەڕێی دەکات، بە ھەمان ڕادەی ئەو سنووردارێتییەی کە نووسەران چاوەڕێی دەکەن. زۆر لەوان پێیان وایە ھەوڵی ڕۆمان بۆ گوتنی شتی نوێیە لەسەر جیھان و ڕۆچوونێتی بەناو جۆرەھا ئەزمووندا لە ڕووی فۆڕم و تەکنیکەوە، ھەنگاونان بەرەو نوێکاری، زۆرلەخۆکردنێکی ڕاشکاوانە. سەرباری ئەمەش، ئەوان پێیان وایە ڕۆمانی نوێ خوێندنەوەی سەختە. ئەمە لە کاتێکدا تەنیا ئەوەندە بەسە ئاماژە بۆ ڕۆمانی سەد ساڵ گۆشەگیری بکەین و بڵێین ڕۆمانی شەخسی و مۆدێرن نە زۆرلەخۆکردنە و نە خوێندنەوەشی سەختە. پێم وایە ئەگەر بە ڕۆمانەکەی مارکیز بە ڕۆمانێک وەک ھەر ڕۆمانێکی تر بناسێنین، ئەمە ئەگەر کەسێک ئەم دەستەواژەیەی بۆ شی بکاتەوە ئەو کاتە مارکیز ھەست دەکات فێڵی لێ کراوە و سووکایەتیی پێ کراوە.

تا ئێستاش زۆربەی ڕۆماننووسەکانمان پێیان وایە زیادکردنی مانایەکی تایبەت بۆ جیھان و ھەوڵدان بۆ بینێکی تاکەکەسیی تایبەت ڕەفتارێکی نابەجێیە. بە دڵنیاییەوە چارەنووسێکی گەورەیە مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکدا بژیی کە ئەوەی بەسەردا بسەپێنێت لە بیرکردنەوە تاکەکەسییەکانی خۆی بترسێت و شەرمیان لێ بکات. تورکیا وڵاتێکە، جیاوازی و تاکگەرایی و جودا بوون ھەرچەندە سەرمایەداری تێیدا پەرە بسێنێت. ئەوەی کە زیاتر ئازاردەرە، ئەوەیە زیاتر کەسانی بەتوانا ھێرش دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە کۆمەڵایەتی نین. (لە کتێبێکدا کە لەم ماوەیەدا بە ڕێککەوت بەردەستم کەوت، خەبەری ھێرشێکم خوێندەوە کە کرابووە سەر سەعید فایەق، ھێرشێک کە پێش خەڵکانی تر نووسەرە ھاوڕێکانی کردییانە سەری، تەنیا لەبەر ئەوەی ژیانی سەعید لە ژیانی ئەوان نەدەچوو)1. لە کۆندا نووسینی ڕۆمان پێویستیی بە ئازایەتییەک ھەبوو، کە دەشێت بە ئازایەتیی سیاسەت وەسفی بکەین. جێگەی داخە ئەمڕۆش پێویستمان بە ھەمان ئازایەتی ھەیە، بەڵام ئەمڕۆ پێویستمان بە جۆرێکی دیکەی ئازایەتی ھەیە، کە پێم وایە گرنگترە: ئازایەتیی بەرھەمھێنانی بیری تایبەت بە خۆمان و باوەڕھێنان پێی. دەبێت بە شوێن ڕێگەیەکدا بگەڕێین کە بمانگەیەنێت بە ڕێگەی تێگەیشتن لە خۆمان بەبێ ئەوەی لە ھیچ شتێک بترسین و ئەوەی کە لێی تێدەگەین، بە ئاشکرا و بەبێ ترس کەشفی بکەین. ئەمە تەنیا کێشەی ڕۆماننووسەکان نییە، بەڵکو پێم وایە کێشەی ھەموو خەڵکە. پێم وایە کاتێک ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت، ڕۆماننووسەکانمان شانازی دەکەن، نەک بەوەی کە ڕۆمانەکانیان لە ڕۆمانی دیکە یان بەگشتی لە ڕۆمان دەچێت، بەڵکو شانازی بەوەوە دەکەن کە لە ڕۆمانی تر ناچێت.


ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی، تەمەنم سیساڵان بوو. وتارەکە چەند مژدەبەخشی ئەو ڕۆمانانەیە، کە دواتر نووسیمن، بە ھەمان شێوەش تۆوی کێشەی ڕوونی و تێگەیشتن لە ڕۆمانی لە ناو خۆیدا ھەڵگرتووە

1- نووسەر ئاماژە بۆ ھۆمۆسێکسواڵبوونی شاعیر و چیرۆکنووس سەعید فایەق دەکات.

Orhan Pamuk, OrhanPamuk, Wtari Kteb,