06/05/2024
DidiMn Logo
Top

کاتێک لە بەڕێوەبردنی شانۆی شارێکدا گەوجاندن ‌و هەڕەشەکردن دەبێته جێگرەوەی لێکتێگەیشتن‌ و دیالۆگ

لە لایەن دیدی من 7 ساڵ پێش ئێستا

دیدی من

كاروان عومەر

ڕوونکردنەوەیەک بۆ شانۆکاران، هاوڕێیان، راگەیاندنکاران ‌و وەزارەتی ڕۆشنبیری لە باشووری کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت به بەرهەمهێنانی سەمای پینەدۆزەکان

ئەم نووسینه ڕوونکردنەوەیەکه سەبارەت بە مافی بەشدارانی پڕۆژەسەمای پینەدۆزەکان، لە دوای هەوڵدان بۆ دیالۆگ ‌و لێکتێگەیشتن ‌و گەیشتن بە چارەسەر، که ئامانجی سەرەکیی هونەری شانۆیه، دواجار لە نەگەیشتنەئەنجام لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیی هونەر و شانۆی سلێمانی نووسراوه.

چیرۆکی پێش گەڕانەوەم
لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٥دا، بڕیارم دا هەستم بە نووسینەوەی کۆنسێپتی  پینەدۆزەکان وەک گەشتێک بۆ یەکەمین پڕۆژەی سەمای شانۆیی‌ و بۆ نماییشکردن بە ناوی کۆمپانیاکەمەوه لە کوردستان (کۆمپانیای کاروان عومەر بۆ سەمای هاوچەرخ)، بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی حەوت پڕۆڤه دەست پێ بکەم، تا لە سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی٢٠١٦، لە سلێمانی نماییش بکرێت.

تێکڕای کارکردن لە پڕۆژکەدا دو مانگ بوو پێش گەڕانەوەم، تا دواجار بۆ ئەو مەبەسته لە کۆتایی مانگی ٤دا کۆنسێپتی پڕۆژەکەمان لەگەڵ دەرخستەیەک لە ڕێگەی هاوڕێیەکمەوه پێشکەشکرد به بەڕێوەبەرێتیی هونەری سلێمانی. دوو ڕۆژ دوای ئەوه، وەک بەڕێوەبەری بەشی هونەر لە سلێمانی پێی ڕاگەیاندین، گەیشته دەست بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆ، بۆ ئەوەی لیژنەی بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆ، که سێ کەسی شانۆکارن، بڕیاری خۆیان بدەن سەبارەت بە دەرخستەکه.

بەردەوام وەک هەمیشه، پێش هاتنەوەم دەبێت هۆڵێک بۆ پڕۆڤە و کۆرسەکانی سەما، که بە سوپاسەوه پەیمانگەی هونەره جوانەکان یارمەتیمان دەدەن رێک بخەم، بەرامبەر بە نووسینی ناویان وەک هاوکار لە پڕۆژەکەدا، دواتر دابینکردنی تیپی ڕەش، که پیشەیی بێت بۆ دامەزراندنی فەرشی سەما، یەکەمین شتێک که چاوەڕوان نەبووم پێش هاتنەوەم، لە لایەن بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆ ڕووی دا، به بەڕێوەبەری کارەکانمان راگەیاندرابوو که فەرشی سەمای پێ نادات، تا من تەلەفۆنی بۆ نەکەم، ئەو فەرشەی که گرنگه پێش هاتنەوەم ئامادە بێت تا دەستپێکردنی پڕۆڤەکردنمان دوانەکەوێت، ئەو فەرشەی که ساڵی٢٠١٣ بۆ یەکەمین جار لەسەر هیلاکبوون ‌و هێز و توانای خۆم هەر لەکڕین ‌و داواکردنی، بە پەیوەندیی تەلەفۆن‌ و ئێمەیلکردن لەکۆمپانیایەک تایبەته بە کەلوپەلی شانۆ و سەما لە ئەڵمانیا و گەیاندنی بە شاری دۆسلدۆرف، دواتر گوێزانەوەی لە شاری دۆسلدۆرف بەرەو فڕۆکەخانە و گەیاندنی بە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەو فەرشەی که بەڕێوەبەرێتی‌ و شاری سلێمانی‌ تا ئەوکات خاوەنی نەبوو، بەڵکو بوونی هەر نەبوو، بەڵام بۆ بەڕێوەبەری نوێی شانۆ نایەوێت پێمان بدات؟ دوای ئەوەی پەیوەندیم کرد به بەڕێوەبەری ئێستای شانۆ، هیچ پاساوێکی نەبوو، تەنیا پاساوێک ئەوە بوو، ویستی دڵنیابێت که بە ناوی چ گروپێکەوه کار دەکەم، هەر که وتم به ناوی هیچ گروپێکەوه کار ناکەم، بەڵکو بە ناوی کۆمپانیاکەم کار دەکەم، چونکه بەشێک لە پارەی پڕۆژەکەمان کۆمپانیاکه دابینی دەکات، ئیتر کێشەی نەما، بۆ کێشەیه بۆی گەر من کار بە ناوی گروپێکی شانۆیی ناو شار بکەم؟ کام گروپ مەبەستی بو ئەوه دەبێت خۆی بیزانێت؟

