27/03/2024
DidiMn Logo
Top

چاوپێکەوتن لەگەڵ تارکۆڤسکی

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من
لە ئینگلیزییەوە: هیوا فایەق

تارکۆڤسکی: میخائیل ڕۆم فێری نەکردین چۆن فیلم دروست بکەین، بەڵکو فێری کردین چۆن ڕێزی خۆمان بگرین

دەرهێنەری ڕووسی (ئەندرێ تارکۆڤسکی ١٩٣٢- ١٩٨٦) کاتێک لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا سەردانی شاری لەندەن دەکات، (یان کریستی ١٩٤٥) پرۆفیسۆری فیلم و مێژووی میدیا لە زانکۆی لەندەن، ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام دەدات. ئەگەرچی وەڵامەکانی تارکۆڤسکی زۆر کورتە، بەڵام چەند خاڵێکی زۆر گرنگ دەخاتە ڕوو، هەر لە بارەی چۆنییەتی کارکردن لە ناو سیستمی حکومڕانی یەکێتی سۆڤێتی جاران، تێگەیشتن لە فیلمەکانی و ڕەتکردنەوەی ئەو ژانرە سینەماییانەی کە پێوەی لێکێندراوە، هەتاوەکو قسەکردن لە دروستکردنی سینەماکار و خوێندکار و گاڵتەکردن بە ڕەخنەگرەکانی و گەڵێک تەوەری تریش.

یان: ئایا کاردانەوەی فیلمەکانت لە دەرەوەی یەکێتی سۆڤییەت، مانای زور هەڵدەگرێت بۆ تۆ؟
تارکۆڤسکی: بێگومان ئەوە بۆ من ئەوپەڕی خۆشحاڵییە کە خەڵکی ڕۆژئاوا دەبینم حەز بە بینینی فیلمەکانی من دەکەن. بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگترە بۆ من تێڕوانینی خەڵکی ڕووسیایە لەسەر فیلمەکانم، لەبەر ئەوەی من لە وڵاتەکەی خۆمدا کار دەکەم، هەر بۆیە بیروڕای خەڵکەکەی خۆم هەتا بڵێی بۆ من گرنگە.

یان: ئەو پڕۆسە ئاساییانە چییە تاوەکو فیلمێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسیدا دروست بکەیت؟
تارکۆڤسکی
: من کار بۆ ستۆدیۆی مۆسفیلم دەکەم کە خۆیان هیچ نووسەرێک دانامەزرێنن، بۆیە ئێمەش کۆمیسیۆنێکمان بۆ سینارێو نووسین هەیە. ئەم ستۆدیۆیە ئەو سیناریۆیانەش دەكڕێت کە دەرهێنەرەکانی مۆسفیلم حەزی پێ دەکەن. یان هەندێک جاریش سیناریۆکان لەلایەن خودی دەرهێنەرەکانەوە ئامادە دەکرێن، یاخود سیناریستەکان لەسەر داواکاری دەرهێنەرەکان سیناریۆ ئامادە دەکەن. مۆسفیلم بەسەر چەند لقێکدا دابەش بووە کە پێی دەگوترێت ”کۆمەڵەی داهێنان” کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر کواڵێتی سینارێوکان دەکرێت، لە دوای ئەوەی کە لایەنی قازانجکردن زۆر بەهەند وەردەگیرێت؛ ئینجا دەست دەکرێت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. کاتێک گۆسکینۆ، رێکخراوی سینەما (وەزارەتی سینەما) بڕیار لەسەر بەرهەمهێنانی سیناریۆیەکی دیاریکراو دەدات، ئەوکاتە بانکی دەوڵەت خۆی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی، بڕێک پارەی پێشەکی دەدات و پاشان ئێمەش دەست دەکەین بە ئیشکردن لە قۆناغی سەرەتایی فیلمەکەمان هەر وەک هەموو شوێنیکی دنیا.

