23/04/2018
DidiMn Logo
Top

گفتوگۆ لەگەڵ توانا حەمە دەربارەی کتێبی موزیک و سیاسەت، بەشی یەکەم

لە لایەن دیدی من 4 مانگ پێش ئێستا

دیدی منلاژە تەها

 

موزیک و سیاسەت تازەترین لێکۆڵینەوەی توانا حەمەیە و لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاو کرایەوە. لێکۆڵینەوەکە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجییە و بە شیوازێکی مەیدانی کاری لەسەر کراوە، نموونەی توێژینەوەکە تیپی موزیکی شەهید کارزانە. لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن موزیک وەک ئامڕازێک بۆ بەرەنگاربوونەوە بە کار هێنراوە لە لایەن سیاسەت و سیاسەتوان و هونەرمەندانەوە بۆ جۆشدانی شۆڕش، هزری سیاسی و گەیشتن بە ئامانێجکی سیاسیی دیاریکراو و پەیوەندیی نێوان موزیک و سیاسەت بە نموونەیەکی زیندووی نێو شۆڕشی کورد. لەسەر ئەم باسە و چەند باسێکی دیکەی تایبەت بە موزیک لەمڕۆی باشووری کوردستاندا، دیدی من چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ توێژەر و نووسەری لێکۆڵینەوەکەدا ئەنجام داوە.

 

ئەگەر لە ناونیشانی کتێبەکەوە دەست پێ بکەین، موزیک و سیاسەت، لە ڕواڵەتدا دوو ناوی دوور لە یەک، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانێکە میتۆدە ڕەخنەیی و قوتابخانە ئەدەبی و هونەرییەکان خەریکی نزیکخستنەوەی ئەو شتانەن کە لە ڕواڵەتدا دژیەکن، بەڵام لە قووڵایی و ناوەڕۆکدا زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە و کۆمەک بە یەکتر دەکەن، حەز دەکەین لینک و ڕایەڵی نێوان موزیک و سیاسەت بزانین، لە کوێدا پەیوەندیی نێوان ئەم دوانە دەتوانێ بەرهەم و لێکۆڵینەوەیەکی بابەتییانە و سەرکەتووی لێ دەربێت و لە کوێشدا نابابەتی و ناسەرکەوتوو دەبێت؟

یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە وەک لە پێشەکی و بەشی یەکەمی کتێبەکە زۆر بە ڕونی باسم کردووە، ئەوەیە کە بە درێژایی چەندین ساڵە ئەم میللەتە بە قۆناغێکی مێژوویی دژواردا تێدەپەڕێت، هەموو ئەو وێستگانەی میللەتی کورد پێیدا تێپەڕیوە، بە درێژایی ئەم مێژووە تانانەت ئەگەر لە سەردەمی سۆمەرییەکانەوە تا گۆتییەکان، کاشییەکان و خورییەکان و تا دوایی سەیر بکەین، بەردەوام ئەم میللەتە بە کێشەی سیاسیدا دەڕوات و قۆناغەکان دەبڕێت. لە گشت قۆناغەکان، لەبەر ئەوەی مێژووی ئێمە مێژوویەکی زارەکییە و یەکێک لەو شتانەی وەکو کەلەپوورێکی گەورە بۆ ئێمە ماوەتەوە، ئەوەیە کە زۆربەی ئەم مێژووە بە شێوەی زارەکیی وەک بەیت، چیرۆک و سەربوردە، گۆرانی و لاوک، باس لە پێشهات و ڕوداوە سیاسییەکان یان پاڵەوان و سەرکردە سیاسییەکان کراوە. بۆیە سەیرم دەکرد بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەک لە نێوان گۆرانی و موزیکی کوردی لەگەڵ ئەو ڕووداوە سیاسییانەی لە باشووری کوردستاندا ڕوو دەدات، هەیە و لە هەر قۆناغێک بەپێی گۆڕانکاری لە ڕووی لۆژیکی و ژیاریی کۆمەڵایەتی، ئاستی گۆرانی و موزیکەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، لەوێوە دەستم پێ کرد، بۆ ئەمە کۆمەڵێک نموونەم دەست کەوت، کە دەمتوانی ئەم دوو بابەتەی خەڵک لە دوورەوە دەیبینێت و وادەزانێت دژبەیەکە یان هەمیشە پێی وایە موزیک بۆ موزسیان، سیاسەت بۆ سیاسەتوانە، نزیک بکەمەوە، لە کاتێکدا هەموو ئەم بابەتانە لینکی تایبەتیان هەیە بەیەکەوە، لەبەر ئەوەی موزیک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، هیچ میللەتێک، هۆزێک نییە کە موزیکی تایبەت بە خۆی نەبێت. وەک چۆن زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، لە ڕووی فۆڕمەوە موزیکێکی تایبەت بە خۆیشیان هەیە.

