01/05/2024
DidiMn Logo
Top

سەمای پینەدۆزەکان: دوایین پڕۆژەی سەماکار کاروان عومەر

لە لایەن دیدی من 8 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من ئاراس عەبدولڵا

سەمای پینەدۆزەکان پڕۆژەیەکی هونەریی هونەرمەندی سەماکار و کۆریۆگراف، کاروان عومەرە لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئارەزوومەندانی ئەو هونەرە، ئەم پڕۆژەیە بەرئەنجامی وۆرکشۆپێکی تایبەتی هونەرمەندی ناوبراوە لەگەڵ ژمارەیەک فێرخواز، لە بەرواری  ۸/٦ تا ۸/۸/٢٠١٦ لەنێو هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی کاتژمێر٧:٠٠ـی ئێوارە نماییش دەکرێت. کاری کۆریۆگرافی و کۆنسێپی ئەم بەرهەمە لە لایەن کاروان عومەرەوە ئەنجام دراوە.

دەربارەی چۆنیەتی خۆئامادەکردنیان بۆ ئەم کارە، هونەرمەندی سەماکار کاروان عومەر بۆ دیدی من گوتی: “بۆ ئەوەی بتوانیت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا لەگەڵ چەند شانۆکارێک کە خۆشەویستییان بۆ سەما هەیە، بە دەرئەنجامێکی باشەوە ڕووبەڕووی بینەر ببیتەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێت نەخشە و پلانی تۆکمەت هەبێت. دیارە ئەمەش بۆ من وەک سەماکارێکی پیشەیی، کارێکی گران نەبوو. پێش هاتنەوەم بۆ باشووری کوردستان بە دوو مانگ، من دەستم بە کارەکانم کرد لە وڵاتی سویسرا، واتە پێش هاتنەوەم دەمزانی لەگەڵ چ ستافێک کار دەکەم، دەمزانی ئەو ئیلیمێنتە کۆریۆگرافیانە چین کە هاوەڵی و کۆمەکم دەکەن لەم بەرهەمەدا، کە بۆ یەکەم جارە من پێی هەڵدەستم، لەم پڕۆژەیەدا کورتەچیرۆکیی گشتی کارەکە بوونی هەبوو وهەروەها پەردەی سەماکانیش وەک پەیکەر بوونیان هەبوو، بۆیە پڕۆڤە بۆ ئێمە تەنیا کاری دراماتورگی و چڕبوونەوەی بەخۆوە بینی.”

13895416_10210483647951857_5233582215274159219_n

دەربارەی چۆنیەتی هەوڵدانی ئەوان بۆئەوەی جەستە چیرۆکێک بۆ بینەر بگێڕێتەوە لەم پڕۆژەیەدا، هونەرمەندی ناوبراو گوتی: “هەڵبژاردنی ئیلیمێنتەکانی سەما و جوڵەکان و چیرۆک لە سەر بناغەی دەربڕین و ڕاڤەکردنی زمانی جەستە بوو، بۆیە نزیکبوونەوە لێی لە سەرەتاوە، وای کرد هاوکاری سەماکاران بکات تا بە هۆشیارییەوە بچنە ناو کەسایەتییەکان. بیرمان نەچێت پڕۆژەکەی ئێمە، سەمای شانۆیی بە شێوازی سەمای گوزارشتی جیهانییە، کە کەسایەتی بوونی هەیە، هەر بۆیە زمانی جەستە زمانێکی باڵایە لە سەر ئاستی سەماکان، ئەگەر ئەبستراکت یان ڕاستەوخۆ یاخود واقیعبین بن.”

ناوبراوە لە درێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی نماییشی سەما بۆ کۆمەڵگە کرد و گوتی: “سەما و نماییشی سەما و بە ئازادیی دەربڕین، کاریگەریی زۆری لە سەر تاک بەجێ هێشتووە بەدرێژایی مێژوو. لە سەرەتای سەماکانی ئیسادۆرا دنکن و هاوەڵەکانی، هەروەها هەنگاوەکانی ماری ویگمان و ڕۆدۆڵف لابان، بۆ کارکردن لەڕێگەی سەماوە لە سەر مرۆڤەکان، باشترین نموونەی هەموو ئەو گۆڕانکارییە جەستەیییانە بوون کە توانی مرۆڤە تێکشکاوەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم ساڕێژ بکات، ئەوەی من لە ڕۆژانی نماییش بیستم لە بینەران و لەچاویاندا بینم، ئەو چێژە ونەبوو کە بەدوایدا وێڵ بوون، لە سەما و جوڵەدا ئازاد بوون و کەوتنە هەڵفڕاندنی پرسیارەکانیان لەبوون و نەبوونی جەستە و ئازادیی جەستە.”

هاوبەشی بکە

ArasAbdulla, Karwan Omar, Pinadozakan, Sama,