چیرۆکی دوای گەڕانەوەم
لە یەکەمین دیدارم لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی هونه ری سلێمانی، دوای ئەوەی هۆڵی نماییشمان دیاری کرد، جەختی خستەوه سەر ئەوەی که دەرخستەکەم دەمێکه گەیشتووەته بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆ و ئیتر دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت، دواتر بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆم بینی، پێی ڕاگەیاندم ئەگەر بە ناوی ئەوانەوه پڕۆژەکه پێشکەش بکەم، ئەوا هەڵدەستن بەم کارانه:

١- ئیشکردن لە دەرخستەکەدا و بڕیاردان لەسەر بڕی پاره بۆ پڕۆژەکه.
٢-کاری ڕیکلامی ڤیدیۆیی نماییشەکه دەگرنه ئەستۆی خۆیان.
٣-گەنجینەی بەڕێوەبەرێتیشمان لە بەردەستدا دەبێت بۆ هەر پێویستییەکی دیکۆر که هەبێت.
٤-ده بێت خۆم لەسەر پارەی بەدەستهاتوو، بڕی پارەی کارمەندی ڕووناکی ‌و دیکۆر، که خۆیان فەرمانبەرن لە بەڕێوەبەرێتی هونەری سلێمانی، دابین بکەم، بە پاساوی قەیرانی نەبوونی مووچه.
منیش ڕەزامەند بووم که ناوی بەڕێوەبەرێتی بەشی شانۆ و هونەری سلێمانی لەسەر هەموو بڵاوکراوەی کارەکەم بنووسم، بهپێی رێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی لای سەرەوه.

ئەو دەرخستەیەی که لە کۆتایی مانگی ٤دا پێشکەش کرا به بەڕێوەبەرێتی هونەری ‌و شانۆی سلێمانی، بڕەکەی یازدە ‌وحەوسەد و پەنجا هەزار دینار بوو بەبێ نووسینی کرێی گەشتکردنی خۆم، که بڕی پارەکەی یەک ملیۆن دینار بوو، که لە ئەستۆی کۆمپانیاکەم بوو.

بۆچی وا زوو پێش هاتنەوەم پڕۆژە و دەرخستەمان پێشکەش کرد؟ دیاره وەک پێمان ڕاگەیاندرا ڕیزبەندییەک بۆ پڕۆژهپێشکەشکردن هەیه، تا بتوانیت پێشتر پڕۆژە پێشکەش بکرێت باشتره، بەڵام ئایا ئەوه بەو شێوەیه بو یان پڕۆژە پاش‌ و پێشخستن هەبوو، لەسەر چ بنەمایەک ‌و چۆن ئەم کاره دەکرا؟
دیاره هەر زوو ئاگەدار کراین که باشتره بۆ سپۆنسەر بگەڕێین، چونکه بڕی پارەی چالاکیی هونەری بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوه زۆر کەم بووەتەوه، بۆیه بۆ ئەو مەبەسته گەڕام بەدوای سپۆنسەر لە دەرەوەی بەڕێوەبەرێتیی هونەر و بەشی شانۆی سلێمانی ‌‌و هەمان کات هەستام بە چەند هەنگاوێک گۆڕانکاری لە پڕۆژەکەدا، بەبێ دابەزین ‌و کارلێکردن لە کوالێتیی پڕۆژەکه که ئەمانه بوون:

١-کەمکردنەوەی ژمارەی بەشداربوان لەسەر شانۆ له هەشت سەماکارەوه بۆ شەش سەماکار.
٢-گۆڕینی بیرۆکەی دیکۆر و دیاره کەمکردنەوەی بڕی پارەی تێچوو.
٣-گۆڕینی کاری موزیک لەزیندووەوه بۆ تۆمارکردن ‌و بەکارهێنانی موزیکی ئاماده، لەجیاتیی سێ موزیسیان بۆ تەنیا کەسێکی موزیسیانی شارەزا بە بوونی بڕوانامەی ماستەر لە موزیکدا

٤-لابردنی بڕی پارەی مانەوەی خۆم‌ و دابینکردنی شوێن لە لایەن هاوڕێیەکمەوە بۆ ماوەی ١مانگ کاتی ئیشکردن.