مۆسفیلم خۆی سەر بە گۆسکینۆیە، بەڵام هەموو ئاسانکارییەک دەکەن و هەرچی پێداویستی بەرهەمهێنانی فیلمش هەیە لەوێ دەست دەکەوێت، وۆرکشۆپ، ستۆدیۆ، تاقیگە، ئیتر پێویستیت بە هیچ شتێک نابێت کە لە دەرەوە بیکەیت. هەروەها ئەو کاتەی کە بەڕاستی دەستدەکەیت بە فیلمەکە، هیچ کۆتوبەندێک لەسەر کات خایاندن نییە وەک ئەوەی لە شوێنەکانی تردا هەیە. پاشان فیلمە تەواوکراوەکە دەدەیتەوە بەو فەرمانگەیەی کە ڕەزامەندی لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەربڕیوە.

یەکەمجار لەلایەن لقێکی (کۆمەڵەی داهێنان)ی مۆسفیلم گفتوگۆ لەسەر کواڵیتی فیلمەکە دەکرێت، ئەمەش لایەنەکانی نووسەر، دەرهێنەر و هەموو ستاف و تیمە هونەرییەکە دەگرێتەوە. ئا لەو کاتەی کە تۆ فیلمەکە دەنێریت بۆ گۆسکینۆ، ئیتر لە دوای ئەوەوە زۆر درەنگە ئەگەر بتەوێت هەر گۆڕانکارییەک ئەنجام بدەیت، لەوێ پێداچوونەوە بەو کاتیگۆرییە دیاریکراوانەدا دەکەن کە بڕیار وا بووە فیلمەکەی لەسەر بونیاد بنرێت، ستافەکەش لە بری ئەوە پارەی خۆیان وەرگرتووە، هەر لەوێشدا بڕیار لەسەر ژمارەی کۆپیکرنەکانیشی دەدرێت.

یان: ئەی ئەو کێشانە چین کە لەم قۆناغەدا دروست دەبێت؟
تارکۆڤسکی: تاکە ڕێگەیەک بۆ ئەوەی فیلمەکە پیشان نەدرێت ئەوەیە کە بەدحاڵیبوون لەگەڵ فیلمەکەدا دروست ببێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر کۆی فیلمەکە بە هۆی خراپی ئاستییەوە پێش ئەوە ڕەت نەکرابێتەوە، کە هیچ هێزێک نییە بتوانێت ڕزگاری بکات. هەندێک جار فیلمەکە بە جۆرێک دەخوێندرێتەوە کە دروستکەرەکانی ئەو شتەیان هەر بە خەیاڵدا نەچووە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەلەحانێ و ململانێیەک بە جۆرێک کار دەکاتە سەر لۆجیکی بڵاوبوونەوەی فیلمەکە، بەڵام ئەمە زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات. سەبارەت بە كێشەکانی خۆشم، ئەوەیان بە تایبەت لەگەڵ فیلمی (Andrei Roublev)بوو. هەتا ئێستاش تێنەگەیشتم لەوەی بۆ ئاوا ئەو فیلمە درەنگ بڵاو بووەوە. ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا مێژوونووسێکی سینەمای سۆڤێتی هەبێت کە هۆکارەکەی بدۆزێتەوە. من وا تێدەگەم کە زۆربەی ئەو کێشانە بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە بەشدار بوون لە بڕیاردان لەسەر بڵاوکردنەوەی فیلمەکە، چونکە دەترسان.

