23/07/2024
DidiMn Logo
Top

چاپی سێیەمی ڕۆمانی بەفر بە کوردی بڵاو دەبێتەوە

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا

بڕیارە لە چوارەمین فێستیڤاڵی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، کە سەرەتای مانگی ١٢ لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت، چاپی سێیەمی ڕۆمانی بەفری نووسەر تورک ئۆرهان پاموک بە وەرگێڕانی کوردیی بەکر شوانی بڵاو بکرێتەوە.

ڕۆمانی بەفری ئۆرهان پاموک کە خۆی وەک یەکەم ڕۆمانی سیاسیی خۆی پێناسەی دەکات، یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٢ بە تورکی چاپ کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە ٤٠ زمانی جیهان، بە زمانی کوردییشەوە. ڕووداوەکانی بەفر لە شاری قارس دەقەومێن و ئیسلامی سیاسی، سوپا، لایست و توندوتیژی و ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوەپەرستانی کورد و تورک دەخاتە بەرچاوان. نووسەر بەم ڕۆمانە شێوازێکی نوێی نووسینی ڕۆمانی سیاسی تاقی کردەوە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕۆمانی بەفری خستە ڕیزی باشترین ١٠ کتێبی ساڵەوە لەسەر ئاستی جیهان.

14972059_10210045960299431_1946478587_n

وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، بەکر شوانی دەربارەی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەرانی دیدی من گوتی: “وەک لە دیوی دەرەوەی بەرگی دووەمی چاپە تورکییەکەدا هاتووە، ڕۆژنامەی فرانکفورتەر ئەلگەماینەی ئەڵمانی لە پەسنی ڕۆمانی بەفردا نووسیویەتی: ‘ڕۆماننووسی تورک ئۆرهان پامووک چۆنێتیی ڕۆماننووسین پێشانی ئەورووپا دەدات.”‘ ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزی ئەمەریکاییش نووسیوێتی: ” ئۆرهان پاموک نە ئیدۆلۆگ، نە سیاسەتمەدار و نە ڕۆژنامەنووسە، ڕۆماننووسێکی گەورەیە.”

سەبارەت بەم چاپەی ڕۆمانی بەفر، بەکر شوانیی وەرگێڕ بۆ دیدی من گوتی: “ئەم ڕۆمانەم لە ساڵی ٢٠٠٧دا وەرگێڕا و هەر ئەو ساڵە لە دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ کرا. ساڵی ٢٠٠٩ بۆ دووەم جار لە هەمان دەزگا چاپ کرایەوە و وا ئەمساڵیش بۆ جاری سێیەم لە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە چاپ کراوەتەوە.”

15218308_10210045947899121_990728639_n

کورتەی ڕۆمانی بەفر

 

کای شاعیر دوای بەسەربردنی دوازدە ساڵ ژیان لە تاراوگەی ئەڵًمانیا، بۆ ئیستانبووڵ دەگەڕێتەوە. چوار ڕۆژ پاش گەڕانەوەی، ڕۆژنامەیەکی ئیستانبوڵی بۆ ئەنجامدانی ڕیپۆرتاجێک لەبارەی دیاردەی خۆکوشتنی ژنان و هەڵبژاردنەکانی شارەوانی، کە چاوەڕێ دەکرێت ئیسلامییەکان سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنن، ڕەوانەی شاری قارسی دەکات. ئەمیش بە ژێر بەفرێکدا کە هێدی‌هێدی و بێوچان دەبارێت، کۆڵان بە کۆڵان، شەقام بە شەقام و دوکان بە دوکانی قارس دەگەڕێت و تێدەکۆشێت ئاشنای ئەو شارە خەمگین و جوانە و دانیشتوانی بێت. لە گەڕانەکانیدا دەچێتە چایخانەکانی سیخناخ لە بێکارانی کورد، سەر لە خێزانی کچان و ژنانی خۆکوشتوو دەدات و لە هۆکارەکانی خۆکوشتنیان دەکۆڵێتەوە. لە ئاکامی هاتوچۆی زۆر و تاوسەندنی خولیای لێکۆڵینەوەدا، دەکەوێتە ناو تەنگژەی سیاسی و ئایینی و ڕاپێچی تۆڕێکی تەمومژاویی پەیوەندیی سیاسی و شەڕی دەسەڵات و پیلانگێڕان دەکرێت. بێپەروا لە شەقام و کۆڵانەکانی شارێکی نەگبەتی تەناتەت لە لایەن خوداشەوە فەرامۆشکراودا، بەدوای ئەوینی کۆنی سەردەمی زانکۆ و ڕاستی و لێکدانەوەی شیعرەکانیدا دەگەڕێت. لەپڕ کودەتایەک بەرپا دەبێت، بەفر ڕێگە و بانەکان دەگرێت و کەس ناتوانێت شار بەجێ بهێڵێت.

چوارەمین فێستیڤاڵی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە ڕێکەوتی ١-٣/١٢/٢٠١٦ لە شاری سلێمانی و ٤-٥/١٢/٢٠١٦ لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و چەندین مەراسیمی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە بڵاوبوونەوەی ٤٢ کتێب لە دوایین چاپکراوەکانی ناوەندی ناوبراو.

 

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Bafr, Bakir Shwani, Orhan Pamuk, Snow,