٥-کەمکردنەوەی کرێی کاری ڕاهێنەر، کۆریۆگراف ‌و سەماکاری پیشەیی (پیشەیی بە واتای من بە سەما دەژیم‌و تەنیا پیشەمه) له دوو ملیۆن دینارەوه بووە تەنیا ملیۆنێک بۆ ماوەی یەک مانگ کارکردن ڕۆژی پێنج کاتژمێر، بۆیه هەر لێرەوه بڕی نزیکەی سێ ملیۆن دیناری دابینکردنی دەرخستەکەمان کەوته ئەستۆی کۆمپانیاکەمان.
٤-کەمکردنەوەی کرێی کاری سەماکارانی بەشداربوو.
٧-کەمکردنەوەی بڕی پارەی جلوبەرگ ‌و دیکۆر.

بەو شێوەیەش دەرخستەکەمان کەمک ردەوه بۆ تەنیا شەش ملیۆن ‌و شەشسەد هەزار دینار.

دوو هەفته پێش یەکەمین نماییشکردن، لە لایەن لیژنەی بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆ، که سێ کەسن، پێمان ڕاگەیاندرا که بەپێی چەند ڕێوشوێنێکی تایبەت، دەرخستەکەیان له یازدە ملیۆن ‌وحەوسەد و پەنجا هەزارەوه کردووه به دوو ملیۆن‌ وحەوسەد هەزار، ئێمەیش بەبێ گفتوگۆ گوتمان ئەوه کاری خۆتانە و قبووڵمان کرد، هەر بۆیه یەکەم هەنگاومان گۆڕانکاری بوو لە چۆنایەتیی ئەنجامدانی پڕۆژەکەمان بەپێی بڕی ئەو پارەیەی که سێ ملیۆن دینار بوو، که لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای قەیوان، هیوا فۆندەیشن و ڕێکخراوی سی دی ئۆ، سپۆنسەر پەیمانیان پێ دابووین ‌و لەگەڵ ئەو دوو ملیۆن‌ و حەوسەد هه زار دینارەی که بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆ بڕیاری لەسەر داوە، لەگەڵ پارەی بلیتی ڕۆژانەی نماییش، که بتوانین بڕی شەش ملیۆن ‌و شەشسەد هەزار دەرخستەی پڕۆژەکه دابین بکەین.

نماییشی سەمای پینەدۆزەکان له ٦ بۆ ٨ی مانگی ٨ پێشکەش کرا و بڕی پارەی بلیتی چوونەژوورەوه نۆسەد و نەوەد هەزار دینار بوو.