بە داخەوە لەبەر ئەوەی ئەزموونی لێکۆڵینەوە زۆر دەگمەنە لە باشووری کوردستان، بۆیە زۆربەی کات لێکۆڵینەوەکان بە شێوەی نابابەتییانە کراون، بۆ نموونە دەشێت باس لە موزیک و سیاسەت کرابێت، بەڵام بە شێوەیەکی شاعیرانە و شیکردنەوەیەکی نابابەتییانەی بۆ کرابێت، بۆیە زۆرینەی ئەو کتێبانەی لەسەر زۆرینەی بابەتەکان دەنووسرێن، زیاتر دەچنە فۆڕمی داڕشتنەوە وەک لەوەی بابەتێکی زانستی بێت، یان ڕانان، خوێندنەوە و دنەدانی باسەکان بێت لە هەمان کاتیشدا تۆ بتوانیت شیکاریشی بۆ بکەیت، بۆیە زۆر هەوڵم داوە ئەم کتێبە جیاواز لە کتێبەکانی تر هەم خوێندنەوە بێت، هەم ڕانان، هەم شیکاریکردن بێت، دواجار لە کۆتاییشدا خوێنەر بتوانیت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ خودی خۆیدا بگاتە کۆمەڵێک دەرەنجام، کە ئەویش بەشێکی دیکەی ئامانجی توێژینەوەکەیە.

 

خاڵێک کە بە زۆری لە ڕەخنەی هونەریدا جەختی لێ دەکرێ و لەم بارەوە چەندین میتۆد و ڕێسا هەن، سەربەخۆیی و پارێزراویی بەرهەمی هونەرییە لەو کاتەدا کە تێکەڵ بە کایە و بوارێکی تر دەکرێ، بە واتایەک کاتێک هونەر ئاوڕ لە بابەتێکی وەک سیاسەت دەداتەوە، ئەوە کارە هونەرییەکەیە کە دەبێت سیاسەت بە شوێن خۆیدا ڕاکێش بکات، نەک بە پێچەوانەوە، واتە دەبێت سیاسەت بکەوێتە خزمەت کارە هونەرییەکە و لە ناویدا نوقوم و بتوێتەوە، پرسیارەکە ئەمەیە: لە ئەزموونی تیپی موزیکی شەهید کارزاندا تا چەند ئەمە کراوە؟

