20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی هاوزا

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: هاوزا

نووسەر: فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی

خوێنەر: ڕووقییە سەییدی

کارەکتەری سەرەکی و ئەو کەسەی فۆکسی لەسەرە لە تەواوی ئەم ڕۆمانەدا، یاکۆڤ پترۆڤیج گۆلیادکین‌ە. دۆستۆیڤسکی وەک تەواوی ڕۆمانەکانی تری بە لێزانی و درککردنێکی قووڵەوە خەسڵەتە پەنهانەکانی ناخ و دەروونی مرۆڤ پیشان دەدات و دەیخاتە بەر نەشتەری بێڕەحمانەی شیکارە وردە دەروونییەکانی. گۆلیادکین خودان کەسایەتییەکی شپرزە و شێوا و ناهاوسەنگە، بۆ هەموو کارێک دوودڵە و بە هەمیشەیی لە دڵەراوکێدا ساتەکانی بەسەر دەبات. ئەم حاڵ و بارودۆخەی ئەو تێیدا دەژی بەگشتی بۆ پەردەپۆشکردنی خودی ڕاستەقینەیەتی.

هاوزا وەستان و ڕاگرتنی هەر کەسایەتییەکە لە بەرامبەر منی خۆمدا، وەک لە سەرەتا و پێشەکی ڕۆمانەکەدا هاتووە هاوزا لە ڕوانگەی دەرونناسییەوە، حاڵەتێکە پەیوەستە بە سەردەمێکەوە کە تاک تووشی کێشەی ڕۆحی و پەرێشانیی توندی دەروونی بووبێت، ئەو کەسانەی هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکەن. هەر بەم بۆنەیەوە نیازمەندیی هاودەم و دڵنەوایەکن بۆ ئەوەی دەردەدڵی لەگەڵدا بکەن،هاوزاش ئەم نیازە لە بەین دەبا،هاوزا دەروونی خودی تاکە و هەر بە تەنیاش لە لایەن خودی خۆیەوە دەبینرێت دەبێتە هۆی ئەنجامدانی کاری شێتانە.

گۆلیادکین لە نیوەشەوێکی تووشدا ڕووبەڕووی هاوزاکەی خۆی دەبێتەوە، کەسایەتییەک ڕێک لە شێوەی خۆیدا، سەراسیمە و گێژی دەکات، وادەی وەستانەوەی لەگەل دیوە پەنهانەکەی خۆیدا، ئەو ڕووەی کە هەقیقەتی خۆیەتی و پەنهانی دەکات. لەو کاتەدا دەکەوێتە دۆخێکی دەروونیی ئێجگار سەختەوە، نووسەر لێرەدا هارمۆنییەتێک دروست دەکات لە نێوان باری دەروونیی پاڵەوانەکە و کەشوهەوادا؛ لوورەی با، بارینی باران وبەفر پێکەوە، زیادبونی ئاو تا ڕادەی لافاو و تاروتووشی شەو، ئەوانە هەموویان دەبنە شرۆڤەکار بەیانی حاڵی دەروونی گۆلیادکینی گەورە. لە حاڵێکدا ئەو لە ئاهەنگێکی گەورەدا کە لەسەرەتای ڕۆژەوە بە تەواوی بە هەموو فەڕمییاتێکەوە خۆی بۆ ئامادە کردووە وەدەر دەنرێت و قبووڵ ناکرێت بەشداری لەو مەڕاسیمە شکۆدارە بکات کە لە ماڵی گەورەکەیدا بەڕێوە دەچێت.

09de72bdf66fbd79f658077ea9c2a342

ئەو ڕای دەکرد وسەراسیمە ببوو لەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵیدا کرابوو، تەواو سەراسیمە و نابووت ببوو، سەرگەردان و چارەڕەش، تەنیا دەیتوانی ڕابکات، نەک لەو کەشوهەوا دەرەکییە، نا، بەڵکو دەیویست لە دەست خۆی هەڵبێت، نا، بەڵکو ئاواتی دەخواست هەر نەبوایە.  پاش ئەم ماجەڕا تێکشکێنەر و نابووتکەرە و ڕێکەوت لەگەڵ بینینی هاوزاکەی، ئیدی دەکەوێتە کێشمەکێش و هەراوزەنا لەگەڵیدا و ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵی قوڵتر دەبێتەوە.

لێرەدا نووسەر سەرنج دەخاتە سەر جموجووڵی پاڵەوانەکە و بێئۆقرەیی، هەنگاوی کورت و خێرایی لە ڕێ‌ڕۆیشتندا، شپرزەیی و پچڕپچڕی لە وەختی قسەکردندا، تەنانەت سەبیلکێشانەکەشی، کە هەموویان دەرخەری ئەو حاڵەت و دۆخە ناجێگیرەیە لە ناوەوەید.  پاڵەوانەکە تاوێک دەیەوێت لەگەڵ هاوزاکەیدا پێک بێت و نەهێڵێت سەرکەشییەکانی باری ئەم لار بکەن، وەلێ ناتوانێت ئەم بارە ڕابگرێت. ماسکێک کە وا پیشان دەدا لە باشترین و نەجیبترینی مرۆڤەکانە و خەریکی ژیانێکی شەرەفمەندانە و جوامێرانەیە و لە پشت ئەمەوە کەسایەتییەک خۆی مەڵاس داوە کە زۆر لێزانانە لەگەڵ ئەوانی تر بەرخورد دەکات و بە فریودانێکی سەڕسووڕهینەرەوە لەگەڵ خەڵکیدا تێکەڵ دەبێت و سەرنجیان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و تەنانەت زۆر هەلپەرستانە هەوڵ و کۆششی ئەوانی تر دەکاتە سەروەری و شکۆمەندی بۆ خۆ.  ڕەنگە هاوزا حیکایەتی هەریەک لە ئێمە بێت، ئەو وەختەی خۆمی ئەو وا خۆم دەردەخەم کەسێکی باش و نەجیبم، ئەوەی خراپەم دەرهەق دەکات و پلانم لە دژ دەگێڕیت ئەوانی ترن. منێک کە هەمیشە چەپەڵی و ناشیرینییەکانم دەدەمە پاڵ ئەوانی تر، وا پیشان دەدەم کە هیچ خڵتە و خراپییەکم نییە، وەک ئەوەی پێکهاتەی بوونی من هیچ گەردێکی ئەهریمەنیی تێدا نەبێت. ئیدی وەختێک لەپڕ منی خۆم ڕووبەڕووم دەبێتەوە دەحەپەسێم و حاشا لەو بوونە دەکەم، ئەمە ڕێک ئەو وەختەیە ئیگۆ فووتێکراوەکەمان لە دەست دەدەین.

 هاوزا زۆر پرسیاری گەورەو قووڵ و جدی لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ و ناخی ئەوروژێنێت، پرسیارگەلێک کە تا ئێستا پەییمان پێ نەبردوون.

هاوبەشی بکە

Dostoevsky, Fyodor Dostoevsky, Hawza, Ruqya Saiidi,