لە دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕانەوەم بۆ ئەورووپا، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکەمان، پێم ڕاگەیەندرا لە ژێر ناوی پڕۆژەیەکی پێشکەشکراو بڕی پارەی بڕیارلەسەردراو، که دوو ملیۆن و حەوتسەد هەزار بوو، کەم کراوەتەوه بۆ تەنیا یەک ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکەمان، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرێتیی هونەر و شانۆی سلێمانی که بەشدار بوون لەبەرهەمهێنانیدا، ئەنجامێکی ناچاوەڕوانکراو بوو بۆمان، چونکه ئەو بڕه پارەیه که یەک ملیۆنه، دەچێته خانەی تەنیا سوپاسکردنەوه، وەک هەموو سپۆنسەرەکانی تر، نەک پڕۆژەیەکی سەمای شانۆیی، که بۆ یەکەم جاره بەو شێوازه لە ڕێگەی سەما و زمانی جەستەوه مێژوو و چیرۆکەکانی نەتەوەیەک دەگێڕدریتەوه، بۆ یەکەم جاره یەک کاتژمێر سەماکردنی بەردەوام دەبێته نماییشێکی سەما لەو شارەدا، بۆ یەکەم جار گروپێکی گەنج لە ماوەی تەنیا مانگێکدا ڕۆژانه بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر مەشق ‌و خۆئامادەکردن دەکەن‌ و بەڕێوەبەرێتیی هونەر و شانۆی سلێمانی ناویان لەپاڵ کۆمپانیاکەماندا وەک بەرهەمهێنەر دێت‌ و وەک خاوەنی نیوەی بەرهەمەکه ناویان نووسراوە، کەچی هەڵدەستن بە کەمکردنەوەی دەرخستەکەی، لەبری دەستخۆشیکردن ‌و هاندانی ئەو گەنجانه که خۆیان ئامادە کردوه بۆ پڕۆژەی داهاتوو، که بوون بە گرووپێک بەبێ داواکردنی هیچ شێوەیەک لە یارمەتی، وەک چۆن هەموو گرووپێک یارمەتی دەدرێن، کەچی دەرخستەکەیان لە لایەن لیژنەیەکی نوێوه، که تا پێش ئەم بڕیارەی ئێمه کەس ئاگەداریی لە ناسینی ئەو لیژنەیه نەبوو، که سێ کەسن، یەکێک موزیسیان، ئەوی تریان شێوەکار و تەنیا شانۆکارێک لەو لیژنەیەدایه، بەڕێز بەڕێوەبەری ئێستای شانۆیه، کەواته بڕیاردەر لەسەر ئەو کەمکردنەوەیه، تەنیا بەڕێوەبەره، چونکه کەس لەو دوو بەڕێزەی تر نماییشی ئێمەیان نەبینیوه، تا بڕیاری وا بدەن.

بەڕێوەبەری بەشی شانۆ خۆیەتی‌ و بە تەنیا بڕیاری خۆی ئەو بڕە پارەیه که لیژنەی بەشی شانۆ دای نابوو، بڕیویەتی، چونکه ئەو دوو بەڕێزەی تر کەسیان نەشارەزا نین لە بواری شانۆدا و بەڕێزێکیان پێی ڕاگەیاندنین که ئەو بڕیاری وای نەداوه.

دواتر لەسەر ئەو بنەمایەی که شانۆ واته دیالۆگ ‌و ژیانکردن‌ و پێکەوهژیان، پێش هەمو شتێکی تر، بڕیارم دا و بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری بەشی شانۆ کرد و داوام کرد، گەر هەوڵ بدەن بەسەر ئەو بڕیارەدا بچنەوه، چونکه ئێمه قه رزداری زۆر لە تێچووی کارەکانین، چونکه بڕیارێکی هەڵەیە و ئێمه پڕۆژەکەمان لەسەر بڕیاری لیژنەی بەشی شانۆی ئەوان بونیاد ناوه، که بۆ هەمو پڕۆژەیەکی شانۆیی بڕیاری ئەوان دوا بڕیاره لە کوردستاندا. وەڵامی تەنیا ئەوه بوو، ”بڕیارە و دراوه پێداچوونەوەی نییه”. منیش تەنیا گوتم ”بۆ زەمانی بەعسه کوڕی باش؟” هەروها پێشم ڕاگەیاند، دەکرا ئێوه بڕی ملیۆنێک یان حەوتسەد هەزاری ببڕن، بۆ بەجارێک  ملیۆنێک و حەوتسەد هه زار دەبڕن؟ دواتر که زانیم هەوڵی دیالۆگ ‌و چارەسەرکردنی کێشەکه نادات، منیش پێم ڕاگەیاند بەو شێوەیه من ناچار دەبم ڕوونکردنەوەیەک بنووسم ‌و بڵاوی بکەمەوه، چونکه ئەوه خەڵەتاندن‌ و گەوجاندنه بۆ گروپی پڕۆژەکەمان، که زۆر هیلاک بووین بەو پڕۆژەسەمایەوه، بەڵام بەڕێوەبەری شانۆ زۆر بێباکانه گوتی: ”بۆ پڕۆژەکانی داهاتووت کێشەت بۆ دروست دەکات.” منیش گوتم: ”کوڕی باش، هەڕەشەم لێ دەکەیت؟” دواتر گوتی: ”ئێمه وەڵامی کەس نادەینەوه، چونکه ئەوەنده چالاکیمان هەبووه ئەمساڵ، لەبەر ئەوه گوێ لەو شتانه ناگرین. ئاگەداریشت دەکەم که تاهەفتەی داهاتوو پارەکه وەرنەگرن، دەگەڕێتەوه خەزێنه، وەری بگرن ‌و بەشی بکەن لە نێوان خۆتاندا.” منیش پێم گوت: ”تکایه بە زمانی هەڕەشە و ترساندن قسه مەکه.” دواتر زۆر بە لێبوردەیی گوتی: ”من نەبوومایه ئەو بڕه پارەیەشتان بۆ دەرنەدەچوو.” لێرەوه پرسیارێک دروست دەبێت: ئەوه کێیه حەز بە پڕۆژەی سەما ناکات لە سلێمانیدا؟ لێرەوه کەسانێکی تر دێنه ناو بڕیاردان، ئەوه کێیه دەبێته لەمپەر ئەگەر بەڕێوەبەر خۆی نییه، ئەی کێیه؟ چونکه بەڕێوەبەری هونەری زۆر دەمێکه نیەتپاکیی خۆی لەو بارەوه پیشان داوە و پێی ڕاگەیاندووین که دەسەڵاتی بە هیچ شێوەیەک بەسەر بڕیاری بەڕێوەبەری شانۆدا نییه، کەواته بەڕێوەبەری شانۆ، گەر خۆت نیت، ئەوه کێیه ئەو بڕیارەی داوه بەسەر پڕۆژەیەکدا، کە نزیکەی پازدە ڕێپۆرتاژی هونەریی کەناڵەکانی تیڤیی لەسەر کراوه؟ کە نزیکەی دە جار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا چاوپێکەوتن‌ و دەستخۆشی ‌و باسی سەرکەوتنی پڕۆژەکه کراوه. ئەوه کێیه ئەوەنده ڕقی لە ژیانە؟ چونکه سەما ژیانه، چونکه سەما هونەرێکه دەتوانێت گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەرپا بکات.

