29/03/2024
DidiMn Logo
Top

سەبارەت بە فیلمی کافێ سۆسایەتی: دیمانە لەگەڵ ودی ئالن

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی منزە گاردیان، یوتیوب چانێڵ
لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ


پرسارێکی سادەت لێ دەکەم: لەدوای دەرهێنانی چل فیلم، چۆن بیرۆکەی نوێ دەدۆزیتەوە؟
بیرۆکە ئاسانە، بەڵام ئەوەی کێشەیە جێبەجێکردنی بیرۆکەکانە. بە درێژایی ساڵەکە چەندین بیرۆکەم هەبووە، بەڵام کاتێک هەوڵ دەدەم بیاننوسمەوە، زۆرینەیان بە باشی پەرە ناسێنن، تەنها هەندێکیان پەرە دەسێنن و دەیانکەم بە فیلم. بەڵام بۆ دەستکەوتنی بیرۆکە، لە ڕۆژەکەتدا ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە، لەگەڵ هاوڕێیەک گفتوگۆ دەکەیت، دەچیت بۆ نانی ئێوارە و بە شەقامەکەدا پیاسە دەکەیت و زۆر بیرۆکەت بۆ دێت و شیاوی کردنن بە چیرۆک.

لە مانهانتن دەژیت و کار دەکەیت، کە زۆر دوور لە دونیای هۆڵیوودە؛ چی سەرنجی ڕاکێشایت کە ستاییش و وێنای تەمەنی ئاڵتوونیی هۆڵیود لە کافێ سۆسایەتیدا پیشان بدەیت؟
کاتێک لە نیو یۆرک دەژیاین و تەنها لەبارەی هۆڵیوودەوە دەمانخوێندەوە و کەسمان نەماندەتوانی بچینە ئەوێ، زۆر سەرنجڕاکێش بوو. ئەو هەموو ئەستێرە ناودارە و خانمە جوانانە و پیاوە قۆزانە بۆ یانەی شەوانە و خواردنەوە و سەماکردن دەچوونە دەرەوە، هەموویان دەرهێنەر و ئەستێرەی فیلمەکان بوون و  بەلای ئێمەوە ژیانێکی ئەفسانەیی دەژیان، بۆیە ئێمەش ئەوەمان حەز لێ بوو و بەرهەمهێنانی فیلمەکەمان بەشێکی لەوێ کرد و چێژی هەبوو.

ئەم جارە بۆ ڕۆڵی سەرەکی کریستین ستیوارت و جێسی ئیسنبێرگ هەڵبژاردووە، کە ئەکتەری نەوەی نوێن؛ چۆن فیلمێکی وەک ئەمەت کاست کرد؟ پێت خۆشە فیلمی دەرهێنەرانی تر ببینیت و بڵێیت ئەم کەسە بەهرەدارە و ئەم بەهرەیە و ئەو بەهرەیەیم بەدڵە؟ بەم جۆرە؟
حەزم لە سەیرکردنی فیلمە، کێشەکە ئەوەیە کە بەپێی پێویست فیلمی باش نییە، کاتی گەورەبوونم فیلمی زۆر باش هەبوو، بەڵام ئێستا فیلمی باش زۆر دەگمەن هەن، بەڵام هەر سەیریان دەکەم و لەگەڵ بەڕێوبەری کاستەکەکەم دەقەکەی من دەخوێنینەوە و قسە دەکەین و ناو هەڵدەهێنین، کە کێ باشە بۆ ئەم ڕۆڵە باشە و کێ بۆ ئەویتریان. کاتێک ناوی کریستین هاتە پێش، هەردووکمان زانیمان کە بۆ ئەم ڕۆڵە گونجاوە، هەروەها جێسییش گونجاوترین کەسە کە بتوانێت ڕۆڵی کەسایەتیی ئەو سەردەمە ببینێت.

 

لە فیلمەکەدا بۆبی دەڵێت ”ژیان کۆمیدیایە، لە لایەن نووسەرێکی سادیستەوە نووسراوە“، ئەوە فەلسەفەی تۆیە؟
بەڵێ. من تەنها فیلم دەنووسم، بەڵام هەر کەسێک بۆ نووسینی دەقی ژیان بەرپرسیارە و کارێکی قێزەونی کردووە. دەتوانیت سەیری شتێک بکەیت، دەتوانیت سەیری پیاوێک بکەیت کە خیانەت لەگەڵ ژنێکی دیکەدا دەکات و ئارگومێنتی لەگەڵ دەکات و پەیوەندیی تەلەفۆنی دەکات و بە دزییەوە ئەملاوئەولا بۆ دیداری دەکات و ئێمەش تەماشای دەکەین و پێی پێدەکەنین و بە گاڵتەئامێزی دەبینین، کە خەریکە کەشف دەبێت و نابێت و دەیشارێتەوە. لە هەقیقەتدا ئەوە دۆخێکی بەئازارە بۆهەموو کەس، کە هاوسەرگیرییەکە باش نییە و هاوسەرەکە هەڵدەخڵەتێندرێ و ژیانەکە بەتاڵە، کەچی ئێمە پێدەکەنین و ئەمەش دڕندانەیە، بۆیە پێم وایە بە شتەکان پێدەکەنین، بەڵام کاتێک لە نزیکەوە لێی بڕوانین، هێندە سەرنجڕاکێش نین.

حەز دەکەیت دەوڵەمەندتر بیت؟
چێژ لە بینین و سەیرکردنی سەروەت دەبینم، من لەو کەسانە نیم کە چاویان لە سەروەت بێت، من تەنانەت سەروەتم بۆ خۆم ناوێت. دەوڵەمەند نیم و بە کارکردنم ئاسوودەم، بەڵام حەز دەکەم سەیری کەسانی دەوڵەمەند بکەم و چێژ لە گەشتکردن بەناو وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و خانوو و ئەپارتمانتی زۆر شاهانە دەبینم و حەز بە سەیرکردنی ژیانی کەسانی دەوڵەمەند دەکەم. حەز دەکەم دەوڵەمەندتر بم؟ زۆر بۆم گرنگ نییە، لەگەڵ خێزانەکەم بەم باسەدا تێپەڕیوین، بلیتی یانسیب زۆر دەکڕین و ئەگەر یانسیبەکە ببەیتەوە، سێسەد میلیۆن دۆلارت بۆ دەردەچێت، بەڵام هێشتا شتێکی تایبەت نییە کە بیکەین، ئەوکاتیش هەر لە ماڵەکەی خۆمان دەژین و هەمان کار دەکەم، بەلەمم ناوێت، فڕۆکەم ناوێت و نامەوێت خانووی زیاتریش بکڕم، بۆیە هەرگیز سامانی زۆرم بۆ گرنگ نەبووە. تاکە سوود کە لە سەروەت دەکرێت دەستم بکەوێت، ئەوەیە کە دەمتوانی فیلمەکانی خۆم سپۆنسەر بکەم و پێویستم بەوە نەدەبوو داوای پارە لە کەس بکەم بۆ فیلمەکانم، چونکە خۆم دەرم دەکردن.

هاوبەشی بکە

Café Society, Woody Allen,