یان: ئایا تا چەند مومکینە، فیلمێک بە بوودجەیەکی کەم دروست بکرێت و ئامانجیشی ئەوە نەبێت بە شێوەکی فراوان بڵاو ببێتەوە؟
تارکۆڤسکی
: لای ئێمە پەیوەندییەکی بەتین لە نێوان قەبارەی بودجەی فیلمەکە و بڵاوبوونەوەیدا نییە. فیلمی وا هەیە پارەیەکی زەبەلاحی بۆ سەرف کراوە و زۆر بە زەحمەتیش کەسێک دەدۆزیتەوە کە بینیبێتی، لە بەرامبەردا فیلمی واش هەبووە بە تێچوویەکی زۆر کەم بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی سەلماندوە و ناوبانگی پەیدا کردووە. ئەمە وەک ئەو پەیوەندییە نییە کە لە نێوان بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەدا لای ئێوە هەیە. لەبەر ئەوەی هەموو شتێک لە دەستی دەوڵەتدایە، ئەو زەرەرەی کە لە فیلمە زۆر تێچووەکاندا کراوە، ئەوا بەو قازانجەی فیلمە قۆڕەکان کردویانە هاوتا دەکرێتەوە. کەواتە هەر وەک دەیبینیت، ئەوە فرسەتێکی زۆر گەورەیە کاتێك بە تەنها یەک فەرمانگە دەبێتە خاوەنی فیلمەکان.

تارکۆڤسکی لەکاتی کارکردندا

یان: هەردوو فیلمی (Andrei Roublev) و (Solaris) وەک دوو ژانری جیاواز لە ژانرە باوەکانی سینەمای سۆڤێتی تەماشا دەکرێت، مێژووی تابلۆ گەچییەکان لەگەڵ درامای خەیاڵە زانستییەکان. ئایا ئامانجی تۆ ئەوە بوو دژی ئەم پێشبینییە باوانە کار بکەیت کە ئەم ژانرانە لەگەڵ خۆیاندا هەڵیان گرتووە؟
تارکۆڤسکی
: من باوەڕم وا نییە سینەما ژانری هەبێت، سینەما خودی خۆی ژانرە، ئەو کاتەی کە دەستمان کرد بە قسەکردن لە بارەی ژانرەوە، ئەوە مانای وایە ئێمە وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ سینەمادا دەکەین. بەڵام سینەما خۆی هونەرێکی باڵایە، زۆر بە قووڵی هونەری شیعرە، بۆیە پێویست بەوە ناکات بەو کڵێشە دروستکردنانە توانای سینەما هەتک بکەین. زۆربەی فیلمسازەکان هەموو حەقیقەتەکە لەوەدا کورت دەکەنەوە کە سینەما بە تەواوی پشت بە پارە دەبەستێت. سینەما تاکە هونەرێکە کە سەرچاوەی بازاڕکردنی خۆی هەیە، بەڵام هەندێک شاکار هەیە لە مێژوویەکی گەلێک کورتدا توانیویەتی تواناکانی خۆی زۆر لەوە زیاتر بسەلمێنێت. ئەو کاتەی خەریکی دروستکردنی فیلمی Andrei Roublev بووم، بیرم لەوە نەکردبووەوە کە ئەمە فیلمێکی مێژوویی بێت، هەمان شتیش بۆ فیلمی Solaris کە خەیاڵی زانستیی نەبوو. هەرچەندە هەستەکەم فیلمی Solaris کەمترین سەرکەوتنی لە ناو فیلمەکانی ترمدا بەدەست هێنا، چونکە نەمتوانی بە تەواوی باوەڕ بە ڕێکخراوی خەیاڵی زانستی بهێنم. ستانیسواف لێم (نووسەری ڕۆمانەکە) کە سکرێپتەکەی بینیی نیگەران بوو، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ڕەزامەندی خۆی لەسەر فیلمەکە دەکێشێتەوە، لەبەر ئەوە ئێمەش هاتین سکرێپتێکی ترمان ئامادە کرد و ئومێدەوار بووم کە بتوانین لە کاتی وێنەگرتندا بە ئارامی بیگۆڕین، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین.