هیشتا هیچم لەپێشێلکارییەکان باس نەکردووه
ئەم بەڕێوەبەره بەڕێزەی بەشی شانۆ، پەیمانی دابوو ڕیکلامی نماییشەکەمان بۆ بکات، بەڵام لەبەر نەمانی کارەبا و نەبونی گاز بۆ موەلیدەی هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی، وێنەگری بەشی شانۆ گوتی ”من ناتوانم سبەی دووباره بێمەوه”. بۆ ئەو مەبەسته، بە پەله هاوڕێیەکی خۆمان یارمەتی داین ‌و ئەو کارەی ئەنجام دا، بەڵام لە هەمووی وێرانتر، کۆمیدیتر، ناشیرینتر، کاکی بەڕێوەبەری بەشی شانۆ، ڕۆژێک پێش نماییشی سەماکەمان، لە ڕێگەی هەمان وێنەگر، که نەیتوانی کارمان بۆ بکات، داوای بڕی پارەی کاری بڕین ‌و مۆنتاجی ڕیکلامی لێ کردم. دوای پەیوەندیکردنمان بەو کەسەی کاری بڕینی کردبوو، گوتی ”من بە هیچ شێوەیەک داوای شتی وام نەکردووە، بەڵکو دیاریی منه بۆ ئێوه”. ئەمه بۆچی‌ و لەپێناو چی بەڕێوەبەر که پهیمانی داوه خۆیان کاری ڕیکلام بکەن، دەگاته دابەزین بۆ ئەو ئاسته؟ من هیچ ناڵێم، با شانۆکاران، میدیاکاران ‌و وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیار بدەن.

تاکه ڕێگەیەک که مابوو، بەڕێوەبەری بەشی هونەری بوو سکاڵای لا بکەین، بەڵام ئەو بەڕێزه هەر زوو گوتی ”من لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی شانۆدا هیچم بۆ ناکرێت”، ئەمەش کۆمیدیای ململانێی حزب‌ و نەبوونی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییه بەسەر بەڕێوەبەری بەشێک لە بەشەکانی. دواهەوڵ ئەوه بو بۆیان بیسەلمێنین که ئێمه دەرخستەمان زۆر زوو پێشکەش کردووه، ناکرێت لەژێر ناوی پڕۆژەی نماییشکراو هەڵسوکەوتمان لەگەڵ بکەن. لە ڕێگەی ئەو هاوڕێیەی که دەرخستەکەی پێشکەش کردبوو، لە مانگی چواردا، تا بزانین کارکردن لەسەر دەرخستەکەمان بۆ وا دواخراوه، ناوی نماییشێکی پێشکەشکراوی لێ نراوه. ئیتر کاکی بەڕێوەبەری هونەری، نەیتوانی بەسەر ڕاستییەکاندا باز بدات ‌و گوتی: ”من چارەسەری کێشەکه دەکەم.” چارەسەریش ئەوه دەبێت دووباره، بەڵام کاکی بەڕێوەبەری بەشی شانۆ ناچار بوو وشەیەکی نوێ دابنێت، بە تەلەفۆن بەو هاوڕێیەمان دەڵێت که ئەو بڕه پارەیەی کە سێ کەسی شانۆکار بڕیاریان لەسەر دابوو، تەخمین بووه. واته نرخاندن بووه، که شتی وا بوونی نییە و دروستکراوێکی خۆپەڕاندنەوەی کاکی بەڕێوەبەره، لە نماییشێکی نماییشکراو بووەته تەخمین، که بۆ خۆی نماییشەکه بە ناوی ئەوانەوه کراوه، ئیتر تەواو بووبێت یان نماییش نەکرابێت. ئەی کەواته بۆ قبووڵی دەکەن ناوی ئەوانی لەسەر بێت؟ ئەی کەواته لیژنەی بەشی شانۆ بۆ بڕیار دەدات؟ ئەمەش کۆمیدیایەکی تر.

