17/11/2024
DidiMn Logo
Top

ئایه‌تی شه‌یتانی

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

کارۆخ ئەحمەد

یه‌كه‌م جاره‌ لە ئەڵمانیا بۆ نماییشێكی شانۆیی  ده‌چم، ده‌بوایه‌ دوو ڕۆژ پێشتر له‌گه‌ڵ كڕینی بلیتەکەدا هەندێک زانیاری له‌سه‌ر كه‌سێتیم بده‌نه‌ پۆلیس، ئه‌مڕۆش له ‌كاتی چونه‌ ژووره‌وه‌م بۆ نماییشه‌كه،‌ به‌ چه‌ندین كۆنتڕۆلدا تا هۆڵی نماییش ڕۆشتم، له‌ ژوریشه‌وه‌ كه‌سی تایبه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌ناو بینه‌راندا چاودێری ده‌كرد؛ ئه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یەیە‌ كه‌ سه‌لمان ڕوشدی له‌ ڕۆمانی ئایه‌تە شه‌یتانییەکان‌ـدا ده‌رگیر ده‌‌بێت له‌گه‌ڵیدا، ئه‌ویش نه‌بوونی لێبووردەیییە به‌رامبه‌ر بیروڕای جیاواز و ره‌خنه‌گرتن لە ئاییندا، نه‌بوونی لێبووردەیی له‌نێو بیره‌جێكه‌وتووه‌كاندا به‌رامبه‌ر بیریار‌ و مۆدێرنە، نه‌بوونی لێبووردەیی بۆ قبوڵكردنی پڕۆسه‌ی به‌ جیهانیبوون و نه‌بوونی لێبووردەیی له‌ به‌رامبه‌ر جیاوازی كلتووری، سیاسی، بیركردنه‌وه‌ و ئایینی جیاواز. ڕۆمانه‌كه‌ باس له‌ گروپێكی موسڵمانی به‌ڕیتانی ده‌كات، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌رگیر بوون و سه‌لمان ڕوشدی پڕۆسه‌ی یەکگرتنی بیروڕای جیاواز به‌ شتێكی باش ناو ده‌بات. ڕووداوی ناو ڕۆمانه‌كه‌ لە هەقیقەتدا ڕوویان نه‌داوه‌، به‌ڵكو خه‌یاڵ و فه‌نتازیای نووسه‌ر خۆیه‌تی.

13226927_1593227950987480_2009393089987608298_n
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه،‌ زۆرێک له‌ موسڵمانان ‌دژی وه‌ستان و وه‌ک سوكایه‌تییەک بە ئایینی ئیسلام سه‌یریان ده‌كرد، كه‌ گوایه‌ بەباشی باسی قورئان و پەیامبەر ناکات، هەروەها سه‌لمان ڕوشدی فەتوای كوشتنی دەرچوو له‌ لایه‌ن موسڵمانەکانەوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ش بوو كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بینه‌ر تا ناو هۆڵی نماییش كۆنتڕۆل ده‌كرا.

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌

له‌ڕاستیدا پێم باشه‌ ته‌نها زۆر به‌كورتی ئاماژه‌ به‌ چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ک له‌ ئێوه‌ یان ڕۆمانه‌كه‌ یان ئه‌م نماییشه‌ ببینێت، تاكو له‌ دونیابینیی خۆیه‌وه‌ چێژ وه‌ربگرێت؛ چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ له ‌كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ئاسمانی به‌ڕیتانیادا ده‌ست پێ ده‌كات، کە ته‌نها دوو كه‌س له‌ سه‌رنشینه‌كانی، جوبرەئیل و سه‌لادین چامچا، کە دوو ئه‌كته‌ری هیندین، به‌ موعجیزه‌یه‌ک ژیانیان پێ ده‌بخشرێته‌وه‌. دواتر زۆر شتی سه‌یر به‌سه‌ر ژیانیاندا دێت، سه‌فه‌رێک به‌ناو كات و شوێندا ده‌كه‌ن، جوبرەئیل نزیكایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ فریشته‌دا ده‌بینێت و سه‌لاحەدین له‌گه‌ڵ شه‌یتان، ئا لێره‌وه‌ ده‌ستپێكی سه‌ركه‌وتنه‌ به‌سه‌ر كێشه‌ی باش و خراپ، فه‌نتازیا و حه‌قیقه‌تدا.
13221465_1019589294763119_5744697829877873764_n