یان: تۆ پێش ئەوەی ببیتە سینەماکار، هەندێک حەز و ئارەزووی ترت هەبووە، ڕۆشتویتەتە خوێندنگەی میوزیک، وێنەکێشان و زمانی عەرەبیت خوێندووە، هەروەها بۆ کنەکردن لە سیبریا، هەموو ئەمانە پێش ئەوەی بچیتە پەیمانگای سینەماتۆگرافی گراسیمۆڤ (VGIK) تۆ چیت دەویست تاوەکو ببیتە دەرهێنەر؟
تارکۆڤسکی
: تۆ ناتوانیت بڕیار لەوە بدەیت کە ببیت بە دەرهێنەر، دەبێت خۆتت تیا دۆزیبێتەوە. ئەگەر من مامۆستا بومایە لە خوێندنگەیەکی سینەمایی، کارێکم دەکرد تاوەکو هەموو خوێندکارەکانم لەو هەوڵە دوور بخستایەتەوە کە ببن بە دەرهێنەر. کەس نازانێت تاقیگە و هەوڵدان خۆیان بەشدارن لەوەدا. کاری ڕاستەقینەی دەرهێنەر ئەوە نییە لەسەر سێت لەگەڵ کاستی ئیشەکەدا بێت؛ ئەمە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو کارە ناوەکییانەدا نییە کە شاعیر و ئاوازدانەرەکان پێی هەڵدەستن. بەڵام ئەوەی ئێستا من دەیڵێم زۆر دوورە لەو دیمەنە باوەی کە هەیە.

یان: چیت بەدەست هێنا کاتێک کە شەش ساڵ خوێندکاری میخائیل ڕۆم بوویت لە  VGIK؟
تارکۆڤسکی
: یەکێک لە پادشاکانی فەڕەنسا، پێدەچێت دۆمێنیکی پازدەهەم بووبێت، گوتی من هەموو شتێک دەکەم تاوەکو بەربەست بۆ هیچ شتێک دروست نەبێت. میخائیل ڕۆم هەموو ئەوەی کە لە توانایدا بوو لەگەڵ هەر یەکێک لە ئێمە کردی تاوەکو بمانپارێزێت. مامۆستایەکی بێوێنە بوو ئا بەم شێوەیە: ئەو فێری کارەکەی خۆمانی نەدەکردین، چونکە ئێمە هەموومان ئەوکاتەی کەدەستمان دەکرد بە ئیش دەمانتوانی فێری ئەوە ببین. هەر کەسێک بیەوێت من دەتوانم لە سێ مانگدا کاری دەرهێنانی فێر بکەم، بەڵام ئەوە ناتوانێت بیکات بە هونەرمەند! میخائیل ڕۆم فێری ئەوەی کردین چۆن ڕێزی خۆمان بگرین. بەلای منەوە ئەو یەکێکە لە نایابترینی مامۆستاکان.

لێرەدا تارکۆڤسکی لە بارەی میتۆدی خۆی و شێوازی کارکردنی لەگەڵ بەشداربوواندا دەدوا، دەربارەی چۆنیەتی پەیوەندیی دروستکردن، لە پێش دوا نمایشی فیلمی (Mirror)