چیرۆکی ڕاستەقینەی کارکردنی پڕۆژەی سەما و تێنەگەیشتنی هەموو ئەو هیلاکی و هەوڵدانەمان،
ئیتر ئێمەش بڕیارمان دا ئەو بڕه پارەیه، که یازدە ملیۆنە و لە دوو ملیۆن و حەوتسەد هەزارەوە کەم کراوەتەوه، وەرنەگرین، چونکه بڕه پارەیەکی زۆری بەشداران هەر لە سەماکاران، گرافیک، وێنەگرتن (فۆتۆ و ڤیدیۆ)، جلوبەرگ، یارمەتیی دەرهێنەر، بەڕێوەبەری موزیک، بەڕێوەبەری گشتی، تۆماری دەنگ ‌و ستۆدیۆ، بەڕێوەبەری بەرهەم‌ و کۆریۆگرافی، نەدراوە و لەسەر من کەوتووە و بەڕاستی هەر کەس راستگۆیانه لەم نووسینه بڕوانێت، تێدەگات چ گەوجاندنێک‌ و هەڵخەڵەتاندنێک بە ناوی چالاکیی هونەرییەوه لە بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆی سلێمانی بۆ پڕۆژەکەی ئێمه دەگوزەرێت.

ئەمه ئەو چیرۆکه بوو که ویستیان بەسەر پڕۆژەیەکی سەمای هاوچەرخدا بیسەپێنن، بەڵام ئێمه نەمانهێشت، لەو ساتەوەی بڕیاری ڕەتکردنەوەی بڕه پارەی یەک ملیۆنمان دا، که پێویسته هەموو ڕۆشنبیرێک‌ و هەموو هونەرمەندێک بزانێت، قورسترین کار کاری پڕۆژەی سەمایه بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لە کوردستاندا، چونکه هۆڵی سه‌ما بوونی نیه، فەرشی سەما، گەر بەڕێز سەفین ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئەو کاتەی بەشی شانۆ بڕیاری لەسەر نەدایه، بوونی لە سلێمانی ‌و لە بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆدا نەدەبوو، سەماکار بوونی نییە و دەبێت دروستیان بکەیت، من دەبێت ڕاهێنەر بم، کۆریۆگرافەر بم، دەرهێنەر بم، دراماتۆرگ بم‌ و سەماکارێکی نمونەییش بم، هەمان کات بۆ ئەوەی بەشداران متمانەیەکی پتەویان بۆ نماییشی سەما لا دروست ببێت، ڕۆژانه ئێمه نزیکەی پێنج سەعات لە گەرمای مانگی حەوتدا، لە بێکارەباییدا، که موزیک بناغەی سەمایه پڕۆڤە و ئامادەکاریمان کردووه، رۆژانه پێویستمان بە بڕی پارەی ئاو و میوە و خواردن بووە و زۆر به خۆشەویستییەوه هەموو ئەو قورساییەمان بەڕێ کردووه بۆ ئەوەی بتوانین پێنج سەعات پڕۆڤە و ئیشکردن ‌و ئەزموونکردن‌ و بونیادنانمان هەبێت‌ و یەک کاتژمێر سەما پێشکەش بکەین، که بینەر تامەزرۆی بێت، هەروەک چۆن لە زمانی بینەران خۆیانەوه دواجار بە خۆشحاڵییەوه گوێبیستی بووین، ڕۆژانه لەو قەیرانەدا هاتوچۆمان کردووە و کرێی هاتوچۆمان داوه، شەونخونی ‌و لەپاڵ ئەوەشدا لەو کاتەی که لە سلێمانی بووم، وەک کاری جووڵە و سەما و کۆریۆگرافی، بێبەرامبەر هاوکارییی دوو کاری شانۆیی بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆم کردووه، کە ئەوانیش شانۆیی سێ خوشک و شانۆیی مارا/ساد بوون.

