دیدی من – ئاراس عەبدولڵا
دوابەدوای وەرگێران و بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیاـی ڕۆماننووسی کورد، بەختیار عەلی بە زمانی فارسی، لە ئێستادا نووسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی، ڕۆمانێکی دیکەی نووسەری بۆ زمانی فارسی وەرگێڕاوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی حەوتی ئەمساڵدا لە وڵاتی ئێران بڵاو بکرێتەوە؛ ڕۆمانەکەش جەمشید خانی مامم، كە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبردـە.
سەبارەت بە وەرگێرانی ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی بۆ زمانی فارسی، مەریوان ھەڵەبجەییـی وەرگێڕ بۆ دیدی من گوتی: “ساڵی ٢٠١٠ کاک بەختیار ڕۆمانەکەی بۆ ناردم تا بیخوێنمەوە، کە خوێندمەوە سەرسام بووم پێی، داوم کرد ڕێم بدات وەری بگێڕم بۆ زمانی فارسی؛ هەروەک چۆن پێشتر هەریەک لە ڕۆمانەکانی دواهەمین هە ناری دونیا، ئێوارەی پەروانە و شاری مۆسیقارە سپییەکانـم وەرگێڕا بوو و مۆڵەتیانم لێ وەرگرتبوو، مۆڵەتی وەرگێڕانی جەمشید خانـیشی پێ دام و لە کەمتر لە ٣ مانگدا وەرگێڕانەکەیم تەواو کرد، کە زۆر بە هیوا بووم پێش چاپە کوردییەکەی، وەرگێڕانی فارسییەکەی بڵاو ببێتەوە.”
وتیشی: “بەداخەوە بە هۆی داخران و سانسۆری زۆری سەردەمی سەرکۆماریی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، پاش گۆڕینی چەند خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوە، دواجار لە پاش شەش ساڵ، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا بە هەندێک سانسۆرەوە مۆڵەتی چاپی وەرگرت؛ هەرچەندە من پێم باش نەبوو بەو سانسۆرانەوە بڵاو ببێتەوە و ناڕەزاییم دەر بڕی و بڵاوکارەکە چەند جارێک نامەی بۆ وەزارەت نارد، بەڵام لە کۆتاییدا و هەر بە سانسۆرەوە، بڕیارە پاش جەژنی ڕەمەزان و لە ناوەڕاستی مانگی ٧ـی ئەمساڵدا چاپ و بڵاو ببێتەوە.”
جێگەی باسە وەرگێرانی ئەم کارەی ڕۆماننووسی کورد بەختیار عەلی بۆ زمانی فارسی، هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیاـی هەمان نووسەر بە زمانی ئەڵمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.
Copyright © DidiMn.com. All rights reserved.