یان: تۆ وا باسی فیلمی (Mirror)ت کردووە کە چیرۆکێکە لەلایەن پیاوێکی زۆر نەخۆشەوە دەگێڕدرێتەوە، بە بۆچوونی تۆ ئەمە تا چەند کاریگەریی لەسەر بینەر دروست دەکات تاوەکو لە فیلمەکە تێبگات؟
تارکۆڤسکی: خەڵک لە کاتی جیاوازدا گەلێک پرسیاری جیدی لە خۆی دەکات، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە. لۆژیکی یادەوەریی پاڵەوانەکەمان لەو ساتەوەختەدایە کە هەموو شتەکان ڕوو دەدەن. پاشان دەرکەوتنی ئەو هۆکارانەی لە پشت ئەو یادەوەرییانەوە هەیە. هەر بۆیە ئێمەش پێویستمان بەوە بوو پاڵەوانەکەمان لەو ساتەوەختەدا پیشان بدەین کە نەخۆشییەکی مەترسیداری هەیە. خۆ ئەگەر ئەو لە تەندروستییەکی باش و پڕ خۆشبەختیدا بوایە، ئەوا ئەو کاتە هەندێک شتی جیاوازی بە ڕێگەی جیاواز بیر دەکەوتەوە. بەڵام من دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم فیلمە بەم شێوازە وشک و هۆکارە دراماتیکیانە دروست نەکراوە. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە پاڵەوانەکەمان لە بارۆدۆخێکی تا ئەوپەڕی دەروونیدا ببینین، تاوەکو ئەو هەستەمان لا دروست نەبێت کە نەخۆشییەکەی هەر هەمووی بەڕێکەوت بووە. ئەمەش جۆرێکە لەو نەخۆشییانەی کە نازانین ئاخۆ ئەگەری ڕزگاربوونی هەیە یان نییەتی. ئەگەرچی ئەمە هیچ گرنگییەکی بۆ مانای فیلمەکە نییە… بێگومان ئەگەر فیلمەکە خۆی مانایەکی هەبێت!

(لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بینەران دەیکەن، سەبارەت بەو لێکدانەوە وەرگیراوانەی بۆ فیلمەکانی دەکرێت و پاشان ئەو قسانەی کە گوایە کار لەسەر ئامادەکردنی بەرهەمێکی دۆستۆڤسکی لە ئارادایە)

تارکۆڤسکی: ئامانجی من ئەوەیە کە جیهانێکی تایبەت بە خۆم دروست بکەم، ئەو وێنانەشی کە دروستی دەکەین هیچ مانایەکی تر نابەخشن جگە لەوەی زیاتر خۆیانن. ئێمە بیرمان چووەتەوە کە چۆن لە ڕووی سۆزدارییەوە پەیوەست بین بە هونەرەوە؛ ئێمە وەک مۆنتێرەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بە شوێن ئەوەدا دەگەڕێین ئاخۆ هونەرمەندەکە چ شتێکی لە ئێمە شاردبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە خۆی زۆر لەو شتانە ئاسانترە، ئەگینا هونەر هیچ مانایەکی نەدەبوو.

دەبێت وەکو منداڵ وابیت، هەر بەو بۆنەیەوە منداڵەکان زۆر بە باشی لە فیلمەکانم تێدەگەن بە جۆرێک تا ئێستاش رەخنەگرێکی جیدیم نەدیوە بە وریاییەوە ڕووبەڕووی ئەو منداڵانە بێتەوە. ئێمە وا دەزانین کە هونەر داوای مەعریفەیەکی تایبەت دەکات؛ ئێمەش داوای مانابەخشینی زۆر بەرزمان لە نووسەر هەیە، بەڵام ئیشکردن دەبێت ڕاستەخۆ کار بکاتە سەر قوڵایی دڵمان ئەگینا بە هیچ جۆرێک مانابەخش نابێت.

من نامەوێت فیلمەکانم وەک دونیایەکی گریمانکراو وەسف بکرێت؛ قسە لە بارەی شتێکەوە دەکەن کە بێزارم دەکات، ئەگەر کارەکانم مەجازی بن، ئەوە من خوازیاری ئەوە نیم، لێرەدا هیچ پاڵنەرێکی شاراوە نییە تاوەکو مانای شاراوە هەڵبماڵێت. من لە مۆسکۆ زۆر جار لەگەڵ بینەرەکان کۆدەبمەوە و خووشم بەوەوە گرتووە کە بکەوەمە شەڕەوە لەگەڵیاندا تا وایان لێ بکەم ببنەوە بە منداڵ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی سەرکەتوو نابم.

من ئێستا خەریکی نووسینی سیناریۆیەکم لە ڕۆمانی (گەمژە)وە وەرگیراوە بەڵام کارێکی زۆر قورسە.