سەرئەنجام
بەڕێوەبەری بەشی شانۆ، بە هەڕەشەی ڕێگەپێنەدانی کاری هونەریی پڕۆژەکانی داهاتوومان، بەرەوڕووی هەموو ڕەخنە و نووسینێکمان دەبێتەوه، ئەم نووسینەی دوای هه وڵدانی ماوەی ٢ مانگ له دیالۆگ ‌و چارەسەرکردن، بەڵام بەڕێوەبەر نەیدەویست چارەسەری کێشەکه بکات ‌و ئێمەی ناچاری نووسینی کرد.
بەڕێوەبەری بەشی شانۆ بیری چووه که دەبێت یارمەتیدەری هەموو گروپەکانی شانۆی سلێمانی بێت بەبێ جیاوازی، بەڵام بە پێچەوانەوه، لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی هانی ئەوه دەدات ئەگەر بە ناوی ئەو گرووپ ‌و شوێنانەوه که نزیکن لەبەڕێوەبەر خۆی‌ و پێی باشه ئیشیان بە ناوەوه بکەن، ئەوه بە پەلە و بەبێ هیچ کێشەیەک بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.

بەڕێوەبەری بەشی شانۆ بە حەز و ویست ‌و نزیکیی دەرهێنەر لە خۆی ‌و رێکخراوی نزیک لە خۆی گرنگی دەدات بە پڕۆژەی شانۆیی، ئیتر کوالیتیی چۆن ‌و چی دەبێت، ئەوه هیچ کێشه نییه، گرنگ ئەوەیه ژمارەی چالاکی زۆر بێت ‌و هەر پڕۆژەیەکیش که گرنگ نەبێت، لای ئەوه زۆر بە ئاسانی نادرێت بە لیژنەی بەشی شانۆ و دەبێت چەندین جار سەردان‌ و لێپرسینەوه بکەیت، بۆ ئەوەی بزانیت چووەته چ دۆڵابێکی داخراوی ناو بەڕێوەبەرێتی.

دواجار ئێمه ئەو بڕه پارەیەمان ڕەت کردەوه، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی هەردوو بەڕێوەبەرێتییەکه لەسەر تێکڕای رڕکلامی پڕۆژەسەماکەمان بوو، لەپ اڵ ناوی کۆمپانیای کاروان عومەردا هاتووه. هیوادارم هیچ کام لەگرووپ ‌و پڕۆژەکانی داهاتووی شاری سلێمانی تووشی ئەم کێشەیه نەبێت، هیوادارین گەوجاندن خەڵەتاندن‌ و هەڕەشەکردن لە بەڕێوەبەرێتیی بەشی شانۆی سلێمانی کۆتایی پێ بهێنرێت‌ و نەبێته سیستەمی کارکردن لە شانۆدا، چونکه شانۆ بەردەوامیی ژیانە و لە ڕێگەی شانۆوه ئێمه هەموو سنوورەکان دەبڕین تا دەگەین بە ڕووناکی، ئێمه لێرەوه هیوادارین ئیتر ئەمه کۆتایی ئەو هەڵسوکەوته ناهونەرییه ناشارستانییه بێت.

