25/04/2024
DidiMn Logo
Top

بەدۆکیۆمێنتکردنی سینەمای کوردی: بۆنی سێو، چیرۆکی مەرگ و ئەوینداری

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

شۆڕش محەمەد

یەکێک لە گرفتەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی لە سەرجەم کایە جیاوازەکاندا نەبوون یان کەمیی دۆکیۆمێنت و ئەرشیفکردنە. لە هەوڵێکی خاکەڕاییانەی خۆمدا هەوڵ دەدەم ڕەوتی فیلمسازیی کوردی دۆکیۆمێنت و ئەرشیف بکەم و هەر جارە و فیلمێکی کوردی لە تافە جیاوازەکاندا بخەمە بەر دیدەی خوێنەر.

ناوی فیلم: بۆنی سێو

دەرهێنەر؛ ڕافین عەساف

وێنەگرتن: کورنلیوس بلاشی

مۆنتاژ: مارک باشر

موزیک: ڕووبار محەمەد، کریستۆفەر دیرکس

بەرهەم: هاوبەشی ئەڵمانی-عێراقی، ساڵی 2008

ماوەی فیلم: 90 خولەک

تێچووی فیلم: نزیکەی نیو ملیۆن یۆرۆ

نواندن: شاڵاو جەمال، سەفییە ئەکراد، شوان عەتوف، حەمەعەلی خان

ڕافین عەساف دەرهێنەری سینەمایی فیلمە ڕیواییە درێژەکەی خۆی، بۆنی سێو، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد، ئەو فێستیڤاڵەی کە ئەنجوومەنی ئەبوزەبی بۆ ڕۆشنبیری و کلتوور لە ڕۆژانی 10 بۆ 19ی تشرینی یەکەمی 2008 ئەنجامی دا، هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی تریبیۆن لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فێستیڤاڵی مەراکش لە مەغریب و فێستیڤاڵی ئەبوزەبی، بەشداری کردووە.

ڕافین عەساف ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فیلمەکە لە ماوەی 28 ڕۆژدا لە باشووری کوردستان وێنەی گیراوە. عەساف لەبارەی دانانی مۆسیقای فیلمەکەوە لە لایەن کریستۆڤەر دیرک موزیکژەنی ئەڵمانی، دەڵێت‌:” کریستۆڤەر بە باشی هەستی بە کارەساتەکە کردبوو و توانیبووی قوڵایی بابەتەکە بگەیەنێت‌ و هەروەها توانیبووی مۆسیقایەکی گشتگیر پێشکەش بکات کە هەڵگری ڕوخساری کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی بێت کە لە خزمەتی بەرهەمەکەدا بوو.”

سەبارەت بە ناونانی فیلمەکەی بە بۆنی سێو، عەساف دەڵێت: ”بۆیە ئەو ناوەمان لێ نا چونکە سێو لە وەرزی لێکردنەوەیدا ئەویندارەکان کۆ دەکاتەوە، کە ئەمەش بیرۆکەی سەرەکیی فیلمەکەیە، ئەمە جگە لەوەی ناوی فیلمەکە ئاماژەیەکە بۆ بۆنی ئەو گازە خنکێنەرەی کە ئەم شارەی کردە ئامانج، ئەو بۆنەی لە بۆنی سێو دەچێت‌.”

لەبارەی هەڵبژاردنی لۆکەیشنی وێنەگرتنی فیلمەکەش، عەساف گوتی: “سەرجەمی دیمەنەکانی فیلمەکەم لە شاری هەڵەبجە وێنە گرت. ئەمەش دوو ڕەهەند دەبەخشێتە فیلمەکە: یەکێکیان سیاسی و ئەوی دیکەیان مرۆیی، کە نەوەکانی داهاتوو لە بیری ناکەن.”

چیرۆکی فیلمەکە باس لە چی دەکات؟

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستان دەکات لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کە پێنج هەزار کەسی بێ‌ گوناه بە هۆیەوە شەهید بوون و هەزارەها کەسی دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەو کارەساتە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیە هەر ماوە و خەڵکێکی زۆر شوێنەواری ئەو کارەساتەیان بەسەرەوە هەر ماوە.