زۆر شتیش هەیە لکێندراوە بە دۆستۆڤسکییەوە بەڵام هیچیان ڕاست نین. بۆ نموونە، خەڵک لە هەموو شوێنێک و هەتا لە مۆسکۆش باوەڕیان وایە ئەو نووسەرێکی ئایینییە. بەڵام پێناچێت ئەوان ئاگادار بووبن لەوەی کە ئەو ئاییندار نەبوو، هەر وەک کەسێک کە بۆ یەکەم جار گوزارشتی لە درامای مرۆڤ کردبێت، مرۆڤێک کە هەموو بنەماکانی ئایینی لەلا پووکابووبێتەوە.

ئەو مامەڵە لەگەڵ تراژیدیای ونبوونی ڕۆحدا دەکات. هەموو پاڵەوانەکانی خەڵکانێکن دەیانەوێت باوەڕ بهێنن بەڵام ناتوانن، بە لای منەوە ئەم گرنگیپێدانە بەو بۆشاییە ڕۆحی و قەیرانە ئاییندارییەوە ئەو گرنگییە گەورەیەی ڕۆژئاوامان بە دۆستۆڤسکی بۆ ڕوون دەکاتەوە.

ئەو هەرگیز نەیوستووە بە ڕاستەخۆ باسی ئەوە بکات، بەڵام بە درێژایی ژیانی بەو ئازارەوە تلاوەتەوە کە نەیتوانیوە باوەڕ بهێنێت. ئەو هەمیشە وەک باوەڕدارێک خۆی پیشان داوە، بەڵام نەیتوانیوە لە بەردەمی کەسدا دان بەوەدا بنێت، وای داناوە کە بۆ ئەو ناگونجێت بەو کارە هەستێت. ئەمە ئەو تێڕوانینەیە کە دەمەوێت بۆ شازادە میشکین کاری لەسەر بکەم.

(لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەیە سەبارەت بە یەکەمین بەریەککەوتنی عاتیفی بەرامبەر بە فیلمەکانی)
تارکۆڤسکی: ئەوەی گرنگە بە لای منەوە ئەوەیە کە پێویستە ئەو هەستکردنە خۆشە بۆ فیلمەکانم جیهانی بێت. وێنەی هونەریی توانای ئەوەی هەیە هەستپێکردنی لێکچووی بینەران ببزوێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا ئەو بیرکردنەوانەی لە دوایدا دێن ڕەنگە زۆر جیاواز بێت.

ئەگەر لە سەرەتادا و ئەو کاتەی سەیری فیلمەکە دەکەیت دەستت کرد بە گەڕان بە دوای مانادا، ئەوا زۆرێک لەو شتانەی ڕوو دەدەن ونی دەکەیت.

نموونەییترین بینەر ئەو کەسەیە بەو جۆرە سەیری فیلم دەکات، هەر وەک گەشتیارێک بە وڵاتێکدا تێپەڕ دەبێت و لێی دەڕوانێت؛ چونکە کاریگەریی وێنەی هونەری جۆرێکی دیکەی پەیوەندیکردنە لە دەرەوەی عەقڵ.

هەندێک هونەرمەند هەیە مانای سیمبۆڵی بە وێنەکانیانەوە هاوپێچ دەکەن، بەڵام ئەمە بۆ من کاری نەکردەیە. شاعیرەکانی (زێن) زۆر باش مامەڵەیان لەگەڵ ئەمەدا کردووە؛ کاریان لەسەر سڕینەوەی هەموو توانایەکی ڕاڤەکردن کردووە، هەروەها لەم پرۆسێسەدا هاوتەریب؛ هاوسەنگییان لە نیوان جیهانی ڕاستەقینە و ئەو دونیایەی کە هونەرمەندەکە دەیخوڵقێنێت دروست کردووە.