پڕۆفایلی كاروان عومەر
سەما پێداگۆگ، کۆریۆگراف، سەماکار و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سەما، لە شاری‌ سلێمانی لە گەڕەکی چوارباخ لە كوردستانی‌ باشوورلەدایک بووه.
ماوەی‌ حەڤدە ساڵه لە سویسرا دەژی‌، ماوەی سی ساڵی‌ بەردەوام لە بواری‌ شانۆ و سەمادا كار دەكات.
لە ساڵانی ١٩٨٥ بۆ ١٩٩٣دا، بڕوانامەی دبلۆم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی ‌و بەكالۆریوس لە ئەکادیمیای هونەرهجوانەکانی بەغداد بەدەست هێناوه.
ساڵی ١٩٨٨ خەڵاتی‌ باشترین ئەكتەر لە فێستیڤاڵی‌ شانۆی‌ زانكۆكان لە بەغدا بەدەست دەهێنێت.
لە ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٧دا، بۆ یەكەم جار هەستاوه بە سێ کۆرسی وانەبێژی‌ لە بواری‌ سەمای بالێتدا بۆ منداڵان لە سلێمانی.
لە ساڵانی ٢٠٠٧بۆ  ٢٠٠٩دا، بڕوانامەی‌ ماجیستێر بە پلەی‌ نایاب لە بواری‌ سەما پێداگۆگیک لە خوێندنی‌ باڵای‌ هونه ر له شاری‌ زویرخ لە سویسرا بەدەست دەهێنێت.
لە ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨دا، سێ جار خەڵاتی كلتووری‌ بەدەست دەهێنێت لە بواری‌ سەمادا، بۆ بەردەوامیی‌ خوێندن‌ و فێربوون‌ و توێژینەوه.
لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٣، لە چەند فێستیڤاڵێكی‌ هونەری‌ لە ئەورووپا و ئاسیا بەشداریی‌ کردووه، وەک فێستیڤاڵی جالا لە ژاپۆن ‌و چەند وڵاتێکی ئەورووپا، وەک فەڕەنسا و نەرویج‌ و ئینگلتەرا.
ساڵی ٢٠١٢ هەستاوە بە دامەزراندنی کۆمپانیایەک بۆ سەمای هاوچەرخ، ئەم کۆمپانیایه لە فۆڕمی رێکخراوێکدا دامەزراوه.
ساڵی ٢٠١٣ ۆرکشۆپێک بۆ سەمای هاوچەرخ لە یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی نێونەتەوەیی بەغدا و بەدەستهێنانی خەڵاتی ڕێزلێنانی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ.
ساڵی ٢٠١٥ نوێترین پڕۆژەی سەما، سەمای سۆناتای تریفەی مانگ،  دووەمین بەرهەمی کۆمپانیای کاروان عومەر بوو، که لە چەند شارێکی سویسرا پێشکەش کرا.

چالاکییەکانی کاروان عومەر لە باشووری کوردستان

لە ساڵی ٢٠٠٨دا وۆرکشۆپی سەمای هاوچەرخ بۆ دەستپێکردوان بۆ یەکەم جار بەئەنجام گەیاندووه، که بووەته بابەتی ماستەرنامەکەی لە زانکۆی زیوریخ لە سویسرا.
لە ساڵی ٢٠١٣دا وۆرکشۆپی دووەم ‌و وەک بەرئەنجامی وۆرکشۆپەکه، سەمای ماڵێک خاڵی‌خاڵی لە سەما، پێشکەش کرد، که بیست گەنجی بەشداربووی باشووری کوردستان‌ و دوو خوێندکاری کۆمپانیاکە لە سویسرا سەمایان تێدا دەکرد.
خولی سەمای هاوچەرخ ساڵی ٢٠١٤ و دامەزراندنی گرووپی خەونەکانی جەسته بۆ سەما و پێشکەشکردنێکی سەما.

 لە ساڵی٢٠١٥دا وەرگێڕانی کتێبی یەکەمین پەرتووکم، بالێت، لە زمانی ئەڵمانییەوه بۆ کوردی، وەک یەکەمین کتێب لە بواری سەمادا، بە زمانی کوردی لە باشووری کوردستان‌ و ئەنجامدانی وۆرکشۆپی سەما بۆ یەکەم جار لە خوێندنگەی نێونەتەوەیی بەڕیتانی لە سلێمانی و پێشکەشکردنی نماییشێکی سەما لەگەڵ منداڵانی هەمان خوێندنگە.
سۆڵۆسەمای چیرۆکەکانی ژنێک، سەمایەک، لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە پارکی دایک لە سلێمانی پێشکەش کرا، که کارێکی ڕاگوزەریی ئازاد بوو لە نێوان موزیک و سەمادا لە شێوەی ڕاگوزەریی داهێناندا، که پڕۆژەیەکی خۆبەخش بوو.
نوێترین توێژینەوەی بریتییه لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥، سەما بۆ مرۆڤه پەراوێزخراوەکان، وەک نەخۆشخانەی دەروونی، زیندانەکان ‌و نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، ئاوارەکان لەهەولێر و ژنانی گەڕاوەی ئێزدیی دەستی داعش لە دهۆک، که پڕۆژەیەکی خۆبەخش بوو.

هاوبەشی بکە

Karwan Omar, Sema,