ئەگەر تیپی شەهید کارزان وەربگرین بە نموونە، دەبینین هەموویان سەر بە پارتێکی سیاسین، کەچی لە زۆر شوێندا دژەبۆچوون هەیە، بۆ نموونە لە کتێبەکەدا گفتوگۆمان لەسەر سروودی مەشخەڵان کردووە، کە لە لایەن سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە داوا دەکرێت ئەم گۆرانییە تۆمار بکرێت، بەڵام تیپەکە ناچنە ژێر باری ئەو فشارە سیاسی و ئایدۆلۆژییەی کە حیزبەکەیان داوای دەکات. لە هەندێک شوێنیشدا ئەوانەی خۆیان بە دڵیان بێت، جێبەجێیان کردووە و کاریان لەسەر کردووە. زۆر جار موزیسیان و سیاسییەکان لە یەک بەرەدان، بەڵام دەشێت دژەبۆچوون بن وەکو ئەوەی تیپی شەهید کارزان لە فەترەیەکی زەمەنیدا چالاکییەکانی تیپەکە سڕ دەکەن،  ئەم سڕکردنەش دەرەنجامی ئەو دژەبۆچوونانەیە کە هونەرمەندان لەگەڵ سەرکردایەتی و سیاسییەکان دەربارەی هونەر و موزیک لە نێوانیاندا هەیە، زۆر جاریش بە پێچەوانەوە هەردووکیان هاوڕان لەو بابەتە نیشتمانییانەی کە پێویستە کاری بۆ بکەن. بۆیە لە زۆر شوێندا موزیسیان و سیاسەتوان هەمان بیرکردنەوەیان هەیە، ئیشیان ئەوە نییە سیاسەت لە موزیکدا بتوێننەوە یان موزیک لە سیاسەتدا بتوێننەوە، بەڵکو هەردووکیان تەواوکەری یەکدین و پێویستە موزیک بە ئامانج و ئامرازێکی سیاسییانە بۆ گەیشتن بە هەندێک مەرامی سیاسی، نەتەوایەتی و نیشتمانی بە کار بێت. لە هەمان کاتدا زۆربەی کات موزیسیان یان هونەرمەندەکە بابەتێکی سەربەخۆیانە و ئەوەی باوەڕی پێیەتی کاری لەسەر دەکات وەک لەوەی هەموو جارێک سیاسەتوان فشاری لەسەر بکات و وای لێ بکات لە ناو خۆیدا بیتوێنێتەوە، بەڵکو هەردووکیان باوەڕیان بە چەمکێک هەیە، هەردووکیان دەچنە بەرەیەکەوە و خزمەت بەو ئایدیایە دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر تیپی شەهید کارزان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی لە یەک بدەیت، کۆمەڵێک گەنجن هەم سیاسین هەم جەنگاوەر و موزسیانن، ئامانجێکی نیشتمانی لە حیزبێکدا کۆی کردوونەتەوە، مەرج نییە هەموومان لە ناو بازنەیەکدا بن و هاوڕا بین، موزیکیش بە هەمان شێوە. لە زۆر شوێندا دژی یەکترین و لە زۆر شوێندا کە لە بنەڕەتدا ئامانجە نیشتمانییەکەیە کە کۆی کردوونەتەوە، یەکدەنگیان دەکات و نە موزیک لە ناو سیاسەتدا دەتوێتەوە و نە بە پێچەوانەوە، بەڵکو هەردووکیان باڵانسێک ڕادەگرن، لەو جێگایانەی کە باڵانس نەبێت، وەکو ئەو نموونەیەی شوستانکۆڤیج و ستالین کە لەکتێبەکەدا باس کراوە؛ ستالین ئەو هەموو خەڵاتە تایبەتەی خۆی دەدات بە شوستاکۆڤیچ، بەڵام لە کاتێکدا کە دەبێنێت هێواش هێواش موزیکەکانی نزیکە لە بیرۆکەی موزیکی جیهانی و کەمتر مۆرکی گەلی ڕووسیی پێوەیە وکاریگەریی ئەوانی دیکەی لەسەرە، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر دەنووسێت و موزیکەکەی بە ژاوەژاو ناو دەبات، یان بۆ نموونە نەوشیروان مستەفا لە کتێبی پەنجەکان یەکتری دەشکێنندا بە چەند لاپەڕەیەک ڕەخنە لەم تیپە دەگرێت لەبەر ئەوەی هاوبۆچوون نەبوون لەگەڵ سیاسەتەکەی ئەودا.

مه‌راسیمی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی موزیك و سیاسه‌ت || فۆتۆ: ئاژانسی مێترۆگرافی

مه‌راسیمی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی موزیك و سیاسه‌ت || فۆتۆ: ئاژانسی مێترۆگرافی

 

لە دەرەنجامی توێژینەوەکەدا دەگەین بەوەی کە بە درێژایی مێژووی گەلان موزیک و هونەر بەشێکی دانەبڕاوی گەشەسەندنی مرۆڤایەتی بووە و بەشدار بووە لە بەرەوپێشچوونەکانیان، موزیکی کوردی لە ئێستادا ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت؟ ئەگەر بەڵێ چۆن ڕۆڵی هەیە و تا چەند ئیش لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی تاک دەکات؟

