19/04/2024
DidiMn Logo
Top

لە عەباس کیاڕۆستەمییەوە بۆ فیلمسازان

لە لایەن دیدی من 4 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من – کتێبی ”وانەکانی کیاڕۆستەمی”
لە فارسییەوە: ئاڵا هۆشیار

(ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە کتێبی ”وانەکانی کیاڕۆستەمی”، کە کۆکراوەی وانەکانی فیلمسازی ئێرانی، عەباس کیاڕۆستەمییە و نووسەر و دەرهێنەری بەڕیتانی، مایک لی پێشەکیی بۆ نووسیوە و ئاڵا هۆشیار دەیکاتە کوردی.)

پێشەکی:

هەموو فیلمسازێکی سەربەخۆ دەیەوێ خۆی جیاواز نیشان بدات، کەم و زۆر کەسانێک هەن کە بە ڕاستی تایبەت بن، بەڵام هیچ کامیان تایبەتر و جیاوازتر لە هاوڕێم عەباس کیاڕۆستەمی نازانم. ئەو سەرقافڵە و داهێنەری چیرۆکی کەمگۆیه،  هونەرمەندێکی بێوێنە و تایبەت کە سینەمای مرۆڤایەتیی گەیاندە لوتکەی سادەیی، عەباس ئەو مامۆستاییە کە بێ ویستی پەروەردەکردن، بە خاکەڕایی خۆی ئێمە دەخاتە بەرانبەر ڕاستی، ڕاستییەک کە بە حوکمی گەشاوەبوونی لە نێو چاومان دەدات، ئەو بە هێزی خرۆشانی خۆیەوە، خەیاڵ دەکات بە زمان و ناوەندی بیرکردنەوەی بینەر لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازێتەوە و وای لێ دەکات بینەر بە شەوقوزەوقەوە هاواری لێ هەڵسێ. 
بەشێک لە مەعریفە و دنیابینیی کیاڕۆستەمی کە بە سەختی بە دەستی هێناوە، وەکو کشمیشی نێو شیرینییەک لە نێو ئەم کتێبە جێی کراوەتەوە، ئەم کتێبە، زمانی کەسایەتی و شارەزایی و نەستەق و سۆزداری و فەلسەفی و هونەریی هەیە، کە بە کەڵکی هەموو فیلمسازێکی شێلگیر دێت، سەرەڕای ئەویە کە عەباس دەیەوێ ئاڕاستەمان بکات، کەچی دەزوو و دەرزی دەداتە دەستی خۆمان بۆ ئەوەی خۆمان بیدوورین، بێگومان دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە دەبێت بە یەکەم خشتی دنیای ئەدەبیاتی سینەما.

مایک لی

ئەوەی ڕاستی بێت، هیچم نییە پێتان بڵێم. من بەم جۆرە دانیشتنە ناڵێم ( ڕاهێنان ) ڕقم لە وشەی ڕاهێنانە. رەنگە زۆر بن ئەوانەی کە ”یاساکان”ی چۆنیتی فیلم دروست کردن بە باشی بزانن، بەڵام فیلمی باش ناخرێتە نیو بازنە و چوار چێوە، لە سەر ئەم یاسایەی خۆم، دەتوانم بڵێیم: فیلم دروست کردن بە دەرس ناگوترێتەوە. دەمەوێ ئەوەندە بزانن، ئەوەی من لەم کلاسە دەیڵێم ئایەتی قورئان نییە، ئەگەرچی تەمەنێکم هەیە و لە هەمووتان گەورەترم، بەڵام هیچ کات حەزم لە ئامۆژگاری نەبووە، بە بڕوای من ئەو جۆرە ئامۆژگاری و قسانە سوودی نییە، ئەوەی کە ئەمەوێ پێتانی بەخشم ئەزموونی هەموو ئەو ساڵانەیە کە خەریکی فیلم دروست کردن بووم، بە بۆچوونی خۆم و بە تێڕوانین و ڕیگای تایبەتی خۆم و ئەم ریگای منیش یەکێک لەو هەزاران ڕیگای کە فیلمی پێ دروست دەکرێت.

ئەگەر لە حەفتەکانی داهاتوو ئێوە لە منەوە شتێک فێر بن، بە دڵنیاییەوە منیش لە ئێوە ئەوەندە وەردەگرم و فێر دەبم.  ئەم جۆرە رۆژانە بۆ من پڕە لە ئەزموونی تازە، باری قورسی مانا و تێگەیشتنەکانم دەتوانم بەتاڵ بکەمەوە و وەک قوتابیەکی تازەکار فێر ببم. کاتێک خەریکی دروست کردنی فیلمی سینەماییم، بەردەوام هەست دەکەم سێبەری پرۆدیسەر بە سەرمەوەیە، کەرەستە قورس و گرانەکانی فیلم سازی ڕێگای ڕیسک و خەتەر کردن لە من دەگرێ، ناتوانی ملی پێیوە بنێی! بەڵام لێرە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەم پۆلە و لە ماوەی ئەو کاتەی پێکەوەین هەلێک ئەدۆزمەوە کە بیرۆکە تازەکانم لە مێشکمدا ببزوێنم و بێ پێچ و پەنا هەستەکانم دەربڕم.

