20/04/2024
DidiMn Logo
Top

خوێنەر و کتێب: دەربارەی کورتە چیرۆکی تیمساح

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

کتێب: تیمساح
نووسەر: فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی
خوێنەر: دەریا سەڵاح

تیمساح یەکێکە لە بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکی و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو ڕووداوە لەناکاوەی کە باسی دەکات، چەند لایەنێکی گرنگ لە ژیانی ڕووسیادا بخاتە ڕوو.

ڕووداوەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: ژنومێردێک بە ناوی ئیلیان و ئیڤان لەگەڵ هاوڕێیەکیان بە ناوی سیمیۆن دەچن بۆ گەلەرییەک بۆ سەیرکردنی تیمساحێک کە پیاوێکی ئەڵمانی نماییشی دەکات، بەڵام تیمساحەکە ئیڤان قوت دەدات. ئیتر کۆی گفتوگۆکان لێرەوە دەست پێ دەکات؛ ئیلیان بۆ ئیڤان دەگری و دەڵێت تیمساحەکە هەڵدڕن با مێردەکەم ڕزگاری بێت بەڵام خاوەنی تیمساحەکە ڕازی نابێت و داوای پارەی زۆر دەکات، سیمۆنیش دەچێتە لای هاوڕێیەکیان و تا ڕازی بکات و ئیڤان ڕزگار بکەن، کەچی بێسوودە و باسی شتی تر دەکات. لێرەوە نووسەر ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕۆژگار وای لێ هاتووە پارە گرنگتر بێت لە گیانی مرۆڤێک.

41aqlauth0l-_sx331_bo1204203200_

مرۆڤەکان سەرلێشێواو بوون و خۆیان نازانن کە چی دەکەن، بە جۆرێک کە جێگەی تێڕامانن، چونکە باس لە شتگەلێک دەکەن کە هەر یەکە و لە جێگەیەک دەیهێنن و باسی بابەتی سەرەکی کە ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێکە، نایکەن. ئیڤان خۆی گیری خواردووە لە سکی تیمساحێکدا، کەچی دەڵێت من سوپاسی تیمساحەکە دەکەم و لێرە لە سکی ئەم تیمساحەدا خەریکی پرسیارە ئەدەبی و بابەتە گرنگەکان دەبم و بۆ خەڵکی باس دەکەم و ژنەکەم وا لێ دەکەم بخوێنێتەوە و من بەم تیمساحە ببەنەوە بۆ ماڵەوە و خەڵکی بێن بۆ تەماشاکردنم و گوتار دەدەم و ناوبانگ دەردەکەم، لە کاتێکدا دەبێت ئیڤان خۆی ڕزگار بکات و لەو زیندانە دەربچێت و لەو دۆخە ناهەموارە ڕزگاری ببێت ئینجا باسی گوتاردان بۆخەڵکی بکات. مرۆڤ باشترە خۆی ئازاد بکات و چێژ لە ئازادبوونی خۆی وەربگرێت، ئینجا باسی گوتاردان بۆ خەڵکی بکات. کەسێک خۆی لە زیندان بێت، چۆن باسی ئەو شتانە دەکات؟ مرۆڤ باشترە یەکەمین شت خۆی ڕزگار بکات. لێرەوە نووسەر ئاماژە بە سەرلێشێواویی تاک دەکات کە نازانێت خۆی لە کوێیە و باسی چی دەکات و چی گرنگە بۆ خودی خۆی، یان ئیلیان مێردەکەی لەسکی تیمساحێکە، کەچی باسی ئەوە دەکات کە لێی جیا ببێتەوە لەباتیی ئەوەی ڕزگاری بکات، یان تیمۆفی هاوڕێی ئیڤان کە سیمۆن دەچێت بۆلای و داوای هاوکاری دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئیڤان، کەچی باسی جوانیی ژنەکەی ئیڤان دەکات و باسی ئابووری و سەرمایەی وڵات دەکات و پێی وایە کە ئەو تیمساحە گرنگە و داهاتی هەیە و دەببێت گرنگیی پێ بدرێت و موڵک و زەویی ڕووسیا بە بێگانە بفرۆشن و دواتر بێگانەکان بیفرۆشنەوە بە تاک، واتە موڵک لە گشتییەوە بکرێت بە تاک، لە کاتێکدا دەبێت باسی ڕزگارکردنی مرۆڤێک بکات کە هاوڕێیەتی نەک شتی تر. لێرە نووسەر باس لەوە دەکات کە سکی تیمساحەکە بەتاڵە و ئیڤانی نەکوشتووە، ئەو بەتاڵییەی سکی تیمساحەکە ئاماژەیە بۆ ئەوە کە تاکەکان لە کەنارێکی سەرلێشێواوی گیریان کردووە و نازانن کە چی بڵێن و چۆن بژین و باس لە چی بکەن. ڕاستە مرۆڤ بونەوەرێکە و دەژی، بەڵام بەتاڵە لە زۆر شت، لەوانە نەزانینی زۆر بۆ شتەکانی دەوروبەری یان تێکەڵکردنی هەنێک لایەنی دیکەی ژیان یان باسی شتی بێکەڵک و پشتگوێخستنی شتە گرنەگەکان. بەتاڵیی سکی تیمساحە وەک ئیڤان ئاماژەی پێ دەدات لە چیرۆکەکەدا، بەڵام لە واقعدا ئەو بەتاڵییە بۆ هزری مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە کە بەتاڵە لە زۆر شت. یانی بە جۆرێک خەریکی شتی پڕوپووچ دەبێت و لایە گرنگەکانی کۆی ژیانی فەرامۆش دەکات. ئاخر گەر دۆخی ژیانی مرۆڤەکان بگاتە ئەو ڕادەیەی کە نەتوانێت بۆ مێردەکەی بگری کە تیمساحێک قووتی داوە و تەنیا لەبەر ئەوەی کە ناودارین و ڕۆشنبیرین و با خەڵک گاڵتەمان پێ نەکات، ئەمە ئەگەر بەتاڵیی مێشکی مرۆڤەکان نەبێت، دەبێت چی بێت! یانی بۆ گیانی کەسێک گرنگتر نەبێت لە گریانی ئەو دۆخە! یانی کەسێک گەر ڕۆشنبیر بێت نابێت بگری! ئایا ئەمە بەتاڵی و پووچیی مرۆڤ بۆ تێڕوانینی کۆی دۆخی دەوروبەریان دەرناخات!