ئەی پاشان ئامانجی ئەم چالاکییە چییە؟ بۆ من ئامانجی هونەر ئامادەکردنی ڕۆحی مرۆڤایەتییە بۆ هەستی چاکەکردن. ڕۆح لە ژێر کاریگەریی وێنەی هونەریدا خۆی دەکاتەوە، لەبەر ئەوە ئێمە دەڵێین ئەمە یارمەتیمان دەدات بۆ پەیوەندیکردن، بەڵام ئەمە پەیوەندییەکی باڵایە بە مانای وشە. من ناچێت بە عەقڵمدا کاری هونەری وا لە خەڵک بکات کاری خراپ بکات. لێرەدا ناتوانین قسە دەربارەی هونەر بکەین کە پەیوندی بە فیلمێکی وەک (The Exterminator) هەیە.

ئامانجی من ئەوەیە هەتا بتوانم فیلمێک دروست بکەم کە یارمەتیی خەڵک بدات بژی، تەنانەت ئەگەر هەندێک جاریش ببێتە هۆی دڵتەنگی، مەبەستیشم لەو جۆرە فرمێسکە نییە کە (Kramer vs Kramer) بەرهەمی دەهێنێت. ڕەنگە تێبینیی ئەوەت کردبێت کە تا فرمێسکە بێماناکانی خەڵک لە کاتی فیلمەکدا زیاتر بێت، هۆکارە قووڵەکانی پشت فرمێسکەکان زیاتر دەبێت.

من قسە دەربارەی هەست و سۆز ناکەم، بەڵکو دەربارەی هونەرێک کە توانای ڕۆچوونی بە ڕۆحی مرۆڤایەتیدا هەیە و مرۆڤ بەجێ دەهێڵێت تا بەرگری لەو شتە نەکات کە دژی چاکەکردنە.

ئایا تا چەند بە داخە کە فیلمسازان ڕەنگی ڕەشوسپی تێکەڵ بە فیلمەکانیان ناکەن؟
من هیچ دەرهێنەرێک ناناسم ئەمڕۆ بە ڕەشوسپی فیلمەکەی دروست بکات. بینەران حەز بە فیلمی ڕەنگاوڕەنگ دەکەن، بەڵام من باوەڕم وایە کە ڕەنگ کەمتر ڕیالیستیکترە لە ڕەشوسپی، چونکە ئێمە لە ژیانماندا بە ئاسایی بیر لە ڕەنگ ناکەینەوە. بەڵام لە سینەمادا بینەر یەکسەر سەرنجی ئەوە دەدات کە فیلمەکە ڕەنگاوڕەنگە، ئەمەش هەتاوەکو چ مەودایەک، سرووشتی تەقلیدی – کلاسیکی فیلمی ڕەنگ دەشارێتەوە.

بۆ من ڕەشوسپی شتێکە لە بیر ناچێتەوە و کواڵێتییەکەشی زۆر مانابەخشە. بەردەوام دەبم لە دروستکردنی ئەو فیلمانەی کە ڕەشوسپی زۆر تێدا بەکار بهێنم. من لەو باوەڕەدام ڕۆژێک سینەما بگەڕێتەوە بۆ ڕەشوسپی، ئەمە ئەگەر سینەما بە تەواوی بمێنێتەوە.

یان: زیاتر بە چ دەرهێنەرێکی سۆڤێتی سەرسامیت؟
تارکۆڤسکی: بە لای منەوە (Georgian Ioseliani) و (Sergo Paradjanov) باشترین دەرهێنەری سۆڤێتین، دەشمەوێت ناوی سێهەم بهێنم، ئەویش دەرهێنەری لینینگرادی (Aleksey German) دەرهێنەری فیلمی (بیست ڕۆژ بەبێ شەڕ)

سەرچاوە -: Framework: The Journal of Cinema and Media, No. 14 (SPRING 1981), pp. 48-49

هاوبەشی بکە

Andrei Tarkovsky, Film, Interview,