02/05/2024
DidiMn Logo
Top

بێدەنگیی 27 ساڵ شکێنرا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ئێران فەردان نیوز
لە فارسییەوە: سوارە محەمەد

ڕۆژی پێنجشەممە، بەرواری ٢٤\٣\2016، ئەکادیمیای سوید کە بەرپرسی دیاریکردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک فەتوا بیستوحەوت ساڵییەکەی ئایەتوڵا خومەینی، کەکوشتنی سەلمان ڕوشدی بوو، ئیدانەکرد. لەو بەیاننامەدا هاتووە: “دەرچوونی حوکمی مەرگ لە سەر بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی ئەدەبی، پێچەوانەی ئازادیی بڵاوکردنەوەیە. سەربەخۆییی ئەدەب لە دەرەوەی کۆنترۆڵی سیاسی بۆ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی گرنگیی زۆری هەیە و دەبێت لەو ڕوانگەیەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی قین لە دڵان و لایەنگرانی سانسۆر، بەرگری بکەین”.

سەلمان ڕوشدی نووسەری ناسراوی بەریتانی پاش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی کە هەرایەکی زۆری لە سەر نرایەوە، بە ناوی ئایەتە شەیتانیەکان، لە ساڵی 1989 لە لایەن ئایەتوڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵگەراوە لە ئایین ناوی برد و فەتوای کوشتنی ئەو لەهەمان ساڵدا دەرچوو. ئەم فەتوایە هەر لەوکاتەدا شەپۆلێک ناڕەزاییی بە دوای خۆیدا هێنا و ساڵانێک بوو بە هۆی ئەوەی سەلمان ڕوشدی بە نهێنی ژیان بەسەر ببات. بە دوای ئەوەشدا چەندین وەرگێڕ و بڵاوکاری کتێبەکەی ئەو کوژران یان هەمان نیازیان هەبوو بەرامبەر بەو کەسانە. بۆ نموونە ئاتورە کاپیلۆ، وەرگێڕی ئیتاڵیی ئایەتە شەیتانییەکان، لەحوزەیرانی 1991 لە ماڵەکەی خۆی بە چەقۆی موسڵمانێک بە سەختی بریندار کرا. موسڵمانێکی تر لەحوزەیرانی هەمان ساڵ هێرشی کردە سەر هیتۆچی ئیگاراشی، وەرگێڕی ژاپۆنی ئەم کتێبە کە لە ناو ئۆفیسی کارەکەیدا بوو. ولیام نیگارد، وەرگێڕی نەرویجی ئەم کتێبە بە دەستڕێژی گولـلەی موسڵمانێک بە سەختی بریندار بوو. لە پاش ئەوانە بوو کە وڵاتی بەڕیتانیا سەلمان ڕوشدیی خستە ژێر چاودێریی پۆلیسەوە.

sal_2364182b

بەڵام ئەکادیمیای نۆبڵ لەو کاتەدا بە بیانووی پابەندبوون بە یاساکانی خۆی لە سەر ئەو بنەمایەی کە نابێت دەستتێوەردانی لایەنی سیاسی بکات، لەئیمزاکردنی لیستی ئەو ناو و واژۆیانە کە ناڕازی بوون بەرامبەر بەم فەتوایە، دوورەپەرێزیی گرت و ئەم بێلایەنییە بوو بە هۆی دەرخستنی ناکۆکییە ناوخۆیییەکان تا ئەو ڕادەیەی کە دوو کەس لە 18 ئەندامی ئەم ئەکادیمیایە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی ئەندام بوون، لەو ناڕەزایییەی بەرامبەر دوورەپەرێزیی ئەکادیمیای سوید لەواژۆنەکردنی لیستی ناو و واژۆکان، لە بەشداریکردن لەکۆبونەوەکانی ئەکادیمیا دەستیان لە کار کێشایەوە.

ئیدانەکردنی درەنگوەختەی ئەم فەتوایە لە لایەن ئەکادیمیا لە کاتێکدا بوو کە ماوەیەک لەوەو پێش ئاژانسی هەواڵی فارس نزیک لە سوپای پاسداران لەهەواڵێکدا نوسیبووی کە بەشدابوان لە پێشەنگەی گەیەنەرە دیجیتاڵییەکانی شۆڕشی ئیسلامی، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دەرچوونی فەتوای لە ئایین هەڵگەڕاوە سەلمان ڕوشدی، خەڵاتێکی 600هەزار دۆلاری بۆ لەسێدارەدانی ئەو تەرخان کردووە. مەنسور ئەمینی سکرتێری ئەم پێشەنگەیە گوتی: 40 دامەزراوە و کۆمەڵە پارەکەیان کۆکردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکە.”