یان گەر بەتاڵیی عەقڵی مرۆڤ بوونی نەبێت لەو دەمەدا و بە ئێستاشەوە، ئەوا دوو ڕۆژنامەی جیا کە نووسەر لە چیرۆکەکەدا ئاماژەی پێ کردووە کە هەر یەکە و بە جۆرێکی جیاواز و پێچەوانەی ڕووداوەکە دۆخەکەیان باس کردووە و یەکێک دەڵێت کەسێک ڕۆیشتووە بۆ گەلەرییەک تا تیمساحێک ببینێت کەچی خۆی هەڵداوەتە ناو قوڕگیەوە و چەندین شتی جیا لە بابەتە سەرەکییەکە باس دەکات یان یەکێکی تر لە ڕۆژنامەکان دەڵێت کەسێک بۆ گەلەرییەک ڕیۆشتووە بۆ بینینی تیمساحێک، بەڵام لەویادا تیمساحەکەی خواردووە و بە چەتاڵ تێی بەر بووە!

6

نووسەر زۆر بە جوانی ڕۆڵی گۆڤارەکانی باس کردووە کە چەند بە ناهۆشیارانە و بە پێچەوانەوە بابەتەکان بۆ خەڵکی دەگوازنەوە و درۆیان لا گرنگترە تا ڕزگارکردنی گیانی مرۆڤێک، ئەوەندەی باسی تیمساحەکە دەکەن و گرنگی بە تیمساحەکە دەدەن، ئەوەندە گرنگی بە بوونی تاکێک یان لەناوچوونی مرۆڤێک ناکەن. یانی لەو ڕۆژگارەدا مرۆڤ سەد و هەشتا پلە بە پێچەوانەی ناخی خۆی دەژی بە ئێستاشەوە، ڕۆڵی سیمۆن لەم چیرۆکەدا ئەوە بوو هەرچەند تێدەکۆشا کارەکتەرەکان لەو سەرلێشێواوییە ڕزگار بکات و بیانهێنێتە کەنارێکی ڕاستی ژیانەوە و لە بابەتی لابەلا دووریان بخاتەوە، بەڵام کارەکتەرەکان شتە بێماناکانیان لا گرنگتر بوو تا لایەنە بنەڕەتییەکەی ژیانی خۆیان. سیمۆن ئەو کارەکتەرە بوو کە بە ئاگاییەکی دروستەوە دەژیا و وەک تاکێکی هۆشیار وا بوو، دوای خوێندنەوەی گۆڤارەکان پووچێتیی داڕێژەرانی گۆڤارەکانی بۆ ڕوون بووەوە و ئیتر هەستا بچێت بۆ لای هاوڕێیەکەی لە گەلەرییەکدا بۆ ئەوەی چاوی پێی بکەوێت، بەڵام پێش ڕۆیشتنەژوورەوەی وەستا و چەند دێڕێکی لە دڵی خۆیدا گوت، بەم چەند دڕێڕەی سیمۆنی کارەکتەر نووسەر کۆتایی بە چیرۆکەکە دەهێنێت.

پێشبینیی ئەوەم دەکرد کە قەرەباڵغییەکی پڕ لە هۆسە بێت، هەر لەبەر ئەمە یەخەی پاڵتۆکەم هەڵکێشا بۆ سەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانم ڕووبەڕووی ئەو قەرەباڵغییە ببمەوە، چونکە دانی پێدا دەنێم کە تۆزێک شەرمم دەکرد، لەبەر ئەوەی زۆر حەزم بە قەرەباڵغی و تێکەڵاوبونی ناو خەڵک نەبوو، بەڵام هەست دەکەم من مافی ئەوەم نییە باسی هەستێکی خاڵی و ئاسایی خۆم بکەم لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ڕووداوێکی نائاسایی و ڕاستەقینەی وەک ئەم رووداوە بومەتەوە.

هاوبەشی بکە

Darya Salah, Fyodor Dostoevsky, Story, The Crocodile,