24/04/2024
DidiMn Logo
Top

پاش 13 ساڵ لە سانسۆر، حەسار و سەگەکانی باوکم بە فارسی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

لە لایەن دیدی من 6 ساڵ پێش ئێستا

به‌رگی چاپی فارسیی ڕۆمانی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم

دیدی من

”هه‌ركێ‌ ئه‌م حه‌ساره‌ی به‌ دڵ نییه،‌ با بڕوات… من چاك ده‌زانم له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئێره‌ چییان لێ دێت… حیكمه‌تی من نه‌بوایه ئه‌م حه‌ساره‌ وێران ده‌بوو… خشت به‌ خشتی جێده‌ستی منی پێوه‌ دیاره‌، به‌م پشتانه‌ كاریته‌ و شه‌قڵه‌كانیم هێناوه‌، ئه‌وه‌نده‌ پێوه‌ی هیلاك بووم، هه‌قی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی زمان هه‌ڵبێنێته‌وه،‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ زمانی ببڕم… خه‌یاڵی خۆتان خراپ مه‌كه‌ن… له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حه‌ساره‌ی من و دوور له‌ چاوه‌كانی من كه‌ستان ناژین، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ هه‌ق كوڕ و كچی منن، با خزمه‌تی حه‌ساره‌كه‌ بكه‌ن، هه‌ریه‌كه‌و ئیشی خۆی جوان ڕاپه‌ڕێنێت، ئه‌و كوڕه‌شی كه‌ له ‌من هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه،‌ موسته‌هه‌قی سه‌ربڕین و خه‌ساندنە.“

 

لە ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکمەوە

 

حەسار و سەگەکانی باوکم کە بە یەکێک لە دیارترین ڕۆمانەکانی شێرزاد حەسەن دادەنرێت، کە وا بڕیارە پاش 13ساڵ لە سانسۆر و دانانی وەک ڕۆمانێکی دژەئایین لە وڵاتی ئێران، کۆتایی مانگی ٤ی ئەمساڵ بە شێوەیەکی فەڕمی چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

ئەم ڕۆمانە لە لایەن مەریوان هەڵەبجەییەوە وەرگێڕراوە بۆ زمانی فارسی و بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا چەندین جار چاپ کراوەتەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ئێراندا هەبووە. دیدی من لەگەڵ وەرگێڕی حەسار و سەگەکانی باوکمدا دەدوێت.

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی و شێرزاد حه‌سه‌ن

لە وەڵامی ئەوەی ئەم بەرهەمە بۆ یەکەم جار کەی کراوە بە فارسی و یەکەم چاپی کەی بووە، هەروەها لە دوای چاپەکانی سەرەتای، دەنگدانەوەی بەرهەمەکە لە ناو کتێبخانەکانی ئێراندا چۆن بووە، وەرگێڕ بۆ دیدی من گوتی: ”کۆتاییەکانی ساڵی 1997 لە سەفەرێکدا لە تارانەوە گەڕامەوە بۆ باشووری کوردستان و لە دیدارێکدا مۆڵەتی وەرگێڕانی ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکمم لە شێرزاد حەسەن وەرگرت و هەر لەو یەکەمین دیدارەدا دەستنووسی دەقی وتاری وەڵامێکی تازە بۆ پرسیارێکی کۆنی پێ دام، بە مەبەستی وەرگێڕان بۆ زمانی فارسی. دیارە وتارەکەی لە بنەمادا بە زمانی ئینگلیزی و لە کۆنگرەی نووسەرانی جیهاندا پێشکەش کردبوو و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە میدیاکانی جیهاندا. ساڵی 1998 وەرگێرانی ڕۆمان و وتارەکەش تەواو بوو ناردم بۆ مۆڵەت بۆ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران. لەو کاتەدا کە بە کراوەترین و زێڕینترین قۆناغی کرانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەردەمی سەرکۆماریی محەمەد خاتەمی دادەنرا، ڕۆمانەکە مۆڵەتی نەدرایە و وەک ڕۆمانێکی دژەئایین و دژەئەخلاق دەستنیشان کرا و ڕێگەی چاپکردنی بۆ ماوەی 6 ساڵ لێ گیرا و دواجار و بە ناچاری و بە سانسۆرێکی زۆرەوە لە ساڵی 2004دا خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چشمە کە گەورەترین چاپ و پەخشی ئێرانە، چاپ و بڵاوی کردەوە. ڕۆمانەکە وەک یەکەم ڕۆمانی کوردی کە بۆ فارسی وەرگێڕراوە، بڵاو بووەوە و لەو ساڵانەدا و لە یەکەمین هەفتەکانەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکان و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا هەبوو و لە زۆر لە شارەکانی ئێران کۆڕی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی بۆ ساز کرا و وەک ڕۆمانێکی هونەریی زۆر ئاستبەرز و وەرگێڕانێکی زۆر سەرکەوتوو نرخێنراو زۆری لە ستایشدا نووسرا. لە تاران  لە 6 ناوەندی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و لە 6 کاتی جیاوازدا کۆڕی بۆ گیرا. هەروەها لە کەرەج، شیراز، ئەسفەهان، ڕەشت، لاهیجان و لە شاری ساری پارێزگای مازندەران و شاری بابۆلی باکوور و بە گشتی لە 11 شاردا کۆڕی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی بۆ بەڕێوە چوو. لە تاران ڕۆمانەکە ئامادە کرا بۆ شانۆ و ڕێگەی پێشکەشکردنی لێ گیرا. لە کەمتر لە ساڵێکدا 4 جار چاپ کرایەوە و زیاتر لە 20 ڕەخنەی ستایشئامێز و جیدیی لەسەر نووسرا. لە ساڵی 2005دا قەدەغە کرا و سووتێنرا. لە پاش ساڵی 2005ەوە 6 چاپ بە قاچاخ کراوەتەوە و کتیبفرۆشانی بازاری ڕەش ئەو کارەیان ئەنجام دەدا بەبێ ئەوەی هیچ بڕەپارەیەک بە من بدرێت. لە بەردەم زانکۆی تاراندا کتێبەکەم بە 10 بەرامبەری نرخی ئاسایی خۆی  کڕیوەتەوە و بە دیاری دەمدا بە هاوڕێکانم، ئەمەش لەبەر ئەوەی چاپ و فرۆشی فەڕمیی قەدەغە کرابوو، چاپی قاچاخی گرانتر دەفرۆشرایەوە؛ ’مەمنووع و مەرغووب بوو‘.“

دەربارەی نوێترین چاپیشی، هەڵبجەیی گوتی: ”پاش 13 ساڵ تێپەڕین بەسەر کۆکردنەوە و قەدەغەکردن و سووتاندنیدا، لە ئێستادا جارێکی تر مۆڵەتی وەرگرتوەتەوە و بە سانسۆرێکی زۆرەوە لە کۆتایی مانگی 4دا جارێکی تر لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی چەشمەوە بڵاو دەبێتەوە.“

شێرزاد حەسەن لەم ڕۆمانەدا چیرۆکی کوڕێک دەگێڕێتەوه که باوکی خۆی کووشتوه و لە ڕێگەی چیرۆکەکەوە دابونەریتی عەشیرەیی، بنەماڵەیی و سۆزداریی خەڵکی کوردستان پیشان دەدات.

هاوبەشی بکە

BaxtiarAli, Mariwan Halabjayi, Sherzad Hasan,