23/07/2024
DidiMn Logo
Top

مۆزەخانەی پاکیزەیی، ڕۆمانێک کە سەرانسەر بۆ ئەڤین و ڕۆمانسییەت تەرخان کراوە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

مۆزەخانەی پاکیزەیی ڕۆمانێکی ئۆرهان پاموکە، لە هاوینی ٢٠٠٨دا کەوتە بازاڕەوە و مانگێک دوای بڵاوبوونەوەی بە زمانی تورکی، وەرگێڕدرایە سەر سی زمانی زیندووی جیهانی. ئەم ڕۆمانە یەکەم کاری ئۆرهان پاموکە لەدوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەدەب و سەرانسەریش بۆ ئەڤین و ڕۆمانسییەت تەرخان کراوە.  چاپی دووەمی ئەم ڕۆمانە بە زمانی کوردی لە چوارەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیریی  ئەندێشە، کە لە کۆتا مانگی ساڵی ڕابردوو لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە ئامادەیی بەکر شوانی، وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە بۆ کوردی بەڕیوە چوو، بڵاو کرایەوە.

 

بەکر شوانی

 

وەک لە دیوی دەرەوەی بەرگی دووەمی چاپە تورکییەکەدا هاتووە، ڕۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکایی لەبارەی ئەم ڕۆمانەوە نووسیویەتی: “پاموک نووسەرێکی بنەڕەتی و بەردەوامە، کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا شانازی دەکەن بەوەی خاوەنی بن.”

دەربارەی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، بەکر شوانیی وەرگێڕ بۆ دیدی من گوتی: “من ساڵی ٢٠١٠ مۆزەخانەی پاکیزەییم وەرگێڕا و هەمان ساڵ لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە چاپ و بڵاو کرایەوە. وا ئەمساڵیش چاپی دووەمی لە هەمان ناوەند بڵاو کراوەتەوە.”

 

ئۆرهان پاموک

 

کورتەی ڕۆمانی مۆزەخانەی پاکیزەیی

“نەمدەزانی ئەوە کامەرانترین ساتی ژیانمە.” ڕۆمانی شاکار و سەرانسەر بۆ ئەڤین تەرخانکراوی مۆزەخانەی پاکیزەیی، کە ئۆرھان پاموک شەش ساڵی ڕەبەق کاری تێدا کردووە، بەو ڕستەیە دەست پێ دەکات. کاتێک مۆزەخانەی پاکیزەیی دەخوێننەوە، ھەست دەکەن نەک تەنیا ئەڤین، بەڵکو کاری لە بیروبۆچوونتان سەبارەت بە ھاوسەرێتی، ھاوڕێیەتی، ژیانی زایەندی، خولیا، خێزان و کامەرانییش کردووە و بە ھیچ جۆرێک حەز ناکەن لە دنیای ڕەنگاوڕەنگی ئەم ڕۆمانە بێنە دەرێ. کەمالی سیساڵان و کوڕەدەوڵەمەندی ئیستانبووڵی، ڕۆژێکی بەھاری ساڵی 1975 دەکەوێتە داوی ئەڤینی فویسونی هەژدەساڵانی کچی خێزانێکی ھەژار و بۆرەخزمی خۆیان. ئەم بەسەرھاتە لەو ساڵەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان درێژ دەبێتەوە و نووسەر دەمانباتە مۆزەخانەی پاکیزەیی و لەوێ مێژووی ئەو ڕۆژگارانەمان بۆ دەگێڕێتەوە و پێشانمان دەدات و ئەفسوونی شتومەکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. خێرایی و جووڵە و دەوڵەمەندیی کارەکتەرەکان ھێزێکی سەیر بەم ڕۆمانە دەبەخشن و دڵی خوێنەر بە جارێک و دوو جار خوێندنەوەی، ئاو ناخواتەوە.

 

هاوبەشی بکە

Bakir Shwani, Orhan Pamuk, The Museum of Innocence,