نماییش

ئه‌م ڕۆمانه‌ لە لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری كورد، ئیحسان عوسمان، به‌‌ زمانی ئه‌ڵمانی له‌ شانۆی گه‌لی فیزبادن خرایه‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ؛ ده‌رهێنه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی  زۆر شاره‌زایانه‌ و له‌ ڕێگەی ته‌كنیكی ده‌رهێنانه‌وه‌، ڕۆمانێكی نزیكه‌ی ٥٠٠ لاپه‌ڕه‌یی له‌ ماوه‌ی سێ كاتژمێرونیودا له‌ نماییشێكی زۆر چێژبه‌خشدا به‌رهه‌م هێنا. من نامه‌وێت لێره‌دا بەوردی له‌سه‌ر ده‌رهێنان، ئه‌كته‌ر و سینۆگرافیا بدوێم، هێنده‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م كه‌ ڕۆمانێكی به‌و جۆره‌ پڕچیرۆک، ڕووداو و كاره‌كته‌ر كه‌ زۆرینه‌ی دونیای هه‌ژاند، بكه‌یته‌ نماییشێكی شانۆیی؛ ئه‌وه‌ جێگای ده‌ستخۆشی و دڵخۆشییه‌ كه‌ له‌م مه‌نفایه و‌ له‌ناو هه‌زاران ده‌رهێنه‌ری گه‌وره‌ی جیهانیدا، ده‌رهێنه‌رێكی كورد دێت و ده‌ستوپه‌نجه‌ له‌گه‌ڵ تێكستێكدا نه‌رم ده‌كات كه‌ زۆركه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناكات ئه‌و ڕۆمانه‌ بخوێنێته‌وه‌ کە پرسیار و گومان و ڕای جیاوازی هه‌بێت، به‌ڵام ئیحسان له‌گه‌ڵ كاستێكی جوانی به‌توانادا، ده‌یكا‌ته‌ نماییشێكی شانۆیی و ده‌بێته‌ شاكاری شانۆی میلله‌تێک و بۆ هه‌میشه‌ له‌ مێژووی شانۆی ئه‌ڵمانیادا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ من زۆر بێتاقه‌ت ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شاكارێكی شانۆیی ئاوا له‌ چاوی میدیای كوردییه‌وه‌ دووره‌، چه‌ندین ڕیپۆرتاژ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی له‌سه‌ر ئه‌م ئیشه ‌كراوه‌، ڕۆژانه‌ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا له‌سه‌ری ده‌نوسرێت و ‌به‌ یه‌كێک له به‌رهه‌مه‌ باشه‌كانی شانۆیی گه‌لی فیزبادن داده‌نرێت، كه‌چی میدیای كوردی له ‌سوچێكیشدا باسی ناكات، ده‌ڵێیت له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تر ده‌ژین، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی كورده‌ وه ده‌بێت به‌ شانازییەوه‌ باسی بكه‌ن، له ‌ناوه‌ڕۆكیشدا په‌نچه ‌ده‌خاته‌ سه‌ر بابه‌تگەلێک كه ڕۆژانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ كوردستانی خۆمان هه‌زاران كه‌س پێی ده‌بنه‌ قوربانی، ئه‌ویش نه‌بونی لێبووردەیییە لە قبوڵکردنی كلتووری  جیاواز، بیروڕای سیاسی جیاواز و فرەئایینی.

13094283_10201778674383926_1692087123899370845_n
ئه‌وه‌ كاری شانۆكاری جدییه‌، كێشه‌یه‌كی ئاوا كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگە و مرۆڤایەتی به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌رگێكی ستاتیكای بكه‌یت به‌ به‌ردا و مه‌عریفه‌یه‌ک به‌رهه‌م بهێنیت، له‌ڕێگای تێماتیزه‌كردنی كێشه‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌وه‌ هه‌مووان بخه‌یته‌ بیركردنه‌وه‌ و گومانكردن له‌ وه‌رگرتن و په‌یڕه‌ویكردنی نۆرمه‌كانی گۆمه‌ڵگە، به‌ بێ چاکسازی و به‌ئێستاییكردن.

لێره‌وە ده‌ستخۆشی له‌ كاک ئیحسان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ نایابه‌ و هیوای هه‌میشه‌ به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازم.

هاوبەشی بکە

AyatiShaitan, IhsanOthman, KaroxAhmad, SalmanRushdi,