لە ڕاستیدا هەر بابەتێک کە ئێستا ئێمە قسەی لەسەر دەکەین و هەر ڕەوت و چێوەیەک دەگرین، پێویستی بە کتێبێکی ترە، لەبەر ئەوەی هیچمان نەکردووە، لەبەر ئەوەی موزیکی کوردی کتێبخانەیەکی زۆر هەژاری هەیە، هۆکارێکی تریش ئەوەیە لایەنی ئەکادیمیی موزیکی کوردی کە یەکەم جار دروست بووە، زیاتر لایەنی پراکتیکی و ژەنینەکەی گرنگیی پێ دراوە، نەک لایەنە تیۆری و لۆژیکییەکەی، موزیک وەک موزیک نەک ئەوەی هزر و بابەتی لە پشتەوە بێت، تەنانەت زۆربەی ئەوانەی کە خەریکی موزیکن لەم ڕۆژگارەماندا، هیچ ئایدیایەکی تایبەت و فەلسەفەیەک لە پشت کارەکانیانەوە نییە، تا ئێستاش زیاتر موزیک لێرە چێژە وەک لەوەی بەشێک بێت لە کایە کلتوورییەکە، بەتایبەت ئەم قۆناغانەی دوایی، لەبەر ئەوەی ئێمە لێرە هەندێک لینکی تری ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریمان لەگەڵ میللەتانی ئەم چواردەورە هەن، بۆیە هەمیشە ئەوان هەژموونیان هەبووە بەسەرمانەوە، ئەگەر گەلی تورک بە نموونە بهێنینەوە، جگە لە هەژموونە سیاسییەکەی، هەژموونی ئابووریی بەسەر باشووری کوردستانەوە هەیە، هەرچی ئەو کاڵایانەی بە کاری دەهێنین تورکییە، کەواتە کاتێ موزیک بەشێکە لە کایەکان، بۆیە وا دەکات هەمیشە سوود لە کلتوورەکەشیان وەربگرین، ئەو سێگۆشەیەی کە ئێمە تێیکەوتووین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەیتوانیوە موزیکمان بگەیەنێتە ئاستێک لە ئاستی موزیکی جیهانیدا بێت. بۆ نموونە ئەگەر باسی موزیکی فارسی بکەین، دەبینین هەر هیی 1500 ساڵ پێش ئێستایە لە ڕووی گەشەسەندنی ئامێرەکانەوە، بەڵام توانیویەتی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت و پێی بڵێین ئەمە موزیکی فارسییە، هەروەهای گەلانی دیکەی وەک عەرەب و تورکیش بە هەمان شێوە. بەڵام لە نێو ئەمانەدا موزیکی کوردی هێشتا لۆکاڵییە، نەیتوانیوە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە باشووری کوردستان ئێستا لە بەکارهێنانیدا لە پێشەوەی زۆر وڵاتانی دنیایە، لایەنە کلتوورییەکەی بگاتە هەمان ئاست. بۆ نموونە ئێمە ئایفۆن 6 و 7مان پێیە و نەمانتوانیوە ئاستی موزیکمان بگات بەو مۆبایلانە، لەوانەیە بتوانین هەموو ئەو ماتریاڵ و کارتێکەرە دەنگییانەی  لە تەکنەلۆژیادا هەیە، بە کاری بهێنین، بەڵام بیر و ئاوەزی ئێمە نەگەیشتووە بەوەی کە موزیکەکانمان بەقەد ئایفۆن 6 کوالێتیی هەبیت، بەڵام گەلانی دیکەی داهێنەری ئەم تەکنەلۆژیایە ئاستی هونەرییان لە هەمان ئاستی تەکنەلۆژیاکەیاندایە. بۆیە موزیکی کوردی لە شوێنێکدا وەستاوە و شۆکە، ئەوەش پەیوەستە بە کێشە کلتووری و ژیاری و سیاسی و ئابوورییەکانی باشووری کوردستان، جگە لەوەی ئەو مەڵبەند و جێگایانەی کە کار لە بواری موزیکدا دەکەن، سیاسەتی کلتوورییان نییە، کە لە ڕاستیدا هەموو میللەتێک پێویستە سیاسەتی گەشەپێدانی کلتووریی هەبێت، چونکە ئەم سیاسەتە وا دەکات گەشە بکات و لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیدا بەرەوپێش بچێت و گەشە بکات، بەڵام ئێمە بە پێچەوانەوە، میللەتی کورد لە چ کێشەیەکدا بێت موزیکەکەش ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەو کێشەیەوە، بە واتایەکی تر لە ناو لۆکاڵا جارێکی تر لۆکاڵ دەبێتەوە. بەپێی گەشەسەندنی ژیاریی کۆمەڵایەتیی ئێمە، لە بوارەکانی تردا ناتوانێت بچێتە پێشەوە، ناتوانێت خۆی نمایش بکاتەوە، بە پوختی لەبەر ئەوەی یەکەم غیابی فیکر لە کارەکاندا بە زەقی دیارە، دووەم سیاسەتی کلتووریمان نییە، سێیەم دەزگا ئەکادیمییەکان سەرچاوەی پێویست و کتێبیان نییە. بۆ نموونە لە زانکۆی سلێمانی 50 کتێبمان نییە لەسەر موزیک، پرسیار ئەوەیە تۆ چۆن دەتوانیت بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بدەیت بە کۆمەڵێک خوێندکار کە ناتوانن 2 کتێب دەربارەی بوارەکەی خۆیان بخوێننەوە، تا دواجار بتوانن ڕانان بۆ پارچە موزیکێک بکەن. ئەمانە هەمووی بەیەکەوە کێشەکانی موزیکی کوردین، بۆیە ناتوانێت بەپێی ئەم ڕۆژگارە و ئەوەی کە خەڵک چاوەڕێی دەکات یان ئەوەی تەمەنێکی دیاریکراو داوای دەکات، بیبینین، هەر بۆیە موزیک ناتوانێت وەڵامدانەوەی ئەم ڕۆژەی ئەو خەڵکانە بێت کە لە ئاستی مەعریفیی تەواو گەشەسەندوودان.

Interview, TwanaHama,