26/04/2024
DidiMn Logo
Top

بۆچی ئەلیف شەفەق نووسەرێکی سەرکەوتووە؟

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

ژیار محێدین

 

ئەوەی خوێنەری جیهانی ڕۆمانی نوێ بێت، دەبێ گوێی لە ناوی ئەلیف شەفەق بووبێ، بەتایبەتی دوای ڕۆمانە تایبەتییەکەی، کە ناوی چل ڕێساکەی عەشقە.

ئەلیف شەفەق نووسەرێکی بە ڕەگەز تورکە و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ لە فەڕەنسا لەدایک بووە. هەتاوەکو ئێستاکە پازدە کتێبی بڵاو کردوونەتەوە و دە لەوانە ڕۆمانن. دوو ڕۆمانیشی بوونەتە پڕفرۆشترین، کە ئەمانیش چل ڕێساکەی عەشق و زۆڵەکەی ئیستانبووڵن. یەکەم ڕۆمانیشی بە ناوی شاراوە، بووە خاوەن خەڵاتی ڕۆمی لە ساڵی ١٩٩٨، کتێبەکانی تریشی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیی بردووەتەوە. شایانی باسە ئەلیف، بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی دەنووسێت و لە نووسینەکانیشیدا، ئاماژە بە نەتەوە تێکەڵە و ژێردەستەکانی تورک دەکا.

با بزانین بۆچی ئەلیف نووسەرێکی سەرکەوتووە لە جیهانی مۆدێرندا:

یەکەم: پڵۆت تویستی زۆر بەهێز لە ڕۆمانەکانیدا

پڵۆت تویست، واتای خولقاندن، یان ئاشکراکردنی ڕووداو و نهێنییەکە لە ناوەڕاستی چیرۆک یاخود لە کۆتاییدا، کە هەرگیز خوێنەر چاوەڕێی ناکات و ئەو بیروڕایەی بۆت دروست بووە، ئەو تێگەیشتنەی کە هەتە، گشتی هەڵدەگەڕێنێتەوە.

لە چیرۆکی ڕۆمانەکانی ئەلیفدا، تویستی زۆر بەهێز و چاوەڕواننەکراو هەن. ئەوەی ڕۆمانی زۆڵەکەی ئێستانبوولی خوێندبێتەوە، دەزانێ چ جۆرە تویستێکی تێدا ڕوو دەدا. بە هەمان شێوە لە ڕۆمانی شەڕەفدا، هەڵگەڕانەوەیەکی وا ڕوو دەدا کە تەنانەت کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەش خۆیان پێی نازانن.

دووەم: ڕێکی تایملاین و مێژوو لە ڕۆمانەکانیدا

ئەوەی ئاشنای کارەکانی ئەلیف بێ، دەزانێ کە ئەلیف زۆر بە وردی کار لەسەر تایمڵاین دەکا. تەنانەت لە ڕۆمانی چڵ ڕێساکەی عەشقدا، کە زۆربەی لە ڕووداوی ڕاستی و مێژوویەکی زۆر دوورەوە وەرگیراوە، هەموو ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، بە وردی کات و شوێنی دیاری کراوە و بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ بەرواری بۆ نووسیوە. کە ئەمەش کارێکی زۆر گرانە و هەندێک جار و لە بەرهەمی نووسەراندا، تایمڵاین و مێژوو دەشێوێ و جیاوازیی دەکەوێتە ناوی. بەڵام بەرهەمەکانی ئەلیف دوورن لە شێوان و جیاوازی.

سێیەم: گونجاندنی زەمەنی کۆن

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەلیف کە لە ڕۆمانەکانیدا بەکاری دەبا، گێڕانەوەی چیرۆکێکە لە زەمەنێکی زۆر دوور لە ئێستای خۆی و خۆمانەوە. بۆ نموونە لە چل ڕێساکەی عەشقدا باس لە سەدەی سێزدەم و چواردەمی زایینی دەکا. لە شەڕەفدا باس لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەکا. لە زۆڵەکەی ئێستانبووڵ باس لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیست دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەلیف زۆر بە جوانی خۆی دەگونجێنێت لەگەل هەوا و تایبەتمەندیی ئەو سەردەمانە و زۆر بە ڕێکی زیندووی دەکاتەوە و خوێنەر دەکاتە بەشێک و هاووڵاتییەکی ئەو سەردەمە.

چوارەم: بەکارهێنانی تەکنیکی گێڕانەوە لە چاوی کارەکتەرێكه‌وه‌

ئەم جۆرە تەکنیکە، تەکنیکێکی کۆنە و لە پێشتردا نووسەرە ئینگلیزەکان بەکاریان هێناوە لە سەدەی نۆزدەهەم، وەکو سێر ئارسەر کۆنان دۆیڵ، لە ڕۆمانەکانی شارلۆک هۆڵمزدا. بەڵام تەکنیکێکی زۆر گرانە و پێویستی بە تەرکیزێکی زۆرەوە هەیە لە لایەن نووسەر، بۆ ئەوەی جیاوازی نەکەوێتە نێوان ئەو بەشەی کارەکتەرە و بەشەکەی تری کارەکتەرێکی تر. ئەلیف شەفەقیش، وەک نووسەرێک هەستاوە بە بەکاربردنی ئەم تەکنیکە، چ لە بەشێکی ڕۆمانەکە و چ لە تەواوی ڕۆمانەکە. کە ئەمەش زیرەکی و وردبینیی ئەلیف دەردەخا لە نووسیندا.

هاوبەشی بکە

Elif Shafaq, Zhyar Muhedin,