زۆر کلاسی هاوشێوەم داناوە و کاتێک گوێم لە قسەکانی بەشدار بووەکان گرتووە یان لە کاتی کار کردن سەیرم کردوون، لەو کاتەدا بیرم لە دروست کردنی فیلمەکانی خۆم دەکەمەوە و بێز دەکەمەوە لە کاتی سەیری کردنی فیلمی ئێوە، بە قوتابی بانگتان بکەم. لە دوای کلاسێکم لە ئیتاڵیا کە گەڕامەوە بۆ تاران کۆتایی یەکێک لەو فیلمانەی کە خەریکی بووم گۆڕیم، وانە وتنەوەی من لە ئەزموون و دونیا بینی ئێوە کە لێرە باسی دەکەن گرنگتر نییە، ئێمە لێرە نین بۆ بڕیاردان، یان سەپاندنی زەوقی تاک، دەمانەوێ بە هەموو کەموکورتی و بێ ئیمکانی خۆمانەوە کار بکەین، هیوادارم ئەم دانیشتنە پڕ بێت لە دیالۆگی بە سوود، هەر کام لە ئێمە ئەڵقەیەکی ناو زنجیرە درێژەکەین، هیوادارام هاودڵ و هاواڵی یەک بین، لەم کلاسە شتێک نییە بە ناوی پێشبڕکێ…

لە رۆژانی پێشووتر و لە کلاسەکانی ترم، حەزم دەکرد ئەو کاتەی کە دێم، هیچ کەس نەبینم، حەزم دەکرد هەمووی لە دەرەوێ بێت و خەریکی وێنە گرتن بێت، دڵتەنگ و نیگەران دەبم کاتێک نەتوانم بەشدار بووەکانی ئەم کلاسانە هان بدەم بۆ کار کردن، ناخۆشترین کات ئەو کاتەیە کە کەسێک دەڵێ: کارێکی زۆر قورسی لێ داوا کردووم، ئەو قسانە تەزوو بە لەشما دێنێ، وەک ئەوەی ئاو سارد بکەن بە سەرما، ترس لە تێکشان و سەرنەکەوتن وزە بۆ مرۆڤ ناهێڵێتەوە، هەر بۆیە ئەوانەی کە ئەزموونی کەمتریان هەیە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی کەمتریان هەیە، بۆیان زۆر ئاسانترە کە دەست بدەنە کامێرە و خەریکی کار کردن بن، پێم خراپ نییە ئەگەر ڕێچکەی ئەوان بگرینە بەر لە کار کردن، واتە خاوەن ئەزموونەکان دەتوانن کەڵک لەوانە وەربگرن کە تازەکارن و ئەزموونیان نییە.

لە کلاسی ڕابردووم، سێسەد کەس داوای کردبوو بەشدار بێت، بەڵام تەنیا سی کورسی هەبوو، چەن کەسێک بوون ئەگەرچی وەرنەگیرابوون، بەڵام دەهاتوون و گوێ قوڵاخ دەوەستان و سەیریان دەکرد، دواجار بەڕێوەبەری کلاسەکان بڕیاریاندا ڕێ بە بەشداری کردنی ئەوانیش بدەن، ئەوانەی کە بە زۆر جێی خۆیان کردەوە زیاتر پرسیاریان دەکرد و لە یەکەم کەسەکان بوون کە دەچوون وێنەیان دەگرت و رێنمایی بەشدار بووەکانی تریان دەکرد.

کچێکی بەشداربوو، کورتەفیلمێکی دروست کرد کە هەموومان چێژمان لێ بینی، یەکێک لە قوتابییەکان پرسیاری پیشەی کچەکەی کرد: ”لە مارکێتەکەی ئەوبەرەوە کار دەکەم.”

دەرهێنەرە بەئەزموونەکان لە سەر کورسییەکانیان دانیشتبوون، کاتێک ئەم کچە بە کامێرەکەیەوە لەسەر جادە فیلمی دروست دەکرد.