پێشتر دامەزراوەی 15 خرداد نزیکەی 2 میلیۆن و 700 هەزار دۆلاری وەک خەڵات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕوشدی دابین کردبوو، ئەم بڕە لە ساڵی 2012 بۆ  3میلیۆن و 300 هەزار دۆلار بەرز بوویەوە. دامەزراوی 15 خرداد بە یەکێک لەدامەزراوەکانی شۆڕش لە ئێران هەژمار دەکرێت و لە ژێر چاودێریی ڕابەری کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەبرێت. ئێستا بە سەرنجدان لەو پارەیەی کە لە لایەن پێشەنگەی گەیەنەرە دیجیتاڵییەکان دابین کراوە، ئەم خەڵاتە بڕەکەی گەیشتووەتە 4 میلیۆن دۆلار، پشکی ئاژانسی دەنگوباسی فارسیش 100میلیۆن تمەن بووە.

photo-2

فەتوای کوشتنی ڕوشدی لە ساڵی 1989 لە کاتێکدا دەرچوو کە ناوی ئەم نوسەرە لە ئێران ناسراو بوو، ڕۆمانەکانی منداڵانی نیوەشەو و شورەیی لە پێش فەتواکە لە ئێران بڵاو کرابوونەوە و پێشوازی باشیان لێ کرابوو. منداڵانی نیوەشەو بە زمانی فارسی ساڵی 1985 خەڵاتی وەرگێڕی کتێبی ساڵ بۆ وەرگێڕەکەی مەهدی سەحابی بوو. ئەم خەڵاتە لە لایەن سەرکۆماری ئەوکات و ڕابەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی درایە سەحابی.

ئایەتە شەیتانییەکان یەکەم جار بڵاوکاری بەڕیتانی  ویکینگ پرێس و لە بەرواری ٢٥\٩\١٩٨٨ چاپ و بڵاوی کردەوە. لە بەرواری ١٤\١\١٩٨٩ گروپێک لە موسڵمانانی نیشتەجێی بەڕیتانیا لە شاری بێردفۆرد لە دژی ڕۆمانەکە خۆپیشاندانیان کرد و چەند دانەیەکیان لە کتێبەکە سوتاند. لە ڕۆژی ٢٧\١ـی هەمان ساڵدا، گروپێک لەموسڵمانان لە هایدپارکی لەندەن ئیمزایان لە دژی ئەم ڕۆمانە کۆ کردەوە و لیستی ناو و واژۆکانیان نارد بۆ بڵاوکاری پەنگوین کەخاوەنی بڵاوکراوەی ویکینگ پرێسە و هەر دوای یەک مانگ لە بەرواری ١٤\٢\١٩٨٩، ئایەتوڵا خومەینی فەتوای کوشتنی سەلمان ڕوشدیی دەرکرد. بە دوای فەتواکەدا بەڕیتانیا پەیوەندیی دیبلۆماسیی خۆی لەگەڵ ئێران پچڕاند و کۆمەڵەی ئەزهەر و عەرەبستانی سعودیەش فەتواکەی خومەینییان بە بێبایەخ و ناشەرعی لەقەڵەم دا. هەرچەندە سەلمان ڕوشدی داوای لێبوردنی لە موسڵمانانی جیهان کرد، بەڵام فەتواکە وەک خۆی مایەوە.

سەلمان ڕوشدی لەم ڕۆمانەدا باس لەئایەتی 19-22ـی سورەتی نەجمی قورئان، بە ناونیشانی ئەو ئایەتانەی کە شەیتان بە گوێی پەیامبەری ئیسلامدا چرپاندووە دەکات و لەپاڵ ئەوەشدا ئاماژە بۆ ژیانی محەمەدی پەیامبەر دەکات.

لەبەرئەوە گروپێک لەڕەخنەگران باوەڕیان وایە کە ڕوشدی کارەکتەری ئیمامی لەم ڕۆمانەدا بە سروشوەرگرتن لەکەسایەتی و ژیانی ئایەتوڵا خومەینی بە دوورخستنەوەی بۆ پاریس، خولقاندووە.

______

هەمان ڕۆمان ئەمساڵ لە لایەن ئیحسان عوسمان، کە دەرهێنەرێکی کوردە، لە وڵاتی ئەڵمانیا خرایە سەر تەختەی شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا و لە بەرواری ١٩/ ٥ تا ١٢\٧\ ٢٠١٦ لە سەر شانۆی نەتەوەییی ئەڵمانیا نماییش کرا و بڕیاریشە ببرێتە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا.

بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی ئەو کارەی دەرهێنەرە کوردەکە، لێرە کلیک بکە:

هاوبەشی بکە

Nobel, Salman Rushdie, Swara Muhamad, Xumaini,