29/03/2024
DidiMn Logo
Top

دەرهێنەری ئێرانی عەباس کیاڕۆستەمی لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – ڤارایتی- بی بی سی فارسی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیی و فارسییەوە: پشتیوان کەمال، سەلیم جەمال

دەرهێنەری ئێرانی عەباس کیاڕۆستەمی، کە فیلمی تامی گێلاس‌ـی لە فێستیڤاڵی کان خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە، لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دەزگای ئیسناـی ئێرانی، مردنی ئەو دەرهێنەرەی ڕاگەیاند. ئەو دەرهێنەرە ماوەیەک بوو چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە وەردەگرت. کیارۆستەمی لە بەهارى ساڵى ڕابردوو بە هۆى نەخۆشىیەوە، چوار جار نەشتەرگەرى بۆ كرا و ماوەيەک لە بێهۆشيدا بوو.

ئەو لە دواى تێپەڕاندنى ماوەى بێ توانايى و كاريگەریى نەخۆشیيەكەى لە شارى تاران، بۆ چارەسەرى پێويست بەرەو فەڕەنسا بەڕێ كرا، بەڵام دواى تێپەڕبوونى چەند ڕۆژێک بە هۆى مەيين و قەتيسبوونى خوێن، جەڵتەى مۆخ لێیدا و ئەمڕۆ كۆچى دوايى كرد.

هەژمارى تەلەگرامێک بە ناونيشانى شێوەى چارەسەرى عەباس كياڕۆستەمى، جەختى كردەوە يەكەمين نەشتەرگەرىی ئەو، نەشتەرگەرىی چارەسەركردن بووە، دووەمين نەشتەرگەرى بە هۆى خوێنبەربوونی ناوەكى ئەنجام دراوە، سێيەمين نەشتەرگەری بۆ هەڵگرتنى بەردى زراو و كۆتا نەشتەرگەریش بە هۆى تەشەنە و هەڵاوسان بووە.

عەباس كياڕۆستەمى لە ساڵى ١٩٤٠ لە شارى تاران لە وڵاتی ئێران لەدایک بووە و لە شەقامى قەڵهەک چووەتە خوێندنگە. كياڕۆستەمى  براوەى خەڵاتى چڵەخورمای ئاڵتونیی فێستيڤاڵى فيلمى کان‌ـە، هاوكات ئەو لە هونەرەكانى فۆتۆگرافی نيگاركێشى، شارەزایی هەبووە. لە پاش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، لەوێ دەمێنێتەوە و بە فیلمەکانی ماڵی هاوڕێ لە کوێیە؟، ژیان و هیچی تر  لەگەڵ لەژێر دار زەیتوونەکاندا ناوی وەک دەرهێنەرێکی مەزنی ئێران و جیهان دەرکردووە.

13438823_1155273404523988_1003810305868336489_n

ئەو بەرهەمهێنەر و نووسەری فیلمی میزەڵانی سپی دەرهێنەر جەعفەر پەناهی‌ـیە. فیلمی تامی گێلاس حەوتەمین فیلمی درێژی ئەو دەرهێنەرە بوو کە توانی خەڵاتی کان بۆ باشترین فیلم بەهاوبەشی لەگەڵ فیلمی مارماسی دەرهێنەر شۆهێی ئیمامورا بباتەوە.

ڕۆژنامەى زە گارديان لە ساڵى ٢٠٠٣، ئەوى بە باشترين دەرهێنەرى نائەمەريكى هەڵبژارد و لە ستايیشیدا نووسى: “لە دوا پەردەى شاراوەى تروسكايى بەرهەمەكانى، كياڕۆستەمى كارامە و لێزانانە شرۆڤەى مەرگ دەكات. ئەو هاوكات بە ئاوێتەكردنى داستان و ديكيۆمێنتارى و سوودوەرگرتن لە ئەكتەرانى تەكنيكى و كارامە و ناكارامە لەنێو فيلمەكانى، گرژى و ئاڵۆزى خستووەتە نێو بەرهەمى سينەمايى و كاريگەرىی بێوێنە جێ دەهێڵێت.”

ديسان ڕۆژنامەى زە گارديان لە ساڵى ٢٠١١ـدا، عەباسى كياڕۆستەمی لە ڕيزبەندى شەشەمى باشترين  ٤٠ دەرهێنەرەكانى جيهاندا دادەنێت.

كياڕۆستەمى لە نيگا و تێڕوانينى زۆرێک لە ڕەخنەگران و بەرهەمهێنەرانى فيلمى جيهان، كەسێكى ناسراو و بەناوبانگى دەرهێنەرى ئێرانى بوو و زۆرجار گۆڤار و بڵاوكراوە جياوازەکان ئەويان بە باشترين دەرهێنەرى جيهان هەڵبژاردبوو.

پاش سەرکێشییە سیاسییەکانی، وای کرد کە ئەو دەرهێنەرە بەرەو دەرەوەی ئێران بڕوات و لەوێ لە کاری فیلمسازی بەردەوام بێت. ئەو لە ئیتاڵیا فیلمی وێنەی باوەڕپێکراوـی بەرهەم هێنا کە جولێت بینۆشی ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا و توانی خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری فێستیڤاڵی کان بباتەوە.

13533117_659642747521549_8530959129196007195_n

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڤارایتی دەربارەی ئەو فیلمە، وتی، “گیلیس جاکۆب پێی وتم کە هەرگیز نابێت بڵێیت کاتێکی خۆشت لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەتدا بردووەتە سەر. دەبێت بڵێیت کە ئازارت چەشتووە، کە ئەوە کارێکی قورس بووە ئەنجامت داوە، ئەگەر نا ئەوا خەڵکی بڕوا دەکەن کە فیلمەکەت شایانی ئەوە نییە بیبینن. ئەگەر ئازارت نەچەشتبێت پێویست ناکات ئەو خەڵکە پارە بدەن بۆ ئەوەی بلیت بکڕن و بچن بۆ بینینی ئەو فیلمە.”

دواهەمین فیلمی ئەو دەرهێنەرە بریتی بوو لە فیلمی وەک یەکێک عاشق بێت، کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە یابان بەرهەمی هێنا و لە فێستیڤاڵی کان نماییش کرا.

 

هاوبەشی بکە

Abbas Kiarostami, Certified Copy, PshtewanKamal, Taste of Cherries,