کۆمپانیایەکی پزیشکی ئەڵمانی دێتە ناوچەکە بۆ هاوکاریکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و ئەم کۆمپانیایە کەسێک بە ناوی یوسف، کە شوان عەتووف ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکات، دادەمەزرێنێت‌. ناوبراو دەرمانسازێکی کوردە و زیاتر لە 22 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، هەروەها کەسایەتییەکی دیکەی نێو فیلمەکە کەسێکە بە ناوی، عومەر، کە حەمەعەلی خان بەرجەستەی ڕۆڵەکەی دەکات، ڕۆڵی فەرمانبەرێک دەبینێت‌ کە هەندێک لە کەسوکارەکەی بەرکەوتووی چەکی کیمیاوین و پێویستیان بە چارەسەر هەیە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە بڕوا بە نەخۆش و بەرکەوتووەکان بکات کە چارەسەری ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە قبووڵ بکەن.

لە فیلمەکەدا ڕۆڵی کچێک بە ناوی زارا، کە سەفییە ئەکراد ڕۆڵەکە بەرجەستە دەکات، بەدیار دەکەوێت‌ کە خوشکی عومەرە و مامۆستایە و بە هۆی کیمیابارانکردنەکەوە دووچاری چەند نەخۆشییەک بووە و لە نێوان ئەم و یوسفدا چیرۆکێکی ئەویندارانە سەر هەڵدەدات و لەو نێوەندەدا ڕزگار، کە شاڵاو جەمال ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکات، ئیرەیی بەو پەیوەندییەی ئەو دوانە دەبات و بە نهێنی ئەوینداری زارایە و نەیتوانیوە خۆشەویستییەکەی خۆی بۆ زارا بەیان بکات.

ڕەخنەگرانی عەرەب چۆن باسی سینەمای کوردی دەکەن؟

مەهدی عەباس ڕەخنەگری سینەمایی عێراقی کە بایەخ بە ڕەوتی فیلمسازیی کوردی دەدات و لەو بوارەدا چەند گوتارێکی نووسیوە سەبارەت بە ڕوانینی خۆی بۆ ئەو فیلمە کوردییانەی کە بینیوینی، دەڵێت‌:”لە بینینی ئەو فیلمە کوردییانەی کە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران و تەنانەت لە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، بەرهەم هێنراون، دوو خاڵی گرنگمان بەدی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خاوەن پێگە بێت و لەهەمان کاتدا ڕێزی لێ‌ بگیرێت، ئەوانیش بابەتی فیلمەکانە کە سەرجەمیان باس لە ئاوات و ئازاری ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەکەن، هەروەها زمانی سینەمایی باڵای ناو زۆرێک لەو فیلمانەیە.

پرۆفایلی دەرهێنەر:

*ڕافین عەساف، ساڵی 1957 لە باشووری کوردستان لەدایک بووە.

*ساڵی 1976 خوێندنی سینەمای لە شاری بەغدا، دەست پێ کردووە.

*ساڵی 1985 چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا و لە زانکۆی هونەرە باڵاکانی هامبۆرگ خوێندنی تەواو کردووە.

*عەساف جگە لەم فیلمە چەند فیلمێکی دیکەی بەرهەم هێناوە کە باس لە کورد دەکات، لەو فیلمانەش ژنە کوردێک، 1988، فیلمی بەردەوامی، کە بۆ تەلەفزیۆنی ئەڵمانی دەری هێنا، فیلمی ڕۆژە زەردەکان، کە ساڵی 2003 ڕێگە نەدرا لە فێستیڤاڵی سینەمایی ئەستەنبوڵ نیشان بدرێت‌. هەروەها عەساف یەکێکە لەو دەرهێنەرانەی کە بایەخ بە پرسی ژنان دەدات و فیلمێکی بە ناوی سزادانی ژنان دەرهێنا کە باس لە گرفتەکانی ژنانی شاری دیاربەکر دەکات.

*ڕافین عەساف چەندین خەڵاتی بەدەست هێناوە بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوەی گرنگ بێت لە لای گەیاندنی پەیامی فیلمەکانە و خەڵاتم بەلاوە گرنگ نییە و تەنیا بایەخ بە بینەر و بەدیهێنانی پەیامە سینەماییەکە دەدەم.

سەرچاوەکان

قچیە شعب – جولە مع السینما الکردیە-، مهدی عباس، 2009

http://www.alsumaria.tv/

http://archive.aawsat.com/

http://www.alittihad.ae/

وکالە (ێ‌کی) الإیگالیە لڵانبا‌و

 

هاوبەشی بکە

Boni Sew, Ravin Osman, Shorsh Mhamad,