من چاوەڕوانیی ئەوەم نییە فیلمی زۆر تایبەت و بێ کێشە دروست بکەن و هەموو هێز و زانینی خۆتان بخەنە گەڕ، ڕاشکاوانە دەیڵێم، چاوەڕێی شاکارێکی هونەری و تایبەت لە ئێوە ناکەم، ئەوەێ لێرە ئەنجامی دەدەن پێویستی بە پلان و بەرنامەیەکی ورد نییە، لەو جۆرە کارانە نییە کە بۆ نامەی دەرچوونتان لە زانکۆ دروستی دەکەن، نابێ لە بیری بکەن، هیچ شتێک نییە بە ناوی ڕێکوپێکییەوە، هەموو کارێک نوقسانی و عەیبی تایبەت بە خۆی هەیە، فیلمی بێعەیب بوونی نییە. ئێمە بۆیە لێرەین هەتاکو بیر لەوە بکەینەوە نوقسانییەکانی پێشوو نەهێڵین و بیرۆکەکانی خۆمان پەروەردە بکەین و لە ڕێی کامێراوە بیرۆکەکەمان بکەین بە فیلم، دەتوانن لەگەڵ کەسێک یان گرووپێک پێکەوە کار بکەن، غروور و لووتبەرزی وەلا بنێن، دەستی یارمەتی درێژکردن لە غروورت نادات، بیرۆکەکانی خەڵک وەک خۆیان وەربگرن، باشترە بیرۆکەکان و ئەزموونەکانی خۆمان لەگەڵ هاوڕێکانمان دابەش بکەین، دەستەوەستان مەبن، ڕۆژەکان بە خێرایی تیشک تێدەپەڕن، بزانن بەڕەی خۆتان چەندە، خۆتان بناسن و لە هەڵەکانی خۆتانەوە فێر ببن، ئەگەر فیلمێکتان دروست کرد و خراپ دەرچوو، بۆ یەک چرکەیش نیگەران مەبن، وازی لێ بێنن و سەرلەنوێ دەست پێ بکەنەوە، پێویستمان بە جۆرێک فیلم هەیە، ئەگەر بە دڵمان نەبوو، وەک لاپەڕەی نووسین گرمۆڵەی بکەین و هەڵی بدەینە تەنەکەی خۆڵەکە، پڕۆژەی بچووک دەستی ئێمە گەرم دەکات بۆ پڕۆژەی گەورە، فیلمێکی کورت دەکرێت حازربەدەست بێت، بەڵام لە بەردەستە.

بە تەنها گوێ لە قسەکانی من مەگرن، بەڵکو گوێ لە قسەکانی دەوروبەرتان بگرن، پێکەوە دەتوانین ڕێگەیەک بۆ دروستکردنی هەندێک لە فیلمەکانی ئێوە پەیدا بکەین، شتێک نییە بە ناوی چاکنەکردنەوە، ئێوە خۆتان دەتوانن وڵامی پرسیارەکانی خۆتان بدەنەوە، مەبەستم ئەوە نییە وەک دەرهێنەرێک و ڕاهێنەرێک لەم کلاسە خۆم لە وڵام دانەوە بدزمەوە، هەر کام لە ئێوە بە حوکمی بوونی کامیرای دیجیتاڵ توانای ئەوەتان هەیە کە کار بکەن، من وەک خۆم بە فەرمی فیلمسازی فێر نەبووم، ئەمە هەم باشە، هەم خراپ؛ کاتێک دەستم کرد بە فیلمسازی، نەمدەزانی ئەم پیشەیە چۆنچۆنییە، هەر بۆیە زۆر نەترس و بوێر بووم.

ڕوو لەوانە دەکەم کە دەرچووی سینەمان: زۆر شانازی بە زانیارییەکانتانەوە مەکەن، زانکۆ شوێنی فێربوون و زانست نییە، پێویست ناکات کەسێک بە ئێوە بڵێت ئەم کتێبە بخوێنە و ئەمە مەخوێنە و بەم جۆرە بیر بکەرەوە؛ زۆربەی زانکۆکان چوار ساڵ تەمەنت بۆ بەفیڕۆ دەدات، ئەوەی زانکۆ بە چوار ساڵ فێرت دەکات، دەتوانی بە چوار هەفتە فێری بیت.

لای من، باشترین زانکۆی فیلمسازی ئەو فیلمانەن کە خۆتان دروستی دەکەن، بە پێویستی و وزە و بیرۆکەی خۆتەوە، خۆتان وانە بە خۆتان بڵێنەوە: چۆن سەیری فیلم بکەن، چاوی خۆتان ڕابێنن و زۆر بە ئاسانی دەست بکەن بە کار و فیلم دروست بکەن، ئاسانە یارمەتیی کەسێک بدەین کە بە دەستمایەی کەم دەیەوێ فیلم دروست بکات، بەڵام کاری گران و پڕۆدەکشنی گەورە، ئاڵۆزە و هیچ پەیوەندیی بە زانکۆی فیلمسازییەوە نییە، دەبێ دەروونی خۆت بکێڵی، بەرهەمی تۆ ئەوەیە کە لە دەروونی خۆتدایە و ناتوانی لە دەستی هەڵبێیت.

هاوبەشی بکە

Abbas Kiarostami, Cinema, Kiarostami, master class,